وەرچەرخانێکی گەورەی فیمینیزم لەسەردەمی کۆرۆنادا: با وانەیەک لەژنانی مەکسیک وەرگرین

کەژاڵ حەمەڕەشید
  2020-03-13     684

"ڕۆژێک بەبێ ئێمە" لە ژێر ئەم دروشمەدا ڕۆژی ٨ی مارس ٨٠ هەزار ژن لە شاری مەکسیکۆی پایتەختی مەکسیک ڕژانە سەر شەقامەکان و سەنتەری شار، وە مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیان بۆ ڕۆژی دواتر واتە ٩ی مارس کە سەدان هەزار ژن لە ماکسیکۆ بەشداری تێدا کردو چەندین ملیۆن لەسەتاسەری ووڵادا بەشداری کرد لە دژی "فیمۆساید" توندوتیژی و تیرۆرو دەست درێژی سێکسی بەرامبەر بە ژنان.
تەواوی مانشێتی ئاژانسە گەورەو جیهانیەکان لە بی بی سی و گاردیان و سی ئێن ئێن و نیوتۆرک تایم و..هتد...هتد باسی ئەم مانگرتنە دەکەن.  واڵ ستریت جۆرناڵ بە مانشێتی گەورە دەنووسێت "مەکسیکۆ خەریکە بەرەو ووشک بوون دەچێت بەهۆی مانگرتنی ژنانەوە لە دژی توندوتیژی جێندەری"، سی ئێن ئێن چاوپێکەوتنی لیدیا لە خۆپیشاندانەکەدا باس دەکات کە دایکی یەکێک لە قوربانیەکانە، لیدیا دەڵێت کچە ٢٤ ساڵانەکەم لە نزیک ماڵەکەی خۆمان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر و دواتریش تیرۆر دەکرێت ئەوە دوو ساڵە تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان تەنانەت یەک کەسی گومان لیکراویشی نەدۆزیوەتەوە.  ٩ی مارس بازارەکان، کافێتریاکان، فەرمانگەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، کارگەو کۆمپانیاکان خاڵی بوون لە ژنان. تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانی وەک "سیەرس، واڵ مارت، لۆریاڵ" ئەو ڕۆژە کۆمپانیاکانیان داخست و مۆڵەتیان دا بە ژنان کە بەشداری مانگرتنەکەیان بکەن وبە گشتی چەرخی ژیان بەرەو ڕاوەستان دەچوو. ڕێکخەری "کۆئۆردینەیتەری" ناشناڵ سیتزن بە ڕۆژنامەکانی دەووت ئەمڕۆ لە مەکسیکۆ وەک ئەوە وایە لە ووڵاتێدا بژین لە جەنگێکی گەورەدا بێت. ئەو تاک وتەرا ژنانەش کە چوبونە سەرکار یان لەماڵ دانیشتبوون ئەو ڕۆژە بەرگی پەمەییان پۆشیبوو بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتنەکە، هەندێک لە ڕۆژنامەکان بۆ پشتیوانی لاپەڕەی یەکەمیان بەڕەنگی پەمەیی نەخشاندو ئەو کۆڵۆمانەی کە تایبەت بوون بە ووتاری ژنەکان، بە بەتاڵی بەجێ هێڵران.  گڕوتینی ناڕەزایەتی ژنان گەیشتە خاڵی قوڵپدان پاش کوشتنی وەحشیانەی کچێکی ٧ ساڵان دوابەدوای دەستدرێژی کردنەسەر ژنێکی ٢٥ ساڵ و تیرۆر کردنی لەم ماوەیەی پێشوودا.
ئامارو ستاتستکەکان دەڵێن ١٠ ژن لە هەر ڕۆژێکدا دەکوژرێت لە مەکسیک، لە ٢٠١٩دا (١٠٠٦) ژن کوژراون، ڕێژەی کوشتن بە ١٠٪ زیادی کردبوو بەبەراورد بە ساڵی پێشتر. ئەمساڵ تا ئێستا ٧٠٠ کەیسی توندوتیژی لەبەر دەستی پۆلیس دایە. ساڵی پاریش ٣،٨٢٥ کەیسی توندوتیژی هەبوە.
نوێترین بەدواداچونی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ دەڵێت لە مەکسیک ٦٦٪ی کچان و ژنان لە تەمەنی ١٥ و سەروتر ڕووبەڕوی توندوتیژی بوونەتەوە بەلایەنی کەمەوە یەک جار لە ژیانیاندا. لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩دا وەزیری ئاسایش لە مەکسیک زەنگی لەبارەی توندوتیژی جێندەری ڕاگەیاند لە مەکسیکۆو ٣٣ هەریمی تردا بۆ هۆشیاری دان و بڵاو کردنەوەی ئاگایی لەبارەی ئەو کێشەیەوەو هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ لێبوردنێک نیە لەبەرامبەر تاوانی توندوتیژیدا.
ژنان دەوڵەت و دەسەڵاتداران تاوانبار دەکەن بەم تاوانانە لە کاتێکدا کەمتەرخەمن لە کارکردن بۆ ڕێگەگرتن و لیکۆڵینەوە لەو تاوانانە. سەرۆکی مەکسیک لۆپێز ئۆبرادۆر سەبارەت بە مانگرتنەکە و داواکاری ژنان ووتی تەنها دەتوانین لەسەر ئەو ستراتیجیەی کە هەمانە کار بکەین، واتە هیچ هەنگاوێکی تازەی نەخستە بەردەست. ئەم لیدوانەی لۆپێز ئەوەندەی تر ژنانی توڕە کرد. 
هەرچەندە بانگەوازی خۆپیشاندانی ئاشتیانە کرابوو بەڵام وەکو هەر خۆپیشاندان و مانگرتنێک کە دەوڵەت تاونبار دەکرێت، توندوتیژی لیکەوتەوەو پێکدادان لە نێوان ژنان و پۆلیسدا ڕویداوەو پۆلیس گازی فرمیسک ڕێژی بەکار هێناوەو ٦٥ کەس بریندار بوون. فیمنستەکان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان دەڵێن ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەی بزووتنەوەی فیمینستیە. 
فیمنزم لە ئەمریکای لاتیندا داهێنان و ڕاچڵەکینی خوڵقاند، لە شیلی گروپی دانسی "لە تێسس" نمایشی دانسیێکی هێنایە ئاراوە بەناوی " دەستدڕێژیکار تۆیت"  کە لەو نمایشەدا دەوڵەت و سەرۆکی دەوڵەت، پۆلیس، دامودەزگاکانی دەوڵەت تاوانبار دەکرێت بە دەستدرێژیکار بۆ سەر ژنان. لە ٢٠١٩دا سەدان هەزار ژن لە شیلی لە دژی توندوتیژی و دەست درێژی سێکسی لە سەنتەری شارەکان ئەو نمایشەیان نیشانداو دواتر بەهۆی سەرنج ڕاکێشی نمایشەکەوە بە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بڵاو بۆوەو تەنانەت ژنان لەناو پەرلەمانی تورکیادا لە دژی تیرۆرو توندوتیژی ژنان بەو نمایشەی ژنانی شیلی هەستانە سەر پێ و ناڕەزایەتیان دەربڕی. 
لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا کە بەشێک لە ووڵاتان کۆبوونەوەو قەڵەباڵغی ڕادەگرن و شوێنە گشتیەکان دادەخرێن یان خەڵک خۆپارێزی زۆر دەکات لییان و هەوڵ دەدەن نەچنە دەرەوە، بەڵام ناڕەزایەتی ژنان دژی توندوتیژی، سەدان هەزار ژنی هێنایە سەر شەقام لە ڕۆژی جیهانی ژناندا و مانگرتنی ملیۆنی بەشوێندا هات، چونکە ژنان لەمیژەوە ڕووبەڕوون لەگەڵ کۆرۆناکانی ناو کۆمەڵگاو دەسەڵاتە پاتریارکیەکاندا. تیرۆر کردنی ١٠ ژن لەهەر ڕۆژێکدا مەگەر کۆرۆنا ئەوەی کردبێ لە چین، زیندانی کردن و ڕاپێچ کردنی سەدان هەزار ژن لە کونجی ماڵەکاندا لە کولتوری دواکەوتوی ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاستدا، مەگەر کۆرۆنا ئەوەی بە ئیتاڵیاو چین و هەندێ شوێنی تر کردبێت. بۆیە لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا ژنان شەڕی کۆرۆنا چاو ئەبڵەق و سنگ دەڕپەڕیوەکانی ناو کۆمەڵگا دەکەن.  
لە کوردستان تیرۆری ژنان و دەست دریژی و توندوتیژی هیچ کەمتر نیە لە مەکسیک و ووڵاتانی ئەمریکای لاتین بە بەراوردکردنی ڕێژەی دانیشتوان و  گەورەو بچوکی شارەکان لێرەو لەوێ. داتاو لیکۆڵینەوەو ڕاپۆرتەکان ژمارەی سەرسوڕهێنەری وا دەخەنە ڕوو دەڵێی ئاماری کوژراوو برینداری جەنگەکانە، کە هێشتا بێگومان ئەوانە داتاو ئاماری تەواوەتی نین و زۆر زۆرن ئەو کەیسانەی کە دیزەبە دەرخۆنە دەکرێن و کەس پێیان نازانێت، بێجگە لە شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینە لە لایەن لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر داوای دەسەلات تا ڕووی دزیوو ناشرین هێندەی تر ئەوان نەگرێتەوە. 
تیرۆری یەک لەدوای یەکی ژنان و کەیسی دەست درێژی کردنە سەر مناڵە ٧ ساڵانەکەی هەولێر ڕاچڵەکانێکی وەک ئەوەی ژنانی مەکسیکی پێویست بوو. سوکایەتی ڕۆژانەی بەشێکی زۆر لە مەلاکان و بەکارهێنانی میمبەری مزگەوتەکان و وەزارەتە دینیەکانی ئەوقاف، پێویستی بەو ڕاوەستان و شۆڕشانەی ژنان و سیکیۆلارەکانی ئەوروپایە کە دین و کڵێسایان لە دەوڵەت جیاکردەوە.  

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×