سیاسه‌ت‌و مه‌یخانه‌

شێرزاد شێخانی‌
  2019-12-13     1007
له‌شۆڕشی‌ شێخ عه‌بدوڵڵای‌ نه‌هری‌‌و شێخ سه‌عیدی‌ پیران وشێخ مه‌حمودی‌ نه‌مره‌وه‌ ، تا شۆڕشی‌ ئه‌یلول به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ مه‌لا مسته‌فا به‌شۆڕشی‌ نوێی‌ كوردستانیشه‌وه‌ ، سه‌ركرده‌ سیاسی‌ وڕۆڵه‌كانی‌ كوردستان خه‌باتیان له‌پێناو كوردایه‌تیدا بوو . قه‌زیه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌بوو هانی‌ ئه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ی‌ خه‌بات و تێكۆشان بگرنه‌ به‌رو سینگی‌ خۆیان بكه‌نه‌ قه‌ڵغانی‌ دیفاعكردن له‌وجوودو ئازادی‌  نه‌ته‌وه‌كه‌یان ..

له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 1991 ئه‌و روحیه‌تی‌ كوردایه‌تی‌ به‌ره‌و كزی‌ رۆیشت. له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیشدا سروشتی‌ خه‌باته‌كه‌ له‌كوردایه‌تییه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ حزبایه‌تی‌‌و، هه‌ر له‌و ساوه‌ له‌سه‌ر ره‌نگی‌ ئاڵای‌ حزبه‌كان‌ ململانێی‌ تووندوتیژو ته‌نانه‌ت رووبه‌روو بوونه‌وه‌ش روویدا تا ئاستی‌ شه‌ڕی‌ براكوژیشه‌وه‌ كه‌ ماڵوێرانی‌ بوو بۆ مییلله‌ته‌كه‌مان .. دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ سه‌دامیش سروشتی‌ ئه‌م خه‌باته‌ حزبیه‌كه‌ش گۆڕا بۆ ململانێی‌ باڵه‌كانی‌ ناو حزبه‌كان ..

له‌گه‌ڵ رژانی‌ بودجه‌و پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ به‌غداش به‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستاندا ، حزبه‌كان تا بیینه‌قاقایان نوقمی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بوون . ئیدی‌ سروشتی‌ ململانێی‌ باڵه‌كانی‌ حزبیش گۆڕا بۆ وه‌لائی‌ شه‌خسی‌ تاكه‌ سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ناو باڵه‌كاندا .

هه‌ڵكشانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ناو كایه‌ی‌ حوكمڕانیدا ، به‌شێكی‌ زۆری‌ ‌سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی‌ كرده‌ خاوه‌ن كۆمپانیای‌ تایبه‌ت ، لێره‌شدا سروشتی‌ حزبایه‌تی‌ به‌گشتی‌ گۆڕا بۆ موڵكداریه‌تی‌ كۆمپانیاو وده‌سكه‌وتی‌ پرۆژه‌و مقاوه‌لاتی‌ حكومی‌ و كاركردن له‌ تیجاره‌ت و مۆنۆپۆڵكردنی‌ گشت بواره‌كانی‌ ژیان به‌ كه‌رتی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیشه‌وه‌ كه‌ له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا ئه‌م كه‌رته‌ هه‌ستیارانه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌ست حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ بوه‌ ، به‌ڵام له‌كوردستانه‌كه‌ی‌ خۆماندا ، سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێ هه‌وای‌ ده‌وروبه‌ریشمان بكه‌نه‌ پاره‌ و باج وسه‌رانه‌ بۆ خزمه‌تی‌ كۆمپانیاكانیان .

سه‌دام حوسێن ، به‌و هه‌موو دیكتاتۆرییه‌ت و خوێنرێژیی‌ خۆیه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ حوكمی‌ وڵاتدا نه‌یده‌هێشت كه‌سێكی‌ خوار خۆی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بكات . گومان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌وا سه‌دام ره‌نگه‌ به‌ده‌یان ملیار دۆلاریشی‌ له‌بودجه‌ی‌ وڵات بۆ خۆی‌ گڵدابێته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا چاره‌نوسی‌ زۆریان دیار نییه‌ ، له‌وانه‌شه‌ ئه‌وه‌ی‌ وتراوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌مووشی‌ خه‌یاڵ بێت ، به‌ڵام ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی‌ نه‌ئه‌دا داروده‌سته‌كانی‌ له‌گه‌نده‌ڵێدا تێوه‌بگلێن و ببنه‌ خاوه‌ن ملیۆنه‌ها دۆلار !. ئه‌وانه‌ی‌ لای‌ خۆمان بچووكترین مه‌سئوولیان ئێستا خاوه‌ن ملیۆنان و هه‌ندێكیشان خاوه‌ن ملیاره‌ها دۆلارن .. جا ئه‌گه‌ر به‌وه‌نده‌ش بوه‌ستنایه‌ هه‌ر ئه‌مانوت قه‌ینا ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ چاویان تێر نابن ، وه‌كو ئه‌ژدیهاكه‌ی‌ زوحاك هه‌میشه‌ ده‌میان كردۆته‌وه‌ بۆ مژینی‌ خوێنی‌ خه‌ڵكی‌ به‌شمه‌ینه‌تی‌ كوردستانه‌وه‌ .

جاران كوڕی‌ كورد زۆر شانازی‌ به‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌كرد ، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ی‌ رۆژێك پێشمه‌رگایه‌تی‌ نه‌كردبایه‌ خۆی‌ به‌قه‌رزارباری‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌زانی‌ كه‌ رۆژانێك نه‌چۆته‌ شاخ ، ئێستاو دوای‌ ئه‌و ره‌فتارانه‌ی‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانی‌ شاخ ، خه‌ڵكی‌ پێشمه‌رگایه‌تیشیان له‌به‌رچاو كه‌وتوه‌ . باسی‌ حیزبایه‌تیش له‌ولاوه‌ ، خه‌ریكه‌ ئه‌و‌یش ئه‌بێته‌ عه‌یبه‌‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ، چونكه‌ هه‌ر حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وپاشكۆیه‌كانیه‌تی‌ ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌یان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا هێناوه‌ .

سیاسه‌ت به‌ گشتی‌ له‌كوردستاندا بوه‌ه‌ته‌ درۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ ، زۆر به‌ ده‌گمه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی‌ راستگۆ ببینیه‌وه‌ . یان ده‌سه‌ڵاتدار‌و زاڵمه‌ ، یانیش پاشكۆیه‌و سه‌ر به‌حزبێكی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ چاو له‌هه‌موو خراپه‌كارییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات داده‌پۆشێ به‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ راستگۆیه‌تییان تێدا زۆر لاواز بوه‌و ئه‌وانیش خه‌ریكی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیانن .

حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌مڕۆ له‌رابردوویه‌كی‌ زۆر تاریكدا ده‌ژین ، هیچیان روئیایه‌كی‌ واقیعبینانه‌یان نیه‌ بۆ‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تیدا ، ئێستاش پێیان وایه‌ به‌زه‌بر‌وزه‌نگو تر‌ساندنو تۆقاندن و هه‌ندێ جاریش به‌برسیكردنی‌ خه‌ڵك ده‌توانن پارێزگاری‌ له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بكه‌ن . پێیان وایه‌ هه‌ر وه‌كو زه‌مه‌نی‌ ساڵی‌ شه‌سته‌كان به‌ یه‌كدوو میدیای‌ چه‌واشه‌كارو چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی‌ به‌كرێگیراو ده‌توانن كۆمه‌ڵگا لێخوڕن ، غافل له‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا خه‌ڵك نه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌ ناخوێننه‌وه‌ و سه‌یری‌ میدیای‌ حكومی‌ و حزبی‌ ناكه‌ن ، به‌ڵكو تاقه‌تی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌ك كتێبیشیان نه‌ماوه‌‌ . راستگۆترین میدیا لای‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئیستا میدیای‌ فه‌یسبوكه‌ كه‌ فه‌زایه‌كی‌ كراوه‌یه‌و هه‌موو ده‌میش به‌رده‌سته‌ ، بۆ هه‌واڵی‌ راست دروست كه‌س ناچیته‌ سه‌ردانی‌ سایته‌كانی‌ حزبو ده‌سه‌ڵات ، هه‌ر بۆیه‌ش فه‌یسبوك ئه‌مڕۆ بۆته‌ كاریگه‌رترین چه‌كی‌ ده‌ست هاوڵاتیان هه‌م بۆ شۆڕش دژی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ره‌كان، هه‌میش بۆ فشار خستنه‌ سه‌رده‌سه‌ڵات له‌رێگای‌ كه‌شفكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ وخراپ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵات .

سه‌یره‌ حزبێك وابزانێ كه‌وا به‌خشینی‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌ژماریه‌كی‌ كه‌م و، كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌به‌رده‌م مه‌سئوله‌ حزبیه‌كان ده‌توانێ تا سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ. سه‌یره‌ حزب وا تێبگات كه‌وا به‌رازیكردنی‌ دڵی‌ دوو هه‌زار مه‌سئول ئه‌توانێ كۆنترۆڵی‌ شه‌ش ملیۆن كه‌س بكات، ئه‌م عه‌قلیه‌تی‌ ستالینییه‌ی‌ ساڵانی‌ په‌نجاكان تێپه‌ڕی‌ وجارێكی‌ تر میلله‌‌‌تیش ئه‌وه‌نده‌ ساویلكه‌و بێخه‌به‌ر نییه‌ له‌گۆرانكارییه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌، ئه‌و شووره‌ پۆڵایینه‌ی‌ ستالین كاتی‌ خۆی‌ به‌ده‌وری‌ یه‌كێتی‌ سۆڤییه‌تدا دروستی‌ كردبو، له‌م سه‌رده‌مه‌ مه‌حاڵه‌ زیندوو ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئێٍستا فه‌زا كراوه‌یه‌و له‌سه‌یدا‌وه‌و سێتاقان و‌ وڵووبه‌و ته‌نانه‌ت شوانه‌كانی‌ سه‌ر سنوریش ئاگاداری‌ هه‌واڵی‌ شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی‌ هه‌موو دونیان . زۆر هه‌ڵه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر وا تێبگه‌ن به‌دروشمی‌ ( سه‌گه‌كه‌ت برسی‌ بكه‌ به‌دوات ئه‌كه‌وێ ) ده‌توانن تا سه‌ر یاری‌ به‌موقه‌ده‌راتی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بكه‌ن، غافڵ له‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ شۆڕشه‌كانی‌ دونیا له‌پێناو نان و ئازادیدا بوه‌ به‌ شۆڕشی‌ كوردستانیشه‌وه‌.

زۆر یاغنیشن ‌گه‌ر وا تێبگه‌ن به‌ بڕینی‌ كاره‌بای‌ ماڵان و زیادكردنی‌ باج له‌سه‌ر خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر كاره‌بای‌ به‌رده‌وامی‌ ماڵه‌ مه‌سئوله‌كان وبه‌خشینی‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیان له‌باج ، ده‌توانن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بپارێزن ، رۆژێك دێ رق وقیینی‌ خه‌ڵك ئه‌ته‌قێته‌وه‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌عیراق روو ئه‌دات.

حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ئێستاش به‌هه‌مان ریتمی‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی‌ دیكتاتۆریانه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌یان ئه‌كه‌ن، جاران خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ له‌مه‌یخانه‌كاندا گرێی‌ دڵیان ده‌كرایه‌وه‌، به‌و حیسابه‌ مرۆڤی‌ بێهۆش حیسابو كیتابی‌ له‌گه‌ڵ ناكرێ ، ئێستاش هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ دیسان له‌مه‌یخانه‌كاندا ده‌رده‌ دڵی‌ خۆیان داده‌رێژن. جاران به‌ندیخانه‌كانی‌ هه‌یئه‌ی‌ خاصه‌و شوعبه‌ی‌ پێنجی‌ ئه‌منی‌ به‌عس جێگای‌ تێكۆشه‌رانی‌ میلله‌ته‌كه‌مان بوون، ئێستاش ده‌یان هه‌یئه‌ی‌ سه‌ر به‌ حزب هه‌ن كه‌ كه‌س نازانێ شوێن ومه‌كانیشیان له‌كوێیه‌ ! .

هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ گه‌ر حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ونه‌ هه‌مان وه‌همی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆره‌كان كاتێك بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌وا مه‌شغوڵكردنی‌ گه‌نجان به‌ نێرگه‌له‌و تلیاك كێشان وكردنه‌وه‌ی‌ مه‌لها وزیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ مه‌یخانه‌كان وسازدانی‌ فیستڤاڵی‌ سینه‌ماو كۆنسێرتی‌ ئه‌نساو ئه‌لیساوه‌ ده‌توانن تا سه‌ر گه‌نجانی‌ ئه‌م كوردستانه‌ ته‌خدیر بكه‌ن ، ژنانیش به‌ موسه‌لسه‌له‌ی‌ توركیه‌‌وه‌ خه‌ریك بكه‌نو، پیاوانیش به‌ راكه‌ڕاكه‌ بۆ بژێوی‌ ژیانی‌ خێزانه‌كانیان.

ئێستا له‌عیراق شۆڕشێكی‌ گه‌وره‌ به‌رپا بوه‌وه‌ له‌دژی‌ هه‌موو نوخبه‌ سیاسه‌كانی‌ عیراق ، گه‌نجانی‌ عیراق نه‌ك هه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ تایفه‌گه‌ری‌ وئایینی‌ رازی‌ نابن ، به‌ڵكو‌ ته‌نانه‌ت به‌پیاوێكی‌ ناگه‌نده‌ڵی‌ وه‌كو عادل عه‌بدولمه‌هدیش رازی‌ نین ورووخاندیان ، كار گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ته‌حه‌ددای‌ ئێرانیش بكه‌ن وكونسڵگه‌رییه‌كانیشی‌ بسووتێنن و هاوڵاتیانی‌ شیعه‌ مه‌زه‌‌بی‌ ئێرانیش له‌سه‌ردانی‌ مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كان مه‌نع بكه‌ن . هه‌ر ئه‌و جیله‌ی‌ ئێستای‌ كوردستانیش خه‌ریكه‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ی‌ ئێستای‌ له‌به‌ر چاو ئه‌كه‌وێ و ، ئه‌و جیله‌‌ش تا سه‌ر بێده‌نگ نابێ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ناعه‌داله‌تی‌ وگه‌نده‌ڵی‌ وسیاسه‌تی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ . ئه‌وسا نه‌ به‌ڵته‌چییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات به‌هانایه‌وه‌ دێ ، نه‌ ده‌توانن خه‌ڵكی‌ له‌وه‌ زیاتر چه‌واشه‌ بكه‌ن ، كۆمپانیا زه‌به‌ڵاحه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵكارانیش ناتوانن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ بپارێزن ..
جا عیبره‌ت وه‌رگرتن له‌گۆڕانگارییه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ر كارێكی‌ باشه‌ ، ئیتر به‌سه .. به‌راستی‌ به‌سه‌ ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×