کێشە هەرە گەورەکەی دنیای جیهانگیریی

شێرکۆ کرمانج
  2020-03-27     448

لەم کورتەبابەتە دەمەوێت قسە لەسەر کێشە هەرە گەورەکەی دنیای جیهانگیریی بکەم کە من لێرە ناوم ناوە تەسکبینیی، کە مەبەستم لێی تەسکبیرکردنەوەو بچوکبینینی کێشەکانی دنیای جیهانگیرییە. بەواتایەکی دیکە نزیکبوونەوە لە پرسگەل‌و کێشەو گرفتە جیهانییەکان لە دیدێکی لۆکاڵییەوە.

بەڵام وای بەچاکدەزانم کە سەرەتا هەندێک قسە لەسەر جیهانگیریی بکەم. جیهانگیریی زۆر قسەی لەسەر کراوەو بەزۆر شێوە باسکراوە، بەڵام من لێرە لە دوو وشە، یان چەمک، کورتیدەکەمەوە: قەبارە (scope) و خێرایی (speed). مەبەستم چییە لەو دوو وشەیە؟ ئەوە ڕونی دەکەمەوە.

خۆی کاتێک باس لە جیهانگیریی دەکرێت هەندێک دەیگێڕنەوە بۆ سەردەمی بەفرین (ice age) چونکە ئەوکات مرۆڤ توانی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دنیا بەرەو بەشی ڕۆژئاوای (ئەمریکا) بڕوات‌و مرۆڤ لە تەواوی گۆی زەوی بوون پەیداکات. هەندێکی دیکە دەیگێڕنەوە بۆ هەندێک ڕووداوی مێژوویی وەک دروستبوونی ئیمبراتۆرییەتی ڕۆمان، یان گەشەو تەشەنەی ئیسلام بە جیهاندا، یان هاتنی جەنگیزخان‌و داگیرکردنی بەشێکی زۆری دنیا، یان کۆڵانیزەکردنی ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکا لەلایەن هێزە ئەوڕوپییەکان، یان ڕووخانی دیواری بەرلین‌و باڵادەستبوونی ئەمریکا لەسەرتاسەری دنیا.

هەر یەکێک لەم ڕووداوانە کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر جیهانگیریی بەڵام ئەو جیهانگیرییەی کە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوەوە پەیدابووە زۆر لەو جیهانگیرییە ناکامیڵانەی پێشخۆی دنیای بچوککردۆتەوە. بچوکردنەوەکەش لەو دوو وشەیە یان چەمکە دەردەکەوێت کە ئاماژەمپێکردن، قەبارەو خێرایی، وەک قەبارەی هاتوچۆو و خێرایی هاتووچۆ؛ قەبارەی بازرگانی‌و خێرایی بازرگانی؛ قەبارەی پەیوەندییەکان‌و خێرایی پەیوەندییەکان ...هتد. هاتوچۆ و بازرگانی‌و پەیوەندی لە جیهاندا هەر هەبووە بەڵام هیچ کاتێک نە بەم قەبارەیە نە بەم خێراییە. ئەو هێزە یان پاڵنەرەی لە پشت هەموو ئەو جوڵانەدایە پێشکەوتن‌و شۆڕشی پیشەسازی‌و تەکنۆلۆجیایە، جا پاڵنەری ئەمە سیستەمی سەرمایەدارییە‌ یان بیرۆکەکانی نیولیبرالەکان ئەوە شتێکی دیکەیە.

جیهانگیریی وەک هەر دیاردەیەکی دیکە چەندین خاڵی پۆزەتیڤ‌و چەندین خاڵی نێگەتیڤی هەیە کە لێرە ناکرێت بە درێژی باسیان بکەین بەڵام بەخێرایی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین. بۆنمونە، لە کاتێکدا کە گواستنەوەی کۆمپانیا بچوک‌و گەورەکانی دنیا لە ئەوڕوپاو باکوری ئەمریکا بۆ ئاسیاو ئەفریقیا بۆتە مایەی بێکاربوونی ملیۆنان کرێکار لە ئەوڕوپاو ئەمریکا، لەهەمانکاتدا هەمان پڕۆسە بۆتە مایەی دروستبوونی هەلی کار بۆ ملیۆنان بێکار لە ئاسیاو ئەفریقا، بەتایبەتی لە چین‌و هیند کە سەدان ملیار خەڵک لەم دوو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاری بە کەڵکوەرگرتن لە دەرکەوتەکانی جیهانگیری دەرچوون‌و ئێستا یان کرێکاری دەستبەکارن یان لە چینی مامناوەندی گوزەران دەکەن. جیهانگیریی لەوکاتەی کە بۆتە مایەی بەیەکەوەبەستنی (interconnectedness) و پشتبەیەکتربەستنی (interdependence) وڵاتان‌ ئەمیش بووە بە مایەی دوورخستنەوەی تارمایی شەڕو بەرقەراربوونی ئاشتی لە بەشی هەرە زۆری جیهان، لە هەمانکاتدا، بۆتە مایەی وێرانبوونی ژینگەو پەیدابوونی جیاوازییەکی گەورەی چینایەتی چ لە ناوخۆی وڵاتەکان چ لەنێوان وڵاتەکان.

سەرەڕای ئەمانەو دەیان خاڵی پۆزەتیڤ‌و نێگەتیڤی جیهانگیریی کە لێرە جێگەیان نابێتەوە چونکە لەم بابەتە دەمەوێت قسە لەسەر یەکێک لەو پرس‌و کێشە گەورانەی دنیای ئەمڕۆ بکەم کە دەکرێت بە دەرکەوتێکی جیهانگیریی هەژماربکرێت کەچی تا ئێستا بێچارەسەر ماوەتەوە.

بەڕای من کێشەی هەرە گەورەی جیهانگیریی ئەوەیە کە دنیای جیهانگیربوو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بۆتەوە (لەوانە: وێرانبوونی ژینگە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان، تیرۆریزم، کۆچ‌و پەنابەری، ماددە بێهۆشکەرەکان تا دەگاتە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان کە ئەمڕۆ خۆی لە کۆڕۆناڤایرۆس دەبینێتەوە) بەڵام سەرەڕای جیهانیبوونی کێشەکان کەچی بەگشتیی نزیکبوونەوە لە کێشەکان لەلایەن دەوڵەتەکان لۆکاڵییە، واتە لە دیدێکی تەسکبینیی لۆکاڵییەوە دەبینرێن‌و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆنمونە:

کاتێک سەرۆکی ئەمریکا ناوی کۆڕۆناڤایرۆس وەک ڤایرۆسێکی چینی دەبات، ئەمە بێجگە لەوەی کە تاوانبارکردنی چینە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەمانکات مانای ئەوەیە کە دەبێت چین چارەسەری بکات چونکە ئەوان بوونەتە مایەی بڵاوبوونەوەی. کاتێک چین دێت لەنێو ئەو هەموو وڵاتە کە دووچاری نەخۆشییەکە بوون یارمەتی ئێران‌و عێراق دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەو دەڵێت ئەمە بۆیە دەکەین چونکە ئەم دوو دەوڵەتە کەوتونەتە سەر ڕێگای ئاوریشم (one road one belt). ئەمانە هەموو نیشانیدەدەن کە نزیکبوونەوەی وڵاتەکان بۆ ئەم کێشە جیهانییە نزیکبوونەوەیەکی لۆکاڵییەو پەیوەندی بە بەرژەوەندی نیشتیمانییەوە هەیە نەک مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەسەر مرۆڤایەتی.

کاتێک ئەمریکا لە پێکهاتنی پاریس (Paris Agreement) بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گازە ئاڵودەکەرەکان دەکشێتەوەو بەرژەوەندی سەرمایەدارەکانی ئەمریکا دەخاتە پێش بەرژەوەندی ژینگەو مرۆڤایەتیی، ئەمە نیشانەی پێشخستنی بەرژەوەندی تەسکی دەوڵەتە بەسەر بەرژەوەندی گەورەی ژینگەو مرۆڤایەتیی. هاوکات نیشاندانی ئەوەیە کە نزیکبوونەوە لە کێشەکان نزیکبوونەوەیەکی لۆکاڵییە نەک جیهانیی.

کاتێک پەنابەرو کۆچبەرەکان دەرگاکانی وڵاتان لە ئەوڕوپا دەکوتن‌و وڵاتان تەلبەند زیاددەکەن‌و دەرگاکان بەڕوویاندا دادەخەن بێ ئەوە بیر لەوە بکەنەوە کە تا سەقامگیریی‌و گەشەی ئابوری لە ئاسیاو ئەفریقا بەرقەرار نەبێت ئەوە ئەوان لە هەڕەشەی کۆچبەران ڕزگارییان نابێت، ئەمە نیشانەی نزیکبوونەوەی لۆکاڵانەیە بۆ کێشەیەکی جیهانیی.

کاتێک تیرۆریزم لە ئەفغانستان‌و عێراق‌و سوریا گەشەدەکات‌و وڵاتان بەگشتیی ئەم کێشەیە بە کێشەی دنیای ئیسلام‌و موسڵمانان دەزانن ئەمە تێگەیشتنێکی لۆکاڵییە بۆ کێشەیەکی جیهانیی.

بۆیە بەڕای من تا لۆکاڵانە لە کێشەکانی ئەمڕۆی دنیای جیهانگیربوو بڕوانین ناتوانین کێشەو گرفتەکانمان چارەسەر بکەین. خۆئەگەر دیدو تێڕوانیمان گۆڕی ئەوکات بیرکردنەوە لە میکانیزم‌و چارەسەرەکان دەستپێدەکەن‌و بەرەنگاربوونەوەیان ئاسانترو کاریگەرتر دەبێت. 

گوایە ئەمڕۆ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بە تەلەفۆن قسەیان کردوەو باسی هاوئاهەنگییەکی جیهانییان کردوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. هیوادارم یەکێک لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی ئەم پەتا نەگریسە، کۆڕۆناڤایرۆس، بەخۆداچوونەوەیەک بێت‌ کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو کێشە جیهانییەکان لە دیدێکی جیهانییەوە نەک لۆکاڵیی.    

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×