زمانی جنێو

لەشکر قادر ڕەسوڵ
  2020-02-04     540
وەگەرخستنی توانستی عەقڵانی و توانای ئارگۆمێنت و گفتوگۆی فیکری و زانستی لای مرۆڤی کورد بەڕێژەیەکی مەترسیدار و بۆ دوا ئاست نزم بۆتەوە، ئەمە کێشەیەک نیە بەتەنھا پەیوەندی ھۆشیاری گشتیەوە ھەبێت بەڵکو زۆرجار نوخبەی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و ھەتا نوخبەی ڕۆشنبیریش لەناو ھەمان ئیشکالدا دەژین. ئەم دۆخە تادێت دونیای ئێمە لەکەشوھەوای بیرکردنەوە و دیبەتی عەقڵانی زیاتر دوردەخاتەوە و دەیبات بەرەو شوێنێک کە مرۆڤ ھیچیتر ناتوانێت دەنگی عەقڵ و فیکر ببیستێت. ھەر ئەوەش نا بەڵکو جۆرێک لە ئەدەبیات و زمانی بازاڕی نزم بەرھەمدێت کە دەشێت ناوی بنێین ”زمانی جنێو”.

لەناوەڕۆکدا، ھەموو ئەوانەی بەزمانی جنێو قسەدەکەن یەک ژێرخانی کولتووریان ھەیە، ھەموویان بەرھەمی یەک جیھانبینی یەکگرتو و بەرئەنجامی یەک دیاردەن، ھەموویان  لەبازنەیەکی داخراودا دەخولێنەوە و خاوەنی یەک مێنتێڵێتی و ھۆشیاری و پەروەردەن. بکەری جنێودەر مەلا بێت یان قازی، ڕۆشنبیر بێت یان سیاسی ، ئاغا بێت یان گەدا، سەر بەھەمان کولتوورن و ھەمان ئەخلاق بەرھەم دێنێتەوە کە تا دوا ئاستی خۆی نزمە.

ھەموو کردەیەکی جنێودان لەبنچینەدا لەفەراغی عەقڵی زانستی و نەبوونی کولتووری باڵا و لەخەلەلی پەروەردەوە سەرچاوە دەگرێت. کولتووری جنێودان ڕووداوێکی ساکاری  نییە و بەتەنھا لەدەربڕینی چەند وشەیەک کورت نابێتەوە بەڵکو ئەم خەلەلە پەیوەندی بە ھەژاری فیکری و نەبوونی ئارگۆمێنت و ئەڵتەرناتیڤەوە ھەیە بۆ تەعبیرو تەفسیری ڕووداوەکان.

کێشە و بەرکەوتەکانی ئەم دوایانەی نێوان گوتاری ئاینی و ڕێکخراوەکانی ژنان لەبەرئەنجامی ”توندوتیژی زمانەوانی”و کولتووری جنێودانەوە سەریھەڵدا.

سروشت و عەقڵیەتی ئیشکردنی گوتاری ئاینی لەدونیای ئێمەدا پڕیەتی لە توندوتیژی ڕەمزی و جنێودان، ئەمە وایکردووە ئاین لەبازنەی داخراودا بخولێتەوە و وەزیفەی ستراتیژی خۆی وون بکات.  ئاین لە جیاتی ئاراستەکردنی عەقڵ و بیرکردنەوەی خەڵک بۆ شوێنێکی باڵا خەریکی نەقڵکردن و بچوککردنەوە و سادەکەدنەوەی ئاینن بۆ ھەندێک چواچێوەی ئەخلاقی، بۆ داگیرکردنی ئازادی، بۆ دابەشکردنی بەھەشت و جەھەنەم، بۆ دیاریکردنی حەرام و حەڵاڵ، بۆ شەڕەجنێو. 
ھەرکاتێ گوتار و بیرکردنەوەی ئاینی نەیتوانی چوارچێوەی فێندەمینتاڵی و ستراکچەری نەریتی کۆنەپارێزی و چوارچێوە ئایدۆلۆژیاکان تێپەڕێنێت ئەوا جەھل و توندوتیژی و داخرانی فیکری و کۆمەڵایەتی بەرھەمدێنێت.

ئایدۆلۆژیا بەھەموو فۆڕمەکانیەوە لەناویشیدا ”ئایدۆلۆژیای ئاینی” جەھلێکی مورەکەبە و ھۆشیاری ساختە بەرھەمدێنێت. ئایدۆلۆژیای ئاینی لەقاڵبدان و کورتکردنەوەی دونیایە بۆ ھەندێ چوارچێوەی فیکری زۆر بچووک لەھەمانکاتیشدا دژی پلوڕالیزم و فرەییە. ھەوڵ بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ و گۆڕینی دونیا لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کە ھەوڵی کوشتن و لەناوبردنی ھەموو فۆڕمەکانی ئایدۆلۆژیا بدرێت.

دونیای تەکنەلۆجیا و فەزای مەجازیی پانتایەکی فراوانتر دەکاتەوە و بازاڕی ئەم شەڕەجنێو و توندوتیژیە(توندوتیژی ڕەمزی بەھەموو فۆڕمەکانیەوە) گەرمتر دەکات. دونیای سۆشیاڵ میدیا (فەیسبووک وەک نموونە) لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دونیایەک نیە بۆ فیکر و سەکۆیەک نییە بیرکردنەوە، بەڵکو فەزایەکە بۆ کپکردنی دەنگی عەقڵ، بۆ کوشتنی گوتار و دیدگای جیاواز، بۆ تیرۆرکردنی پلورالیزم. ژینگەیەکی شێواوە بۆ بەگەمژەکردنی ئینسانی کورد.
ئەمەزۆرجار تا ئەو شوێنە دەڕوات کە کۆمەڵێک چەمکی ناشیرین و دزێو فڕێدەدرێتە ناو فەزای سۆشیاڵ میدیا و ھۆشیاری گشتی و سایکۆلۆجیای جەماوەری پێوە سەرقاڵ دەکرێت بۆ کۆمەڵێک ئامانجی ئایدۆلۆژی دیاریکراو. 

دونیای ئێمە پێویستی بە جیھانبینی نوێ و دونیایەکی عەقڵانیترە بۆئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت و بەفۆڕمێکی دیکە خۆی بەرھەم بێنێتەوە.
مرۆڤی ئێمە دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات کە بەتەنھا بە ناڕەزایی و گۆڕانی سیاسی ناتوانین کۆمەڵگە و سیستەم بگۆڕین بەڵکو دونیای ئێمە پێویستی بە گۆڕانکاری و ناڕەزایی ڕدیکاڵترە کە بتوانێ دەسکاری ھەموو ڕیشە کولتووری و فیکری و کۆمەڵایەتیەکان بکات. بەومانایەی پێویستە لە گۆڕانی سیاسی ڕووتەوە بەرەو  گۆڕانی ڕیشە کولتووری و مەعریفی و فیکریەکانی  ئەم سیستەمە ھەنگاو بنێین.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×