نەوەیەکی تری قوربانی

محەمەد مامەند
  2020-03-26     493
٦٠ ساڵە جەلالی و مەلایی وەک دوو تای دەستاڕێک نەوە لەدوای نەوە ئەم میللەتە دەهاڕن، ٦٠ ساڵە ئەم گەلە خوێنی لێدەچۆڕێ و برا سێرە لەبرا دەگرێ و یەکتر دەکوژێ،  ٦٠ ساڵە شمشێر لەیەکتر دەسوون و چەقۆ دەخەنە سەر ملی یەکتر، شاخ و دەشت و بیابان نەما (قارەمان)ێتی کوردی لێتاقینەکەنەوە و خۆشیان لەناو ئەشکەوت و سەر لوتکەی چیاکان بە گەمژەیی و گەوجی تۆ پێ نەکەنن، عومرێکە تۆ هەر بورغویەکی لە ماشێنە وەحشی و ستەمکارەکەی ئەوان،  باوب و باپیرانت وەک چیلکە و کۆتەرەدار فڕێندرانە ناو تەندور و دۆزەخی ئەو دوو بنەماڵەیەوە، دیلیان کوشت و سوکایەتیان بە لاشەی کەس و کارەکەت کرد، نانیان لێخواردی و سفرەکەتیان دڕی، رق و قینیان تێدا چاندی و لە مرۆڤیانخستی و کردیانی بە بۆمب و دینامێت، فێریانکردی بە خوێنی براکەت پێبکەنی و شایی و لۆغان بۆ ژمارەی زۆری برا کوژراوەکانت بگێڕی، تۆ هەم قوربانی بووی و هەم جەللاد، وایان پەروەردە کردی کە ئەگەر تۆ براکەت نەکوژی ئەو دەتکوژێ، وایان تێگەیاندی براکەت دەستی غەدر و خیانەتە و کوشتنی فەرز و واجبە، جا ئەوان چیان نەکرد ئەزیزی من؟! ئەوان گرتنی سەرلوتکە شاخێکیان لە سەری هەموو کورد پێ گرنگتر و پیرۆزتر بوو، ئەوان مردن و خوێنیان لا ئاسایی کردیەوە، وانەی مەرگ دۆستیان فێرکردی، ئەوان هانیان دای ماڵ و سامانی براکەت بە غەنیمەت و دەستکەوتی جەنگی پیرۆز بزانی، ئەوان هیندەیان ئەژدیها و کرمی کوشندە خستە مێشتکتەوە  تا وایان لێکردی ببیە مرۆڤخۆر،  لەلای ئەوان بەهای ژیان لەوەدابوو بۆخۆت بمری و بۆ ئەوان بژی، لە دینی ئەواندا هەموو شتێک ڕەوابوو، خیانەت و بێ مۆرالی‌و نانیشیمانی سنوری نەمابوو، بەهایەک نەمابوو ناوی شکۆمەندی مرۆڤ و ژیان دۆستی بێ، جا چ دەروونناسێک دەتوانێ وێنای ئەو عقڵیەت و ناخ و مۆخە ئیبلیسیەی ئەوان بکا؟!
ئیستا تۆ خەریکی چی جانی جانان؟!
خەریکی مێژوو دووبارە بکەیەوە؟ دەتەوێ بەهەمان ریتم دەهۆڵەکە لێدەیەوە؟ دەتەوێ لە پێناوی عەرابەکانی خوێنی باوانت ببیەوە پشکۆ و سوتەمەنی؟ تۆ لە چۆڕاوگەی خوێنی براکەت هەر تێر نەبووی؟ ئەوان لە ئیستادا لەسەر خوانی ڕازاوە بەهەژاری تۆ و ئێسک و پروسکی باپیرانت پێدەکەنن،  جار جارێکیش وەک سیحری شەیتان سەنگەر لەیەکتر دەگرن  بۆ ئەوەی دەماری گەمژەییت ئەبدەیتکەنەوە، دایکە ڕەشپۆشەکەت تۆی گەورە کرد تا ببیە مرۆڤ نەک ببیەوە بە دەستە چیللەی ناو ئاگردان، گوێ لەهەناسەی دایکت بگرە و ڕێگەی ئەو بەرمەدە، ئەو دڵی نایە تۆ بنێرێ بۆ شەڕ. بیرت چوو نەوەکانی ئەوان لە راقیترین زانکۆ دەخوێنن، پێیان شەرمە بێنە ناو شارەکان و لەسەر گردو بەرزاییەکان دەژین!
تۆ ئەگەر ژیانی شکۆمەندی و بەهادارت دەوێ بۆ رێگایەکەت ناگۆڕێ؟ بۆ شمشێرەکەی دەروونت فڕێنادەی؟ بۆ دەستبەرداری روحە شەیتانیەکەت نابی؟ بۆ ئەوەندە حەزت لە مەرگی خۆت و خوێنی براکەتە؟ بۆ بەرپێی خۆت نابینی و وێنە گەورەکەی ژیانت لێ ونبوە؟!
وەرەوە ببە بنیادەم عەزیزی من، تۆ چ ئیشت بە شەڕی ئەهریمەنەکان هەیە؟ شەق لە هەموو ئەو مژدە و وەهمانە هەڵدە کە تەمەنیان بردی، ئەوانە هەموو تراویلکە و سەرابی فرویدەر بوون، بیرت نەچێ ئەوکاتەی تۆ شەڕیان بۆدەکەی ئەوان لەناو مێرگ و لەلازاردان، لەناو کۆشک و تەلاری ڕاقی و قەشەنگدان، ئەوان شەڕی تۆڕی کۆمەڵایەتیت پێدەکەن بۆ ئەوەی ئامادەت کەن بۆ شەڕی گەرم و یەکتر کوشتن، تۆ ئەوە مەکە برای من، هەڵەی باوانت دووبارە مەکەوە و خۆت مەکە قوربانی و یاری دەستی جەللادەکان، وەرەوە سەر رێگای ژیانە ڕەسەن و راستەقینەکە، وەرەوە ناو باوەشی دایکت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×