نهێنی په‌یوه‌ندی‌ قاسم سوله‌یمانی‌‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ كوردییه‌كان

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2020-01-03     1333
سه‌ركرده‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ گشتیی‌، له‌ نێوشیان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ زۆر قۆناغ و كاتدا په‌یوه‌ندی‌ توند و تۆڵیان له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ قودسی‌ ئێرانی‌ هه‌بووه‌، بۆ ئه‌و هاتنی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌كو شاره‌كانی‌ باشوورو ناوه‌ڕاستی‌ عێراق ئاسان بوو.

سوله‌یمانی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی‌ له‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتیی‌ كراوه‌ به‌جۆرێك له‌جۆڕه‌كان به‌شداری‌ هه‌بووه‌، هه‌میشه‌ پشتگیری‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو لایه‌ن كردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، زۆربه‌ی‌ كاته‌كانیش ئه‌و كاتانه‌بوو كه‌ یه‌كێتیی‌ بارودۆخی‌ باش نه‌ده‌بوو.

له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2011، نوێنه‌ری‌ باڵوێزخانه‌ی‌ ئێران له‌ به‌غدا و قاسم سوله‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ هه‌رێم كۆبۆوه‌، به‌ ئاشكراو روونی‌ باسیله‌وه‌كردبوو، كه‌ ئه‌وان پشتگیری‌ له‌ پارتی‌ و یه‌كێتیی‌ ده‌كه‌ن و ئارامی‌ هه‌ردوو زۆنه‌كه‌ به‌ لای‌ ئه‌وانه‌وه‌ هێلی‌ سووره‌ و له‌و كۆبوونه‌وه‌دا نوێنه‌رانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ( كه‌ ئێستا له‌ ژیاندا ماون ) بێ هیواكرد.

سوله‌یمانی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ مانگی‌ ئابی‌ 2014، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ داعش له‌ هه‌ولێر ڕۆلی‌ هه‌بوو له‌ راگرتنی‌ هێرشه‌كانی‌ داعشی‌ كرد، كه‌ دواتر بارزانی‌ به‌ فه‌رمی‌ سوپاسی‌ ئێرانی‌ كرد، له‌ هه‌مانكاتدا زۆرجاریش له‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌ماوه‌ی‌ شه‌ری‌ داعش، چاوی‌ به‌ مه‌سعود بارزانی‌ كه‌وتووه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ( سه‌دی‌ موسل و سحیلاو شه‌نگال) . سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌ره‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوچه‌كانی‌ باشوورو ڕۆژئاوای‌ كه‌ركووك و دیاله‌ به‌رده‌وام له‌ ته‌نیشت هێزه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ به‌ تایبه‌تیش حسین مه‌نصور وجودی‌ هه‌بوو.

فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ قودسی‌ ئێرانی‌ له‌ دوای‌ مام جه‌لال په‌یوه‌ندی‌ توندتۆڵی‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ و به‌رهه‌م ساڵح هه‌بووه‌، له‌ كۆنیشدا سێ سه‌ركرده‌ی‌ ئیسلامی‌ كه‌ له‌ ئێستادا دانیشتوون كاری‌ سیاسی‌ ناكه‌ن په‌یوه‌ندی‌ هه‌بووه‌.

قاسمی‌ سوله‌یمانی‌ به‌ر له‌ چه‌ند مانگێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئایاری‌ 2018، له‌ ئێران به‌رهه‌م ساڵح ده‌بینێت و به‌یه‌كه‌وه‌ نان ده‌خۆن، خۆی‌ نانی‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵح تێكوشیه‌وه‌ و به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتوویه‌تی‌ كه‌ ئه‌و سه‌رۆكی‌ داهاتووی‌ عێراقه‌، به‌ڵام دواتر له‌ مانگی‌ ئۆكۆتبه‌ری‌ 2018 پشتگیری‌ له‌ فوئاد حسێن كرد، تاوه‌كو ببێته‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ هات، كه‌ به‌ چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق هه‌ریه‌ك له‌ ( نێچیرڤان بارزانی‌ و باڤڵ تاڵه‌بانی‌ و قاسم سوله‌یمانی‌) كۆبوونه‌وه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ناوبراو پارتی‌ و یه‌كێتیی‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی‌ فوئاد حسین بۆ سه‌رۆك كۆمار، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پۆستی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی‌ حكومه‌ت و هه‌رێم وه‌رگرێت، به‌ڵام دواتر یه‌كێتیی‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ پاشگه‌زبوویه‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح بووه‌ سه‌رۆك كۆمار، ماوه‌یه‌كیش نێوانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیی‌ به‌ره‌و خراپی‌ چوو.

قاسم سوله‌یمانی‌ له‌ دوای‌ نه‌مانی‌ مام جه‌لاله‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌شێكی‌ له‌ نه‌وه‌ و نزیكه‌كانی‌ مام جه‌لال په‌یوه‌ندی‌ خۆشی‌ هه‌بو، ئه‌وه‌ش دواتر له‌ پرسی‌ ریفراندۆم و 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌و په‌ری‌ باشیدابوو، به‌پێی‌ دواین به‌ڵگه‌نامه‌ش كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوو له‌ میدیای‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بڵاوبوویه‌وه‌، به‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ كورد دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كۆده‌بوونه‌وه‌، دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا جۆرێك جاسووسیان بۆ ئێران و قاسم سوله‌یمانی‌ ده‌كرد و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیدا كۆده‌بوونه‌وه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ش نێچیرڤان بارزانی‌ بوو.

سوله‌یمانی‌ به‌ر له‌ ریفراندۆمی‌ 2017، چه‌ندین جار سه‌ركرده‌ كورده‌كانی‌ به‌ راسته‌خۆ و ناراسته‌وخۆ ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ رابگرن، گه‌ره‌نتی‌ پاراستنی‌ ناوچه‌كانی‌ جێناكۆكانی‌ كرد له‌ به‌رامبه‌ر نه‌كردنی‌ ریفراندۆم، به‌ڵام كه‌ ئه‌وه‌ نه‌كرا خۆی‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بوو له‌گه‌ڵ هێرش بوو بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، ئه‌مه‌شی‌ كرد.

تاوه‌كو ئێستا به‌ پشت به‌ستن به‌ گێرانه‌وه‌كانی‌ چه‌ندین سه‌ركرده‌ی‌ عه‌ره‌بی‌‌ و عێراقی‌‌ و كوردستانی‌‌ و چه‌ندین چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ری‌ هه‌والگری‌ ئیسرائیلی‌‌و ئه‌مه‌ریكی‌ توانراوه‌ باس له‌ ژیان‌و رۆلی‌ قاسم سوله‌یمانی‌، فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ قودس بكرێت وه‌ك گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تی‌ هه‌واڵگری‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راست.

قاسم سوله‌یمانی‌، كه‌سایه‌تیه‌كی‌ كاریزمایی‌ شاراوه‌ی‌ هه‌بووه‌ زۆربه‌ی‌ ده‌ركه‌وتنه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ خامه‌نه‌یی‌، رابه‌ری‌ باڵای‌ ئێران‌و جه‌ناگاوه‌ره‌ دێریینه‌كانی‌ ئێران بوو ، زۆربه‌ی‌ جاره‌كانیش ته‌نها داده‌نیشت و گوێ ده‌گرت.

سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ عێراق، ساڵانێكی‌ ز‌ور ده‌یناسی‌ باس له‌وه‌ده‌كات، سوله‌یه‌مانی‌ به‌یانیان كاژێر چواری‌ به‌یانی‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستا شه‌وانه‌س دوایی‌ نۆی‌ شه‌و ده‌خه‌وت‌و ناوبراویش كێشه‌ی‌ پرۆستات‌و پشت ئێشه‌ی‌ هه‌بوو.

له‌ باره‌ی‌ ژیانی‌ تاییه‌تی‌ قاسم سوله‌یمانیه‌وه‌، زۆر له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌وت و زۆرجاریش ده‌یبرد بۆ گه‌شت. سێ كور‌و دوو كچی‌ هه‌یه‌‌ یه‌كێك له‌ كچه‌كانیشی‌ له‌ مالیزیا خوێندوویه‌تی‌ ده‌وترێ له‌ بنه‌ماكانی‌ ئیسلامیش لایداوه‌ هه‌ره‌چه‌نده‌ سه‌ختگیره‌ به‌ڵام منداڵه‌كانی‌ زۆر خۆش ده‌وێت.

حكومه‌تی‌ تاران تا سه‌ر ئێسقان ته‌كه‌تولی‌ تێدایه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خامه‌نه‌یی‌ ده‌بینرێ یه‌كێك له‌وانه‌ سوله‌یمانی‌ بوو جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ هه‌موو شتێك ده‌ستكراوه‌ بوو له‌ هه‌مانكاتیشدا سامانێكی‌ تایبه‌ت بۆخۆی و سوپاكه‌ی‌ دابینیكراوه‌.

تاوه‌كو به‌ر له‌ شه‌ری‌ داعشیش قاسم سوله‌یمانی‌، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیه‌ جیهانییانه‌ بوو كه‌ مرۆڤایه‌تی‌ كه‌مترین زانیاری‌ له‌سه‌ر هه‌بوو، دوو سه‌ركرده‌ی‌ كوردی‌ به‌ نێهنی‌ باس دانیشتنه‌كانی‌ قاسم سوله‌یمانی‌، له‌گه‌ڵ به‌شێكی‌ زۆر له‌سه‌ركرده‌ كورده‌كان ده‌خه‌نه‌ڕوو.

چه‌ند كاربه‌ده‌ستێكی‌ عێراقی‌‌ و كوردی‌ هه‌ر كه‌ ناوی‌ سوله‌یمانی‌ ده‌هات بێ ده‌نگ ده‌بوون كاتێك باسی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كوردی‌ كراوه‌ بۆ گۆڤاری‌ ( نیویۆركه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ) ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ كوردیانه‌، ووتوویانه‌ " به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆمان له‌ قه‌ره‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ناده‌ین".

سوله‌یمانی‌ كه‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 1998 كرایه‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ قودسی‌ راده‌ستكرا ئیتر له‌و كاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا وه‌ك داڕێژه‌ری‌ سیاسه‌تی‌ ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

سه‌رجه‌می‌ ئه‌و میلیشیانه‌ی‌ له‌ دوای‌ روخانی‌ صه‌دام، له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بوون له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سوله‌یمانی‌ بوو به‌راده‌یه‌ك ئه‌و میلیشیایانه‌ سنووری‌ شیعه‌وه‌‌و سونه‌یان تێپه‌راندبوو، ئێران جگه‌ له‌وه‌ی‌ میلیشیایی‌ شیعی‌ دروستكرد له‌ هه‌مانكاتدا چه‌ندین چه‌كداری‌ سونی‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ داخلی‌ عێراق ده‌كرد دژ به‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان.

له‌ دوای‌ رووخانی‌ رژێمه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا تووشی‌ سه‌رسامی‌ بووه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و هاوكاریه‌ مرۆیی‌‌و مادی‌ چه‌كداریه‌ كه‌ سوله‌یمانی‌ بۆ هێزه‌ توندره‌وه‌كانی‌ عێراقی‌ دابینی‌ ده‌كرد.

ده‌وترێ سه‌ركرده‌كانی‌ كورد به‌رده‌وام به‌هۆی‌ ترسه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ سوله‌یمانی‌ توندۆتۆل بووه‌‌و هه‌ركاتێك په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا توندۆتۆلتربووایه‌ ئه‌وه‌نده‌ زیاتر په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوله‌یمانی‌ گه‌رم‌و گورتر ده‌بوو.

چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كورد، به‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ ئه‌مریكی‌ به‌ ناوی‌ "دێكستر فیلكینز" وتووه‌ " ئامانجی‌ سوله‌یمانی‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان نا سه‌قامگیری‌‌و دابه‌ش كراوبن ".

رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ده‌ڵێت " بۆ سه‌ركرده‌ كوردیه‌كان زۆر سه‌خته‌ به‌ قاسم سوله‌یمانی‌ بلێن نه‌خێر كاتێك ده‌ڵێی‌ نه‌خێر كێشه‌ دروست ده‌كات، ته‌قینه‌وه‌‌و كوشتار بۆیه‌ ده‌بێ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكه‌ین".

ئه‌فسه‌رێكی‌ گه‌وره‌یی‌ عێراقی‌، كه‌ هاوڕێیه‌تی‌ تاڵه‌بانی‌ كردوو، ده‌ڵێ " جارێكیان سوله‌یمانی‌ سه‌ردانی‌ تاڵه‌بانی‌ كردووه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی‌ له‌ باكووری‌ عێراق، كاتێك چۆته‌ ژوورێ بینیویه‌تی‌ سوله‌یمانی‌ له‌وێ دانیشتبوو كراسێك‌و چاكه‌تێكی‌ ره‌شی‌ له‌به‌ردابووه‌، هه‌ردووكیان سه‌رتاپا له‌ یه‌ك وردبوونه‌ته‌وه‌."

ئه‌فه‌سه‌ره‌ هه‌واڵگریه‌كه‌ی‌ عێراق، ده‌ڵێ " ئه‌و ده‌یزانی‌ من كێم منیش ده‌مزانی‌ ئه‌و كێیه‌، تۆقه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌ك كرد، به‌ڵام هیچمان نه‌وت".

ئه‌فسه‌ره‌كه‌، ده‌ڵێت " تاڵه‌بانیم هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بینیوه‌ زیاد له‌ حه‌د رێزی‌ سوله‌یمانی‌ گرت‌و لێی‌ ده‌ترسا".
چه‌ندین جار‌و به‌رده‌وام سوله‌یمانی‌ سه‌ردانی‌ عێراق‌و ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كانی‌ كردووه‌، هه‌مووجارێكیش ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌وڵدابووه‌ ده‌ستگیری‌ بكات، به‌ڵام نه‌یاتوانیوه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن به‌هۆكاری‌ ده‌ره‌نجامه‌ خراپه‌كانی‌ دوای‌ ئه‌و ده‌ستگیركردنه‌.

له‌ نێو ئه‌و سه‌ردانانه‌ی‌ كه‌ سوله‌یمانی‌ ئه‌نجامی‌ داوه‌ جارێكیان له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2004، به‌ هاوكاری‌ یه‌كه‌یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتۆته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ نیازبووه‌ بێته‌ شاری‌ هه‌ولێر بۆ شوێنێك كه‌ پێی‌ ده‌ڵێن " قونسلخانه‌ی‌ ئێران له‌ هه‌ولێر"، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌دكیلۆ مه‌تر هاته‌ خاكی‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ریكیه‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر به‌ڵام سوله‌یمانی‌ له‌ هه‌ولێر له‌ رێگای‌ مه‌سعود بارزانی‌، له‌ رێگای‌ نهێنیه‌وه‌ ده‌ربازی‌ بووه‌، ته‌نها چه‌ند كه‌سێكیان وه‌ك جاسوس له‌ به‌رگی‌ دیبلۆماسی‌ ده‌ستگیركردووه‌.

دوای‌ رووداوه‌كه‌ی‌ ئه‌و كاتی‌ هه‌ولێر سوله‌یمانی‌ له‌ كه‌ربه‌لا له‌ تۆله‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ پێنج ئێرانیه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر چوار سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌و شاره‌ كوشت.

سوله‌یمانی‌ له‌ دوای‌ رووخانی‌ صه‌دام‌و به‌جێهێشتنی‌ عێراقیش په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستی‌ پایه‌ به‌رزی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هه‌بووه‌ هه‌ندێ جار ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان‌و هه‌ندێجاریش بۆ بچرینی‌ شتێك بووه‌.

ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ زیاتر له‌ رێگای‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2008 بوو تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ عێراق مۆبایله‌كه‌ی‌ دا به‌ ژه‌نه‌راڵ دایڤد پاتریۆس كه‌ ساڵێك وه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كاریكرد، بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ كورته‌ نامه‌یه‌ك كه‌ تیایدا نووسرابوو " ئه‌زیزم پاتریۆس پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانیت من، قاسم سوله‌یمانی‌، به‌رپرسی‌ سیاسه‌تی‌ ئێران له‌ عێراق‌و لوبنان‌وغه‌زه‌‌وئه‌فغانستان."

سوله‌یمانی‌ رۆلی‌ هه‌یه‌ له‌ پێكهینانی‌ سه‌رجه‌م حكومه‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان هه‌وڵیان دا كاریگه‌ری‌ ئێران به‌سه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌وه‌ نه‌بێت، بۆ نموونه‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ ده‌كات له‌ عێراق به‌ڵام سوله‌یمانی‌ سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌ كوردی‌‌و عێراقیه‌كانی‌ بانگێشتی‌ شاری‌ قومی‌ ئیرانی‌ كردووه‌ داوایی‌ لێكردن پشتگیری‌ مالیكی‌ بكه‌ن ئه‌ویش له‌ رێگای‌ رێكه‌وتنێكی‌ نێوان مالیكی‌ ‌و ئه‌سه‌د به‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت گواستنه‌وه‌ی‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ سنووره‌كانی‌ سوریا‌و قازانج كردنی‌ هه‌ردوو وڵات له‌به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌.هه‌رچه‌ند مالكی‌‌و ئه‌سه‌د چاره‌ی‌ یه‌كیان نه‌ده‌ویست، به‌ڵام سوله‌یمانی‌ پێكیهێنان.

ئه‌وكات له‌ باره‌ی‌ پێكهێنی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌، سوله‌یمانی‌ موقته‌دا صه‌دری‌ رازی‌ كرد‌و چه‌ندین مه‌رجیشی‌ له‌سه‌ر كاربه‌ده‌سته‌ عێراقیه‌كان سه‌پاند كه‌ ئه‌وانیش بریتی‌ بوون له‌ كردنه‌وه‌ی‌ جه‌لاڵ تاڵه‌بانی‌ به‌ سه‌رۆك كۆمارۆ فشارخستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌كان به‌ كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق. ئه‌و رێكه‌وتنه‌ش گورزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ ئه‌یاد عه‌لاویش دا كه‌ دۆستێكی‌ نزیكی‌ ئه‌مه‌ریكا بوو.
مالیكی‌ پێیوایه‌، سوله‌یمانی‌ گوێ ناگرێ‌و سوله‌یمانیش پێی‌ وایه‌، مالیكی‌ درۆزنه‌.

یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ ئیسلامیه‌كانی‌ كورد كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ سوله‌یمانی‌ دانیشتووه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، كه‌م سه‌ركرده‌ی‌ كورد هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوله‌یمانی‌ دانه‌نیشتبێ‌ و هه‌موویان پێی‌ سه‌رسام نه‌بن‌و هه‌ر هه‌مووشیان لێی‌ ترساون.

ئه‌و سه‌ركرده‌ ئیسلامی، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو "سوله‌یمانی‌‌‌و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ سه‌ركرده‌ی‌ كوردی‌‌و دانیشتن‌و هاوڕێیه‌تی‌ هه‌بووه‌ ".

له‌ سه‌روبه‌ندی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ نوری‌ مالیكی‌ له‌ كۆتایه‌كانی‌ ساڵی‌ 2012، له‌لایه‌ن لیستی‌ عێراقیه‌‌و هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌‌و موقته‌دا صه‌در، سوله‌یمانی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رۆژیك سه‌ردانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ل به‌رپرسانی‌ ئه‌و حزبانه‌ داده‌نیشێ، ئینجا له‌ رێگای‌ گه‌رانه‌وه‌ی‌ بۆ وڵاتی‌ ئێران داوای‌ له‌ محمد فه‌ره‌جی‌، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان ده‌كات له‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێره‌وه‌ تاوه‌كو ئێران هاوڕێیه‌تی‌ بكات بۆ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ عێراق‌و هه‌رێمه‌وه‌، به‌ بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ كاتی‌ نییه‌، دواتر محمد فه‌ره‌ج رازی‌ ده‌بن‌و هاوڕێیه‌تی‌ ئه‌و گه‌شته‌ده‌كه‌ن.سوله‌یمانی‌ به‌ درێژای‌ گه‌شته‌كه‌شی‌ بۆ تاران ئامۆژگاری‌ محمد فه‌ره‌جی‌ كردووه‌.

له‌ ساڵی‌ 2012، سوله‌یمانی‌ داوای‌ له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ چه‌ك له‌ رێگای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بنێرنه‌ وڵاتی‌ سوریا، به‌ڵام بۆ یه‌كمجاره‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان ئه‌و داوایه‌ی‌ ئه‌ویان ره‌تكرده‌وه‌.

ئێستا كه‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌ ژیان نه‌ماوه‌و ئه‌مه‌ریكییه‌كان كوشتیان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ تایبه‌ت پارتی‌ و یه‌كێتیی‌ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌شتوانن ئیدانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن، ئه‌وا له‌ دڵنیایه‌وه‌ به‌شداری‌ پرسه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن، یاخود نامه‌ی‌ هاوخه‌می بۆ ئێران ده‌نێرن، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر له‌وه‌ی‌ توندوتۆڵتر بووه‌ له‌گه‌ڵ سوله‌یمانی‌ ، كه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×