ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن

محمد ئەمین پێنجوێنی
  2019-12-17     1151
پرۆژە مێژوییە نێودەوڵەتیەکەی (مام جەلال)، بۆ ئاشتی‌و ئازاد کردنی ئۆجەلان .....!
چەند جارێک لەبەرنامەکانی تەلەفزیۆنەوە یان لەنوسینەکانمدا، کەم تا زۆر باسی ئەو پرۆژە گرنگەی (مام جەلال)م، کردووە.

پرۆژەکە بریتی بوو لە: رێکخستنی کۆنفرانسێک لە سەر ئاستی سەرۆک دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و جیھان، بۆ ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەدا. !!.

پوختەی چیرۆکەکە وەکو خۆی دەخەمە بەر دیدەی ئێوەی ئازیز
ڕۆژی ١٢/١٥...... لە سکرتاریەتی (مام جەلال)ەوە، لە .بەغدا ئاگەداریان کردم کە ڕۆژی ١٦ لای (مام جەلال) ئامادە بم، ھەر بەو جۆرە ڕۆژی ١٦ چوومە بەغدا و ئەو شەوە لە میوانخانە تایبەتییەکەی نزیکی ژووری نووستنەکەی پشووم دا.

رۆژی ١٧ کەمێک زووتر لە دیدارەکانی جاران، یەکیک لەکوڕەکانی لای (مام جەلال)، بە ئاگای ھێنام، ئەگەر ھەڵە ،نەبم وابزانم ( بارزانی قادری پشکۆ) بوو !!)

گوتی: نیوکاتژمێری تر(مام جەلال) دەتبینێ. بە پەلەپەل بەر چاییەکم کردو چوومە دیداری بەڕێزیان. ئەم جارەیان جیا لە جارەکانی ترمن ئاوام بینی( لە ژوورێکی بچکۆلەدا دانیشتبوو،بیجامەیەکی رەنگشینی ژاکاوی لەبەردا بوو،سەروڕیشی نەتاشیبوو، ڕووی گرژ و ناڕەحەت دیار بوو، مێزێکی جوانی خنجیلەی لە بەردەمدا بوو، لە سەر مێزەکەیش کۆمەڵێ کاغەز و دۆسیە هەبوون، لیستێکی ئامادەکراو بە ناو و ژمارە تەلەفۆنەوە لە بەر دەمیدا هەبوو). 

گوتی: (بۆیە زوو ناردوومە بە شوێنتدا ھەتا کارەکانمان تەواو بکەین و تۆ بگەڕیێتەوە بۆ شارە حەیاتەکە. چونکە ئەمڕۆ لە سەعات ١٢ وە ھەتا ١٠ ی شەو، ھەموو کاتم گیراوەو یەک لە دوای یەک میوانم هەیە. لە سەعات ٦ دا نووری مالیکی (سەروەزیران) دێت بۆ لام، ئەو تووڕە و منیش بێتاقەت خوا چاکی کا...!

من قەت پرسیارم لێ نەدەکرد، ئەو جارە پێم بە جەرگی خۆم دانا و پرسیم خێرە؟
گوتی:( لە هەرێمەوە نامەیەک بۆ مالیکی هاتووە، داوایان لێ کردووە بە زووترین کات، هێزەکانی ئۆپەراسێۆنی دیجلە پاشەکشێ پێ بکات و کار بکات بۆ جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوورو گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ سەر خاکی هەرێم.

دوواتر گوتی با بیێنەوە سەر کارەکانی خۆمان، دەمەوێ کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین لە بەغدا ساز بکەم. بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ (بانکی مۆن) سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەو ماوەیەی پێشوودا لە بەغدا بوو، قسەم کردووە وخۆشحاڵ بوو. بۆ هەمان مەبەست، سەرۆکی فەرەنسا، جۆرج پاپاندریۆ سەرۆکی یۆنان، سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا ، پەرلەمانی ئەوروپا و لە رێگەی وەزیری دەرەکی ئەمریکا(کۆندالیزا رایس)، سەرۆکایەتی ئەمریکایشم ئاگەدار کردووە. هەروەها تورکەکانیشم دواندوەو بەم هەوڵانەم دەزانن. هەر لەو بارەیەوە یاداشتێکم بە سەرۆکایەتی (سۆسییال دیمۆکرات ئیتەر ناسیۆناڵ)، داوە، کە خۆیشم جێگری سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە جیھانییەم)

لەو کاتەدا سۆسیال دیمۆکراتەکان لە زۆر دەوڵەتی ئەوروپیدایان دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو، یان بەشداری دەسەڵات بوون .

گوتم بەڕێز ئەرکی من چییە؟ گوتی ئەمڕۆ ١٢/١٧ بگەڕێوە بۆ سلێمانی. منیش سەری ساڵ ١/١ دێمەوە بۆ ئەوێ ھەتا من دێمەوە تۆ ئەم کارانە بکە:

1. لە تورکیا ( ئەحمەد تورک ،سەلاحەدین دەمیرتاش لەیلا زانا و ئافرەتێک لە خێزانی (ئۆجەلان)ئاگادار بکە کە ١/١ لە سلێمانی بن .
2. لە( قەندیل)ەوە دوو کەس ( فڵان و فڵان) بانگ بکە ئەم پرۆژەیان بۆ باس دەکەم ئەگەر ڕازی بوون ئەوکاتە دەست بەکار دەبین.
3. هەتا خۆم دێمەوە بۆ سلێمانی تۆ ئەدرەس و ناوی ئەو کەسانەم بۆ وەرگرە کە خەڵاتی ئاشتی نۆبڵیان وەرگرتوە لە جیھاندا.
گوتیشی کە لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی خۆی پێکهێناوەو منیشی کردووە بەسکرتێری لیژنەکە.

ئەمەش پرۆگرامی کۆنفراسەکە بوو:
1. گفتوگۆی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا
2. گفتوگۆی شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکیا
3. ئازاد کردنی (ئۆجەلان) یان ھێنانە دەرەوەی لە زیندان و جێگیرکردنی لە جێیەکی تایبەتیدا تا بتوانێت دەستکراوە بێت لەکار کردنیدا بۆ ئاشتی.
4. ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی بڕیاری شەر وەستاندن لە تورکیا و ناچارکردنی دەوڵەتی تورک بە دانوستاندن لەگەل پەکەکە.

(مام جەلال)،ئەم پرۆسەیەی ناو نابوو پرۆسەی ماندێلا*
پرۆسەی ماندێلا ئەبوو لە بەندیخانە ھێنایەنە دەرەوە لە شوێنێکی تایبەتی جێگیریان کرد لەوێوە کەوتە پەیوەندی لەگەل حیزبەکەی و شۆرشگێران لە ئەنجامدا پرۆسەی ئاشتی لە باشور ئەفریقا دروست بوو.

زۆر حەیف و مخابن سەعات ٧ ئێوارە گوێم لە ڕادێۆی (بی بی سی)بوو، گوتی سەرکۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی) جەڵدەی دەماغ لێی دا و گەیادنرایە خەستەخانە. منیش بە نا ئومێدییەکی زۆرەوە چوومە لای هەڤاڵانی (قەندیل) و چیرۆکەکەم بۆ گێڕانەوە.زۆر قسەمان لەبارەی شەڕو ئاشتییەوە کرد، گوتم: ئەم پرسی کوردە وەکو نەفرەتی فیرعەونەکان وایە، ھەر کەس دەستی بۆ ببات دەمرێت. ئەوە (تۆرگۆت ئۆزال) ویستی چارەسەری کێشەی کورد بکات جەڵدە لێی دا، ئەوە ژەنەرال (ئەشرەف بەدلیسی) ھەر ئەوەندەی گوت کە کێشەی کورد بە چەک چارەسەر نابێت فڕۆکەکەی لە ئاسمان گڕی گرت و سووتا، ئەوە بەڕێز (ئۆجەلان) ویستی دەوڵەتی کورد لە مەنفا دروست بکات، بەگەلە کۆمەکی نێودەوڵەتی ڕادەستی تورک کراو لە گرتیگە دایە، ئەوە (مام جەلال) ویستی کۆنفرانسی ئاشتی بۆ پرسی کورد لە تورکیا پێکبھێنێت، جەڵدەی دەماغ لێدا و لەگۆ کەوت!!!

ئەوە(مسعود بارزانی) تەنیا ویستی ریفراندۆم بکات بۆ باشووری کوردستان لەسەدا ٥٠ی خاکی کوردستانیان بە ھێزی چەک لێ سەندینەوە.

چەپێک گوڵ و چەپێک نێرگز بۆ ئێوەی ئازیز.

مام جەلال و پرۆژەکەی چوونە ژێر گڵ. منیش زۆر گەشبینم بەسەر کەوتن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×