کوردو ناکارامەیی سیاسیی لەدانوستان!

شه‌ریف عەلی
  2020-02-28     888
کوردو ناکارامەیی سیاسیی لەدانوستان!
ناردنی وەفدی دانوستانکاری کورد بۆ بەغدا بەنمونە!
ـ
یەکێک لە بنەڕەتترین ناکارامەییەکانی سەرکردایەتی سیاسیی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان بریتییە لە (نەزانینی چۆنیەتی بەکارھێنانی کارتی دانوستاندن لە کاتی خۆی)دایە.
ـ
بە دیاریکردنی محمد تۆفیق عەلاوی، یەکێک لەو ھەڵە ستراتیژییانەی کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد (پارتیی، یەکێتیی، گۆڕان، یەکگرتو و کۆمەڵ) تێی کەوتن، بریتی بو لەوەی: بێ ئەوەی کەشی دانوستاندن ھەبێت و کاتی ئەوە بێت، خێرا وەفدێکیان نارد لەگەڵ کاندیدەکەی بەغداد دا کۆبونەوە!
ـ
ئەمە لە ڕوی ستراتیژی دانوستاندنەوە ھەڵەوەبو لەبەر چەند ھۆیەک:-
ـ
یەکەم: ھێشتا لایەنە شیعەکان نەگەشتبونە ڕێکەوتن کە محمد تۆفیق عەلاوی کاندیدی ھەمویان بێت.
ـ
دووەم: ھێزە سونەکان ھیچ گرنگیان پێ نەدەدا.
ـ
سێیەم: خۆپیشاندەرانی شارەکانی عێراقی عەرەبی ھەر مابوبونەوەو دژی ئەم کاندیدە بون.
ـ
چوارەم: باکگراوندی ئەم کاندیدە کە وەک نوێنەری حیزبوڵای لوبنانی سەر بە ئێرانە سەلماندویەتی کە لە ڕابردودا بڕوای بە قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان نییە. ھەروەھا ھیچ ڕوئیایەکی ئەرێنی لێ بەدی نەکرا بەرانبەر بە قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی بۆ بنێت، بەتایبەت لە پەیامەکانی دا.
ـ
ھەربۆیە، زۆر زوو سەرکردایەتی سیاسیی کورد کەوتنە ئەو ھەڵەیەی ترەوە کە وەفدێکیان نارد بۆ لای محمد تۆفیق عەلاوی و جەماعەتی موقتەدا سەدری خزمی. ئەمە ھەڵەیەکی گەورەبو. چونکە دەبو سەرکردایەتی کورد کەمێک نەفەسی درێژ بایەو لە سەرەتاوە بەرانبەر کاندیدێکی وا خۆی قورس بگرتبایەو، ھەروەھا لێدوانی لابەلاشی بدایە کە پشتیوانی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ڕەوایە بۆ ئەوەی فشاری سیاسیی لەسەر ئەم کاندیدە دروست بکەن و بژاردەی تریشیان بەکاربھێنایە کە فشاری سیاسیی تر لەسەر ئەم کاندیدە دروست بکەن. 
تەنانەت ھەر لە پێشترەوە دەکرا سەرکردایەتی سیاسیی کورد بانگێشتی ھەندێک لەنوێنەرانی خۆپیشاندەرانی عێراقی بکردبایە بۆ ھەرێم و خۆی وەک ناوبژیوان دەربخستبایە! چونکە کارێکی وا لە ژێرەوە پەیامی سیاسیی و بژاردەی فشاری سیاسیی تری بە دەست ھەرێم دەبەخشی!
ـ
ناردنی وەفدی دانوستانکاری کورد بەزوویی و بەپەلەپەل و بە بێ ئامادەسازییەکی ئەوتۆ بەتایبەت لە ڕوی کاتەوە، بوەھۆی بژاردەیەک بەدەست کاندیدەکەی موقتەداوە کە بڵێت: خۆم وەزیرە کوردەکان دادەنێم. 
بەو مانایەی: زوو ناردنی وەفدی دانوستانکاری کورد وەک سازشێک وابو کە ھەرێم کردی لە بەرانبەر کاندیدەکەی موقتەدا. 
پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد بزانێت کە لە سیاسەت و دبلۆماسییەت دا: (سازش، سازشی بەدوادا دێت).
ـ
بۆیە، تکام لە سەرکردایەتی سیاسیی کورد ئەوەیە: کەمێک خۆیان بگرن و جارێ وەفدەکە نەنێرنەوە. چونکە ئەم کاندیدە ھێشتا لەلایەن عەرەبە شیعە و سونەکانیشەوە بایەخێکی ئەوتۆی پێ نادرێت، ئیتر بۆچی سەرکردایەتی سیاسیی کورد وا بەزوویی ویستیان لە (جامۆڵکەیەک ئاودا مەلە بکەن!؟). 
ـ
سەرکردایەتی سیاسیی کورد ھەر سازشێک بۆ ئەم کاندیدە بکات، دەبێتە ھۆی ئەوەی دواتر کاندیدەکانی داھاتوی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە ھەرێم فێرببن و، زیاتر ڕۆڵ و دەسەڵاتی سیاسیی ھەرێم کەم بکەنەوەو حسابی بۆ نەکەن!
ـ
دوبارە، تکام ئەوەیە: سەرکردایەتی سیاسیی کورد جارێ پەلە نەکەن لە ناردنەوەی وەفدی دانوستانکاری  کورد بۆ لای ئەم کاندیدە، ھەتاوەکو ھەم لە ڕوی کات و ھەم لە ڕوی بەرچاوڕونی دۆخەکەشەوە، زەمینەی بۆ دەخولقێنن. لەگەڵیشی دا دەبێت سەرکردایەتی سیاسیی کورد وەک تەکتیک جار جار کارتە سیاسییەکان لە لێدوانەکانیان دا بەکاربێنن!
ـ
شەریف ھەژاری: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×