کاتێك مەلاکان ئاین دەکەنە قوربانی!

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2020-02-28     896
کۆمەڵگاو خەڵکی ئێمە بەو پێیەی زۆرینەی مسوڵمانە، هەرگیز گرفتی لەگەڵ خودی ئایندا نیە، بەقەد ئەوەی کە گرفتی لەگەڵ ئەو جۆرە تێگەیشتن و ئەدەبیاتە ناشرینەیە هەیە کە بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی بەداخەوە لەئێستادا پەیڕەوی دەکەن.
ئەدەبیاتێك کە بەر لەهەموو شت خودی ئاین دەکاتە قوربانی و دەیکاتە جێ توانج و قسەی خەڵك.

ئەدەبیاتێك کە ساڵانێك بەر لە ئێستا وا لە کەسایەتیەکی ئاینی وەک ئەحمەد موفتی زادە بکات و بڵێت، گەورەی ئەم ئیسلامە لەوەدایە، بەدەست هەندێك مەلاوەیەو هێشتا ماوەتەوە.

لەڕاستیدا کۆمەلگای ئێمە نەک خاڵی نەبووە، بەڵکو پڕ بووە لەو ئەدەبیاتە جوانەی کە ئایینی ئاوێزان بە هونەر و شعر و ئەدەبیات کردووە، لە نمونەی دەیان شاعیری وەک مەولەوی  و نالی  بێخود و چەندانی دیکە، ئەوە جگە لە مامۆستایانی ئاینی وەک، مەلای گەورە و  شێخ محمدی خاڵ و عەلادین سجادی و چەندانی دیکە، کە ئەستێرەی  گەشاوەی ئاسمانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بوون و لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتی ئاینی بوون و خزمەتیان بە ئاین کردووە.

ئەو جۆرە ئەدەبیاتەی کە ئێستا بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی پەیڕەوی دەکەن و ئەدەبیاتێکی هاوردەکراوی سەلەفیەتی خلیجە، ئەدەبیاتێکە پڕە لە  شکان و پڕە لە دژایەتی کردنی ئەدەب و هونەر، پرە لە سەپاندنی ئایدیا و بۆچوونێکی دیاریکراو و ڕەد کردنەوەی هەموو ئەو دیدگاو بۆچوونانەی کە وەک تۆ بیر ناکەنەوە.

دروست پێچەوانەی ئەو دەبیاتە جوانەی ساڵانی ڕابردووی لای مامۆستایانی ئاینی کورد ئامادەی هەبوو، ئەو ئەدەبیاتەی پڕبووە لە جوانی و شعر و ئەدەب،

ئەو ئەدەبیاتەی کە کەسانی سەنگین و هێمن و  لەسەرخۆی وەک شەماڵ موفتی پێشکەش بە کۆمەڵگای کوردی کرد.

لەئێستادا ئەم گوتارە گۆڕاوە بۆ گوتار و ئەدەبیاتێکی هاوردەکراوی بیری سەلەفیەت، کە سەراپای بە کۆمەڵگای ئێمە نامۆیە و پێویستە خودی ئەو مامۆستا ئایینیانەی کە خەمخۆری ئەم جۆرە ئەدەبیاتەن، دژی ئەو ئایندارییە هاوردەکراوەبن و لەخەمی زیندووکردنەوەی ئاینداری ڕابردووی مامۆستایانی ئاینی کۆمەلگای کوردیدابن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×