سەرۆک تره‌مپ پێشوازی له‌ كێ كرد؟ ... چاونووقاندن به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌!

لوقمان غه‌فور
  2020-01-23     1775
خراپه‌ دیدیمان وابێت ئێمه‌ له‌م هه‌ساره‌یه‌ ناژین. كاتێك سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ پێشوازی له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد. به‌شێك تره‌مپ-یان به‌ بێ ئاگا له‌ قه‌ڵه‌مدا، به‌شێكیش وایان دانا كه‌ له‌ قسه‌كانیدا گاڵته‌ی به‌ نێچیرڤان بارزانی كردووه‌.
ئه‌م دیدیه‌ زۆر خراپه‌، بۆ من نێچیرڤان بازانی بێت یان هه‌ر كوردێكی تر وه‌ك یه‌كه‌. ته‌نانه‌ت كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح-یش دانیشت من ئه‌ویشم وه‌ك كوردێك هاته‌به‌رچاو نه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق. پێویسته‌ بە ھەزاران مایل سه‌رووتر تێڕواتنیمان بۆ دنیای سیاسه‌ت هه‌بێت كه‌ ئاڵاكه‌ت له‌ ته‌نیشتی ئاڵای وڵاتێكه‌وه‌ دانراوه‌ كه‌ هه‌موو سه‌روه‌ریی دنیایی له‌ژێر ده‌ستیدایه‌. كه‌واته‌ ئه‌ی ئێمه‌ چیمان له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ئه‌وێت؟
وێنه‌ گه‌وه‌ره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌! لای كوردی باشور و نه‌یارانی پارتی دیموكراتی كوردستان مادام پێشوازی له‌ نێچیرڤان بارزانی كردووه‌، دیداره‌كه‌ دیدارێكی هیچ نییه‌. له‌ ئه‌مریكا له‌ دۆخی وادا به‌و كه‌سانه‌ ده‌وترێت مێشك به‌ستوو! بۆچی؟ چونكه‌ دنیا ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی مێشكی خۆیدا ده‌بیننه‌وه‌. له‌كاتێكدا كوردی باشور درك به‌وه‌ ناكات به‌سه‌دان سه‌رۆك هه‌یه‌ به‌ ملیۆنان دۆلار سه‌رفده‌كات بۆ دروستكردنی جالیه‌یه‌ك له‌ئه‌مریكا و ته‌نیا سیناتۆرێك پێشوازی لێبكات. سه‌رۆكی وڵات هه‌یه‌ ته‌مه‌نی دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌کەی 50 ئه‌وه‌نده‌ی ته‌مه‌نی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ڵام ئومێدده‌خوازێت ته‌نیا بچێته‌ ناو كۆشكی سپی-یه‌وه‌.
خاڵێكی تر كه‌ زۆر گرنگه‌ ئۆباڵی ئه‌م وێنه‌ خراپه‌ بۆ ساتێكی ئاوا گه‌وره‌ی مێژوویی، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی وه‌ك سه‌رۆكایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ پیاده‌نه‌كردووه‌، بۆیه‌ بۆ كوردی باشور ئه‌م جۆره‌ ساتانه‌ی بێ به‌هایه‌. له‌به‌رامبه‌ردا كوردی باشور-یش له‌ ساتێكی وادا هێنده‌ په‌رته‌وازه‌ و بێ سوود ده‌بینرێت پێیوایه‌ چۆن له‌ به‌رده‌ركی سه‌را خۆپیشاندان له‌دژی بارزانی ده‌كرا، ئه‌وا ئه‌بوو سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-یش سه‌رزه‌نشتی نێچیرڤان بارزانی بكات له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نده‌لی و نه‌هامه‌تییه‌ی ژیانی كوردی باشور.
كوردی باشور زۆرجار رووداو و فیگه‌ره‌كان تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ده‌كات (حزبی دیموكراتی ئه‌مریكی و تره‌مپ) به‌ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی كوردی تێده‌گات. كۆنیشانه‌ی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كوردی باشور هه‌میشه‌ بیری له‌ ئاماده‌خۆری كردۆته‌وه‌. له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و .... هتد له‌ مێژوودا بۆ كوردیان كردووه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌ركی خۆی بووه‌. بۆیه‌ له‌دیدی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م دنیای ده‌ره‌وه‌ به‌خزمه‌تكاری خۆی ئه‌زانێت بێئه‌وه‌ی هیچ پێشكه‌ش بكات. له‌م نێوكۆیه‌دا پرسیارێك بۆ ئێوه‌ جێدێڵم، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستانی باشور له‌ ئه‌مریكا بوایه‌، به‌و هێزه‌ سه‌ربازی و ئابورییه‌ به‌هێزه‌وه‌ چۆن له‌ جیهانیان ئه‌ڕوانی؟
نیگه‌رانم به‌رامبه‌ر كوردی باشور، نه‌ مێژووی میلله‌تان ئه‌خوێنێته‌وه‌ نه‌ په‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی مێژووی خۆشی ئه‌بات. كوردی باشور خۆشی نازانێت چی ئه‌وێت! زۆر لۆكاڵیی و ماددیانه‌ بیرئه‌كاته‌وه‌. هه‌موو شت ئه‌كات به‌ قوربانی مادده‌. هه‌موو دنیا لای ئه‌و مادده‌یه‌ بۆیه‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆشی وه‌ك ماددی ده‌بینێت. كوردی باشور ده‌رزی ده‌مبووسی پێ دروستناكرێت، به‌ڵام هه‌موو دنیا به‌ شێت و گه‌لحۆ ئه‌زانێت.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا تره‌مپ ئه‌زانێت نێچیرڤان خه‌ڵكی باشوره‌؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكی سه‌یره‌! به‌ڵێ ئه‌زانێت و باشیش ئه‌زانێت، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ مه‌نتالیه‌تی كوردی باشور لاوازه‌. بیری چۆته‌وه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر مایك پێنیس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌ردانی هه‌مان كه‌سایه‌تی كرد له‌ هه‌ولێر. به‌ڵام كوردی باشور هه‌قی خۆیه‌تی بیر بكاته‌وه‌ بۆچی له‌قسه‌كانیدا خۆرئاواشی تێكه‌ڵ كرد؟
له‌ماوه‌ی رابردووی ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد تره‌مپ-دا، ئه‌مریكا شتێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به‌ كوردستانی باشور نه‌كردووه‌ تا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی باسی بكات. ئه‌و باسی رۆژئاوا ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و وه‌ك كوردی باشور بیر ناكاته‌وه‌، ئه‌و كورد به‌ یه‌ك پاكێج ئه‌بینێت، ئه‌و پێیوانییه‌ كه‌سێك یه‌كێتی بوو لای پارتی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لێوه‌ره‌گیرێته‌وه‌ و كه‌سێكش پارتی بوو لای نه‌یاره‌كانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌سه‌نرێته‌وه‌. تره‌مپ په‌یامێك ئه‌دات به‌ تێكڕای كورد له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، له‌خۆرئاوا، ئه‌مانه‌مان كردووه‌ ئه‌بێت تۆش وه‌ك سه‌رۆكێكی كورد ئه‌مه‌تان له‌به‌رچاو بێت. له‌ئه‌مریكا هه‌موو شت به‌رنامه‌یه‌، تره‌مپ له‌ئه‌جێندای كاره‌كانیدا ئه‌نوسرێت كه‌ سه‌رۆكێكی كورد ئه‌بینێت. نانوسرێت سه‌رۆكی كوردستانی باشور یان خۆرئاوا. ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست هه‌ندێك كه‌س بێت له‌كوردستانی باشور ئه‌وه‌ له‌ ژێر تایتلی دیداره‌كه‌دا ئه‌نووسرا: (پێشوازی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم - زۆنی زه‌رد).
رێكه‌وتێكی سه‌یره‌! با به‌م نموونه‌یه‌كۆتایی پێبهێنم و وردتری بكه‌مه‌وه‌: هه‌فته‌ی پێشوو مامۆستا (مارك جۆهه‌نسن) له‌وانه‌ی (به‌راوردكاری حكومه‌ته‌كان- سیستمی سیاسی حكومه‌ته‌كان) له‌نێو قسه‌كانیدا باسی به‌راوردكاری سیستمی سیاسی ده‌وڵه‌تانی كرد كه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ندێك ئه‌چێت، كاتێك باسی ژماره‌ی ده‌وڵه‌تانی دنیای كرد وتی:"هه‌رچه‌نده‌ به‌ ژماره‌ 195 ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام من به‌ 196 ی داده‌نێم به‌ حكومه‌ته‌ كوردییه‌كه‌وه‌ له‌ باكوری عیراق و خۆرئاوای سوریا!"، كه‌واته‌ ئه‌و وه‌ك ئه‌مریكییه‌ك كورد له‌ دنیادا به‌ یه‌ك ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ و یه‌ك ره‌نگ ده‌بینێت. چی له‌ كوردی باشور بكات ئه‌یكات به‌ 10 ره‌نگ و نه‌ته‌وه‌ی جیاوه‌!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×