وشه‌‌ی‌ "عه‌یب" له‌فه‌رهه‌نگی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردیدا

شێرزاد شێخانی‌
  2020-02-14     632
له‌نوسینێكی‌ له‌هه‌ژماری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبوكدا ، حاكم له‌تیفی‌ شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ به‌ دیدارێكی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ به‌رێز مه‌سعود بارزانی‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵانی‌ 2006-2007 دا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ گه‌وره‌ی‌ كوردستان بوو . له‌میانی‌ گێڕانه‌وه‌كه‌یدا حاكمی‌‌ به‌ڕێز باس له‌وه‌ ده‌كات كاتێك له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ كوردستان ئه‌گه‌نه‌‌ لای‌ بارزانی‌‌ ، ئه‌ویان به‌تێروته‌سه‌لی‌ باسی‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌رێمی‌‌ كوردستانی‌ بۆ كردوه‌و داواشی‌ لێكردووه‌ كه‌وا كارێكی‌ خێرا بكات بۆ رێگری‌ كردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی‌ ئه‌م دیارده‌ دزێوه‌ له‌ناو كایه‌ی‌ حوكمڕانیدا . داواشی‌ لێكردووه‌ كه‌وا چه‌ند كه‌سانێكی‌ گه‌نده‌ڵ بدرێنه‌ دادگا بۆ محاسه‌به‌كردنیان ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببن به‌په‌ندوعیبره‌ت بۆ خه‌ڵكانیتر. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌ی‌‌ جه‌نابی‌ كاك مه‌سعود ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌وا ئه‌وان ئاماده‌نین " پیاوه‌كانی‌ خۆیان عه‌یبدار بكه‌ن " !!.

له‌گه‌ڵ ئه‌و موباره‌كه‌یه‌ی‌ جه‌نابی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ پارتی‌ ، ئیدی‌ له‌وساوه‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ترسناك ره‌گی‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌ و كایه‌ی‌ سیاسی‌ وحوكمڕانی‌ له‌كوردستاندا داكوتاو ، وه‌ك حاكمی‌ به‌رێزیش پێشبینكردبوو ئیدی‌ هه‌تا هه‌تایه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بنه‌بڕ نابێ و تازه‌ كار له‌كار ترازاو ، به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ باندی‌ مافیای‌ ده‌سه‌ڵاتداریش ، ئێستا هیچ هێزێك ناتوانێ رێگری‌ له‌به‌رده‌وامی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بكات ، ئه‌بێ وه‌كو سه‌رده‌می‌ حوكمی‌ عوسمانییه‌كان چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی‌ تر میلله‌ت به‌ده‌ست ئه‌م دیارده‌‌وه‌ بناڵێنێ .

جه‌نابی‌ سه‌رۆك كه‌ نه‌یویست " پیاوه‌كانی‌ " خۆی‌ عه‌یبدار بكات ، نه‌یزانی‌ له‌نه‌تیجه‌دا هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ی‌ كه‌ محاسه‌به‌ی‌ نه‌كردن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ ، ئه‌وه‌نده‌ عه‌یبدارو ریسواو ناشرین ده‌بن كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان بێزیان لێ بكاته‌وه‌و ، نه‌ك هه‌ر خۆیان به‌ڵكو‌ حزبه‌كه‌شیان له‌به‌ر چاوی‌ میلله‌ت ره‌شبكه‌ن .

گه‌نده‌ڵكارانی‌ حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌وا ئه‌زمونی‌ گه‌له‌كه‌شیان ناشرین كرد‌و ، له‌به‌ر چاوی‌ دونیاش حه‌یایان برد ، به‌به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌م هه‌موو راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی‌ باسی‌ لایه‌نه‌ خراپه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌هه‌رێم و ، تاوانه‌كانی‌ كوشتوبڕی‌ رۆژنامه‌نوسو رۆشنبیران ده‌كه‌ن ، له‌ته‌ك ئه‌وانه‌شدا ده‌یان دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ سه‌رانی‌ هه‌رێم له‌زۆر شوێنی‌ ئه‌م دونیایه‌دا باسیان لێوه‌ ده‌كرێ .

به‌هۆی‌ ئه‌م عه‌یبدار نه‌كردنه‌ی‌ پیاوانی‌ ده‌سه‌ڵات ، ‌ كوردستان بۆته‌ دۆزه‌خێك بۆ هاوڵاتیه‌كانی‌ . هه‌لی‌ ژیانێكی‌ به‌كه‌ڕامه‌ت له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵكی‌ سه‌نراوه‌ .. گه‌نجان روو له‌ هه‌نده‌ران‌ ئه‌كه‌ن وبه‌ده‌یان و سه‌دانیان له‌ده‌ریای‌ ئیجه‌ ئه‌بنه‌ خۆراكی‌ ماسییه‌كان .. هه‌زاران گه‌نجی‌ ده‌رچووی‌ زانكۆ وپه‌یمانگه‌كان هه‌لی‌ دامه‌زراندن وپێكه‌وه‌نانی‌ ژیانێكی‌ شاییسته‌یان له‌ده‌ستچووه‌ .. وڵات بۆته‌ زبڵخانه‌ی‌ ده‌وروبه‌رو هه‌رچی‌ پاشه‌ڕۆی‌ میلله‌تانی‌ ده‌وروبه‌ره‌ ده‌رخواردی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ ئه‌ده‌ن .. ده‌رمانی‌ ئێكسپایه‌ری‌ ناو زبڵدانه‌كانی‌ وڵاتان لێره‌دا ساغ ئه‌كرێته‌وه‌ .. قاچاخچێتی‌  به‌به‌رچاوی‌ حكومه‌ته‌وه‌ه‌ له‌بره‌ودایه‌ .. گه‌نجان نیوه‌یان بوونه‌ حه‌شیشه‌خۆر وتلیاككێش ، زیندانه‌كان پڕ بوون له‌م‌ گه‌نجه‌ سه‌رلێشیواوانه‌ی‌ كوردستان ، بازرگانه‌ گه‌وره‌كانی‌ تلیاك له‌ناو قه‌سرو ڤێلای‌ گه‌وره‌دا شه‌وانی‌ سوور رێكئه‌خه‌ن . زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكیش نان نیه‌ بیخۆن !

كاره‌باو نه‌وت وغاز قه‌یرانی‌ بۆ دروست ئه‌كرێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ بازرگانه‌ مافیاكان ، باجه‌كه‌شی‌ منداڵانی‌ خانوه‌ قوڕه‌كان و خه‌ڵكه‌ به‌شمنه‌ینه‌تیه‌كه‌ی‌ ژێر خێمه‌كان ‌ ئه‌یده‌ن ..

له‌م سه‌رماو سۆڵه‌دا سه‌دا نه‌وه‌دی‌ خه‌ڵك ئاگرێكیان له‌ماڵدا نیه‌ خۆیانی‌ پێ گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ ، له‌قه‌سرو ڤێلای‌ مافیاكانیش دۆلار ئه‌سووتێنن بۆ داگییرساندنی‌ جگه‌ره‌كانیان .

سه‌یره‌ ده‌سه‌ڵاتیك بۆ عه‌یبدار نه‌كردنی‌ دزو جه‌رده‌كان و، بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ دوو سێ هه‌زار بازرگانی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌نده‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ شه‌ش ملیۆنییه‌ بكاته‌ قوربانی‌ چاوچنۆكی‌ تاقمێكی‌ حیزبی‌ كه‌ سه‌رۆكه‌كیان نایه‌وێ عه‌یبداریان بكات .

جا چ شتێك له‌م دونیایه‌ له‌وه‌ عه‌یبتره‌ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێ :

- یه‌ك به‌رمیل نه‌وت بداته‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ له‌كاتێكدا رۆژانه‌ نیو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌نێریته‌ ده‌ره‌وه‌ !.

- نه‌توانێ رۆژانه‌ 16 سه‌عات كاره‌با بۆ میلله‌ت دابینبكات ، پشت به‌ موه‌لیده‌ی‌ ئه‌هلی‌ ببه‌ستێ !.

- نه‌توانێ گه‌نجه‌ ده‌رچوه‌كانی‌ زانكۆكانی‌ دامه‌زرێنێ ، سه‌دان هه‌زار بندیوار به‌خێو بكات !.

- نه‌توانێ سنووره‌كانی‌ خۆی‌ بپارێزێ له‌قاچاخچێتی‌ ده‌رمان و خوارده‌مه‌نی‌ !.

- نه‌توانێ به‌بێ سه‌ده‌قه‌ی‌ به‌غدا مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ خۆیشی‌ دابینبكات .

ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێ ئه‌م كاره‌ سادانه‌ی‌ حوكمڕانی‌ بكات ، بوون و نه‌بوونی‌ چ جیاوازیاه‌كی‌ هه‌یه‌ ؟؟.

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ پێی‌ " عه‌یبه‌ " پیاوه‌كانی‌ خۆی‌ "عه‌یبدار " بكات ، ئه‌وه‌نده‌ خۆی‌ " عه‌یبداره‌ " ئیدی‌ ‌ وشه‌ی‌ " عه‌یب " هیچ مانایه‌كی‌ نامێنێ بۆ داپۆشینی‌ ئه‌م " عه‌یب " وعاره‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم .. باقی‌ وه‌لسه‌لام ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×