عه‌بدولمه‌هدی، ته‌نیا سه‌یری فۆكس نیوز بكردایه‌

لوقمان غه‌فور
  2019-12-02     810

ئه‌گه‌ر رۆژی 28 نۆڤێمبه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ئه‌ركی بكێشایه‌ و كۆنترۆڵی ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌ی بگرتایه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ و سه‌یرێكی كه‌ناڵی فۆكس نیوز-ی بكردایه‌ كاتێك سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ سه‌ردانی بنكه‌ی هێزی ئاسمانی باگرام-ی له‌ ئه‌فگانستان كرد و وتاری خوێنده‌وه‌. دواتر له‌وه‌ش وردبوایه‌ته‌وه‌ له‌ پشتی تره‌مپ-ه‌وه‌ كێ وه‌ستاوه‌، زۆر شت تێده‌گه‌یشت.


به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدی له‌ یه‌كه‌مین رۆژییه‌وه‌ تێنه‌گه‌یشت، ئه‌و شتێك تێگه‌یشتبوو كه‌ ده‌ستێكی له‌ناو ده‌ستی ئێراندا بێت و ده‌سته‌كه‌ی تری به‌تاڵ بێت‌، كه‌ ئه‌مه‌ لای ئه‌مریكا قبوڵ كراو نییه‌، چه‌ند ته‌كنۆكرات-یش بێت. 


ئه‌مریكا كێشه‌ی نییه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق و كاربه‌ده‌ستانی تر چه‌ند گه‌نده‌ڵن، ئه‌و ئه‌یه‌وێت گه‌نده‌ڵ بن تا رۆژێك به‌و هۆیه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكات. بۆ ئه‌مریكا گوێڕایه‌ڵی گرنگه‌، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر باس له‌ گه‌نده‌ڵی بكه‌ین له‌ مێژووی عیراقدا سه‌رۆك وه‌زیرانێك نییه‌ به‌قه‌د نوری مالكی گه‌نده‌ڵی كردبێت. بڕوانه‌! نوری مالكی له‌دیسێمبه‌ری 2012، بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت كاتێك هێزه‌كانی كۆماندۆ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ئۆردوگای عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم و ته‌فروتونای ده‌كه‌ن كه‌ ئامانجه‌كه‌ش ده‌ستگیركردنی جه‌نه‌رال موحسین شیرازی سه‌رۆكی ئۆپه‌راسیۆنی قودس بوو. سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی عیراقی به‌ ئاینكریج ده‌یلی نیوز ده‌ڵێت:"هه‌موو تووشی شۆك بووین، هێزه‌كانی سه‌ر به‌ئیران هه‌موو وڕبوون به‌و هێرشه‌. كۆشتارگه‌لێكی بێوێنه‌مان لێكرا، پێشێلكارییه‌كی بێوێنه‌ بوو، بێئه‌وه‌ی نوری مالكی هیچ بڵێت!"  


یاخود پێتان سه‌یر نه‌بێت! له‌ 28 ئۆگۆستی 2019 راپۆرتێكم خوێنده‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی زه‌ دیترۆیت، نوری مالكی گه‌نده‌لی له‌ هێنانی 2500 میدالی ریزلێنانی سوپا كردووه‌ كه‌ بایی 62 هه‌زار دۆلار بووه‌، هه‌وڵیداوه‌ خراپترین جۆری كوالێتی هاورده‌بكرێت. جگه‌ له‌ ده‌یان گه‌نده‌لی تری سه‌فه‌قاتی چه‌ككڕین كه‌ پڕن له‌گه‌نده‌لی. 


هه‌رچه‌نده‌ به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی هیچ گۆڕانێكی گه‌وره‌ دروستناكات له‌ رووی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا ئامانجه‌كه‌ی ئه‌پێكێت كه‌ ئه‌و پشتگوێخستنه‌ی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن عه‌بدولمه‌هدی- یه‌وه‌ باجه‌كه‌ی له‌كارخستنی ئه‌و بوو. پێشموانییه‌ خۆپیشاندان كۆتایی بێت‌، چونكه‌ هه‌ر دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ش ستارت ترابیون هه‌واڵێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له‌ باڵێوزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق كردووه‌، دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی- ش به‌رده‌وام بن له‌ پشتگیریی داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران.


لێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌خواره‌وه‌ كه‌مێك تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و كاری پشتگوێخستنه‌، كاتێك له‌كریسمسی 2019 سه‌رۆك تره‌مپ به‌نهێنی گه‌یشته‌ عیراق بۆ لای سه‌ربازه‌كانی له‌ سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار، داوای له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران كرد، بێت بۆ عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د و چاوی پێ بكه‌وێت، كه‌چی ره‌تیكرده‌وه‌ و وتی: به‌غدا پایته‌خته‌ نه‌ك عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د. جا خۆ ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌ كاتێك 28 نۆڤێمبه‌ر سه‌ردانی بنكه‌ی هێزی ئاسمانی باگرام-ی كرد له‌ ئه‌فگانستان به‌ هه‌مان شێوه‌ داوای له‌ ئه‌شره‌ف غه‌نی ئه‌حمه‌دزی سه‌رۆكی ئه‌فگانستان كرد سه‌ردانی بنكه‌كه‌ بكات تا چاوی پێبكه‌وێت. ئه‌شره‌ف نه‌ك ته‌نیا چوو بۆ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵكو له‌كاتی وتاره‌كه‌یدا له‌پشت تره‌مپ-ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا راوه‌ستابوو. دواتریش پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد له‌ هه‌مان شوێن. 


ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆ تره‌مپ قورس بوو بۆیه‌ تره‌مپ كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ جورێكی تر گوزارشتی كرد وتی: عێراق ئارام نییه‌، به‌ده‌یان تریلیۆن سه‌رفكراوه‌. له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیش بۆ چه‌ند رۆژێ دواتر كاتێك له‌ سارا سندیز- وته‌بێژی پێشووی كۆشكی سپی-یان پرسی، هه‌ڵوێستی سه‌رۆك چی بوو كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌ردانی نه‌كرد؟ ئه‌و وتی: "كارێكی باشی نه‌كرد، پێگه‌كه‌ی لاواز ده‌كات".


من له‌ ئه‌مریكا ئه‌ژیم. هه‌ڵسوكه‌وتم له‌گه‌ڵ زۆر ئه‌مریكی كردووه‌، كاتێك ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتێك ئه‌كه‌یت و به‌دڵی نابێت، له‌وكاته‌دا به‌و په‌ڕی رێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام دواتر له‌ فرسه‌تێكدا تۆڵه‌ی هه‌موویت لێده‌كاته‌وه‌.


سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستی پێكرد و تا 8ی ئۆكتۆبه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌یه‌كه‌م هوتافیاندا خۆپیشانده‌ران داوای هاوكاری ئه‌مریكایان كرد و ئاڵای ئێران-یان سووتاند. په‌یامه‌كه‌ روونبوو، جا یان شیعه‌ گێله‌ تێناگات یان ده‌یانویست واینیشانبده‌ن ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ره‌ واده‌كات كه‌ عه‌بدولمه‌هدی ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌.


هه‌فته‌كانی پێشووش له‌دوای دزه‌پێكردنی به‌شێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌رشیفی نهێنی هه‌واڵگری ئێران كه‌ ده‌ست ماڵپه‌ڕی زه‌ ئینته‌رسێپت كه‌وتن كه‌ هاوكات به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاویان كرده‌وه‌ و تێیدا فۆكس خرابووه‌ سه‌ر عه‌بدولمه‌هدی كه‌ به‌ سیخوری ئێران و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ لكاوه‌، ئه‌و كات من له‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێكدا وتم، به‌م راپۆرته‌ عه‌بدولمه‌هدی له‌ نه‌خشه‌ی كاره‌كانی ئه‌مریكا، كۆتایی هات. چونكه‌ له‌ ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ی له‌ سیاسییه‌ك بده‌ن رۆژنامه‌ ئه‌كه‌ن به‌ رێگه‌ی لیدان و سوككردن و ته‌نانه‌ت تا ئاستی لێپێچینه‌وه‌. له‌ ئێستادا سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ خۆی گیرۆده‌ی ده‌ستی رۆژنامه‌و میدیایه‌. 


راپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمز، په‌یامێكی تر بوو درا به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی. كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تا ده‌هات له‌ ئێران نزیكتر ئه‌كه‌وته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیهێڵێته‌وه‌ و ئیرانیش زۆر هه‌وڵیدا به‌ڵام شكستی هێنا. به‌دوای ئه‌م په‌یامانه‌دا دوا فرسه‌ت و تاقیكردنه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌م عه‌بدولمه‌هدی، فرسه‌تی سه‌ردانه‌كه‌ی مایك پینس بۆ عیراق. كاتێك مایك پینس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا رۆژی سه‌ردانی بنكه‌ی ئاسمانی و سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د-ی كرد له‌عیراق، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدی ئه‌نجامدابوو. راستییه‌كه‌ی كاتێك راپۆرتێكم له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ كرد باسی زۆر نهێنی سه‌ردانه‌كه‌م كرد، به‌ڵام رسته‌یه‌ك هه‌بوو كه‌ باسم نه‌كرد، ئه‌وه‌بوو كه‌ رادیۆی ئێن پی ئار –ی ئه‌مریكی له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ربازگه‌كه‌وه‌ وه‌ریگرتبوو كه‌ مایك پینس داوای له‌ عه‌بدولمه‌هدی كردبوو كه‌ سه‌ردانی سه‌ربازگه‌كه‌ بكات و چاوی پێبكه‌وێت، به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدی ره‌تیكردبۆوه‌.


عه‌بدولمه‌هدی ساڵێكی ره‌شی تێپه‌ڕاند له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له‌2019دا پێنج فلته‌ی خراپی كرد: بێلایه‌ن نه‌بوون له‌ دژی سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو. سه‌ردانی نه‌كردنی سه‌رۆك تره‌مپ له‌ عه‌ین ئه‌له‌ئه‌سه‌د له‌كریسمسی 2019. ره‌تكردنه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا كاتێك سوپاكه‌ی له‌سوریاوه‌ كشانده‌وه‌ ناو عیراق و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مایك ئیسپر-ی ی وه‌زیری به‌رگری له‌ 23ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ به‌توره‌یی مه‌هدی جێهێشتبوو. سه‌ردانیكردنی چین و كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ له‌كاتێكدا چین و ئه‌مریكا له‌گه‌وره‌ترین شه‌ری بازرگانیدا بوون. دواهه‌مینیش، ئاماده‌نه‌بوون بۆ بینینی مایك پینس-ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نبار. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ 29 نۆڤێمبه‌ر له‌ دوای نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، وته‌بێژێك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كرد و به‌هه‌نگاوێكی ژیرانه‌ی وه‌سفكرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×