حکومەتی سێبەر، حیزبی سێبەر، سەرچاوەی هەمو کێشەکانە

توانا ئەحمەد خەیات
  2020-02-04     1161
لەم هەرێمە بچکۆلانەیەدا کە دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی سروشتی هەر لە ئاو ، کانزا ، نەوت و غاز ، کە نەک هەر بەشی پێداویستی ناوخۆ ئەکات بەڵکو سەرچاوەی داهاتێکی بێشوماریشە کە دەکرا  بۆ خۆشگوزەرانی و بەڕێوەبردنی  ئەم هەرێمە  بەکار بێت، بەڵام بە داخەوە   بۆتە سەرچاوەی بەڵاو نەهامەتی  بۆ هاوڵاتیان و دانیشتوانەکەی ، لە بەرامبەریشدا بۆتە سەرچاوەی داهات و بۆتە هۆکاری دەوڵەمەند بونی چەندان کەسی  دەست ڕۆیشتوو لە ناو  حزب و حکومەتدا .

هیچ کات ئەم مۆدێلە لەحزب و لە حکومەت کە لە هەرێمدا هەیە ،نە حکومەتی ڕاستەقینەیە نە حزبی ڕاستەقینەیە. بەڵکولە بەرامبەردا  هەمیشە حکومەتی سێبەر و حزبی سێبەر هەبووە و کەسانی باڵادەست لە هەردوو سێکتەرەکەدا کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی گشتی ئەم هەرێمەیان کردووە . 

 دانیشتوان و هاوڵاتیانی  ئەم هەرێمە هەر جارەی گیرۆدەی نەبوون و قەیرانی   یەکێک لەم سەرچاوانەی ژیان دەبنەوە :
کە وەرزی  گەرمای هاوین دێت  کارەبا نامێنێت. 
کە وەرزی سەرما دێت   نەوت و غاز نامێنێت .
کە کێشیەکی سیاسی لە نێوان  حیزبەکانی  زۆنی ئەملاو زۆنی ئەولا دروست دەبێت :
  ماوەیەک  بەنزین نامێنێت 
، ماوەیەک غاز نامێنێت 
 ، ماوەیەک  هێلکە نامێنێت
 . ماوەیەک کارەبا نامێنێت 
، ماوەیەک ئینتەرنێت نامێنێت
 ، ماوەیەک تەلەفۆن و پەیوەندی نامێنێت..
ماوەیەک چەندان و چەندانی تر لە پێداویستی ژیان  نامێنێت  و دەبێتە قەیران........

   هەندێ جار کێشەو ململانێکان کە تونتر دەبنەوە کار دەگاتە نەمانی  ڕێگا لە نێوان ئەم دوزۆنەدا ، هەر بە ئاسانی سەیتەرەکان دادەخرێن  ، پەرلەمان دادەخرێت ، حکومەت دادەخرێت ، تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە دادەخرێت ، هەتا کار دەگاتە داخستن و یاساغ کردنی ئەو حزب و کەسایەتیانەی کە لەبەرامبەر ئەم نادادییەدا  هەڵوێستیان دەبێت  .  

لە هیچ شوێنێکی دونیادا جگە لە ووڵاتانی گەندەڵ و دواکەوتوی لێ دەرچێت  ئەم سەرچاوانەی ژیان ناکرێت و نابێت  مۆنۆپۆڵ بکرێت و تەنها و تەنها بۆ خزمەتی کەسانی دەست ڕۆیشتوو و باڵادەست بەکار بێت  ، چونکە ئەو سەرچاوانە  موڵک و مافی دانیشتوانی  ئەو ووڵێ‌تەیە و یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکان  کە پێویستە بە هەموو مرۆڤێک بدرێت . 
 بەڵام لە هەرێمی کوردستان حکومەتێکی ڕاستەقینە نییە  کە نوێنەرایەتی   هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بکات  بە بێ جیاوازی  بە یەک چاو سەیری دانیشتوانی زۆنی ئەملاو ئەو لا بکات و  بە یاساو بە دەستوور پارێزگاری لە مافەکانیان بکات .
چونکە ئەرکی حکومەتی ڕاستەقینە ئەویە کە نەهێڵێت ئەم کێشەو ململانێنانەی نێوان باڵادەست و دەسڕۆیشتووەکانی  حزب و ئەوانەی کۆنتڕۆلی  کۆنتراکتی سێکتەرەکانی ( بازرگانی ، نەوت ، غاز ، بەنزین ، ئینتەرنێت ، کارەبا  ،....هتد ) کردووە  ، هەر ڕۆژەو بە بیانوییەک قەیران و کێشە بۆ دەستخستنی ئەم پێداویستیانەی ژیان دروست بکەن  ، بێگومان ئەمەش بە جێبەجێکردنی یاساو  پەیڕەو کردنی کاری شەفافی حکومی دەکرێت کە هەرگیز لەم هەرێمەدا جێبەجێ نەکراوە .  بۆیە ئەو حکومەتانەی بەدرێژایی  ئەم 28 ساڵەی دوای ڕاپەڕین دروست کراون لەم هەرێمەدا  حکومەتی سێبەر بون ،حکومەتی ناوچەیەک بوون ، حکومەتی چەند کەسێکی دەست ڕۆیشتوو بوون ، نەک حکومەتی ڕاستەقینە . 
بە دیوێکی تریشدا ئەو حزبانەی کە پێکهێنەری ئەو حکومەتانە بوون  بە حزبە باڵا دەستەکان و حزبە بچوک و ئۆپۆسزیۆنەکانەوە  هەموو کات حزبی سێبەر بوون ، حزبی کەسانی دەستڕۆیشتوو بوون ، حزب بوون کە هیچ کات ئەو پەیڕەو وپڕۆگرامەی کەوەک دەستوری حزب هەیانە جێبەجێان نەکردووە ، تەنهاو تەنها حزب بووە بە ئامرازێک بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست و ئیمتیازات لە ناو حکومەت و سێکتەرەکانی بەڕیوەبردندا  .

بۆیە سەرهەڵدانی ئەم قەیران و کێشانە  زۆر ئاسییە لە ووڵاتێکدا کە نەخاوەنی  حکومەتی ڕاستەقینەیە و نە خاوەنی حزبی ڕاستەقینە ، لەبەر ئەوە سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشەکان   حکومەتی سێبەر و حیزبی سێبەر  لە هەرێمی کوردستان  .


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×