ئیجەو دوا وێستەگەی هەڵوەرینی هەزاران خەونی گەنجی کورد

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2020-01-17     1279
دواجار نیشتیمانی ڕاستەقینەی مرۆڤ، ئەو شوێنەیە کە تێیدا هەست بەبونی خۆی دەکات‌و ڕێز لەمرۆڤ بونی دەگیرێت، ئەو شوێنەیە کە بەخەونەکانی دەگات‌و هەست بەنامۆبونی خۆی ناکات لەو شوێنەدا. 

ساڵانێكە ئەم نیشتیمانە، نەنیشتیمانی زۆرینەی گەنج بووەو نەبۆ چرکەساتێکیش هەستیان بەبونی نیشتیمانێك کردووە و کە بە شەرفمەندانە تێیدا بژین. 

ڕەنگە نەبێت هێندەی گەنج دڵشکاوبێت لەم نیشتیمانەدا، تەمەنێك،  کە دنیایەک خەون‌و خولیاو ئارەزوی هەیە بۆ ژیان‌و ئایندە.

تەمەنێك، کە بەخەندەوە بۆ ژیان دەڕوانێت‌و نیشتیمانیش، جگە لەکۆمەڵێك خەم‌و گریانێک هیچ شتێکی دیکەی پێشکەش نەکرد. 

ئەمرۆ زۆرینەی گەنج، خۆیان وەك غەریبەو نامۆیەک دەبینن لەم نیشتیمانەدا، نیشتیمانێك کە نابەوەشێکی پڕ لەمیهرو  نەدەرگایەکی بەڕووی خەندەو بەختەوەریدا بۆ کردوەنەتەوە.  

لەم چەند ڕۆژەدا هەواڵی خنکانی چەند گەنجێك لەدەریای ئیجەدا، تەواو ناخ هەژێنەربوون، ئیدی هەست دەکەیت، مەرگی ئەم گەنجانە بەر لەوەی مەرگی مرۆڤێك بێت بەتەنها، مەرگی دەیان گەنجی دیکەیە لەم نیشتیمانەداو مەرگێکە لەبری ئەوانی دیش دەمرن. 

ئیدی گەنج لەم نیشتیمانەدا، کاتێك هەست بەوە دەکات، هیواو  خەونەکانی سەرابێك بوون‌و بۆ ساتێکیش هەست بەبوونی نیشتیمانێکی حەقیقی نەکات کە باوەشێکی پڕ لەمیهری پێدا بکات، ئیدی چارەنوسی یان کۆچکردنە، یاخود بیرکرنەوەیە لەکاری خراپ بەرانبەر بەخۆی. 

نیشتیمانێك کە گەنجێك هەموو ساڵەکانی خوێندنی بە گیرفانی خاڵی و بەدنیایەک هیواو  خەونی لەبار چووەوە بەڕێبکات، کوا نیشتیمان و کوا دڵخۆشبوونی لەم نیشتیمانەی کە هەموو هیواکانی لەگۆڕ ناوە؟

گەنجێك دوای دەیان ساڵ خوێندن سادەترین ئاواتێکی دامەزراندن و شوێنێکە کە تێیدا بژی و ناتوانێت و دانامەزرێت، ئیدی ئەم نیشتیمانە جگە لە دەلاقەیەک بۆ مەرگ، چ دەرگایەکی بەختەوەری و ئومێدی بۆ دەکاتەوە؟ ئیدی ئەم نیشتیمانە جگە لە کردنەوەی دەرگایەک بۆ کۆچکردنی و بەجێهێشتنی، چ دەرگایەکی بەختەوەری و ئومێدی بۆ دەکاتەوە؟ 

ساڵانێکە  دەریای ئیجە، دوا خاڵی کۆتای  دەیان و سەدان هیواو ئومێد  و ڕازی  گەنجی کوردە، دوا خاڵی هەزاران دڵۆپ فرمێسکی نەڕژاو و سەدان خەونی لەبار چووی ئەو گەنجانەیە کە لەچارەنوسیان لەنیشتیمانی خۆشیاندا جگە لە دڵشکان و فرمێسکێكی تاڵ، هیچ  شتێکی دیکەنەبو. 

وەك شێرکۆ بێکەسیش دەڵێت:

من چیم ئەویست لە نیشتمان ؟!
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیای و
جێژوانێکی بە حورمەت و
مشتێک هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم باتێ 
من چیم ئەویست لەوە زیاتر و نەیدامێ..
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×