ئایدۆلۆژیاو دیموکراتییەت ...

ئیبراهیم محەمەد
  2019-12-16     640

ئایدۆلۆژیایەک کە موتوربە کرابێت بەچەمکی دیموکراتی ڕاستەقینەو ئازادی  کۆمەڵگە بەبنەما بگرێت، هیچ مەترسی نییە هەڵگری وەها ئایدۆلۆژیایەک بیت، چونکە دۆگماتیزمی ئایینی، مەزهەبی، قەومچێتی، فیکری...هتد وەلادەنێت.

ئەوەی ئایدۆلۆژیای ناشیرین کردوە فاشیزم و دۆگماتیزم و ڕەگەزپەرستییە، لەقاڵبدانی ئەقڵ و بیرکردنەوەیە، سەپاندنی یەکدەنگی، یەکڕەنگی، یەکڕیزی بەیەک ڕەنگەوە نەک فرەڕەنگی، یەک فکرو بیرکردنەوەو یەک ئایین و یەک مەزهەب و..... هتد هەمو یەکەکانە .

ئایدۆلۆژیا گەر غەدری لێ نەکرێت و بەدەستی ئەنقەست ناشیرین نەکرێت و بکەوێتە خزمەتی ژینگەو مرۆڤایەتی، دەتوانێت جوان بێت و نەفرەتلێکراو نەبێت.

ئایدۆلۆژیا بۆیە ناشیرن بوە، دیکتاتۆرو دەسەڵاتخوازو چاوچنۆکی بەرهەمهێناوە. لە سیستمی سەرمایەداری بەکارهاتوە بۆ کەڵەکەی سامانی بێشومار، دور لەڕەچاوی بەها ئەخلاقییەکان و ژینگەییەکان.

لەدەوڵەت نەتەوە و ئایینی و مەزهەبی و قەومچیەکان (ناسیونالیستیەکان )، بەکارهاتوە بۆ لەناوبردنی ئایین و ڕەگەزو بیرە جیاوازەکان، سیستمی  ناوەندگەرایی گرێدراو بە تاکەکەسی و تاکە ئایدۆلۆژیا، ستەمکاری بەرهەمهێناوە.

ئایدۆلۆژیا کە موتوربە بو بە دیموکراتیەتی ڕاستەقینە، هیچ کام لەو سیفاتە خراپانە لەخۆ ناگرێت. ئایدۆلۆژیایەکی هێرشبەرو  پەلاماردەر نییەو نابێت، بەرگری و پاراستنی  ڕەوا  ئامانجیەتی، چاوچنۆک و دژەژینگەو  دژەمرۆڤایەتی نابێت، بەها ئەخلاقییە باڵاکانی ئەزمونی بەدەستهاتوی مرۆڤایەتی ڕەچاو دەکات. ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان، فرەڕەنگ و دەنگ، فرەبیر بەبنەما دەگرێت. ژیانی یەکجۆر و یەکبیر رەتدەکاتەوە.

ژن لەو سیستمەدا کاڵای بازرگانی و مافخوراو نییە، بڕیاردەرو خاوەن ماف و بۆچونی ئازادە. ئەو ئایدۆلۆژیا دیموکراتییە، درک بەوە دەکات گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەبیرکردنەوەی جیاواز فەراهەم دەبێت، بۆیە پەسەندی دەکات، پەروەردەی کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە ئایدۆلۆژیای دیموکراتی، تێگەشتن لێی و پراکتیککردنی بەخاڵێکی گرنگ دەزانێت. بێ پەروەردەی کۆمەڵگە لەدەزگا جۆراوجۆرەکان، هاتنەئارای ئەو ئایدۆلۆژیا دیموکراتییە مەحاڵە.

تەواوی فەیلەسوفەکانی جیهان هەرچەندە هەوڵی باشیان داوەو بە نوسینەکانیان ویستویانە مرۆڤ و زیندەوەران و ژینگەکەی باشترو ئاسودەو خۆشتر بژی، هیچ کامیان وەکو هەردو فەیلەسوف مورای بوکچین و عەبدوڵا ئۆجالان، چەمکی ئایدۆلۆژیای موتوربە بەدیموکراتیان پێشنەخستوە.

ئەگەر سەیری داهێنانە فەلسەفییەکانی ئۆجالان بکەین، هەر هەموی پاشگری دیموکراتی پێوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کام لەسیاسییەکان، ئەکادیمییەکان، رۆشنبیران و نوسەران، پۆلیسەکان و فەرماندە سەربازییەکان، کۆمەڵگە جیاوازەکان بەگشتی، کەڵکەڵەی دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتخوازی و خۆسەپاندن لەمێشکیاندا جێگیرنەبێت .

چەمکە فەلسەفییەکانی بەڕێز ئۆجالان  کە موتوربەیە بەئایدۆلۆژیای دیموکراتی بریتین لە: 1.نەتەوەی دیموکراتی. 2.کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی. 3.خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ناناوەندگەرا. 4.مۆدێرنیتەی دیموکراتی. 5.ئابوری و پیشەسازی ژینگەدۆستی کۆمیناڵی دیموکراتی. 6.ژنۆلۆژی (زانستی ژنناسی) دیموکراتی.

هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئایدۆلۆژیا  نابێت دینەکان و مەزهەبەکان، بێ دینەکان، سەرمایەداری  سۆسیال دیموکرات، شیوعی، ناسیونالیزم هەر هەمویان و...هتد ئایدۆلۆژیان.

لەهەر هەمویان باشترو  گونجاوتر بۆ خزمەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ژینگەکەی و هەمو زیندەوەران، ئەو ئایدۆلۆژیا دیموکراتیەیە کە مورای بوکچین و ئۆجالان پێشیانخستوە. دەکرێت مرۆڤایەتی بەپراکتیککردنی لەگۆڕەپانی سیاسی و ئەکادیمی سودمەند بێت لێی.

ئەو فەلسەفەیە دوژمنی سەرسەختی رەتکردنەوەی ئەویترو شەڕو پەلامارو کاولکاری و دەسەڵاتخوازییە، دۆستی ئاشتی و ئاوەدانی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ژینگەی سروشتییە.

ئایدۆلۆژیای دیموکراتی، ئاشتی و پێکەوەژیانی ئازادو دیموکراتیانەی کۆمەڵگەو نەتەوە جیاوازەکان، لەسیستمێکی دیموکراتی ناناوەندگەرا بەبنەما دەگرێت، دژ بە گەندەڵ و گەندەڵکارو پێشێلکارانی قانونە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×