وابزانم غەدرمان لەپارتی کردوە!

پەیمان عیزەدین
  2019-12-27     2435
هاوشێوەی ژمارەیەکی بەرچاو لەهاوڵاتیانی کوردستان، چەندین ساڵە من پارتی دیموکراتی کوردستانم بەحیزبێکی بنەماڵەیی زانیوەو پێموابوە بەشێوەیەکی ناعادیلانەو بەتەنیا لەبەر بارزانی بونیان پۆستەکانی ناو حیزبەکەیان و ناو حکومەتیش وەردەگرن، پێموابوە کە بەناهەق ڕوبەرێکی گەورەی خاکی کوردستانیان دەست بەسەراگرتوەو ئەمە جۆرێکە لەقۆرخکاری لەگەڵ ئەوەی هیچ کام لە سێ سەرۆکە بارزانیەکە ئەوسەدان دۆنم زەویانەی کردویانە بەموڵکی خۆیان نەیانفرۆشتۆتەوە و بە پێچەوانەوە بگرە هەر زیادیشی دەکەن، یەک داریان لێ نەبڕیوەتەوەو تا دێ سەوزترو جوانتری ئەکەن، سەرۆکایەتیشیان بۆ حیزبەکانیان بەدەنگی ئەندامەکانیانە لەکۆنگرەکانیاندا ڕێک وەک حیزبەکانی تر، تا دە نەوەی تریشیان ببێتە سەرۆک هەر بە دەنگدانی ئەندامەکانیان دەبێ هەر وەک حیزبەکانی تر، کەوابێ بۆ دەمانوت پارتی حیزبێکی بنەماڵەییە؟ بۆ پێمانوابو سەری ڕەشیان داگیرکردوە لە کاتێکدا ئەوان خستویانەتە خزمەتی کاری حیزبەکەیان.

لەگەڵ ئەوەی من قەت لەگەل حیزبایەتی نیم و نابم کە لەسەر وەزنی دەرەبەگایەتی بێ ، بەڵام لەکاتی بەراوردی پارتی بەحیزبەکانی تر هەست ئەکەم غەدرمان لەپارتی کردوە، چونکە ئەبێ یا هەمویان وەک یەک داگیرکەری موڵکی گشتی بن و هەمویان وەک یەک بنەماڵەیی بن، یان هەمویان دیموکراسین و بەشدارن لەسەوزکردن و پاراستنی خاکی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×