گرێی (شه‌خس) له‌دانوستانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا

د. یوسف محەمەد سادق
  2020-02-13     828
گەڕێکی تری دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدا سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەڕێوەیە.
 ڕۆژی  یەکشەممەی ڕابردو ٩ی شوباتی ٢٠٢٠، بە نوێنەرایەتیی شەش فراکسیۆن و بە ھاوڕێیەتیی بەڕێزان د. موسەنا ئەمین و م. ئەحمەدی حاجی رەشید و خاتو یوسرا ڕەجەب لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو د. محەمەد عەللاوی کۆبوینەوە.

ھەڵبەت ئەوە دووەم کۆبونەوەمان بو لەگەڵی، پێشتریش لە ٢٦/ ١٢/ ٢٠١٩  لە دانیشتنێکدا ئاڵوگۆڕی زۆر بیر و بۆچونمان کرد سەبارەت بە کێشەکانی عێراق و کێشەکانی نێوان عێراق و ھەرێم.

کورتی قسە، د. محەمەد عەلاوی ئەیەوێ سەرپشک بکرێ بۆ دیاری کردنی وەزیرەکانی کابینەکەی و کابینەیەکی وەزاری دروست بکات کە بە دور بێ لە قۆرخکردنی وەزارەتەکان لە لایەن حیزب و گروپە سیاسییەکانی عێراق و لیژنە ئابورییەکانیانەوە.

 ھەڵبەت وەک پاراستنی تایبەتمەندیی ھەر‌ێمی کوردستان، عەللاوی ئامادەیە کورد خۆی وەزیرەکانی دیاری بکات بەو مەرجەی کەسانی دیاری حیزبی نەبن و مەرجی لێھاتویی و دەستپاکییان تێدا بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کە لە میدیا عێراقییەکانیش بڵاو بونەتەوە، ھەر یەکە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و گروپە پەرلەمانییەکەی لەناو پێکھاتەی سوننە و پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو پێکھاتەی کورد دژی ئەم بۆچونەی عەللاوین.

تەنانەت باس لەوە دەکرێت، کە پارتی پێداگرە لە مانەوەی دوو وەزارەت و دوو وەزیرەکەی لە کابینەی حکومەتی نوێ، ھەر بۆ ئەمەش ھەموو ھەوڵەکانیان لەم پێناوەدا چڕکردووەتەوە.

بەستنەوەی دانوستانی پێکھێنانی حکومەتی عیراق بە مانەوە یان لابردنی کەسێکی دیاریکراو، ھەڵەیەکی کوشندەی بەردەوامی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بووە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق.

ھەمومان بیرمانە کە مەرجی سەرەکیی کورد لە ساڵی ٢٠٠٦ بریتیبوو لە گۆڕینی ئیبراھیم جەعفەری و لەئەنجامیشدا نوری مالیکی بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ساڵی ٢٠١٤ش، مەرجی سەرەکیی کورد بریتیبوو لە گۆڕینی مالکی و لە ٢٠١٨ش گۆڕینی عەبادی! ئێستەش وادیارە مەرجەکە مانەوەی چەند کەسێکە.

ئەو کاتەی ھەمو دانوستان ئەبەسترێتەوە بە دانان یان لادانی کەسەکان، ئیتر ئەو کات ھەمو کێشە بنچینەییەکانی تری نێوان ھەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی خاک و بودجە و پێشمەرگە و. . . ئەبنە قوربانیی مەرجە سەرەکییەکە.

ھەر لەبەر ئەمەشە بەردەوام  ئەم دۆزانە لە پاشەکشەدان، ھەر بۆ نمونە،‌ نەک ھەر لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا نەتوانرا کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر بکرێت، بەڵکو واجارێکی تر تەعریب لەم ناوچانە دەستی پێکردووەتەوە.

بەڕێزان. . بەسە چیدی کێشە ڕەواکان مەکەنە قوربانیی گرێی شەخسەکان، سەرباری ڕێزمان بۆ کەسایتییەکان، ھەرێمی کوردستان بە ڕەوەندی کوردیشەوە پڕە لە کەسانی بەتوانا کە توانای ئیدارەدانی گرنگترین جومگەکانیان ھەیە، ھێندە بەسە کە کەمێک چاوتان دورتر لە دەوروبەری خۆتان بڕوانێ و ھەمو توانا نیشتیمانییەکان بە ھیی خۆتان بزانن.

بڕوانن ھێزە عێراقییەکانی تر چەند ریلاکسن لە ھێنانە پێشەوەی کەسایەتیی نوێ و گۆڕینی بژاردەکانیان. لە بەرامبەردا ھێزە کوردییەکان چ لە ئاستی دەسەڵاتەکانی ھەرێم و چ لە ئاستی بەغدا لە بازنەیەکی بچوکی بەرتەسک ئەخولێنەوە!

لە کۆتاییشدا دەبێ ئەوە بڵێین، کە باس و خواستی دروستکردنی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە بەغدا، پێویستی بە ھێنانەکایەی بۆچونی ھاوبەش ھەیە لەسەر چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ بەغدا، کاری پێکەوەیی لە ناوچە جێناکۆکەکان و وەلانانی بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبی لەم ناوچانە و، چاکسازیی ڕیشەیی لە مەلەفی نەوت و گازی ھەرێم و دەروازە سنورییەکان و شەفافیی سەرجەم داھاتەکانی ھەرێم و ڕێکخستنی چۆنییەتی خەرج کردنی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ھەرێم.

 لە ھەمانکاتدا دەستبەردار بونی سیاسەتی قۆرخکاری لە پۆست و بەرکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، کە ئەمەش لانی کەم لە ئێستادا نەڕەخساون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×