تێگەیشتن لەململانێی ئەمریکاو ئێران
نالی پێنجوێنی
2020-01-28   930
بەشی یەکەم
یەکێك لەبابەتە پڕ ئیشکالییەتو ئاڵۆزەکانی چل ساڵی ڕابروودی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێو پەیوەندیی ئەمریکاو ئێران بووە. خوێندنەوەو تێگەیشتن لەو بابەتە، نەك تەنها بۆ نوخبەی ڕۆشنبیرو سیاسییو نووسەری کورد، بەڵکو، بۆ نوخبەی غەیرە کوردیش، کارێکی ئاڵۆزو قورس بووە. چونکە، هەندێك لەژێر هەژموونو مۆتیڤی خیتابی ئێرانیزم! شرۆڤەو خوێندنەوەیان بۆ کردووە.
هەندێکی دیکەش، لەبەر ڕۆشنایی خیتابی چەواشەکارانەی ڕۆژئاوا، فریویان خواردووە. سەرەنجام، هیچکام لەو دوو لایەنە، نە خوێندنەوەیەکی درووستیان بەرهەمهێناوە، نە لەحەقیقەتی ئەو ململانێیە تێگەیشتوون. بێگومان، بینینی دیوێکی ململانێکەو بەشێکی وێنەکە، هیچکات خوێندنەوەو تێگەیشتنێکی ڕاستو درووست بەرهەمناهێنێت، لە جەوهەری کێشەکەش نزیکمانناخاتەوە. من نامەوێ خۆم لەقەرەی شرۆڤەو خوێندنەوە تەقلیدییو باوەکان بدەم، ناشمەوێ ئەو ململانێیە لە پەیوەندیو هەڵوێستی سەتان ساڵەی ڕۆژئاوا بەناوچەکەوە داببڕام. شرۆڤەو لێکۆڵینەوەی زانستیی ئەوەمان لێدەخوازێ، ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگو هەستیار بدەین.
یەکەم: ستراتیژییەتی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بۆ تێگەیشتن لە ململانێو کێشەکان زانینی ستراتیژییەتی لایەنەکان زۆر پێویستو گرنگە. لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، ئەمریکا هەژموونو ڕۆڵی بەسەر سیاسەتی دنیاوە هەبووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەك ناوچەیەکی دەوڵەمەندو گرنگو ستراتیژیی، هەمیشە لەلایەن ئەمریکاو وڵاتانی زلهێزەوە، چاوی لەسەر بووە، بەهۆی وزەو نەوتەکەیەوە جێی بایەخو گرنگی پێدراوە.
جێی خۆیەتی لێرەدا پرسیارێكی مەنتیقی بکەین، ئایا ستراتیژییەتی ئەمریکا بەتایبەتو ڕۆژئاوا بەگشتی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟ ئالاین پییرفیت- (Alain Peyrfitte لەڕۆژنامەی لۆفیگارۆ-Le Figaro- لەپێنجی نۆڤەمبەری 1990دا دەڵێ: دوو لۆبیی- Lobies-کاریگەرییو فشاریان لەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکا هەیە، یەکەم، لۆبیی جولەکە. دووەم، لۆبیی تاجیرەکان-بزنسمانەکان. بێگومان، تیجارەتی چەك، سەرچاوەیەکی گرنگی بزنس بووە بۆ زۆرێك لە کۆمپانیاو وڵاتان، بیرمەندی گەورەی فەرەنسایی (ڕۆجێ گارۆدی-Roger Garaudy، لەکتێبیLes Etats-Unis Avant-Garde De La Decadence- کە لەژێر ناوی -أمریكا گلیعه الإنگاگ- کراوە بەعەرەبی دەڵێ: دوای جەنکی یەکەمی جیهان، ئەمریکا بەهۆی پیشەسازی چەكەوە، بووە هێزی دەستڕۆیشتووی پلەیەكی جیهان.
لەجەنگی دووەمی جیهانیشدا، بەهۆی پیشەسازیی چەکەوە، توانی ببێتە خاوەنی نیوەی سەروەتی دنیا،ل٢٤. بێگومان، ئەو بزنسەش کاتێك ڕەواجی زیاترو سەرمایەی زیاتر ڕادەکێشێ، هەم کۆمەڵێ وڵاتی دەوڵەمەندو خاوەن سەرمایە، پێویستیان بەو کەرەستانە ببێو هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن، هەم لە ناوچەیەکی جوگرافدا، کۆمەڵێ ململانێو شەڕو ئاژاوە بخولقێنرێ، ئەوسا بازاڕی کۆمپانیاکانی فرۆشتنی چەك گەرم دەبێتو زۆرترین سەرمایە کۆدەکەنەوە.
لەلایەکەوە، هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتانی خەلیجو عێراقو ئێران، کە خاوەنی سەروەتێکی بێ شوماری نەوتو وزەن، وادەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ناوچە دەوڵەمەندە بێت کە ئامانجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەكو وڵاتە زلهێزەکان مسۆگەر بکات.
لەولایشەوە، هەبوونی تۆوی ململانێو ناکۆکییەکی مەزهەبیی، کە مێژووەکەی بۆ زیاترلەهەزار دەگەڕێتەوە، هۆکارێکی گرنگی دیکەیە، کە دەکرێ بە کەمترین دەستێوەردانو پیلانی دەستگاموخابەراتییەکان، شەڕێکی ماڵوێرانکەورو گەورەی تیا بخولقێنرێ.
خاڵێکی گرنگی دیکەیش کە نابێ نادیدەی بگرین، ململانێێو ناکۆکی مێژوویی شارستانییەتی ڕۆژئاواو شارستانییەتی ئیسلامیی بووە، بەشی دووەمی ئەم بابەتە بۆ قسەکردنە لەو بارەوە تەرخان دەکەین. 27ی یانیوەری 2020. ماویەتی