لە ٢٥ ی نۆڤەمبەردا ژنەکانتان دەرخەن!

پەروا عەلی
  2019-11-26     930
لەماوەی ئەم شانزە رۆژەی ھەڵمەتی  بەرنگاربونەوەی توندوتیژیدا، زۆرینەی پیاوان و ژنانی ھەرێم بەرادەیەک ئازادیخواز و دادپەروەرن مەگەر خوا بۆخۆی بزانێ،  وڵات شامی شەریفە و ھەمووان لەم بۆنە مەزنەدا وەلائی خۆیان تازە ئەکەنەوە بۆ پشتیوانی لە  ناتوندوتیژی بەرامبەر ھەموو مێینەکانی دنیا، ئەوەی جیگای تێڕامانە ئەوانەی خیتابی ئازادیخوازانەیان سەبارەت بە پرسی ژنە و خۆیان وەک کەسێکی لیبراڵ نمایش دەکەن لە شاشەکانەوە، تا ئێستا بۆ تەنھا جارێکیش خانمەکانیانمان نەبینی لە ھیچ بۆنەیەکدا، زۆرینەی پیاوانی ئێمە پێیانخۆشە ھەمو کچان و ژنانی دنیا  ئازادانە  بێنە مەیدان و کراوە و سەربەست بن، زۆر جوان و شیک بن ھەمیشە چالاک بن، بەلام ئەو ئازادییە بۆ کچان و ژنانی ناو خێزانەکانیان ھێڵی سورە!!!

سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکان و سەرۆکی ڕێکخراوەکان و سەرۆک و سەرۆک، زۆرێک لە ڕۆسنبیران و چالاکوانان وووو.. بۆ ھەموو بۆنەیەکی ژنان ئامادەیی باشیان ھەیە و لەڕیزی پێشەوەی کورسییەکان دانیشتوون، بەڵام بەتەنھا و بێ ھاوسەر و کچ و خوشکیان، ئایا ئەمە تەنھا جێبەجێکردنی ئەرکەو پێویستە ئامادەییان ھەبێت؟ یا پەروەردەو کلتوری ئەوان ڕێگە بەوەنادات ژنەکانیان بەرچاوبن؟ یا دوو ڕوویی و دوفاقییە؟ یا چی؟؟.

فەیلەسوفی ئیرلەندی ( بێرک ١٧٢٩-١٧٩٧ ) ئەوکاتە ئەم بۆچونەی ھەبووە  " لە ئیستاتیکادا جوانی و شکۆ لەیەک جیادەکاتەوە و پێی وایە جوانی ئارەزووی مرۆڤ دەجوڵێنێت بەم مانایە سیفەتێکی مێینەی ھەیە، بەڵام شکۆ ھەستکردنە بە ھەیبەت و سام  سیفەتێکی نێرینەی ھەیە، ھەڵبەت لە جوانبینی وھەستی ئیستاتیکیدا"،   ئەوان ئەودەمە بیرکردنەوەیان سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و جوانی بەو شێوەیە بووە.
پاش چەندین سەدە ئەم جۆرە دابەشکردنە پەیوستە بەکلتوری ھەندێ کۆمەڵگاوە، لەوانە کۆمەڵگای کوردی، تائێستا نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری ئێمە بەم لۆژیکە بیر دەکەنەوە، کە پیاوان شکۆمەند و بەھەیبەت و تەمومژاوین، ژنانیش دڵسۆز و جوان،  ئەمە رەنگدانەوەی لە ناونانی مناڵەکانیشدا ھەیە، زۆربەی ناوی کوڕان بەھێز، سەردار، سەرۆک، ئازا ..ھتد، ناوی کچەکانیش نیان، نازدار، سۆز، شەرمن..ھتد.

رەنگە پاشخانی کلتوری و رۆشنبیری و پەروەردەیی خێزان، بەتایبەت لەم کۆمەڵگا پیاوسالارییانەی وەک ئێمە کە کاریگەری راستەوخۆی ھەیە، سیفەتی پیاو بون ھەیبەت و شکۆمەندییە، بۆ یە پێویستە  ژنانی کۆمەڵگا نەرم و نیان و جوانی و دڵنیاییان پێببەخشێت،  بەڵام دور لە خێزانەکانی خۆیان، ھەر لەم روانگەوە بەرپرسەکانی ئێمە کەباس لە کەمکردنەوەی "توندوتیژی" ئەکەن دەبێ بەھەیبەت و شکۆمەند و پیاو بن!!!

کێ توندوتیژی ئەکات و کامەیە توندوتیژی؟ زۆربەی ئەوانەی داوای یەکسانی ئەکەن مەبەستی زاتییان ھەیە بۆ ئەو پرسە، لاپەرەکانی تۆڕەکۆمەڵایتییەکانیان ھێندە پیاوانەیە کە چەندین ساڵە بەکاریدەھێنن وێنەیەکی کچ و ھاوسەرەکانیان نابینی، بەڵام داواکارن رەگەزی بەرامبەر کراوە و رۆمانسی بن، ئەوە ئەو جۆرە توندوتیژیەیە کە پێویستی بەھەڵوەستە لەسەرکردن ھەیە، پێیانوایە دەبێت خانمەکانی خێزان داپۆشراوبن، بەڵام چوار پەنجە لە قاچی ژنێک دیاربێت دەیانگەیەنێتە نزمترین ئاست، کچان و ژنانی خەڵکی پێویستە لەسەر شەقام ولە ھەموو بۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەییان ھەبێت، ژنەکانی خۆیان پارێزراوبن لەنێو کونجی ماڵەکاندا،  ئەم دووفاقییەی زۆرێک لە پیاوانی ئێمە ئەوپەڕی توندوتیژییە.

ئێوە جارێک ژنەکانتان دەرخەن، ئەوکاتە باس لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بکەن، بۆیە ئەوەی لە ئێوەوە ئەبیسترێت ھیچ ئەرزشی نیە، نە لە خیتابتاندا و نەبە ئامادەییتان لە بۆنە جیاوازەکاندا نیەتپاکیتان ئەسەلمێنێت، نە باوەڕتان پێ ئەکرێت...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×