په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى و دارى زه‌یتون...

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2020-01-19     1085

په‌یوه‌ندى ته‌ندروستى نێوان كه‌سه‌كان داینه‌مۆى به‌رده‌وامبونى سروشتى ژیانه‌، ئه‌م په‌یوه‌ندى یه‌ خێزانى بێت یان هاورێ یه‌تى بێت یان خۆشه‌ویستى بێت یان هه‌ر په‌یوه‌ندى یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى پێویستى به‌ پاراستن و گه‌شه‌كردن و گرنگى پێدان هه‌یه‌ تا به‌رده‌وام بێت . بۆ دروست كردن و مانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ته‌ندروست ده‌بێت مرۆڤ ماندو بونى خۆى به‌ كار بهێنێت، هه‌مو جۆره‌ په‌یوه‌ندى یه‌ك  خۆراكى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌ سه‌ندن ومانه‌وه‌، به‌ پێ ى جۆرى په‌یوه‌ندى یه‌كه‌ جۆرى خۆراكه‌كه‌ ده‌گۆرێت به‌ڵام ئه‌نجام هه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه‌ ده‌بێت كه‌ په‌یوه‌ندى یه‌كه‌ى له‌سه‌ر بونیاد نراوه‌، له‌ په‌یوه‌ندى به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ ده‌كات به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كانى به‌رامبه‌ره‌كانه‌ له‌ په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستى ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ ده‌كات هه‌ست و سۆز و پابه‌ند بونه‌، له‌ په‌یوه‌ندى خێزانى ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ ده‌كات توند و تۆڵى خێزان و وابه‌سته‌ بونى تاكه‌كانى خێزانه‌كه‌یه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌نگاو نان به‌ ناو رۆژه‌كاندایه‌ به‌ هاوبه‌شى و زاڵ بون به‌ سه‌ر سه‌ختى یه‌كاندا به‌ هاوبه‌شى و هاوكارى.

ده‌توانین وێناى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى نێوان دو به‌رامبه‌ربكه‌بن به‌ دارێكى زه‌یتون، به‌ نمونه‌ ساتێك دو كه‌س هاوسه‌رگیرى ده‌كه‌ن وه‌ك چاندنى دارێكى زه‌یتونه‌ به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگتنى برێكى باشى زه‌یتونى ته‌ندروست، ئه‌م دار زه‌یتونه‌ پێویستى به‌م شتانه‌ى خواره‌وه‌ هه‌یه‌ تا به‌ شێوه‌یه‌كى رێك و پێك گه‌شه‌ بكات و گه‌وره‌ ببێت:

1- پێویسته‌ ئاوى داره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى باش بدرێت تا ره‌گى داره‌كه‌ وشك نه‌بێت .

2- پێویسته‌ سالأنه‌ سه‌رچڵى داره‌كه‌ بكرێت تا له‌ ساڵى نوێدا به‌ گه‌شه‌یه‌كى باشتر به‌رهه‌م بدات .

3- پێویسته‌ ساڵا نه‌ په‌ین بكرێته‌ ژێر زه‌یتونه‌كه‌ تا خۆراكى پێویستى بگاتێ .

4- پێویسته‌ بنى زه‌یتونه‌ بكیڵرێت تا رێگه‌ به‌ ره‌گه‌كانى بدات گه‌شه‌ بكات .

5- پێویسته‌ روناكى ته‌واو دابین بكرێت بۆ گه‌شه‌ى داره‌كه‌ .

ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌ ته‌ندروسته‌ زه‌یتونه‌كه‌ گه‌وره‌ بكرێـت سالأنه‌ نزیكه‌ى برى 10 كیلۆ زه‌یتون ده‌گرێت وه‌ گه‌ر به‌ رده‌وام په‌ره‌ بدرێت به‌ خز‌مه‌ت كردنى داره‌كه‌ ساڵ له‌ دواى ساڵ به‌رهه‌مى زه‌یتونه‌كه‌ زیاد ده‌كات به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرنگیدان به‌ داره‌كه‌ پشتگوێ بخرێت واتا لایه‌نێكیان یان هه‌ردولایان به‌ شیوه‌یه‌كى باش ئاوى داره‌كه‌ى نه‌دا ئه‌وا ره‌گى داره‌كه‌ به‌ره‌و سیس بونه‌وه‌ ده‌چێت و سه‌رنجام به‌رهه‌مى زه‌یتونه‌كه‌ به‌ره‌و كه‌م بون ده‌چێ، ئه‌مه‌ش وا له‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر ده‌كات حه‌وسه‌له‌ى خزمه‌تكردنى داره‌كه‌ى نه‌مێنێ و ئه‌ویش په‌ینكردنى داره‌كه‌  پشتگوێ ده‌خات، به‌ ئه‌نجام برى به‌رهه‌مى زه‌یتونه‌كه‌ كه‌متر ده‌كات، تا ده‌گاته‌ راده‌یه‌ك زه‌یتونه‌كه‌ برى 2 كیلۆ ده‌گرێـت، وه‌ گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت زه‌یتونه‌كه‌ به‌رى نامێنێ و ره‌نگه‌ به‌ره‌و وشكبون بچێ .   له‌ وشك بونى زه‌یتونه‌كه‌ش هه‌ردو لاى به‌رامبه‌ر زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بن . به‌ وینا كردنى بۆ په‌یوه‌ندى یه‌ كۆمه‌لایه‌تى یه‌ ده‌بینین  سه‌ره‌نجامى گرنگى نه‌دان ئه‌و دو به‌رامبه‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندى نێوانیان و  نه‌ پاراستنى گرنگى یه‌كانى یه‌كدى ئه‌وپه‌یوه‌ندى یه‌ به‌ره‌و داروخان ده‌چێ  وه‌ تێكدانى  ئه‌م په‌یوه‌ندى یه‌ هه‌ردو لا لێ ى زه‌ره‌رمه‌ندن .

ده‌بێت درك به‌ كه‌مبونه‌وه‌ى كه‌مى به‌رهه‌مى زه‌یتونه‌كه‌ بكرێت پێش وشك بونى ره‌گه‌كانى داره‌كه‌ ده‌نا له‌ پاش وشك بونى ره‌گه‌كانى داره‌كه‌ زیندو كردنه‌وه‌ى داره‌كه‌ و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى به‌رێكى گونجاو زۆر قورست ده‌بێت و ره‌نگه‌ هه‌ندێك جار ئه‌سته‌م بێت وناچار به‌ هه‌ڵكه‌ندن و فرێدانى داره‌ وشك بوه‌كه‌  ببین .

خۆشه‌ویستى و به‌سته‌ره‌وى په‌یوه‌ندى یه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كان له‌ ساته‌كاندا ده‌گۆرێت به‌ پێ سات و لیكه‌وته‌ى كاتى و جوگرافى و شێوه‌ى په‌یوه‌ندى یه‌كه‌، به‌ ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ى ده‌گۆرێت ته‌نها ته‌رجه‌مه‌ى جۆرى په‌یوه‌ندى یه‌كه‌ بێت به‌ مه‌رجى مانه‌وه‌ى بنه‌چه‌ سه‌ره‌كى یه‌كه‌ ته‌ندروسته‌كانى ئه‌و په‌یوه‌ندى یه‌ ، به‌ نمونه‌ ساتێك كورێك وكچێك یه‌كیان خۆش ده‌وێت ئه‌وه‌ى له‌ نێوان ئه‌م دوانه‌ ده‌بێت وشه‌و قسه‌ى ره‌نگاو ره‌نگه‌ له‌گه‌ل په‌یوه‌ست بون به‌و په‌یوه‌ندى یه‌وه‌، به‌ڵام ساتێك هاوسه‌رگیرى ده‌كه‌ن ئه‌م خۆشه‌ویستى و په‌یوه‌ندى یه‌ ته‌رجه‌مه‌ ده‌كرێت بۆ كردار به‌ نمونه‌ ساتێك ژنێك به‌ مێرده‌كه‌ى ده‌ڵێت كیلۆیه‌ك زه‌یتون بێنه‌وه‌ ئه‌م پیاوه‌ ده‌بَیت ماندو بێت كار بكات تا پاره‌یه‌ك په‌یدا ده‌كات له‌ ده‌ره‌وه‌ پاشان ده‌گه‌رێت تا زه‌یتونێكى جوانى گه‌یوى پاك بكرێت و بیباته‌وه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ى ساتێك ئه‌و زه‌یتونه‌یه‌ دێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌رجه‌مه‌ى خۆشه‌ویستى پیاوه‌كه‌یه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ى گرنگى دان نیشانه‌ى دلسۆزى و خۆشه‌ویستى یه‌، ساتێك زه‌یونه‌كه‌ ده‌گاته‌ ده‌ستى ژنه‌كه‌ ده‌بێ بۆ ماوه‌ى 30 رۆژ له‌ ناو ئاوى بنێ و هه‌مو رۆژێ ئاوه‌كه‌ى بگۆرى بۆ ئه‌وه‌ى تاڵى زه‌یتونه‌كه‌ نه‌مێنێ و به‌شێوه‌یه‌كى جوان ده‌یرازێنێته‌وه‌ له‌ سه‌ر سفره‌یه‌كى رازه‌وه‌ پێشكه‌شى ده‌كات  ئه‌مه‌ش ته‌رجه‌مه‌ى خۆشه‌ویستى ژنه‌كه‌یه‌ بۆ پیاوه‌كه‌ ‌ ئه‌وكات ده‌توانن پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر سفره‌یه‌كى ئاسوده‌ بیخۆن تام وچێژى لێ وه‌ربگرن  لێره‌دا ده‌بینن خۆشه‌ویستى و گرنگى دان بونى به‌رجه‌سته‌ى و كردارى هه‌یه‌ وه‌ك ئینگلیز ده‌ڵێن خۆشه‌ویستى كرداره‌ .

ئه‌م نمونانه‌ بۆ ئاسانكردنى رونكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ته‌ندروسته‌ له‌ نێوان تاكه‌كان .

هه‌مو په‌یوه‌ندى یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى ‌ سه‌ره‌تا به‌خشینى ده‌وێت پاشان وه‌رگرتنه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك جار ببه‌خشیت و هه‌ندێك جار وه‌ربگریته‌وه‌ چونكه‌ به‌ تاڵ بونه‌وه‌ى هه‌مو وزه‌یه‌ك پێویستى به‌ سه‌ر له‌نوێ بارگاوى بون هه‌یه‌ ساتێك تۆ به‌س ببه‌خشى و بارگاوى نه‌كرێیته‌وه‌ تواناى به‌خشین نامێنێ وه‌ك پێشینان ده‌ڵێن چه‌پڵه‌ به‌ ده‌ستێك لێنادرێت .

ئه‌و فه‌زا ترسناكه‌ى ئێستا هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆژیاو كافتریان و میدیاى بێ به‌رنامه‌ و زۆربونى شوێنه‌كانى دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خێزان واى كردوه‌ شیرازه‌ى خێزانه‌كان زیاتر بپچرێت رۆژ له‌ دواى رۆژ رێژه‌ى جیا بونه‌وه‌ زۆرتر ده‌بێت، ئه‌مرۆ په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ جاران زیاتر پێویستى به‌ گرنگى و په‌ره‌ پێدان هه‌یه‌ چونكه‌ به‌ده‌ر له‌و دو تاكه‌ى به‌رامبه‌رن له‌و په‌یوه‌ندى یه‌دا بۆ خزمه‌تكردنى دارى زه‌یتونه‌كه‌ ئێستا ره‌شه‌باى پێشكه‌وتن و تۆفانى میدیاى و ئافاته‌كانى كافتریا و نادى یه‌كان فاكته‌رى گه‌وره‌ترن بۆ وشككردن و له‌ ناو بردنى زه‌یتونه‌كه‌ .

له‌ كۆتایى دا پێویسته‌ هه‌مومان ئه‌وه‌ بزانین ئه‌و زه‌یتونه‌ى رواندمان له‌ په‌یوه‌ندى كۆمه‌لایه‌تى نێوانمان سێبه‌ر و بۆن و خۆراكه‌كه‌ى له‌ كۆتایى دا بۆ خۆمانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ئیراده‌یه‌كى گه‌وره‌وه‌ گرنگى پێ بده‌ین .


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×