هۆکارەکانی پشت هەڕەشەکانی بەرهەم ساڵح بۆ دەستلەکارکیشانەوە؟
د. نەوزاد هێتوتی
2019-12-27   1482
لەنامەیەکدا بۆ پەرلەمانی عیراق لە ٢٦ دیسەمبری ٢٠١٩، دکتور بەرهەم رەتیکردەوە کە کاندیدی کوتلەی بێنا کە لەلایەن ئیران وهێزە پرۆکسییەکانی لەعیراقدا، لەوانە هادی عامری و نوری مالیکی و بەشێک لەسوننەکان پاڵپشتی دەکریت، رابسپێرێت بۆ پێکهینانی کابینەی نۆی حکومەت و جێگەی عادل عبدولمهدی بگریتەوە.
لەنامەکەدا دکتور بەرهەم باسی ئەوەی کردوە سەرۆک کۆمار پاریزەری دەستوور و سەروەی خاکی عیراقە. بۆیە هەنگاوەکانی دەبێت بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری خاکی عیراق، سەقامگیری ، ئاشتەوای ناوخۆیی و بەرژەوەندی گشتی هاولاتیان بیت. لەم چواچیویەدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەی کردووە کە بە هۆی بوونی ناکوکی و ململانێ ناوخۆی، نەبوونی کاندیدێک کە سازان و تەوافقی هێزو ولایەنە سیاسییەکان بە خەڵکی خۆپیشاندەرەشەوە لەسەر بێت، هەروەها ناروونی سەبارەت بەوەی کامە هێز، کوتلەی گەورەی پەرلەمانە، ناتوانێت کاندیدی کوتلەی بێنا رابسپیریت بۆ پێکهینانی حکومەت. هەروەها ئامادەی خۆیشی دەربری لەوەی کە دەست لەکار بکێشیتەوە.
ئەم هەڵویستەی سەرۆک کۆمار کاردانەوەی جوراوجوری بەدوای خۆیدا هێناوە. لەلایەک کوتلەی بێنا ئەم هەڵوێستەی دکتور بەرهەم بە خیانەتکردن وەسف دەکەن و داوای لێپێچینەوە لە سەرۆککۆماری عێراق دەکەن و دەڵێن، پێشێلی سوێندی یاسایی و دەستووری کردووە. هاوپەیمانی بێنا ئاماژە بەوە دەکەت کە ئەم هەنگاوەی سەرۆککۆمارپێچەوانەی دەستوورە. چونکە بە گوێرەی دەستوور، کوتلەی بینا مەزنترین کوتلەی ناو پەرلەمانە و ماڤی خۆیەتی کەسێک کاندید بکات بۆ پێکهینانی حکومەت. هەروەها کوتلەی بێنا ئەو بیانویەش رەتدەکەنەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیر کردنی عیراق. لەلایەکی تریشەوە ، خۆپیشاندەران و بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکان دەستخوشی لە بریارەکەی دکتور بەرهەم دەکەن و بە بریارێکی بوێرانە وەسف دەکەن. هاوپەیمانی سائێرون سەر بە سەدر بە شێوەیەکی ناراستەخۆی پالپشتی ئەم بریارەی بەرهەمیان کرد. ئوسامە نوجێفی وێرای دەربرینی پالپشتی بۆ بریارەکەی بەرهەم ، جەخت لەسەر ئەوە دەکات دەبێت کاندیدی سەرۆکوەزیران بە تەواقف و رەزامەندی شەقام وهێز سیاسییەکانی عیراق دابنرێت..
لە راستیدا ناکەمەی بەرهەم سالح بۆ پەرلەمان و ئامادەی نیشاندان بۆ دەست لە کار کێشانەوە، مشتوومری زۆری هەڵدەگرێت و جێگەری پڕسیاری زۆرە. بە تایبەت دەکرێت بپرسین؛ بوچی سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو کاندیدی کوتلەی بێنا رابسپێریت بۆ پێکهینانی حکومەت؟ ئایا هەرەشەی بەرهەم سالح بۆ وازهینان لە پوستەکەی هەرەشەیەکی جدییە و دەرئەنجامی ئەوەیە کە چێتر ناتوانیت رولێکی ئەکتیڤ ببێنیت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عیراق؟ تاچەند هەرەشە و گوشارەکانی ئەمریکا روولیان هەبووە لەسەر ئەم هەڵویستەی بەرهەم سالح؟ ئایا دەکرێت ئەم هەڵوێستەی بەرهەم سالح بە پشتکردن لە ئیران و هاوپەیمانەکانی لە عیراق لێک بدرێتەوە؟ لە کاتێکدا هەر ئەم کوتلە و هێزانە بوون کە لە ریگەی رێکەوتنی سیاسی نێوان باڤل تالەبانی و قاسم سلێمانییەوە ، بەرهەم سالح پوستی سەرۆککۆماری وەرگرت؟
لەراستیدا زۆر فاکتەر و هۆکاری گرنگ هەن کە وایکردووە دکتور بەرهەم ئەم هەڵوێستەی هەبێت. یەکەم فاکتەرپەیوەندی بە گوشار وهەڵویستی ئەمریکا وە هەیە. لە مانگی ئوکتۆبەری ٢٠١٩ کە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردووە، ئەمریکا بە شێوەیەکی تووند پاڵپستی لە خۆپێشاندەران دەکات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە کار بکات بۆ کەم کردنەوەی هەژموون و دەسەلاتی ئیران لە عیراقدا. ئەمریکا لە چەند مانگی رابردودا زۆر بە تووندی دژی دەست تێوەردانەکانی ئیران لە عیراق وەستایەوە و هەرەشەی ئەوەشی کردوە کە هەر کەس و لایەنێک بەرنامە وئەجندەی ئیران لە ئیراق پراکتیزە بکات یان دژی خەلکی خۆپیشاندەر بوەستیت گەمارووی ئابووری بەسەردا دەسەپێنریت. وەک دیتمان لە چەند هەفتەی پێشودا ئەمریکا گومارووی ئابووری بەسەر چەندین کەسایەتی عیراقیدا سەپاند بە هوی نێزیکایەتییان لە گەل ئیران و زیان گەیاندن بە سەروەری خاکی عیراق و پروسەی سیاسی و دیموکراسی لەو ولاتەدا . بۆیە بەرهەم سالح مەترسی ئەوەی لەسەر هەبووە کە ئەگەر پاڵپشتی کوتلەی بێنای سەر بە ئیرانەوە بکات رووبەرووی سزادانی ئابووری بێت لە لایەن ئەمریکاوە. تەنانەت لەوانە بوو ناوەکەشی بخریتە لێستی رەشەوە. بۆیە دکتور بەرهەم بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریکا سزا نەدرێت، بەناچاری دژی کوتلەی بێنا وەستایەوە وکاندیدەکەیان رەتکردووە.
فاکتەری دووەم بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەگەر بەرهەم سالح داوکاری کوتلەی بێنا پەسەند برکردایە، رووبەرووی شەپولێکی گەورەی نارەزاییەکان دەبوویەوە. نەک تەنیا لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکانی کە دژی دەستیوەردانەکانی ئیرانن لە عیراقدا، بەڵکو مەترسی ئەوە هەبووە هەلوێستەکی وەها خۆپیشاندەران هاندات بەرەو ناوچەی سەوز بچن بە زۆر سەرۆککۆمار لە بەغدا دەر بکەن و هاوشێوەی عادل عبدالمهدی بە زۆر ئێستقالەی پێبکەن. بێگومان سەرۆککۆمار لەم مەترسییە ئاگادار بووە و دەیزانی هەڵوێستەکی وەها، بێ پالپشتی ناوخوی و ئەمریکا وەک خوکوشتن وایە. بە تایبەت راسپاراردنی کاندیدی کوتلەی بێنا لە دەروەی تەوافقێکی نیشتمانی بارودوخی عیراق ئەوەندەی تر خراپ دەکات. ئەمەش لەوانەیە هەمووی بەسەر سەروک کوماردا بشکێتەوە. بۆیە سەروک کومار بەو هەڵوێستە خۆی لەو هەموو مەترسییانە دەرباز کرد.
سێیەم: سەرۆککۆمار بەو هەڵوێستە مەبەستی بووە مەسیجێکی پوزەتێڤ بو خۆپشاندەران بنێریت. ئەویش ئەوەیە کە پالپشتی لە داوکارییەکانی خەڵک دەکات و نایەوێت لە ریگە سەفقەیەکی سیاسی دژی ئێرادەی خۆپیشاندەران بوەستیت. بێگومان ئەمەش لەلایەک پێگە و دەسەلاتی بەرهەم سالح بەهێز دەکات. هەم سوز و پالپشتی زیاتری شەقام ورای گشتی بۆخۆی رادەکێشێت.
چوارەم؛ ماوەیەکە سەرۆک کۆمار لە ژیر گوشاری زۆری قاسم سلێمانی و هێزە شیعەکانی سەر بە ئیراندایە بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە بەرنامە و ئەجندەکانی ئیران لە عیراقدا بکات. تەنانەت بە گوێرەی بەشێک لە سەرچاوە هەوالەکان هەرەشەی ئەوەیان لە بەرهەم سالح کردووە کە ئەگەر پالپشتیان نەکەت یان هەلوێستەکی پێچەوانەی ئەوانیان هەبێت لە پەرلەمان سەحبی سیقەییان لێدەکەن، بە بیانووی پیشلکردنی دەستوور. بۆیە سەرۆک کۆمار بەو هەڵوێستە و ئامادەی نێشاندان بە دەست لە کارکیشانەوە ، وەک دەلین حەربی ئێستباقیەی کرد. واتە پێش ئەوەی هێزەکانی سەر بە ئیران ئەو کار بکەن یان خۆی ئەم بریارە بدەن. ئەوا بەرهەم سالح خۆی دەست پێشخەری کرد. ئەمەش لەلایەک گوشارەکان بە تەواوەتی لەسەر خۆی لادەبات. ئەمە لەلایەکی تریشەوە پێگەی لەناو خەڵک و هەموو ئەو هێزانەی دژی ئیرانن بەهێزتر دەکات.
پێنجەم؛ فاکتەریکی تر پەیوەندی بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لەو کاتەی ململانێ لە نێوان هیزە شیعەکاندا دەستی پیکردووە ، هێزە سیاسییەکانی کورد هەۆلیان داوە نەبنە بەشێک لە کیشەکانی نێوان هێزو لایەنە شیعەکان. یان خود نەیان ویستووە دژی ئێرادەی خۆپیشاندەران بوەستن. هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش تاکو ئێستاش وەک بێلایەن هەلسوکەوتیان کردووە. خۆیان نەکردووە بە بەشێک لە کیشەکان. بەردەوام هەۆلیانداوە دژی شەقام و خوپێشاندەران دەرنەکەون. بۆیە هەر هەولێکی سەرۆک کۆمار بۆ پاڵپشتی کردنی کوتلەی بێنا ، نەک هەر راوەستان بووە دژی ئەمریکا ، شەقام و بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکانی سوونە و شێعە. ئەو کات بەرهەم سالح پێچەوانەی سیاسەتی هەریمیش هەلسوکەوتی دەکرد ولە کوردستانیش توشی کێشە دەبوو.