کۆرۆناو ئەرکی پاراستنی زەوی

بەهزاد ئەحمەد
  2020-03-23     668
 لەماڵەکانتان بمێننەوە، دەرگاکان داخەن، پەنجەرەکان داپۆشن، پشوو درێژبن  
یەکتری لە باوەش مەکەن، یەکتر ماچ مەکەن، تەوقە مەکەن، با مەودا لە نێوانتان هەبێت
دەست مەدەن لە لووت و چاو و گوێ و دەمتان، گەر شوێنێکتان خورا، مەیخورێنن ،دەست مەدەن لە دار و دیوار و تەختە و ئاسن... ئۆقرەبگرن، پشوو درێژبن.  
خۆتان لە ناو ماڵەکانتاندا دیل بکەن، پێداویستی و خۆراک ئەوەندەی ئەتوانن کۆیکەنەوە، بخۆن و بخەون و لەناو جێگاکانتان بمێننەوە. 
 
ئەمانە ئەو رێنوماییانەن ئەم رۆژانە گوێمان لێی ئەبێت، ناوڕۆکی هەموو ئەم رێنوماییانەی زانستە پزیشکییەکان لەسەردەمی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا توانای زانستە پزیشکییەکان دیاری ئەکەن بۆ رزگارکردنی مرۆڤ لە بەڵایەک کە کۆئەندامی هەناسە ی مرۆڤ ئەکاتە ئامانج.  
ئەگەرچی ئەم رێنوماییانە تا ئێستا تەنها رێکارێکن کە مرۆڤ بتوانێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم بەڵایە رەچاویان بکات، بەڵام هێشتا ئەمە مانای ئەوە نییە کە پرسیارە سەرەکییەکانمان وەلانەین لە کاتێکدا کەجێهێشتنی ئەم پرسیارانە بوونە هۆی ئەم قەیرانانەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە ترسناکترین دۆخی تیابەرێبکات.  
ئەمرۆ دوای ئەوەی مرۆڤ پێیوابوو زەوی ئاوەدان کردوەتەوە و شار و وڵاتەکانی لێک نزیک کردوەتەوە وئامراز و ئامێرەکانی داهێناون بۆ کارئاسانی و دوونیای کردووە بە گوندێکی بچووک، دوای ئەو هەموو
شانازییەی مرۆڤ بەوەی کە هەر بە زەوییەوە ناوەستێ و ماڵەکان ئەباتە سەر ئەستێرەکانی تر و هەوڵ ئەدات دۆزینەوە لە گەردووندا بکات و نەبینراوییەکانی بخاتە ژێر تەلەسکۆپ و دیوە شاراوەکانی هەڵماڵێت، دوای
هەموو ئەم شانازییانە ئەبینین شارەکان چۆڵ ئەکرێن و رێگای نێوان وڵاتەکان ئەبەسترێن و مەودا بۆ دووری مرۆڤەکان لە یەکتر دیاری ئەکرێن.
 دوای شەڕە گەورە و جیهانییەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ، جارێکیتر کۆڵانەکان چۆڵ ئەکرێن و ماڵەکان ئەبن بە زیندان و حەشارگە و شارەکان چۆڵ و بێ گیان ئەکەون.  
ئەمە وا ئەکات بپرسین: 
 ئایا ڤایرۆسێک ئاوا ولە ماوەیەکی کەمدا شکست بەو هەموو شانازییەی مرۆڤ ئەهێنێت؟ 
ئایا بەرهەمی چەندەها ساڵەی مرۆڤ کە لە زانست و تەکنۆلۆجیادا خۆی ئەنوێنێت، بەو ماوە کەمە هەرەس ئەهێنێت ؟ 
جگە لەو رێنوماییانە و جگە لە هیوایەک بۆ دروستکردنی ڤاکسینێک، زانست هیچ وەڵامێکی هەیە بۆ ئەم دۆخە؟ 
ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت دۆخێکە سروشت بەرهەمهێنەریەتی یان مرۆڤ؟ 
زانست چی رۆڵێکی نەرێنی لە بەرهەمهێنان یان بڵاوکردنەوەی ئەم پەتایەدا هەیە ؟ 
 
ئەوە روونە کە تا ئێستا جیهان جگە لە زانستە پزیشکییەکان هیچ ئامرازێکی تری بەدەستەوە نییە بۆرووبەروبوونەوە هەر نەخۆشییەک یان پەتا و ڤایرۆسێک کە رووی تێئەکات، بەڵام دوای بانگەشەی مرۆڤ بۆ گشت ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆجییانە و یەکەم دەرکەوتەی دەستەوەستانی مرۆڤ بۆ
روبەروبونەوەی وەها دۆخێک ،پرسیاریک سەرهەڵئەدات کە ئایا سەردەمی تێپەڕاندنی زانستە پزیشکییەکان نەهاتووە؟. ئەم پرسیارە هە ربەوەندەشەوە ناوەستێت بەڵکوو تا ئەو شوێنە ئەڕوات کە ئایا ئەمە سەردەمی تێپەڕاندنی زانستە یان پاراستنی ؟ 
 
کێشەی زانست چییە ؟ 
دۆزینەوەکان و پەردەهەڵماڵین لەسەر نەزانراوییەکانی گەردوون وسروشت و زیندەوەران، وەک بەشە دەرکییەکان و ناسینی مرۆڤ بە هەردوو لایەنە بەرجەستەیی و نابەرجەستەییەکەیەوە، وەک بەشە
ناوەکییەکان، تا ئێستا لە ئامانجە سەرەکییەکانی زانستن، لە ناویانیشدا زانستە پزیشکییەکانی تایبەت بە مرۆڤ و ئاژەڵ و ناسینیان ولێپرسراو لە چارەسەری نەخۆشی یان هەر کێشەیەک لە بەرکەوتن بە تەنێک یان شتێکەوە کە ئەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی کارکردنی لەشی ئەو زیندەوەرە.  
تا ئەمڕۆ مرۆڤ هیچ هۆکارێکی راستەقینەی تر شک نابات پەنای بۆ ببات لە کاتی رووبەروبوونەوەی هەر تێکچوونێک لە بونیاتی ناوەکییدا جگە لەزانستە پزیشکییەکان، بەڵام ئەمە ش ئەوە ناگەێنێت کە زانستی پزیشکی وەڵامدەرەوەی تەواو بێت و رووبەڕووی قەیران نەبێتەوە.  
دوای دۆزینەوەی ڤایرۆسەکان و دەستەوەستانی پزیشکەکان لە بەرامبەر هەندێک لەم ڤایرۆسانەدا و بەتایبەتتر دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا و بانگەشەی سیستەمەکان بۆ ناردنەوەی مرۆڤ بۆ ماڵەوە، چیتر زەنگێکی ترسناک دێتە گوێمان و ئیتر کاتی پرسیارکردنی مرۆڤە لە کەموکورییەکانی زانست، ئەم پرسیارانەش کاتێک بەهایان ئەبێت پرسیاری فەلسەفی بن، چونکە زانست خۆی بەرهەمێکی فەلسەفەیە ❪وەک دیکارت ئەڵێ❫ وهەمیشە فەلسەفە لێپرسراو و ئاراستەکەریەتی، بە جۆرێک رەهاکردنی زانست لەهەر دۆخێکدا شیمانەی سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی وەک ئەم قەیرانەن کە ئەمڕۆ مرۆڤ و ئامرازە زانستییەکانی تێکەوتوون.  
لەدەرەوەی فەلسەفە ئەبێت هەموو جۆرە رەخنەکردن و تانەدانێک لە زانست، لە جۆری تانە ئاینی و وەهمی بانگەشەکراو، قەدەغە بکرێت و رێگەنەدرێت شکستەکانی خۆیان بخەنە پاڵ کەماسییەکانی زانست.  
هەرچی کێشەی زانستە تەنها فەلسەفە بڕیاردەریەتی، دابڕانی زانست لە فەلسەفە  دەرچونیەتی لەو ئامانجەی بۆی هاتوەتەدی و ئاراستەگرتنیەتی بەرەو شێوازێکی مەترسیدار، شێوازێکی بێ پرسیار و بێ شیکار،جۆشداماو لەبەردەم ئاستەنگییەکان و بگرە لە هەندێ دۆخدا خود بە خود بەرهەمهێنەری ئاستەنگ.  
ئەوەش ئەو دۆخەیە کە ئەمڕۆ تێیداین، ئەو زانستەی بەرەو ئەستێرەکانی تر بەڕێیدەکردین، ئەمڕۆ رێنومایی لەماڵ مانەوەمان ئەکات.  
ئەوەی زانستی لە زادەیەکی پڕ لە جوڵە و پرسیار لە چییەتیەوە گۆڕی بۆ کۆتەڵەدارێکی بێ رە گ ❪دیکارت❫ وپرسیارەکانیشی گۆڕی بە پرسیار لە چۆنێتی❪هایدگەر❫، ئەوەی سەرزەمینی لە نشینگەیەکی دامەزراو وسەوزەوە گۆڕی بۆ کارگەی گەورە گەورە و دوکەڵ و مرۆڤی خستەسەر کەڵکەڵەی تێر نەبوون و زەوی دایە دەست کۆمەڵێک سەرمایەداری چاوبرسی و ئەوانی تری دامەزراند وەک کرێکار، ئەوە هەمان ئەو زانستەبوو کە پشتی کردبووە پرسیارەکان و هەمیشە وەڵامەکانی ناو خودی پرسیارەکانا زیندەبەچاڵ ئەکرد.  
ئەمانەی خوارەوە نمونەی هەندێک وەڵامی زانستی سەردەمن بۆ زیندەبەچاڵ کردنی هەندێ پرسیار:  
•شەمندەفەر چییە؟ بۆ پێوستمانە / وەڵامی زانست: هۆکارێکە بۆ ئاسانکاری گواستنەوە، پێویستمانە بۆزوو گەشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.  پرسیار داخرا. 
•فڕۆکە چییە؟ بۆ چیمانە / هەمان وەڵام بۆ بڕینی مەودای دوورتر. پرسیار داخرا.  
بەم جۆرە کشان لە دووچەرخە و ئۆتۆمبێلەوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە موشەک و دوور هاوێژەکان،هەمیشە بەدواداچوونی پرسیار بە پرسیار جێگەیەکی نییە لە زانستی هاوچەرخدا، مانەوەی زانستی هاوچەرخ لەم دۆخەدا مرۆڤ لە بەرهەمهێنەرێکی ئامانجدارەوە لە ناو ئەرکی فەلسەفیدا ئەگۆڕێت بۆبەرهەمهێنەرێکی بێ ئامانج لە ناو کایە زانستییەکەیدا، بەم جۆرەش بەرهەمهێنان لەپێناو بەرهەمهێناندا ئەبێتە ئەرکی لە پێشینەی زانست و بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی ئەبەسترێتەوە بە خاوەندارێتی کردنی بۆ بەرهەمهاتووە بێ ئامانجەکانی، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو خودی زانست ئەبێتە مۆتەکەیەکی گەورە بۆفەلسەفە و خاڵێک بۆ کۆتایی فەلسەفە دادەنێت ❪هایدگەر❫ و هەموو چەمک و بەدیهێنراوەکانی فەلسەفەش ئەگۆڕێت بۆ دەستەواژەی بێ مانا، ئەم دۆخەش سەردەمی کۆتایی مانایە.  
 
سەردەمی کۆتایی مانا 
مرۆڤ لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە لە سەر زەوی هەموو هەوڵێکی بۆ مانا بەخشین بووە بە شتەکان، لەسەرەتاییترین ماناوە تا گەشتن بە فەلسەفە، دواتر فەلسەفەش ئەچێتە دۆخی چەقبەستنەوە، دۆخی نادیاری وپەی نەبردن بە وەڵام تا لەدایک بوونی زانستە سروشتییەکان و بەدوایدا زانستە مرۆییەکان، ئیتر زانست ئەبێتە رکابەری گەورە و بەڵێنی گەورە خۆیان ئەخزێننە نێو تەحەدییەکانیەوە، تا کار ئەگاتە ئەوەی زانست وەک یەکەیەکی لێکدابڕاو لە فەلسەفە خۆی نمایش بکات، ئەمە چۆن؟ 
وەک پێشتر ئەرکی فەلسەفەمان باس کرد لە پرسیار لە چییەتی، هەروەک وتمان زانستی هاوچەرخ دورکەوتنەوەیە لە چییەتی شتەکان و کشان بە ئاراستەی چۆنیەتی شتەکاندا، یان قەتیسمان لە بینیندا و
نەناردنی وێنە لە بینینەوە بۆ شیکاری و بارنەکردنی بە گومان لە چییەت ی چۆنایەتییەکان. ❪گەڕانەوە بۆ چێتی و چۆنایەتی لای مارتن هایدگەر❫ 
هەموو ئەمانە هێشتا بەتەواوی زانستیان نەئەکرد بە کایەیەک لە دەرەوەی فەلسەفە، ئەگەر بهاتایەو خۆی بارگاوی نەکردایە لە هەندێک لووتبەرزی و بەڵێنی گەورە گەورە ،وەک دابینکردنی خۆشگوزەرانی
ودۆزینەوە و هەڵماڵینی نهێنییەکانی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤ و بچوک کردنەوەی مەودای نێوان مرۆڤەکان، ئەم بەڵێنانە و داهێنراوە زانستییەکانی تری وەک هۆکارەکانی پەیوەندی و گواستنەوە و دۆزینەوەی ئەنتەرنێت و گەشەسەندنی بیرکاری و بەرنامەسازی و کۆمپیوتەر، مۆبایلی زیرەک و ئەوانی تر، هەموو ئەمانە مرۆڤیان مەست کرد و هەستی خۆبەشت زانییان برد تا ئەوپەڕی، هەرەک چۆنیش سەرقاڵییان بەبەکارهێنانەوە دایبڕاندن لە گومانی ”بۆ بەکارهێنان؟”.  
زانست بۆ ئەم کارەی پێویستی بە پیاچوونەوە بوو بە چەمکەکانی ناو فەلسەفەدا، بەوەی مانادان بەکار و
بەرهەمی مرۆڤی لەئاستێکی بەرزەوە دابەزاند بۆ ئاستی شتە دووبارە و رۆبۆتییەکان، بەوەشەوە نەوەستا
بەڵکوو دوای سەرکەوتنەکانی لە بە رۆبۆت کردنی مرۆڤ و بەکاربردنی لەئیشی دووپات بووەوەی بێ
پرسیار و بێ جوڵەدا، ئیدی ئەوەی زانی کە ئەکرێت بەرهەمهێنانی خودی رۆبۆت کار و بازرگانییەکانی
ئاسانتر و بە تێچووی کەمتر بەرێبکات، ئەوسا مرۆڤی کرد بە شتێکی بی سوود و بێ کار و لە سوچی
ماڵەکاندا گیریدان، هەر لێرەوە هەوڵەکان ناخودئاگایانە چڕبوونەوە بۆ ئەوەی زەوی بکرێت بە
کەرەنتیخانەیەکی گەورە.  
لەم کاتەدا مانا لە هەبوویەکی یەکلانەکراوە و نادڵنیا و مەزنەوە گۆڕدرا  بە شتێکی زۆر دڵنیا و بچوک،
ئەمەش سەردەمی کۆتایی مانایە و هەر لەگەڵ خۆیدا سەردەمی کۆتایی فەلسەفەش، ئیتر بانگەشەکەرانی
فەلسەفە دونیا پڕئەکەن لە لێکدانەوە کرچ و روکەشەکانیان و سەرنجی خەڵک لە پرسیاری گەورەوە ئەهێننە
سەر شتە بچووکەکان، دەست لە بوونی خودی مرۆڤ هەڵئەگرن و سەرقاڵت ئەکەن بە لاوەکیترین شتەوە،
تەنانەت رەخنەکانیشیان لە زانست، رەخنەی لاوەکین و تەنها وەک پێویستییەک بۆ تێرکردنی ئارەزوی 
رەخنەیی مرۆڤ بەکارئەبرێن و هیچی تر.  
کۆرۆنا، هەنگاوێک نزیکتر لە مەر گ 
نوێترین دەرکەوتەی نزیکی لە مەرگ ڤایرۆسی کۆرۆنایە، تا ئێستا زۆربەی ئەو لێکدانەوانەی بۆ ئەم مەرگە نوێیە کراون ، ئەوانەی کەمێک هێزیان تیابێت هەر ئاوانەن کە بە دەوری بازنە زانستییەکەدا ئەسوڕێنەوە،جگە لەمانەش ئەوانی تر بۆ خەیاڵی سیاسی و ئاینی هەندێ مرۆڤی ناو ئەو سیستەمانە نوسراون.  
هەندێک پێیان وابوو ئەم ڤایرۆسە دروستکراوی ئەمریکایە، هەندێکی تر وتیان زادەی تاقیگاکانی شاری وهانی چینە، هەندێک ئەڵێن دروستکراوی سەرمایەدارییە وشتی لەم جۆرە.... ئەمە جگە لەوەی کەسانی ناو کایەی ئاینی و سیاسیش قسەیان هەبووە کە من بە پێویستی نازانم قسەکانی ئەوان دووپات بکەمەوە.  
هەموو ئەم لێکدانەوانە جگە لەوەی ئەوەندەی تر دەستەوەستانمان ئەکەن لە بەرامبەر ناسینی ئەم دۆخە، هیچ یارمەتییەکمان نادەن تا تێبگەین لەوەی هێرشی بۆ هێناوین، ئەمە لە کاتێکدا خودی ئەم ڤایرۆسە هەڵگری لێڵی و ئاڵۆزییەکی زۆرە کە وا ئەکات تێگەشتنێکی ئاسان نەبێت.  
ئەوەی لێمان دیارە مەرگ و ترسە کە لە گشت جێگەیەک خۆی بۆ مەڵاس داوین، بە جۆرێک ناتوانی لە هیچ شوێنێک دڵنیابیت، ئەوەی لە بەرچاومانە چۆڵ کردنی شارەکانە، کەوتنی مرۆڤە، بەستنی رێگاکانە، داخستنی سنورەکانە، تەنانەت بەرەو گۆشەگیرکردنی مرۆڤ ئەڕوات، کە ئیتر لەم کاتەدا هەر کەسێکی ئاسایی ئەتوانێت مەترسییەکان  بە چاوی سەر ببینێت.  
ئیدی جگە لە بینینی مەترسییەکە قسەیەک نییە کە بتوانین لە ناو ئەم دۆخەدا بیڵێین، تەنها شتێک بتوانرێت
بووترێت ئەوەیە کە لە دەرەوەی ئەبینرێت، ئەویش بە هاتنەدەرەوە لەو بازنەیەی زانست و خۆپارێزی لە هەرکۆلکە لێکدانەوەیەک کە زیان بە بیرکردنەوە فەلسەفییەکە بگەێنێت.  
گەڕانەوە بۆ پرسیارە مەزنەکان دەرچوونە لەو دۆخی سەرقاڵییەی ئەمڕۆ مرۆڤی پێ گیرۆدەیە، ئەو دۆخەی بەها لە مرۆڤەکان وەرئەگرێتەوە و ئەیانکات بە تەنی هاوشێوە و دووپاتبوەوەی بێ پرسیار، ئەم دۆخە دووپاتبوەوەی مرۆڤ خۆبەخۆ دۆخی مەرگە بە بوون یان نەبوونی هەر ڤایرۆسێک، بەڵام کاتێک مرۆڤ راستەوخۆ مەترسییەکە هەست پێ ئەکات، ئیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لەو نۆرمەی پێی قورمیش کراوە،تەنانەت خودی سیستەمە قورمیشکەرەکە ئامۆژگاریت ئەکات بە وەستان، بە مانەوە لە ماڵەوە، لەکاتێکدا پێشتر هەمان سیستەم لە ماڵەکان دەریئەکردین و بەوەر کارگە و بازاڕەکان ئاراستەی ئەکردین.  
ئێستاش ئەم سیستەمە بێئاگایە لەوەی کە ناکرێت تاسەر لە کونجی ماڵەکاندا بین و دەرگاکان لەسەر خۆمان دابخەین، لە هەمان کاتیشدا ناکرێت پێچەوانەی رێنوماییەکان هەڵسوکەوت بکەین و ببینە هۆی نانەوەی کارەساتی لەوە گەورەتر، واتەدۆخەکە بە هەردوو ئاراستەکەیدا بەرەو مەترسی ئەکشێت.  
 ئەی چی بکەین؟ 
ئەو دۆخەی سەرقاڵی ئەمرۆمان پێمان ئەڵی ئەوەیە کە هیچ نیازێک نییە بۆ خۆداماڵین لە زانست،  تەنانەت توانا و ئامادەییەکی لەم جۆرەش بوونی نییە چونکە زانست بەشێکە لە بوونی ئەمڕۆییمان و هەر
دوورکەوتنەوەیەک لێی بەرەو دێوانەیی ئاراستەمان ئەکات، لە هەمان کاتیشدا ناتوانین نکولی لەوە بکەین کەخودی زانست و تەکنۆلۆجیا ئەگەر بەرهەمهێنەری ئەم مەرگەساتەش نەبن ئەوا بەشدارن لە دروست بوون و تەشەنەکردنیدا، ئیدی شەمەندەفەر و فرۆکە و رێگاکان تەنها مرۆڤ ناگوازنەوە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر بەڵکو لەگەڵ مرۆڤدا ڤایرۆسەکانیش ئەگوازنەوە. . 
ئێستا کە هەنگاوێک نزیکترین لە مەرگەوە، لە هەر کاتێکی تر گرینگترە  گەڕانەوەمان بۆ لای پرسیارە مەزنەکان، ئەبێت جارێکی تر زانست بخەینەوە ژێر پرسیار، هاوکات خودی زانست هاوتەریب بەفەلسەفە گەشە بکات و بتوانێت لە قۆناغی دوورتردا شوێنی یەکتربڕی خۆی لەگەڵ فەلسەفەدا بدۆزێتەوە.  
 
 کۆرۆنا و مرۆڤی دابەستە 
 
تا ئێستا دوو رێگا هەیە بۆ رووبەروبوونەوە. 
رێگای یەکەم داخستنی مرۆڤە بە رووی مرۆڤدا و مانەوە بە گوێرەی توانا لە ماڵەوە، ئەم رێگا بۆ دابڕاندنی نەخۆشە لە تەندروستەکان و هێشتنەوەی نەخۆشە تا چاک بوونەوە یان مردن بە بێ ئەوەی کەسێکی ساغ لێیەوە تووش بێت. بەڵام ئەم رێگایە پێویستی بە توانایەکی لە بن نەهاتووە کە لە ئێستادا بەدی ناکرێت لەهەموو شوێنێکی سەر زەوی، دواتریش مرۆڤ بە گوێرەی خایاندنی ئەم نەخۆشییە لە دابەستەییدا ئەمێنێتەوە،مرۆڤی دابەستەش مرۆڤێک نییە دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکە سودبەخش بێت.  
دابەستە مرۆڤێکی تێکشکاوە لەرووی دەرونییەوە و بێتوانەیە لەرووی مێشک و جەستەییەوە، بۆیە قەیرانی دابەستەکردنی مرۆڤ قەیرانێکی تر ئەبێت لەدوای کۆرۆناوە، کە رەنگە ئەمەیان کاتێکی زیاتری بوێت بۆدەرچوون لێی.  
سەرکەوتنی مرۆڤ لە کەمی و زۆری ژمارەیدا نییە بەڵکو لە بوون یان نەبوونی کەسانی هۆشیاردایە، لەئێستاوە ئەوە دیارە کە مرۆڤی کەرەنتینەکراو بۆ ماوەیەکی درێژ مرۆڤێکی تەندروست دەرناچێت، تەنها لەم دۆخەدا مرۆڤ ئەتوانێت بەرگری لە مانەوەی جەستەیی خۆی بکات، ئەویش ئەگەر بتوانێت بەجەستەیەکی تەندروستەوە بمێنێتەوە، ئەگینا لە رووی دەروونی ناوەکییەوە ئەبێتە کەسێکی تێکشکاو ئەگەر لە ئێستاوەهەوڵی وشیارییەکی سەرتاسەرسی بۆ هەموو جیهان نەدرێت، هۆشیارییەک هیوایەک دروست بکات بۆ داهاتوو، تا ماوەی کەرەنتینەکردن درێژتر بێت مرۆڤ بتوانێت زیاتر هێزبهێنێتەوە ناو خۆی و بگرە ئەوماوەیە وەک ماوەی گومانی دیکارتی بەرێکات ❪ بنواڕە پرەنسیپی گومان لای رینیە دیکارت❫ 
 
 
 
رێگای دووهەم پشت بەستنە بەو تووشبوانەی کە  دوای تووش بوون چاک ئەبنەوە.  
ئەم رێگایە تا ئێستا زۆر نەکەوتوەتە جێبەجێ کردنەوە، چونکە هێشتا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی
نەخۆشییەکەداین و ئەم رێگایەش بەو پرەنسیپە کار ئەکات کە مرۆڤی بەهێز لە رووی جەستە و دەروونەوە بتوانێت خۆی دەرباز بکات لەو ڤایرۆسە و ئەوانەی کە نەیانتوانی دەربازبن کۆتاییان بێت بێ ئەوەی ئێمە بتوانین ئیشێکی زۆر گەورە بکەین بۆ رزگار کردنیان.  
ئەم رێگا لە ئێستاوە بەر تانە و تەشەر ئەکەوێت لە لایەن خەڵکانێکەوە کە پێیان وایە رێگایەکی مرۆڤانە نییەو هەوڵە بۆ کوشتنی پیر و بەتەمەنەکان و خۆرزگارکردنی حکومەتەکانە لەو داهاتە زۆرەی بۆ پیر وخانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشە درێژخایەنەکان و ئەوانی تر دابینی ئەکات، ئەمە جگە لەوەی ئەمە بە رێگا یان یاسای مێگەل باس ئەکرێت، بگرە ئەشڵێن کە دوور نییە ئەمە دروستکراوی ئەو وڵاتانەخۆیان بێت بۆ گەڕانەوەی ئەو داهاتانە، ئەشڵێن هەر لەبەر ئەمەیە  زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا خەمساردن لە رووبەروبوونەوەیدا.  
 
کۆرۆنا و ئەرکی پاراستنی زەوی 
ئەرکی دوای کۆرۆنا لە ئێستاوە دەست پێئەکات، جگە لەوەی باسمان کرد لەسەر شکستی زانست، کە شتێکە ئەبێ دانی پیابنرێت و ئەشبێت دان بەوەدا بنرێت کە بەهەر جۆرێک بێت مرۆڤ و زانستەکانی بەشدارن لەنانەوەی ئەم قەیرانەدا، دوای ئەوەش دانایی لە هەموو کاتێکی تر بۆ مرۆڤ پێویستە و ئەرکی پاراستنی بەها مرۆییەکان و پاراستنی زەوی لەسەر شانی داناکانی ئەمرۆیە.  
زانستیش وەک دوا بەرهەمی مرۆڤ شتێکە ئەبێ پارێزگاری لێ بکرێت تا ئەوکاتەی مرۆڤ ئەتوانێت لەقۆناغێکەوە بیگەێنێت بە قۆناغێکی باشتر، لە ئێستادا هەر پشت کردنێک لە زانست پشت کردنە لە مرۆڤ ونانەوەی پاشاگەردانییە و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی چاخە بەردینەکان و خراپتریش.  
ئەم ڤایرۆسە و پاشکەوتەکانی تەنها پەلاماری مرۆڤ نادەن، بەڵکو پەلاماری بەهاکانیشی ئەدەن و هیچ گومانێک نییە کە دۆخی دوای رزگار بوون دۆخێکی تەواو جیاواز ئەبێت لە دۆخی ئێستا بە رەچاوکردنی ئەوەی  کە ئەم دۆخەی ئێستا چەند ئەخاێنێت، تا درێژتربێت قەیراناوی تر ئەبێت، بۆیە رێگای کورت و دانایی زۆر و بیرکردنەوەی زۆر ئەرکی لە پێشینەی ئەمرۆی مرۆڤن بۆ دەرچوون لەم دۆخە.  
لەو دوو رێگایەی پێشتر کە باس کران ئەکرێت چارەسەرێکی باشتر پێکبێت.  
لە رێگای یەکەم دا ئەبێت پارێزگاری و جیاکردنەوەی مرۆڤ بخرێتە ژێر بارێکی تەندروستترەوە نەک بەمشێوەی ئێستا کە مرۆڤ دابەستە بکات، ئەبێت مرۆڤ بە زیندانیش لە ناو ماڵدا هیوای ئازادی لەدەست نەدات و بەرگەی چاوەڕوانی رۆژێکی باشتر و ئایندەیەکی باشتر بگرێت و بتوانێت خۆی پڕچەک بکات بەبیرکردنەوە و دانایی و هەمیشە لە ناو ئەو پرسیارە مەزنانەدا بژی کە مرۆڤایەتی لە سەرەتای بوونیەوە بەرهەمی هێناون، جگە لە پارێزگاری کردن لە توانای جەستەیی و دەروونی و بەرز راگرتنی شکۆی مرۆڤانەی خۆی، هەروەها هەست کردن بە ئازاری مرۆڤی تر لە کۆمەڵگاکانی تر و بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە وەک یەک جەستە و یەک گیان، بەمە مرۆڤ ئەتوانێت پارێزگاری لە توخمی خۆی و لە بوونی سروشتی خۆی بکات و تەنانەت ئامادەش بێت بۆ رووبەروبوونەوەی هەر دۆخێکی تری هاوشێوەی ئەمەش.  
لەمرۆدا ئەبێت دەزگاکان و حکومەت و میدیاکان بەو کارە هەستن، گەورەترین ئەرکی ئەمان بەرزراگرتنی هیوای مرۆڤە و راهێنانیەتی بۆ بەرگەگرتن و تێپەڕاندنی دۆخەکە.  
لە رێگای دووهەمیشەوە مرۆڤ ئەتوانێت واقیعیانەتر دۆخەکە ببینێت و هەست بە مەترسییەکانی بکات،بەوەش ئەتوانین بەشێک لە ئەنجامە خراپەکانی ئەم دۆخە پێشبینی بکەین و بتوانین قبوڵی بکەین، ئەویش دوای ئەوەی هەموو توانایەکمان بەکارئەبەین بۆ دەرچوون بە کەمترین زیان.  
بەڵام ئەوەی لەم رێگاوە هەڵئەهێنجرێت ئەو ئەرکەیە کە چاکبووانی ئەم نەخۆشییە ئەکەوێتە سەریان، ئەرکی دوای کۆرۆنا کە ئەرکی پاراستنی زەوییە.  
چاکبووان ئەبێت رابهێنرێن و فێربکرێن چۆن دەسکەوت و بەهاکانی مرۆڤ بپارێزن، ئەبێ پەلە بکرێت لەدەوڵەمەندکردنی بیری چاکبووان و خۆشیان هەستیان بەوە بەهێزبێت و بزانن کە چ ئەرکێکیان لەسەرە، ئەمە ئەو کارەیە کە ئەبێت یەکسەر و بێ دواکەوتن دەست پێ بکرێت و هیچ دەرفەتێک نییە بۆ دواخستنی، چونکە داهاتووی زەوی لە ئێستادا بەدەست ئەوانەوەیە و ئەوان ئەبنە بەرپرسی سەرەکی پاراستنی زەوی.  
 دیسان  ناچارم ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەرکی گەورە دوای پاراستنی زەوی ئەرکی گەڕانەوەیە بۆپرسیارە مەزنەکان و گواستنەوەی مرۆڤە لە سەردەمی قەیرانی زانستەکانەوە بۆ سەردەمی زانستی پرەنسیپدارو پرسیاری دانەخروان.  
 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×