شەنوکەوێکی کابینەی نۆیەم لەژێر ڕۆشنایی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا

ئەبوبەكر هەڵەدنی
  2019-12-10     885

وەک ئەرکی پەرلەمانتاریی کە چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، دەتوانین وتارەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت وەک (بەڵێن)، (پلان) و (بەرنامە) لێکبدەینەوە، نەک دەسکەوتی وەدیھاتوو.

لەم ماوەیەدا لەمیدیاکاندا سەرۆکی (نیوزیلاند)مان بینی لەماوەی دوو خولەکدا دەسکەوتەکانی حکومەتەکەی بۆھاوڵاتیانی وڵاتەکەی بەژمارە خستەڕوو، لە وتارەکەی شەوی ڕابردووی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە پێی نەوتین کە (داھاتی نەوت و ناوخۆ چەندە) و (چەند دۆسیەی گەندەڵی یەکلاکراونەوە و چەند گەندەڵکار سزادراون) و (چەند کارگەی لەکارکەوتوو خراونەتەوە گەڕ) و (چەند موڵک و ماڵیان گێڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی) و (چەند کۆمپانیایان گێڕاوەتەوە ژێر ڕکێفی باجدان) و (چەند ھەلی کاریان بۆ گەنجان ڕەخساندووە) و (چەندە ڕێژەکانی خۆکوشتن وجیابونەوەی خێزانییان لەسایەی سەقامگیری حکومەتدا کەمکردۆتەوە) و چەندین چەندی دی.

ھەموان ئەو ڕاستییە دەزانین کەھەڵتەکاندنی (سەرەنوێلکی ھەڵدراوەی گەندەڵی حوکمڕانی ھەرێم) ویستێکی شێلگیرانەی دەوێ و ئەم کابینەیە کەلە ١٠ی تەمموزی ئەمساڵەوە متمانەی پێدراوە توخنی زۆربەی دۆسییەکانی نەکەوتووە، چونکە بەگوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێم (ئەگەر ھەموو ھاوڵاتییانی ھەرێم دەستەی دەستپاکی بن دەرەقەتی بنبڕکردنی گەندەڵی ناکەون) لەبەر ئەوەی گەندەڵی بەسیستماتیک کراوە و گەندەڵکاران خاوەن پێگەو نفوزن.

ئایا لەم سەد ڕۆژەی حوکمڕانی (کە مشتێک نمونەی خەروارێکە) وەک بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا (قۆناغی باشمان بڕیوە، دەسکەوتی بەرچاو ھاتونەدی، ڕەوتی کارەکان کەوتوونەتە سەر ڕاستەڕێ)؟

لەکۆی پرۆسەی چاودێریکردنی ئەم ماوەیەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا ھێشتا ھەنگاوی جدی بەپەلە و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ پەندوەرگرتن لەڕابردوو و دەرفەت لەکیس نەدان نابینرێت. لەوانە:
- لەبواری داھات ھێشتا پەرلەمانتارانی ھەرێم چ جای ھاوڵاتییەکانی نازانن ڕێژە و قەبارەی داھاتی ھەرێم چەندە، شەش ساڵە بودجە نەھاتووەتە پەرلەمان.
- دەستوەردانی حزب لەدادگا، داواکاری گشتی، زانکۆکان، دام و دەزگاکانی حکومەت زیادی کردووە و تەزکییەی حزبی نەک بنبڕ نەکراوە، بەڵکو گەڕاوینەتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، بە نمونە لەم ماوەیەدا مانگرتنی پانزە دادوەر و داواکاری گشتی سنووری گەرمیانمان بینی نەک گوێیان لێنەگیرا، بگرە ھەندێکیان سزادران.
- ھێشتا ھاوڵاتیبوون نەبووتە پێوەری مامەڵەی دەزگا حکومیەکان، دۆسییەی فەرمانبەرێکی ئەندازیارم لەلایە پێنج وەزیرم تێگەیاندوە لەدۆسییەکەی ھێشتا لەژێر مۆری (لانوافق)دا دەناڵێنێت، ھەر لەم ماوەیەدا بەچەندین تەکلیف و تەلەفون ڕێگەدرا بەھاوڵاتییەکی بەشمەینەتی ھەرێم بۆدانانی سەمونخانەیەک لەیەکێک لەقەزاکان تەنھا بەپاساوی حزبایەتی!
- ھەموو پڕۆژەیەک لەھەرێم بەرپرسێک لەپشتییەوەیەتی، عەرەب گوتەنی (من ورا‌و کل مشروع مسئول) دەنا ھەزار بڕوبیانو بە ھاوڵاتی دەگیرێت تا ناچاردەبێت کاربەدەستێکی دەستڕۆیشتوو بکاتە ھاوبەش و شەریک.
- لەگەڵ ناوەند کوردیش وەک لایەنەکانی تری عێراقی ھاوکارێکی جدی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەبون بەئاقاری چارەسەری کێشەکان تا دەرفەت و کاتی لەکیسدراو ھێشتا ڕێککەوتنەکان گرەنتی کراونین کە جێبەجێ بکرێن.
- ھاوڵاتییانی ھەرێم بەدەست کەمی و خراپی خزمەتگوزارییەکانی ڕێگاوبان، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و نەوت دەناڵێنن و واوەیلایانە.
- پاشەکەوتی موچە و دانەوەی قەرزی موچە خۆران سپێردراوە بەئایندەیەکی نادیار، کە حکومەت خۆی ھۆکاری ئەم بێمتمانەییەی ھاوڵاتیانە نەکاری بەبایۆمەتری کرد، نە حسابی بانکی کردەوە بۆ موچەخۆران، نەخۆی ھێشتی بەشێکی ئەو پاشەکەوتە ھاوڵاتییان بەکاری بھێنن لەبری پسوڵەی ئاو و کارەبا و باجەکان بەگشتی.
- پێشمەرگە پێشمەرجی بەنیشتیمانیکردن و خزمەتکردنی ئەوەیە کوتومت یاسای حزبەکانی ژمارە (١٧)ی ساڵی ١٩٩٣ جێبەجێ بکرێت، قەدەغەی کاری حزبی لەتەشکیلاتەکانیان بکرێت، دانان و دامەزراندن لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبون بێت نەک حزبی بوون، کۆلێژەکانی پۆلیس و سەربازیی ھەژموونی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەیان لەسەرھەڵیگرێت، ئابوونە لە پێشمەرگە وەرنەگیرێت.
- کەسوکاری شەھیدان ئەوکات ئاسودەن کەلیستی موچەکان پاکسازی تیابکرێت و جاش و ئەنفالچی و مەفرەزە خاسەکانی سەردەمی بەعسی لەناوچوو لەسەرەی موچەدا ھاوشانی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان نەوەستابن.
- کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لەھەرێم وەک دووکەرتی گرنگی پشتگوێخراون، کەئەگەر قەترەیەک بەنزینمان نەبوایە دەبوایە ئەم میللەتە شەش ملیۆنییەی ھەرێممان بەو خاکە بەپیتە و ژینگە جوانەی کوردستان بژیاندایە، بەنمونە ساردخانەکانی (گردەبۆر)ی سلێمانی  کە بڕی چەندین دۆلاری تێچووە نەخراونەتە گەڕ کە (٣٢)ساردخانەیە و ھەریەکەیان ھەزار و پێنج سەد مەترە، جوتیاران ھێشتا چاوەڕوانی پارەی گەنمی ساڵانی ڕابردوون بە چ حەماسەتێکەوە لەچاندنی بەرھەمی ساڵی نوێ بنەون.

بۆیە بەمەزندەی ئێمە ئەم کابینەیەش ھێشتا بازنەی بەڵێن دانی تێنەپەڕاندوە و لەوەناچێت چوارساڵی تەمەنیشی شتی گەورەی پێ بکرێت چونکە مانگ سەر لە ئێوارە دیارە، کە سەرچاوەی ئەم بۆچونانەشمان واقعبینییە، نەک ڕەشبینی و ڕەتکردنەوەی ھەمووشتێکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. چونکە ڕکابەری دوو دەسەڵاتەکەی یاسا دانان و جێبەجێ کردن دەبێت لەسەر بنەمای یەکتری تەواوکردن و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتییانی کوردستان بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×