ڕێنمایی بۆ ڕۆژنامەنوسان لە سەردەمی کۆرۆنادا

سەلام عومەر
  2020-03-13     470

🔸هاوکارە خۆشەویستەکانم، ئەزانم بەیانی جەژنی قوربان بێت یان ئێوارەی نەورۆز؛ بەیانی هێرشی داعش بێت یان ئێوارەی ڕوماڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێوە هەر لەسەر کارن؛ زۆربەی کاتیش هیلاکی و ماندوبونتان بەگوێرەی پێویست لەبەرچاو ناگیرێت. تا ئێوە سەلامەت بن و کۆمەڵگەش لە زانیاری راست و دروست بێبەش نەبێت، تکایە رەچاوی ئەم دە رێنماییە بکەن کە لەلایەن (تۆڕی ڕۆنامەنوسانی نێودەوڵەتی)یەوە پشتڕاست کراونەتەوە:
🔹یەکەم: پێویستە ئێوە باش خۆتان بپارێزن، بێ ئێوە هیچ چیرۆکێک ناگاتەجێ.
🔹دووەم: تکایە با هەواڵ و چیرۆکەکە وەک خۆی بگات؛ لەکاتی قەیران و ململانێدا، زانیاری زۆر بەڵام پشتڕاست نەکراوە زۆر دەبێت. ئەگەر دڵنیانیت، بابەتەکە بڵاومەکەرەوە. هەواڵی کەم باشترە لە هەواڵی پشتڕاست نەکراوە. ئەزمونی ڕۆژنامەوانی تۆ لە سەنگی مەحەک دەدرێت کاتێک خوێنەرەکانت چاودێریت دەکەن تا بزانن تۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڤیدیۆی پزیشکێک دەکەیت کە دەڵێت ئەمریکا ڤایرۆسەکەی هاوردەکردووە.
🔹سێیەم: لەم قۆناغەدا جەخت بخەرە سەر ئامادەکردنی راپۆرت و گواستنەوەی زانیاری لە باتی تەحلیلکردن و دۆزینەوەی چارەسەری کۆرۆنا، شارەزایانی بوارەکە لەو باوەڕەدان هێشتا زووە هەر کەس بێت و شیکردنەوە بۆ کۆرۆنا بکات، شارەزا لە شیکردنەوەی چالاکی گروپە چەکدارەکانی عیراق ناتوانێت پرۆسەی گواستنەوەی کۆرۆنا شیبکاتەوە.
🔹چوارەم: تکایە تا قەیرانەکە تێدەپەڕێت ناونیشان و سەردێڕی ڕاست و دروست بەکاربێنە؛ کاتی ڕامکردنی خوێنەر نییە. نە زیاد، نە کەم.
🔹پێنجەم: وردبینی، وردبینی، ئینجا وردبینی. هەموو ژمارەکان ڕاست نین؛ لە هەموی گرنگتر ئەو خاڵەیە کە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان سەرچاوەی سەرەکی بن لەکاتی بەراوردکردنی ژمارە و زانیارییەکاندا.
🔹شەشەم: قەیرانەکە هەلێکیشە بۆ برەودان بە گوتاری رق و کینە و نەژادپەرستی. تکایە لەگەڵ ناوهێنانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەندە ناوی "چین" دوبارەمەکەرەوە؛ ڤایرۆسەکە پەیوەندی بە هیچ میللەت و شارێکەوە نییە.
🔹حەوتەم: زۆر گرنگە پسپۆڕان و پزیشکانی شارەزا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بدوێنیت؛ ئامادەکردنی پرسیاری باش، دەرئەنجامەکەی بابەتی رۆژنامەوانی باشە و سەنگینە.
🔹هەشتەم: پێویستە پشوو بدەیت؛ بەردەوام روماڵکردنی بابەتی قەیران و هەواڵی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دەروونت دەبێت، بۆیە پشوودان پێویستە.
🔹نۆیەم: تەنیا بە دوای بابەت و ناونیشانی سەرنجڕاکێشدا مەگەڕێ. زۆر بابەتی پێویست هەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە لەوانەیە لایکی زۆرت بۆ نەهێنێ بەڵام تا بڵێی گرنگن. تەنیا بڵاوکردنەوەی ژمارەی توشبوان گرنگ نییە، شێوازی دەستشتن و ڕێنمایی دەربارەی شێوازەکانی خۆپارێزییش تەواو گرنگن.
🔹دەیەم: بەکۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە، کاری رۆژنامەوانی تۆ تەواو نابێت. دوای رەوینەوەی مەترسییەکان، کاری رۆژنامەوانییمان پێویستە جەخت بکاتە سەر شێوازی مامەڵکردنی سیاسەتمەدارەکان لەگەڵ قەیرانەکە یان ئەو وانانە چی بوون کە لەم ڤایرۆسەوە فێربوین.

 

نوسەری ئەم بابەتە ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی - سەرنوسەری کەرکوک ناو-ە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×