مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە
د. کاوە مەحمود
2020-03-20   676
کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی بیرۆکەی ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین شی جین بینگە. لە ساڵی ڕابووردوو بابەتێکم لە "رێگای کوردستان" بڵاوکردوە کە تیایدا ئاماژەم بە لایەنێکی ئەم چەمکە کرد کە گرنگی دانە بە پاراستنی ژینگە و هاریکاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە لە پێناوی پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە سەر گۆی زەوی.
ڕووداوەکانی ئێستای جیهان بەتایبەتی ئەو مەترسییەی دوچاری مرۆڤایەتی دەبێتەوە لە ئاکامی ڤایرۆسی کورونا، و سیاسەتەکانی وڵاتە سەرمایەدارەکان کە لیبرالیزمی نوێ و ئابوری بازاڕی بەڕبەڕەڵا ئاراستەی دەکا، دەستەوەستان ڕاوەستاوە، تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە ئاکامی مردنی ئیتاڵییەکان بە هۆی کوروناوە دەڵێت لە دەستی ئێمە و لە توانای سەرزەمین دەرچووە و چاوەرێی ئاسمان دەکەین، لە کاتێکدا گەلی چین بە هۆی سیاسەت و ئەزمونی سۆشیالستی و چەمکی "کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی"، توانی بەسەر ئەم ڤابرۆسە زاڵ بیت. هەموو چارەسەرەکان بە دەست مرۆڤە و لەسەر زەوییە و پەیوەندی بە ئاسمان و هێزی دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتی نییە. دەبێ مرۆڤایەتی بۆ بۆچونەکەی مارکس بگەرێتەوە.... مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە.
سەبارەت بەچەمکی (بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی)
نووسینی/ کاوە محمود
لە کاتێکدا جیهانی ئەمڕۆ گۆڕانکاری قوڵ و ئاڵۆز بە خۆوە دەبینی، و بابەتی ئاشتی و گەشەسەندن وەک دوو بابەتی گرنگی سەردەم، خۆی بە سەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی جیهان دەسەپێنێت، زانستی سۆسیۆلۆجی سەرمایەداری کار دەکات کە تێکرای ناکۆکی و ململانییەکان کە لە سەر ئاستی جیهان و نێوان دەوڵەتاندا ڕوو دەدات، بخاتە ژێر لێکدانەوەی تیۆری "ململانێی شارستانییەکان" وەک بنەمایەک بۆ شیکردنەوەی ناکۆکی و ململانییەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە گوایە ململانییە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی لە ئایندەدا بۆ سەرچاوەی ململانێی شارستانییەکان دەگەرێتەوە، و ئەم ململانییە دەستیشانی ئاسۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی، دەکات.
سیاسەتی گشتی چین لە ڕوانگەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا، بە پێچەوانەی ئەم بۆچونە کە زۆر بە مەترسیدار دایدەنێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جیاوازی نێوان شارستانییەکانی بابەتێکی رێژەییە، و شارستانییەکانی جیهان بە شێوەیەکی ڕەها لە گەڵ یەک ناکۆک نین و دژ بە یەکتر نین. بەم پێیە تێکرای ئەو بۆچون و تیۆرییانە کە پشت بە ململانێی شارستانییەکان دەبەستێت، لە بنەمای سیاسەتی گشتی چین، بە بۆچونی هەڵە و مەترسیناک لە سەر دوارۆژی مرۆڤایەتی، دادەنرێت. بە پێی خوێندنەوەی سیاسەتی بنیاتنانی سوشیالستی بە تایبەتمەندی چینی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی کە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا دووچاری مرۆڤایەتی بەتایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، دەبێتەوە، ڕەنگدانەوەی بەردەوامبوونی کارتێکردنی قەیرانی دارایی نێودەوڵەتی، و زیادبوونی توخمی ناسەقامگیری لە گەشەسەندنی ئابوری جیهانی، و زیادبوونی ناهاوسەنگی گەشەسەندن لە ئاستی جیهانیدایە. لە جیاتی بیرکردنەوە لە چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دیاردانە، وڵاتە سەرمایەدارەکانی جیهان پەنا دەبەنە بەر خولیا و هەژموونی دەستبەسەراگرتن، و سیاسەتی بەکارهێنانی هێز و دەستێوەردان و وروژاندنی چاوگەکانی بارگرژی و کێشەکان کە نەک چارەکردنی کێشە سەرەکییەکان بە لا رێدا دەبات، بەڵکۆ کێشەی نوێی دیکە لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت بە تایبەتی لە بواری ئاسایشی خۆراک و وزە و بەکارهێنانی ئەنترنێت و ... هتد.
بە پێچەوانەی ئەم سیاسەتەی وڵاتە سەرمایەدارەکان یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی بنیاتنانی سوشیالستی بە تایبەتمەندی چینی، خستنەڕووی چەمکی (بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی) یە کە بنەماکەی بریتییە لە دەستنیشانکردنی ئەو چانسانەی لە بەردەم مرۆڤایەتیدا هەیە، و خۆی لە فرە جەمسەری و جیهانگیری ئابوریی جیهانی، و پێشکەوتنی فرە کەلتوری و واڵاکردنی زانیاری کۆمەڵایەتی، و ئەنجامدانی بازدانێکی داهێنەرانە لە شۆڕشی تەکنۆلۆجی لە سەرجەم بوار و ئاستەکاندا، و زیادکردنی هێزی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان، و ئاراستەکردنی تەرازوی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرەو پاراستنی ئاشتی جیهانی، و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی سەقامگیری گشتی لە ڕەوشی نێودەوڵەتییدا، دەبینێتەوە.
چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی بەشێکە لە سیاسەتی جێبەجێکردنی خەونی چین لە بواری مامەڵەکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە بە رێگای کارکردن بۆ یەکسانی و متمانەی هاوبەش و هاریکاری هەمەلایەنە و لە یەکتر فێربوون و بردنەوە و قازانجی هاوبەش لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەدی دێت، و ئەمەش پێویستی بە پاراستی ئاشتی جیهانی و چەسپاندنی گەشەپێدانی هاوبەشە.
نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین کە لە 2017 بەسترا لە میانەی ئاماژەکردن بە ناوەڕۆکی بیروبۆچونی سوشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا باس لەوە دەکات کە خەونی گەلی چین لە خەونی گەلانی دیکەی جیهان جیاناکرێتەوە، و بەندە بە سەقامگیری هەلومەرج و سیستمی نێودەوڵەتی لە جیهاندا، و پێویستە هەردوو بابەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەم ڕەوشە گشتییەدا لە بەرچاو بگرێت.
بۆیە ڕاپۆرتەکە جەخت لە سەر رێگای گەشەپێدانی ئاشتیانە، و گرتنەبەری ستراتیجی کرانەوە لە سەر بنەمای سوود و قارانجی هاوبەش، و یەکسانی و عەدالەت و پەیڕەوکردنی چەمکی نوێگەری لە ئاسایشدا دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە هاریکای و بەشداری و تەواوکاری وبەردەوامبوون لە گەڵ یەکتردا بە مەبەستی ئایندەیەکی گەشەسەندوو کە کرانەوە و داهێنانی و گشتگیری و قازانجی هاوبەش دابین بکات. ئەم ئاراستەیە پێویستی بە بتەوکردنی پەیوەندی ئاسایی شارستانی و لەیەکتر حاڵیبوون هەیە لە گەڵ ڕچاوکردنی مەسەلە جیاوازەکان، و کارکردن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئایکۆلۆجی کە بەمەزن ڕاگرتنی سروشت و بانگەشە و کارکردن بۆ گەشەپێدانی سەوز، دابین بکات.
یەکێک لەو ئەرکانەی کە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین دەستنیشانی کردبوو، کارکردنە بۆ بەروپێشبردنی بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی کە لەم رێگایەوە دەتوانرێت بەشداری مەزن بۆ مرۆڤایەتی، پێشکەش بکرێت.
لەم ڕوانگەیەوە ڕاپۆرتی کۆنگرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چین ئاڵای (ئاشتی و هاریکاری و بردنەوەی هاوبەش) بەرز هەڵدەگرێت، و پەیڕەوی ئامانجەکانی سیاسەتی دیبلوماسی دەکات کە لە سەر بنەمای پاراستنی ئاشتی جیهانی و پشتگیری گەشەپێدانی هاوبەش، و چەسپاندنی دۆستایەتی و هاوکاری لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهاندایە لە سەر بنەمای پێنج پرنسیپی بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و برەودان بە پرۆسەی بنیاتنانی پەیوەندی نێودەوڵەتی بە رێنمایی تەرزی نوێ کە پشت ببەستێت بە رێزگرتنی بەرامبەر، و بەویژدان مامەڵەکردن و عەدالەت و هاریکاری و قازانجی هاوبەش.
ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزب شیوعی چین لە بواری گۆڕانکارییە نوێکانی ڕەوشی نێودەوڵەتی، و ئاسۆی ئاراستەی پەرەسەندنەکان کۆمەڵێک خاڵی هەستیار و گرنگی خستۆتە ڕوو کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوە کورتی بکەینەوە:
1ـ جیهان بە قۆناغی گەشەپێدانی خێرا و کۆڕانکاری بەردەوام و گەورەدا دەڕوات، و تا ئێستا ئاشتی جیهانی و گەشەپێدان بابەتی سەرەکی ئەم سەردەمەن، و فرە جەمسەری جیهانی و جیهانگیری ئابوری و شۆڕشی زانیاری و فرە کەلتوری پەرەدەسێنێت، و گۆڕانکاری لە سیستمی حەوکەمەی جیهانی و سیستمی نێودەوڵەتی بە خێرایی ڕوو دەدەن، و کاری پەیوەندی و پشتبەستن بە بەرامبەر نێوان سەرجەم دەوڵەتاندا قوڵتر دەبێتەوە، و تەرازوی هێزی نێودەوڵەتی بەرەو هاوسەنگی تر و بۆ بەرژەوەندی گەشەپێدانی ئاشتیانە دەچێت، بەلام هاوکات لە گەڵ ئەم ڕەوشەدا مرۆڤایەتی دووچاری بەربەست و ئاستەنگی هاوبەش دەبێتەوە وەک گرفتەکانی ناسەقامگیری و بێ متمانەیی لە جیهان، و زیادبوونی دیاردەی بەردەوام "دەوڵمەند، دەوڵەمەند تر دەبێت، و هەژار، هەژار تر دەبێت"، و بەردەوامبوونی بارگرژییە هەرێمایەتییەکان، و زیادبوونی هەڕشەی ئەمنی نوێ وەک تیرۆر و ئاسیشی سیبرانی، و نەخوشییە مەترسیدارەکان و گۆڕانکاری ژینگە و کەشوهەوا.
2ـ جیهانی ئەمڕو پڕە لە هیوا و ئاستەنگ و بەربەست لە یەک کاتدا، و ناکرێ ئاڵۆزی واقیع وامان لێ بکات کە خەونەکانمان لە پێناوی بەها و نەریتی بەرز و باڵا، فەرامۆش کەین و وازی لێبهێنین. هەڵبەتە هیچ دەوڵەتێک بە تەنها ناتوانێ ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانەی کە بەبەرستە لە بەردەم مرۆڤایەتی، ببێتەوە، و لە هامان کاتدا ناکرێ هیچ دەوڵەتێک لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا پاشگەز ببێتەوە و خۆی بە دوورگەیەکی داپچراو لە جیهان دابنێت.
3ـ بە پشتبەستن بەو هەڵسەنگاندنەی خاڵانی سەرەوە جین بانگەوازی خۆی ئاراستەی سەرجەم گەلانی جیهان دەکات کە تواناکانیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی یەکخەن، و کار بۆ بنیاتنانی جیهانێکی پاک و خاوێن و جوان بکەن کە تیایدا ئاشتی بەردەوام و ئاسایشی گشتی و خۆشگوزەرانی هاوبەش و کرانەوە و یەکتر قەبوڵکردن مسۆگەر بێت.
لەم ڕوانگەیەوە چین داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە پەیوەندییەکانی لە سەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر، و گفتوگۆی هاوسەنگ، و دوور کەوتنەوە لە عەقلیەتی شەڕی سارد و سیاسەتی بەکارهێنانی هیز بێت، و رێگای نوێ لە بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەتاندا بگرێتە بەر کە پشت بە "گفتوگۆ نەک ڕووبەڕووبونەوە، و شەراکەت نەک تەرفگیری" ببەستێت. هەڵبەتە لەم ڕێگایەوە چارەسەری ناکۆکییەکان و نەهێشتنی جیاوازییەکان بە دانوستان دەکرێت، و کار بۆ نەخشەکێشانی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە کۆن و نوێکانی ئاسایش نێودەوڵەتی و دژایەتیکردنی تیرۆر بە هەموو شێوازەکانی دەکرێت. ئەم ئاراستەیە پێویستی بە یکگرتووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کاتی قەیرانەکاندا هەیە، کە ئەمەش دەبێتە مایەی ئاسانکاری بازرگانی و وەبەرهێنان و بەروپێشبردنی جیهانگیری بە ئاراستەیەکی کراوە و فراوان تر و هاوسەنگ تر، کە قازانج و خێری گشتی هەبێت.
لە هەمان کاتدا بنەمای ئەم ئاراستەیە پێویستی بە رێزگرتنی فرەبوونی شارستانییەکانی جیهان و بەیەکەوە ژیانیان، و دوور کەوتنەوە لە پێکدادان و خۆبەزلزانین، هەیە.
بەشی تەواوکەری ئەم چەمکە گرنگی دانە بە پاراستنی ژینگە و هاریکاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە لە پێناوی پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە سەر گۆی زەوی.
4ـ سیاسەتی دەرەکی چین پشت بە سەقامگیرکردنی ئاشتی و رێزگرتن لە مافی گەلانی جیهان لە هەڵبژاردنی رێگای ئارەزومەندانەی خۆیان بۆ گەشەپێدان و پاراستنی عەدالەتی نێودەوڵەتی، و دژایەتیکردنی سەپاندنی ئیرادەی هەر دەوڵەتێک لە سەر ئەوەی دیکەدا، و دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی و بەکارهێنانی هێز بۆ چەوساندنەوەی لایەنی لاواز و بێ هێز، دەبەستێت. لە هەمان کاتدا چین بیر لە گەشەپێدانی خۆی لە سەر حسابی دەوڵەتانی دیکە ناکاتەوە، و لە ماف و پەرژەوەندییە ڕەواکانی خۆی خۆش نابێت، و سیاسەتی بەرگری نیشتمانی پەیڕەو دەکات، و نابێتە مایەی هەڕشە بۆ هیچ دەوڵەتێک.
5ـ وڵاتی چین بەرژەوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان هەیە، بۆیە کار بۆ شەراکەتی نێودەوڵەتی دەکات، و هەماهەنگی و هاریکاری لە گەڵ وڵاتە زلهێزەکان لە سەر بنەمای سەقامگیری گشتی و گەشەپێدانی هاوسەنگ دەکات. بەهەمان شێوەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا کار بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای ناسیاوی و ڕاستگۆیی، و سوودی هاوبەش، و یەکتر قەبوڵکردن دەکات، بەو پێیەی "دراوسێکان دۆست و شەریکن". سەبارەت بە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان وڵاتی چین لەسەر بنەمای دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و ڕوونی ،چەخت لە سەر بەهێزکردنی هاریکاری و هاوکاری لە گەڵیان دەکاتەوە.
بە گشتی دەتوتانین بلێن کە چەمکی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی بەشێکە لە پەرەسەندنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە کە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابووردوو لە چین دەستی پێکرد، و ئێستا بنەمایەکە بۆ کرانەوە بەرامبەر جیهان و هاندەرە بۆ دەستپێشخەری لە هاریکاری نێودەوڵەتی کە یەکێک لە نموونەکانی "دەستپێشخەری پشتین و رێگایە"، جگە لە بوارەکانی دیکەی کارکردن بۆ هەماهەنگی کردن لە داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی کە دەبێتە مایەی نزیکبوونەوە و کاری هاوبەش لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی دووچاری مرۆڤایەتی لە بواری ئاشتی جیهانی و لە بواری گەشەپێدان بەتایەتی نێوان باکور و باشور، دەبێتەوە.
کرۆکی چەمکی گۆمەڵکای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە چارەنووسی جیهان مولکی سەرجەم گەلانە، و دووارۆژی مرۆڤایەتی خودی ئەو گەلانە دەستنیشانی دەکەن، و گەلی چین ئامادەیە کە کار لە گەڵ سەرجەم گەڵانی جیهان بۆ پێشخستنی ڕێڕەوی بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی و درووستکردنی دوارۆژێکی جوان بۆی، بکات.