قوتکردنەوەی روسیاو چیین وەک جەمسەری دوی هێز، کۆتایی مێژوو دوائەخات!

د. رزگار ئاغا
  2020-03-31     1156
بەشی چوارەم لەوتاری‌، ململانێکانی ئەمەریکاو چیین‌و هاوپەیمانەکانیان: لێکەوتەکانی لەسەرهەڵدانی هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنادا

١.سەرەتا:
 لویس مێناند, لە نوسیێنکییدا: "فرانس فۆکۆیاما کۆتایی مێژوو دوائەخات"(١), ئەڵێت: لەشوباتی ١٩٨٩ فۆکۆیاما موحازەرەیەکی لە بارەی پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە لە زانکۆی شیکاگۆ پێشکەشکرد. فۆکۆیاما لە تەمەنی ٣٦ یالییدا بوو. لە دامەزراوەی راند, لە سانتا مۆنیکا, وەک شارەزای سیاسەتی دەرەوەی سۆڤییەتیی کاری ئەکرد,  دواتر بوو بە جێگری بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسیی, لە وەزارەتی دەرەوە لە واشنتۆن.

لە واشنتۆن, بیرکردنەوەکانی گەورەتر بوون, باس و خواسەکانی بوون بە مایەی سەرنجڕاکێشانی سەرنووسەری گۆڤاری ( (The National Interestئۆون هاریس, بۆ نووسینێک بە ناونیشانی "کۆتایی مێژوو" لە هاوینی ١٩٨٩, بەم نووسینە, سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای وریاکردەوە کە پێشنیاری " کۆتاییهاتنی کێبڕکێی ئایدۆلۆجیی سیستەماتییکی کرد"

هەلە ساتێکی نوێ بوو, بۆ لێدوان لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیی, ساتێکی نوێ بوو, بۆ شارەزا سۆڤییاتییەکان بە دیارییکراویی. چونکە لە ٧ی کانوونی یەکەمی١٩٨٨ گۆرباتشۆڤ, لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی داو رایگەیاند کە چیتر, یەکێتیی سۆڤییەت دەست وەرناداتە  گاروباری دەوڵەتەکانی ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە, ئەکرێت ئەم دەوڵەتانە ببنە دیموکراسیی, ئەمە سەرەتای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد بوو.
" کۆتایی مێژوو" مشت و مڕێکی لە سەرانسەری جیهاندا نایەوە, کە پاڵی بە نووسەرەکەیەوە     " فرانسیس ڤۆکۆیاما", نا کە رۆشنایی نێودەوڵەتیی بکەوێتە سەر, بە کورتییەکەی, تێزەکەی ئاماژە بە کۆتایی جەنگی نێوان ئایدۆلۆجیەکان ئەدات. فاشییزم لە جەنگی دوەمدا لەناوبرا, کۆمۆنیست لە چیین بەرەو تەقیینەوە ئەچێت و, چاکسازییە سیاسیی و, کۆمەڵایەتیی و, ئابوورییەکانی چیین بەرەو سیستەمی لیبراڵیی ئەچن.
 ئیتر, سەرمایەداریی لیبراڵیی بە بێ رکابەرێک, بە هاوبەشیی لەتەک دیموکراسیی و ئابووریی بازاڕی ئازاددا, دێتـە مەیدانەوە. باوەڕی وابوو, کە گەشەی ئاییندەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە نێو سنووری ئەم مۆدێڵە گەورەیەدا ئەمێنێتەوە.
 
 تێزی"کۆتایی مێژوو", بەخت یاوەری بوو, کە لە بۆشاییدا نەمایەوە. شەش مانگ پێش شۆرشی چییک بوو, پێش رووخانی دیواری بەرلیین بوو لە تشریینی دووەمی ١٩٨٩, ئیمپراتۆریەتی سۆڤییەتی  و بلۆکی سۆسیالیستیی بەرە بەرە کاڵبوونەوە. سەرۆکی ئەمەریکایی ئەو کاتە, جۆرج بوشی باوک,  بە دەنگێکی ئاشکرا,رایگەیاند,: "ئەمڕۆ دیکتاتۆریی بەسەرچوو.. ئێمە ئەزانیین چی باشە: ئازادیی کار ئەکات. ئێمە ئەزانیین چیی راستە: ئازادیی راستە"

 ئامانج لەمە, لەڕووداوەستانەوەیەکی گەورەیە لە لایەن چیین و رووسیا, لە مەودای درێژ و دووردا, بۆ جێگرتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی کە ئەمەریکا سەرکردایەتیی ئەکات. بێگومان, چیین, باش دەزانێـت, رووبەرووبوونەوی ئەمەریکا, بەبێ رووسیا نایەتە دیی. لەو کاتەی کۆکەرەوەی هاوبەشی هەردووکیان, سیستەمی ناڵیبراڵی و دەسەڵاتسەپێنیی و ئایدۆلۆجییە. پلانی تۆکمەیان هەیە بۆ دژە- دیموکراسیی لە ناوخۆی خۆیان و, لەو وڵاتانەشدا کە بە ئامانج گرتوویانن بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە. رووسیاش, لە دوای جەنگی ساردەوە, خەریکی خۆکۆکردنەوەی تەکنۆلۆجیایی و سەربازییە. بۆیە, لە ئامانجێکی هاوبەشدا کۆکە لە تەک چیین,هەتا پێکەوە, بەرەیەکی قاییم بۆ دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ساز بکەن. ئەگەرچی نیگەرانیی و دڵەراوکێی ستراتییجییانەش, لە هەرلایەکیانا بەرامبەر ئەوی تریان, کەمتر نیین لە مەترسییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا. بۆیە, لێرەدا پێویست ئەبێت, وەڵامی چەند پرسیارێک بدرێـتەوە لە بارەی گۆڕانکارییە سیاسیی و ستراتییجەکانی رووسیا. چۆن پۆتیین, کرایە دەسەڵاتدارێکی بێ رکابەر؟ چۆن رووسیا, لە دوا جەنگی ساردەوە, پێگەی ستراتییجیی و سیاسیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێ  بەخشرایەوە؟ 
ئایا خۆسازدانەکانی پۆتیین لە ناوەوە و دەرەوە, نیشاندەری هێزی رووسیا ئەنوێنێت لە رووداوەستانەوەی ئەمەریکادا؟
یەسەرکردنەوەیەکی خێرا, لە بۆچوون و شرۆڤەی سیاسەتکاران و چاودێرەکانەوە, پێویستن بۆ تێهەڵکێشێک لە وەڵامدانەوە بۆ ئەم پرسیارانە.

٢.هەورەچڵکنەکانی دونیای کۆمۆنیستیی, لەپڕێکا رەویینەوە:
. بە درێژایی حەفتاکان و هەشتاکان, سەرکردەکانی چیین و یەکێتیی سۆڤییەتیی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی کێشە دەرەەکی و ناوخۆییە ئاڵۆز و توندەکاندا بینییەوە. چیین,لە ناوخۆدا, بەهۆی شڵەژانی سیاسیی خۆیناوی و شەری ئەهلییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر, چەند دەیەیەک لە پلانی ناچالاک و سست و بەفیڕۆ دەر, گەشەی ئابووریی  پاشەکشەی کرد. لەسەر ئاستی دەرەوەشدا,تەنها ترسی پەکیین هەڕەشەی زیاتربوونی هێزی سەربازیی و دوژمنکارانەی یەکێتیی سۆفییەت بوو - لەوکاتەدا سۆڤییەت, لای خۆیەوە, کۆششیان بەردەوام بوو بۆ شانبەشانبوونی گەشەی هەڵکشاوی تەکنۆلۆجیای رۆژئاوایی و, بەرهەمە بازرگانییەکانیان-, بۆیە, سەرکردایەتی چیین دەستیان کرد, بە بەرنامەی چاکسازیی دوور مەودا و دواتریش, سۆڤییەتییەکانیش چاویان لێکردن. 

بۆیە, لە نەوەدەکاندا, پەیڕەوی هەندێ ڕێ و شوێنی جیا جیایان کرد, هەر لە وەرچەرخانی سەدەی نوێدا, مۆسکۆ و پەکیین, لە فۆرمێکی پارادۆکسیانەی گوماناوییدا دەرکەوتن, لە لایەک پێداگییریان لە هێشتنەوەی دەسەڵاتە چەپۆکەسەرییە مێژیینەکەی خۆیان, بەسەر کۆمەڵگەکانیانەوە و, لەلایەکی تریشەوە, خۆکۆکردنەوەیەکی ئابووریی و سەربازیی, کە تواناشکانیان بەسەر زۆرێک لە باشییەکانی ئابووریی بازاڕ و توانای سەربازیی و هەواڵگییریی زاڵ بێت, بۆ خۆسازدانێکی جەمسەرگییریی جیهانیی, کە وەک هێلکەی پاککراو خراوەتە بەردەستیان. ئەم تێکەڵبوونە تایبەتەی سیفەتی ئابووریی و سیاسیی و ئایدۆلۆجیی, بوون بە مایەی دەرکەوتنی چەشنە سیستەمێک, کە ئەکرێـت ناوی ببرێت بە "سەرمایەداریی دەسەڵاتسەپێنیی نەتەوەیی". 

رژێمی ئەمڕۆی رووسیا و چیین, لە زۆر وردەکارییدا جیاوازن, بەڵام لە هەندێ کاروباری بنەڕەتییدا هاوبەشن.

لە رووی سیاسەتەوە, هەردووکیان رژێمی ستەمکاریین, بەجۆرێک دەسەڵاتی بڕیار لە دەستی دەستەبژێرێک لە فەرمانڕەوای کەمدایە, بە بێ چاودێرییکردنیان لە لایەن هەڵبژاردنی ئازاد, یان دەسەڵاتێکی یاسادانان و دادوەریی بێ لایەنەوە. هییچ گرنتییەک نییە بۆ ئازادییە مەدەنیی و بنەماکانی مافی مرۆڤ, بە پێچەوانەوە, هەردووکیان رێ و شوێنی توند ئەسەپێنن بەسەر  رۆژنامە و, سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن و, کۆمەڵگەی مەدەنیی و, رێکخراوە ناحوکوومییەکاندا. بۆ پاساوی حوکمڕانیی توندوتییژیان, هەردووکیان ئایدۆلۆجیای نەتەوەییان بڵاوکردۆتەوە, بەوەی پێویستییان بە هێزی سەربازیی و, بەئاگابوونی هەتا هەتایی هەیە, دژ بە هەموو ئەو مەترسییە پێشبیینییکراوانە لە لایەن دوژمنکاریی بیانیی و, هەر هەوڵێکی تێکدەری ناوخۆوە کە رووبەروویان ببێـتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا, هەردووکیان, لە لایەن "سەرکردەی بەهێز"ی چالاک و ئاشکراو و میللیەوە بەڕێوە ئەبرین, کە لەو جۆرانەن کە لە مێژوودا بە فاشیست ناسراون. ئەوەی پێوەندی بە ئابوورییانەوە هەبێت,هەردووکیان, فۆرمێک لە فۆرمەکانی دەوڵەتی سەرمایەداریی بڵاوئەکەنەوە, تێکەڵێک لە موڵکداریی تایبەت و گشتیی, بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان, ئەگەرچی لە ناوخۆدا, هێڵێکی جیاکەرەوەی ئاشکرا, بەدی ناکرێت لە نێوان ئەو دوو بوارەدا. بەڵام دەرئەنجام, هەر لایەکیان ئەوپەڕی گەندەڵیی پێوە دیارە.

لە هەردوو رژێمەکەدا, سەرچاوەکان بەزۆریی لە رێی بازاڕگەرمکردنەوە پەیدا ئەکرێن؛ ئەوەی بەجۆرێک, هەردوو وڵات لە ئێستادا, بەوپەڕی قووڵییەوە, چوونەتەناو سیستەمی ئابووریی جیهانییەوە, لە تەک قوڵپی گەورەی شمەک و خزمەتگوزاریی و سەرمایەوە , چ لەناوەوە و چ لە دەرەوە.

٣.قوناغەکانی حوکمڕانیی رووسیا هەتا دەرکەوتنی پۆتیین(٣): 
بە پێچەوانەی چیین, گەشەی سیاسیی و ئابووریی رووسیا, لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا, هەندێ سەرەونخوون و گەڕانەوەی تییژی بەخۆیەوە دیووە. سەرباری ئەم وروژاندنانە, سیاسەتی رووسیا, لە گشتگییریی کۆمۆنیسیتییەوە بەرەو فۆرمێک لە فۆرمەکانی سەرمایەداریی دەسەڵاتسەپێنیی نەتەوەیی گەشەی کردووە, کە لە ئێستادا, بارێکی ناسەقامگییری هەیە بەشێوەیەکی رێژەییانە, ئەکرێت ئەم گۆڕانکارییە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش بکرێت.

لە رۆژگاری هەشتاکاندا, زۆر روون بوو, تەنانەت بەلای ئەوانەی کە لە لووتکەی قووچەکی سۆڤییەتییدا بوون, ئەو سیستەمی نەخشەدانانە ئابوورییە ناوەندییە, کە یەکێتیی سۆڤییەتی بردە کەشکەلانی هێزێکی مەزنەوە, سەرەونخوون بووە و, لە دوو دەیەی پێشوودا, بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوانە تێکشکا. سەرئەنجام, سستی و نەویی بوون بوو لە ئاستی ژیاریی و, زیادبوونی سەختتیەکان بەهۆی خەرجیی سەربازیی و, ئەستۆگیریی بەکرێگییراوە سۆڤییەتییەکان لە ئەوورپای رۆژهەلات و جیهانی سێیەمدا. خراپتر لەمەش,  سەرباری ئەو وەبەرهێنانە قەبانەی لە توێژیینەوە و, بەرنامەی فراوانی سیخووریی پیشەسازیی هەبوون, یەکێیتی سۆڤییەت لە رەوتی شۆرشی زانیاریی دواکەوت, کە لە گۆڕینی هێزی سەربازیی و, ئابوورییە مەدەنییەکانی دیموکراسیی پیشەزسازیی پێشکەوتووەوە, دەستی پێکرد.

لە دوای مردنی سەرکردەی سۆڤییەتی " لیونید بریجنیڤ" لە ١٩٨٢ و, میکائییل گۆرباتشۆف کرا بە رازگری گشتیی حیزبی کۆمۆنیست. گۆرباتشۆف زۆر زوو, دەرکی بە مەودای تەواوی قەوارەی پاشەکشەکانی سیستەمی حوکمڕانیی کرد. کاتێک, هەنگاوەکانی گۆرباتشۆف بە رووی کرانەوەیدا بۆ بیرۆسترۆیکا پەسەندکران, پەیکەری ئابووریی سوڤییەتیی داڕێژرایەوە, بەڵام لە تەکیشیدا, بەرەنگارییەکی بیرۆکراسییش هەبوو, لە لایەن ئەندامە چەقبەستووە کۆنەکانی حیزبەوە. لەکۆتایی ئەم قۆناغە, رژێمی کۆمۆنیست هەرەسی هێنا و, یەکێتیی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤییەت بەش بەش بوون,  کە رووسیا گەورەتریینیان بوو.

قوناغی دووەم: ئەکەوێتە ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٩, هەردوو رۆژگاری ماوەی حوکمڕانیی بۆریس یەڵسن بوو. ئەم رۆژگارە, دەوڵەتێک لە دوای یەکێتتیی سۆڤییەت دروست بوو, بەڵام, .شڵەژاو, لاواز, زیاتر گەڕەلاوژێ بوو, هەنگاوی جووڵەی ئەنا بەرەو شتێک, بە دیموکراسیی ئەچوو و, لەهەمان کاتدا, شێوەیەکی نوێی ستەمکارییش بوو. 

 دوای هەرەسی سۆڤییەتی, یەڵسن بژاردەی ئەوەی لەبەردەما بوو, کە هەموو دام و دەستگاکانی رۆژگاری گۆرباتشۆڤ, کە مابوونەوە, لایان بەرێـت و لە بریتییان پەیکەری دەوڵەتێکی نوێی تەواو بونیاد بنێت, هەروەک مایکڵ ماکفۆڵ روونی ئەکاتەوە: یەڵسن رێی دا بە کرانەوەی "پەنجەرەیەک لە هەلەکان", کە, "لە توانیدا بوو, دەوڵەتێکی ستەمکاریی وتوندوتییژ لە جێگای دابمەزرێتەوە... یان .. بەرەو بنج داکوتانی سیستەمێکی حوکمڕانیی دیموکراسیی بچێت", لە راستییدا, وا نەبوو, ئەو میراتییەکی لاوازیی بەردەوامی بۆ جێ هێڵرا بوو. بۆیە, بە درێژایی نەوەدەکان, دەسەڵاتە ناوەندەکە نەیتوانیی ئەرکی بنەڕەتی سەرشانی بە شێوەیەکی کارییگەرانە, بەجێ بهێنێت بۆ ئەو دەوڵەتە نوێیە؛ کۆکردنەوەی باجەکان, رێکخستنی دەستاودەستکردنی پارەکان, تەنانەت پارێزگارییکردن لە قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی, دەسەڵاتشکان بەسەر سەرچاوە سرووشتییەکان لە خاکەکەیاندا, هەڵسووڕاندنی سیاسەتەکانیان, لەو ناوچانەی بە فەرمیی لە نێودەسەڵاتی حوکوومەتە ناوەندییەکەیان بوو (وەک: رەگەزنامە, کۆکردنەوەی باج و بەشبەشکاریی). کرێی سەربازیی نەئەدرا, سەرکردە ناوخۆییەکان, هەندێجار خۆیان, بەپرسیارێیتان ئەگرتە دەست, بۆ یەکلاکردنەوەی سنوورە کێشەلەسەرەکان, لە تەک هەندێ لە دراوسێکانی رووسیا, کە سەربەخۆ بوو بوون.
 
 لاوازیی دەوڵەت, هاوشان بوو, لە تەک ئەو فراوانکارییە کتوپڕ و وروژێنەرەی, کە رۆڵی بازاڕ و سیستەمی ئابووریی, هێنانی لەتەک خۆیدا. لەسەر ئامۆژگاریی ئابوورییناسە رۆژئاواییەکان, یەڵسن, هەستا بە جێبەجێکردنی گوێزانەوەیەکی ریشەیی خێرا, لە کۆمۆنیستییەوە بۆ سەرمایەداریی, لە رێی ئیدارەیەکەوە کە بە "چارەسەر بە راچڵەکاندن "ئاماژەی بۆ ئەکریت. بەڵام, دەرئەنجامی سیاسەتەکەی یەڵسن, بوو بە مایەی داڕمانی ئابووریی ناوخۆ, هەر لە هەژاربوونی خەڵکەوە بۆ ژێرخانی ئابووریی. رووبەرووی پاشەکشەی ئابووریی زۆر زیاتر بووە, لەوە زیاتر کە لە دوای جەنگی یەکەم کەوتەوە. ژمارەیەکی کەم لە بێویژدانەکان, پرۆسەی بەشبەشێنە ( الخصخصه‌) یان قۆستەوە, بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان, دەسەڵاتی هێز, پارەی قەرز, بۆ کڕیینی موڵکەکانی دەوڵەت بە نرخێکی کەم لەو بەهایانەی هەیانبوو. سامان و موڵک لای دەستەبژێڕێک کەڵەکە بوون, ئیتر نایەکسانیی بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبووەوە, بەجۆرێک دەستەیەکی نوێ بە ناوی " ئۆلیگاریکەکان oligarchs " پەیدابوون, ئەو دەستەبژێرە کەمەی کە دەسەڵاتی سیاسییان بەکارهێنا بۆ دەوڵەمەند بوون, دەسەڵاتیان گرت بەسەر کەرتی گەورەی ئابووریی دەوڵەت دا.

دەرکەوتنی ئۆلیگارەکان, مشتەیەکی تری خستە ناو هەمانەی سیاسەتی رووسیاییەوە, کە بێگومان مایەی خێر نەبوون بۆ داهاتووی دیموکراسیی لیبراڵیی, کە یەڵسن سەرقاڵی بوو. سەرباری ئەوەی کە سەرکەوتوو بوون لەتۆکمەکردنی دەوڵەتدا,  بەڵام سیاسەتەکانی یەڵسن بە بێ جەماوەر مایەوە و, ناچاریش بوو لە رووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی چەپ و راستەکان و, هێشتا پێویستیی بەوە بوو هەڵ ببژێررێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٦ دا, ئیدارەی یەڵسن, ترس لە شکست و رەخنەگرتن, ناچار بوو کە پەیمانێک لەتەک هەندێ لە وەبەرهێنە دەوڵەمەندەکان ببەستتێت, پشکی گەورەی دانێ لە دەیان کۆمپانیای وزە و کانزا و کارگەی گەورەی دەوڵەتدا, بەرامبەر ٨٠٠ ملیۆن دۆڵار قەرز. ئەم پارانە, لە کۆمەککردنی کەمهێنانی بوجەی حوکوومەتدا بەکارهێنران و, پاشووهێنانەوەی دارایی بوو, هەڵئاوسانی قەبە کەوتەوە, لە هەمان کاتدا, لە پێدانی هەلی هەلبژاردنەوەی یەلسن دا کوژەر بوو. هەرچی ئامرازەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش بوو, لە رۆژنامە و تەلەفیزیۆنەوە, هەمووی موڵکی ئۆلیگارییکەکان بوو, کە هەموویان لەدژی بەهێزبوونی دەسەڵاتی حوکوومەتدا بوو.

ئەم هەڵمەتەی ١٩٩٦, خاڵی وەرچەرخان بوو لە گەشەی سیاسەتی سوڤیاتییدا, لە دوای جەنگی ساردەوە. سەرئەنجام, وڵات وەک دیموکراسیی بۆ هەڵبژاردن مایەوە و, سیاسەتەکەیشی کێبڕکێیانە بوو (هەمووی نیوە بە نییوە بوو, لە سایەی لاوازیی سەرۆکەکەیەوە). وەکو ئەو زانیارییانەی, کە فریدۆم هاوس کۆی کردوونەتەوە, رووسیا لە دەوڵەتێکی " نا ئازاد" ەوە لە ١٩٨٥, بۆ " نیمچە ئازاد" لە ١٩٩٠, پاشان بۆ ماوەی دەیەیەک, وەها مایەوە, بەڵام لە ناوەڕاستی ١٩٩٠ وە بەرە بەرە شلبۆوە و, دواجار لە ٢٠٠٥ دا, بووەوە بە وڵاتێکی" نا ئازاد".
 
قۆناغی سێیەم, لە بڕیاری لەناکاوی دەستلەکارکێشانەوەی یەڵسن دەست پێدەکات, لە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دووەمی لە ساڵی ١٩٩٩دا و, دانانی ڤلادیمییر پۆتین لە جێگەی خۆی و, هەڵبژاردنی پۆتیین بۆ سەرۆکایەتی لە ٢٠٠٠دا. لە نێوان سێ ئاراستە دیارەکەی رۆژگاری یەڵسن, پۆتیین,کەوتە خەمخواردنی سیستەمێکی نیشتمانیی سەقامگییر و سەرمایەداریی. لێرەوە, دەستی بە تۆکمەکردنی دەوڵەتی رووسیا کرد و, پرۆسەی بەشبەشێنەی بە نیمچەیی هەڵوەشاند, بەلام, نەتەوەکەی بەرەو ستەمکاریی برد. لە پاش هەرەسی یەکێتیی سۆڤێتیی, سەرکردە نوێیەکان, مارکسیی – لینیینیی یان رەت کردەوە, بە لایەنی کەمەوە لە رووی بیرۆزییەوە, ئابووری بازاڕ و سیاسەتەکانی دیموکراسیی یان وەرگرت, بەڵام بەوپەڕی سڵەمیینەوەوە مانەوە لە رووی مەزهەبە فەرمییەکاندا. بەڵام پۆتیین, بەوپەڕی ئاگاییەوەبە پێچەوانەی پێشیینەکانییەوە, ئیتر, هییچ خۆی نەدایە دەست چارەنووسی خواستی چوونەناو جیهانی دیموکراسیی لیبرالییەوە و, دەستی کرد بە سازکردنی دارشتەیەکی ئایدۆلۆجیی نەتەوەیی نالیبراڵیی و, بە تایبەت دژ بە رێچکەی رۆژئاوا, بۆ کۆکردنەوەی جەماوەرێکی فراوان و, پێدانی شەرعیەتیش بە سیستەمەکەی و, خۆی لە ئەندامە پێشووەکانی حیزبی کۆمۆنیست بە دوور گرت, ئەوانەی کە هەوڵی گەڕانەوەیان بوو بۆ دەسەڵات. لە ملینیۆمی ساڵی ١٩٩٩ دا, وتی "من, بەهەموو شێوەیەک, دژی گێڕانەوەی ئایدۆلۆجیای فەرمیی دەوڵەتم لە رووسیادا "(٤)

هەرچەندە, لە ساڵی ٢٠٠١, ریڤیو ئۆف(٥), لە نیۆیرک تایمز, نووسینێکی نووسی, باسی رق لێبوونەوەی ئازادیی رۆژنامەگەریی کرد, لە لایەن (پۆتیین) وە, تا ئەو ئاستەی وتی: "پۆتیین تەنها یەک بۆچوونی هەیە, لەبارەی ئەوەوەی چی باشە و چی خراپە بۆ رووسیا", هەروەها بە بۆچوونی (ئۆف), پۆتیین," دژی لیبراڵییزم نیە, تەنانەت دژی رۆژئاواش نییە"! ئایا ئەمە راست دەرچوو؟ ئایا پۆتیین, لە دوای ئەو دوو دەیە, هییچ گۆڕانکاریی بەسەر ئەم دوو هەڵوێستەیدا هات؟
٤.وەرچەرخانێک لە مێژووی سیاسیی رووسیا:
پۆتیین, زنجییرەیەک لە هەنگاوی گرنگی نا, بە مەبەستی پێکهێنانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی رووسیا؛ سنووری دانا بۆ حوکوومەتە ئۆتۆنۆمییەکان و, بەمە دەستی گرت بەسەریاندا, تۆکمەکردنی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ بەکارهێنانی بەشێوەیەکی کارییگەرانە, بۆ دەسەڵاتشکانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی, چاککردنی داهاتەکانی باج و دەرامەت و دەستگرتن بەسەر ئۆلیگارییەکاندا. لە کۆبوونەوەیەکی لەتەک کۆمەڵێک لە دەوڵەمەندتریینەکانی رووسیا لە هاویینی ٢٠٠٠دا, هەر دوای چەند مانگێک لە وەرگرتنی دەسەڵات, پۆتیین "یاسای گەمە"ی نوێی داڕشت؛ ئۆلیگارەکان ئەتوانن سامانەکانیان بەرن بۆ خۆیان, بە بێ رەچاوی چۆنیەتی دەستکەوتنیان, بە مەرجێک هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی نەدەن, ئەمە هەنگاوی یەکەم بوو, لەو کۆششە بەردەوامەی بۆ "پێچەوانەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و بازرگانیی, بەمەبەستی گێڕانەوەی هەژموونی دەوڵەت"

لەناوجەرگەی ئەم گۆرانکارییانەدا, هەڵمەتێک هەبوو "دانایانە و بەرەبەرەیی " بوو , ئامانجی گێرانەوەی هەژموونی دەوڵەت بوو, بەسەر گرنگتریین کەرتی ئابووریی رووساییدا و, ئامادەکردنی پێچکەکانی جووڵە بەرەو دەرەوە, بە تایبەتیی, بەسەر بەرهەمهێنان و گوێزانەوەی وزە و کەرەستەی سرووشتیی. لەم ئاراستەیەوە, " گازپرۆم" و"رۆزنەفت", دوو کۆمپانیای زەبەلاحی وزە بوون, کە (یەڵسن) هەوڵی بەشەبشێینەی ئەکردن, هەردووکیان هێنرانەوە ژێر دەسەڵاتی حوکوومەت. تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی, کە بەناو لە کەرتی تایبەتدا بوون, پۆتیین, خستنییە ژێر ئیدارەی کەسە نزییکەکانیەوە, ئەندامان لە دەستەی نوێی "دەستەبژێری حوکمڕانیی". بەپێی ئەم رێکخستنانە, هەروەک "هڵ" و " گادیی" روونیان کردۆتەوە "موڵکداریی یاسایی کۆمپانیا رووسیاییە سەرەکییەکان, هییچ راست نەبوون"؛ هەموو کۆمپانیا گشتیی و تایبەتەکان, ئیتر بە سەرپەرشتییکردن, یان رێنماییکردن بێت ,بوون بە ملکەچی کەرەمڵیین و خودی پۆتیین(٦).

بەرزبوونەوەی نرخی وزە, بوو بەمایەی سەقامگییری سیستەمی بازاڕ و چوونە سەری سیاسەتە داراییە توندگییرەکانی پۆتیین. ئیتر, گرنگترتین هەنگاو بریتی بوو لە دانەوەی قەرزی رووسیا و, تۆکمەکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی رووسیا. بەڵام پۆتیین ,ئەم گەشانەوە بەرچاوەی وڵات, یان زیاتربوونی جەماوەریبوونەکەی, لە تۆکمەکردنی دامەزراوە دموکراسییەکاندا بەکارنەهێنا. بەپێچەوانەوە, هەر لە یەکەمیین رۆژەکانی دەست بەکارەبوونییەوە, سەرۆکی نوێ, دەستی کرد بە ترازاندن وو لاوازکردن و, روخاندنی سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشبیینییکراو و, گییرترکردنی چنگەکانی لە دەوڵەت. 

سەرباری ئەوەی, کە شێوازەکانی دیموکراسیی هەڵبژاردن مایەوە, بە کۆتایی هاتنی ماوەی دەسەلاتی یەکەمی پۆتیین, بەڵام وەک ئەوسا نەبوو, بەڵکو, وەکو دیار بوو, ئیتر هییچ مانایەکی بۆ نەمابووەوە. لە تەک نائومێدیی و ترسی زۆریینەی کاندیدە رکابەرەکان, سەرۆک بە رێژەی ٧١%ی دەنگەکان جارێکی تر بردیەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨, شانبەشانی حوکمی دەستووریی, سەرۆکەکان ناکرێت بۆ دووجار بمێننەوە لەسەر دەسەڵات, بەمە, پۆتیین هەنگاوێک ئەچێتە ئەو لاوە, پێگەکەی لەتەک سەرۆک وەزیراندا "دیمتری میدفیدیڤ" ئاڵوگۆڕ پێکرد. بەڵام دوای چوار ساڵ گەڕایەوە, سەرباری لە رووداوەستانەوەی نارەزاییە گشتییەکان و,ئەو بانگەشانەی هەبوون  لە بارەی گزییکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە, بە رێژەیەکی تۆزێک کەمتر ٦٣%ی دەنگەکان, هاتەوە  دەسەڵات.

٥.پۆتیین تاکەی لە حوکمڕانییدا ئەبێـت؟
هێنریی  فۆی, لە نووسینێکدا" راوەشاندنی سیاسیی لە رووسیا: پۆتیین بۆ تا هەتایە"(٧) باس لە نیگەرانییەکانی درێژەی حوکمڕانیی پۆتیین ئەنووسیێت:
 لە دوای هەڵبژاردنی چوارەمی پۆتیین لە ٢٠١٨, چاودێرە سیاسسیەکان ئەیانڕوانیە ئەوەی ئایا کێ دوای پۆتنیین دیتە سەر حوکم؟ بەڵام, لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دا, ئەم وەڵامەیان دەستکەوت و, پێی وتن کە: خۆی دائەنێـتەوە!

لە گەورەترین هەڵمەتی چاکسازیی رووسیایی وڵاتدا بۆ چەند دەیەیەکە, پۆتیین هەموو ئیدارەی حوکوومەتی حەپەسان, ئەگەرچی ئەنجامی کۆتایی نەبوو, بەڵام هەوڵی ئەو بۆ نووسیینەوەی دەستوور بوو, بە شێوەیەک کە دەسەڵاتی پەرلەمان تۆکمە بکات و, هەژموونی سەرۆکایەتیی کەم بکاتەوە, بەمە سەرۆکی دوای خۆی سنووردا ئەکات و, رێگای ئاسان بۆ خۆی ئەکاتەوە, کە زیاتر دەستی هەبێت بەسەر وڵاتدا. 

لە وتارێکی ٧٠ خولەکییدا, پۆتیین ئەو پرسیارە گرنگەی بەهەند وەرگرت, کە لەبارەی ئاییندەی حوکمڕانییەکەیەوە, بەڵام هەندێ زانیاری تریشی درکاند, لەبارەی چۆنییەتی کارکردنی سیستەمی نوێ و, رۆڵی خۆی بە دیارییکراویی.

گۆڕیین, لە سیستەمێکی سەرۆکایەتییەوە – کە پۆتیین لە بەرژەوەندی خۆی تۆکمەی کرد- بۆ سیستەمی پەرلەمانیی بەهێز, دەسەڵاتێکی زیاتر ئەدات بۆ هەڵبژاردنی حوکوومەت و, بژاردەی هەمەجۆر ئەدات بە پۆتیین, بۆ مانەوە و تەنانەت تۆکمەکردنی دەسەڵاتەکەیشی, کاتێک ماوەی حوکمڕانییە چوراەمیینەکەیشی, کە لە ٢٠٢٤ دا تەواو ئەبێت.

بەم پێیە, لە دوای ئەم سەرۆکایەتییەش, ئەتوانێت, بگەڕێتەوە بۆ پێگەی سەرۆک وەزیران, ئەو پێگەیەی کە لە نێوان ٢٠٠٨-٢٠١٢ هەیبوو؛ دەرچوون بوو لە سیاسەتێکی راستەوخۆ لە رێی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی حوکوومەت, کە دواجار سیاسەتی حوکوومەت دائەڕێژێت؛ یان پێگەیەکی ریزی دواوە, وەک سەرۆکی حیزبی فەرمانڕەوا و, دەسەڵاتشکان بەسەر رووداوەکاندا لە رێی زۆریینەی پەرلەمانی بەهێزەوە.

٦.لەناکاوێک, رووسیا دەبێتەوە زلهێزێک:
ئارۆن فێردیبێرگ(٨), نووسیوویەتی: رووسیا, گەشەی ئابووریی سست بوو لە ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٢,. ئیتر, نەیئەتوانی بەو رەهاییەوە هەڵسوکەوت بکا, بۆیە, تووشی نارەزایی گشتیی جەماوەریی بووەوە. ئەمە خاڵی وەرچەرخان بوو لە ئەرکەکەیدا, کە گرنگیی بدات بە زاڵکردنی دەسەڵاتی لە ناوخۆی رووسیا و, دوورکەوتەوە لە گەشەی نەتەوەیی و برەوی ئابووریی. ئەمە, لە ٢٠١٤ دا قووڵتر بووەوە, کاتێک لەژێر هەژموونی سزای رۆژئاوایی و سستی ئابوورییدا, دوورگەی قەرەمی گرت. پۆتیین, هەموو لایەکی تێگەیاند, کە ناتوانێت دەستبەستراو بێت, نابێت کەسیش دەستی سیاسەتەکەی با بدات,  هەموو کارێک ئەکات لە پێناوی پێداویستیی رووسیا.
 
ئەلێک لوهان, لە گۆڤاری(Politico) بە ناونیشانی "سەرکردەی رووسیایی, هەل ئەقۆزێتەوە بۆ گێڕانەوەی هەژموونی مۆسکۆ, وەک یاریزانێکی جیهانیی سەرەکیی"(٨) نووسیوویەتی:

بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک, دوای هەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤییەت, رووسیا بە تەواوی لە ناوچەکدا دیار نەما. ئەمڕۆ, بووتەوە بە یاریزانێکی بەرچاو, بە جبەخانەی سەربازیی زەبەلاح و, پەیوەندیی تۆکمە, لە تەک هەموو کەسایەتییە سەرەکییە بەرهەڵستکارەکانیشەوە, هەر لە ئیسرائییل هەتا شانشیینی سعوودی. 
کاروبارەکانی رووسیا لە سایەی پۆتیین, بەرەو گۆڕانی هەژموونداریی هاتن. پۆتیین ئاهەنگی گێڕا, لە یەکەمین سەردانی بۆ دیمەشق,  دوای ئەوەی لە ٢٠١٥دا, کە چەکە ئاسمانییەکانی کەوتە بۆردوومانی بنەوبارگەی ئۆپۆزسیۆنەکان و, نیشانە بوون بۆ سەرکەوتنی رووسیا لە گۆڕینی ئاراستەی گوزەری ململانێکان.
پاشان , بۆردوومانی ئەدلب, سەرباری وەستانی شەڕی, دەوڵەتی ئیسلامیی خستە کونەوە و, ئەمەریکا و هێزە کوردییەکانی پاشەکشە پێکرد, جێیان چۆڵکرد بۆ هێزی رووسیایی بۆ دەستگرتن بەسەر بنکە بەتاڵەکانییدا.
لەوکاتەی, لە رۆژئاوا, بە قەدوباڵای بەهاری عەرەبییدا گۆرانیییان ئەوت, پۆتیین بە ئاژاوە و تێکدانی سەقامگییریی ناوزەدی کردن.

پۆتیین, جووڵەکانی درێژە پێدا بۆ ناوچەکە, سەردانی تورکیای کرد, لەتەک ئۆردوگان, رایان گەیاند, کە کەوتوونەتە رێکەوتن بەهەڵپەساردنی شەڕی نێوان دوو لایەنە بەشەڕهاتووەکەی لیبییا و, هەردوو سەرکردەکەیان بانگهێشتی مۆسکۆ کرد, بۆ تۆکمەکردنی ئەو ئاگربەستە. هەرچەند (حەفتەر) – کە رووسەکان پشتیووانییان کرد لە هێرشی بۆ تەرابلس-, قاییل نەبوو ئەو رێکەوتنە واژۆ بکات, بەڵام, دانوستانەکان ئەوەیان پیشان دا, کە کەرەملیین رۆڵی گەورە و پێشەنگی هەیە لە نێوەندگیریی ململانێکاندا. لە راستییدا, ئەنجێڵا مێرکل, پێش چەند رۆژێک لەو دانووستانە,  سەردانی مۆسکۆی کرد, بۆ قاییلکردنی مۆسکۆ, کە کۆنگرەیەک لەبارەی تەنگژەی لیبییا ببەسترێت لە بەرلیین.

بە هەبوونی سەرکردە رووسیاییەکە, لە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئێستادا, زۆر زەحمەتە کە هییچ ستراتییجێکی ئایدۆلۆجیی یان ئامانجی گشتگییرانە ببینرێت, لەم جم و جووڵانەدا, بەڵام , گرێبەستە قورسەکانی چەکەمەنی و بونیادی ژێرخان, هەوڵن بۆ بوون بە نێوەندگیرێکی ئیقلیمیی.

رێچکەی پۆتیین, رێچکەیەکی هەلپەرستانەی سیاسییانەی گرتەبەر, لەوکاتەی کە وڵاتە رۆژئاواییەکان بەرە بەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەستیان بە کشانەوە کردووە. بۆیە, ئەم هەلانەی قۆستۆتەوە, بۆ گێڕانەوەی هەژموونی رووسیا وەک هێزێکی گەورە. لەتەکیشیدا, زیاتر کردنی کێشی داخوازییەکانی لە سەتاسەری جیهاندا.

ئەلیک لوهان, ئەڵێت: دوو رووداو لە ٢٠١١ دا, پۆتیینی خستە سەر ڕێگای هاتنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و, دارشتنی دیدێکی جیهانیی کە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی چوارچێوە بۆ بریار – دروستکردن سازبکات.
یەکەمیان: پۆتیین, هاتنە دەسەڵاتی ئەو حوکوومەتانەی کە سەر بە رۆژئاوا بوون وەک ئۆکرانیا و جۆرجیا, بە هەنگاوی ئەمەریکای دانا بۆ گۆڕیینی رژێمی حوکمڕانی لە رووسیادا. بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تۆمەتبار کرد, کە ئەم جۆرە راپەریینانەی کە ئەمەریکا پشتیووانیان ئەکات, دەبنە ماەیە وروژاندنی نەتەوەیی و پەڕگییریی ئیسلامیی لە ناوچەکەدا.

ئارۆن فریدبێرگ, لە تێزەکەیدا بۆ "دامەزراوەی ساساکاوا بۆ ئاشتیی"( The Sasakawa Peace Foundation), ئەم بۆچوونە پشت راست ئەکاتەوە,  لە دوای شۆڕشی " پرتەقاڵیی" لە ساڵی ٢٠٠٤ دا, , دوای خۆپیشاندانێکی زۆر دژ بە بانگەشەی گزیی هەڵبژاردن, کە شکستی کاندیدە پەسەندەکەی رووسیا بوو, بۆ سەرۆکایەتی ئۆکرانیا. مۆسکۆ ئەم رووداوانەی وەها لێک دایەوە, کە ١١ی سێپتێمبەرێکی رووسیایە, بەوەی کە بە پاشووهێنانەوەی جیۆسیاسیی و, بە بەڵگەیەکی هەڕەشەی زیاتری دزەکردن و وێرانکاریی لە رۆژئاواوە وەریگرت. بە مەبەستی رووبەڕ,,بوونەوەی ئەم مەترسییە هەڵبەستراوە و, بۆ پاساوی ستەمکاریی بەردەوامیش, رژێمی پۆتیین, داوای "بنەمایەکی شەرعیی ئایدۆلۆجیایی" کرد, کە بتوانێت رووبەڕووی ئەو کۆششکارییەی دیموکراسیی لیبراڵیی رۆژئاوایی ببێـتەوە و, ئەو "بۆشاییە ئایدۆلۆجیاییە" پڕ بکاتەوە لە رووسیادا.

دووەمیان: دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەکی فڕیینی ئازاد لە لیبییا و, دەستپێکردنی هەلمەتی بۆدوومان بوو بەمایەی کوشتنی قەزافیی, کە هاوڕێێی پۆتیین بوو, لەوکاتەوە کە چادرە دەشتەکییەکەی لە باخچەکانی کەرەملیین هەڵدا, لەو سەردانەی ساڵی ٢٠٠٨ کردی.
دیمتری ترینین, سەرۆکی ناوەندی کارنیگیی لە مۆسکۆ, هەمان ئەم رایەی هەیە, ئەڵێت: "سووریا بوو, کە رووسیای بردەوە بۆ ئاسمان لە دوای یەکێتیی سۆڤییەتی جاران و, کردیەوە بە هێزێکی بیینراو لە شانی زلهێزەکاندا."
ئەلیک لۆهان نووسیوویەتی پۆتیین, جارێکیان پێشنیازی کرد کە بچێتە ناتۆوە  و, تەنانەت ناو یەکێتیی ئەوروپاوە, بەڵام کوشتنی قەزاقیی, ئەو غەدرەی واشنتۆن و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی کردیان, پاشگەزیی کردەوە.
لە بواری دیبلۆماسیشدا, رووسیا گفتوگۆکانی دەمبەست بوون لە تەک دەوڵەتەکانی تردا, بەڵام لەپرێکا, لە وڵاتێکی بێزراوەوە, بوو بە ئەندامی سەرەکی لە کۆڕی نەتەوەکاندا بۆ بڕیاردان لەسەر رووداوە جیهانییەکان.
لە ساێڵ ٢٠١٤ دا, لە ئیوارەخوانێکدا لە لووتکەی بیست (G20) لە بریسبان, سەرکردەی وڵاتانی تر قاییل نەبوون لەتەک پۆتیین دابنیشن, بەڵام لە سەروبەندی ٢٠١٦ دا, وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر مێزی دانوستان لەتەک وەزیری دەرەوەی رووسیا لە جنێف, کۆبوونەوە و, بڕیاری راوەستاندنی شەریان واژۆکرد لە سووریا دا و, بریاریان دا هەڵکوتانە سەری ئاسمانیی هاوبەش, بۆ سەرمۆڵگەکانی داعش ئەنجام بدەن.
لە دوای سووریاوە بوو, رووسیا دەستی کرد بە باس و خواسیی رکابەریی ئەمەریکا, دەستیان کرد بە هەوڵی هەڵگێرانەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی, لیبییاش هەوڵێکی تری جێ قاییمکردنە بەم ئاراستەیە.
لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق, سەرکەوتنە ئابوورییەکانی رووسیا بەرەو زیاتر ئەچێت, بواری هەیە هەژموونی سیاسیی خۆی لە وڵاتێکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستبکەوێـت. مۆسکۆ, بە شێنەیی دە ملیار دۆلاری لە کەرتی وزەی عێراقی بە دەست کەوتووە, لە دە ساڵی رابردوودا, بە پێشخستنی ژمارەیەک لە کێڵگەی نەوت و غاز. هەروەها, گرێبەستێکی ٤٢.٥ ملیار دۆلاریی چەکەمەنی واژۆ کردووە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە, هەڵدەستێت بە ناردنی دەبابە و کۆپتەر و مووشەکە بۆ عێراق. دوای کوشتنی سولەیمانی, باڵوێزی عێراق لە ئێران وتی: کە بەغداد جارێکی تر باس لە کڕیینی مووشەکی ئاسمان – زەمینی پێشکەوتوو ئەکات لەتەک رووسیادا.

کارڵسن, لە لێکۆلیینەوەیەکی وورد و پڕدا, کە بە تایبەتی بۆ ماوەی حوکمڕانیی نێوان ٢٠١٤-٢٠١٨ تەرخانە, بە ناونیشانی " پەرتکە و زاڵبە: دە وانە, لە بارەی چالاکییەکانی کاریگەریی سیاسیی رووسیا لە ئەوروپادا" (٩)

ئەم لێکۆڵیینەوەیە, هەموو ئەو ئامرازانە تاوتوێ ئەکات, کە رووسیا بە بەرنامەی ژیر و پڕی هەواڵگییرییانە کاری لەسەر کردوون, لەوانەش: سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە لە نێو ولاتە ئەوروپاییەکان. هەوڵی پەرتکردن و ترازاندنی رێکەوتن و متمانە نێودەوڵەتییەکانی دەولەتانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆی داوە.

بواری وزە و بزنس و گەندەڵییش, تەوەرەیەکی تری ستراتییجە زاڵبوونەکانە. بەوەی رووسیا پێدەریێکی سەرەکیی سەرچاوەی وزەیە, بۆ ئەوروپا و چواردەورەکانی. بەردەوامبوونی لە جڵەوگییری پێدانی وزە, مەبەستی سەرەکیی بووە لە پێناوی مسۆگەرکردنی: هەژموونی راستەوخۆی سیاسیی, لەکاتی بڕیینی پێدانی وزە و کارییگەر نەبوونی رووسیا, بە هەر بریارێک لە زلهێزەکانی وزەوە بدرێت, وزە مایەی داهاتی سەرەکیی ئابوورییە لە رووسیادا, کە مسۆگەریی سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆی ئەداتێ.

بەڵام, بەربەست لەبەردەم رووسیادا, سیاسەتی وزەی یەکێتیی ئەوروپا و, کۆکاریی بازاڕی وزەیە لە ئەوروپادا. رووسیا, هەوڵی لەگرێژەنەبردنی ئەم سیاسەتە و, بازارە بەکگرتووەکەی ئەوروپا بووە, بە قۆستنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە رووی سیاسەییەوە لە ناودا هەن. بۆیە, هەوڵە ئابوورییەکانی خۆی خستەگەڕ لە بواری گوێزانەوەی وزە و کارەبا, لەتەک ژمارەیەک لە وڵاتە ئەوروپاییەکان, وەک: ئەڵمانیا, نەرویج, سوێد, پۆلەند, لیتوەینیا, چییک هتد.

٧.دوا وتە:
 پێناچێت, هییچ کەسێکی دەوڵەتیی یان سیاسەتکارێکی رۆژئاوایی, بوێریی ئەوە بکات سووربێت لەسەر تێزەکەی فۆکۆیاما, یان ئەو هیوایەی پێ مابێت. بۆیە, زۆر ئاسانترە ئێستە, بڵێن: بەڵێ, مێژوو گەڕایەوە, بەڵام بە پێچەوانەی دییدی فۆکۆیاماوە.ئیتر, دیموکراسیی ڵیبراڵیی رووبەڕووی لە ڕووداوەستانەوەی راستەقیینە بووەتەوە, لە دوو بەرەی تەرییبەوە: لە رێی شێوازێکی نوێی متمانە بە دەسەڵاتسەپێنیی (ئۆپۆرۆتاریانیزم) خۆی, بە سەرکردایەتی چیین و رووسیا, کە دژبە بەها دیموکراسییەکان راوەستاون, ئەو بەهایانەی کە پێیانە ئەوانەی رۆژئاوا نیین, پلانەکانیشیان دوژمنی ئەوانە, نەک تەواوکەریان.
-------------------
چاوەروانی بەشی پێنجەم بن:

سەرچاوەکان:
(1) Louis Menand, Francis Fukuyama Postpones the End of History, The New Yorker,
     August 27, 2018.
(2) A. L. Friedberg, The Authoritarian Challenge: China, Russia and the Threat to the
     Liberal International Order, The Sasakawa Peace Foundation, 2017
(3) Ibid
(4) Ibid
(5) I. Chotiner, How Putin Controls Russia, 23th Jan., 2020.
(6) A. L. Friedberg, Ref.2
(7) Henry Foy, Russia‌s political shake-up: Putin forever, Financial Times,17th Jan,
     2020.
(8) A. Luhan,  Russian leader is seizing opportunities to restore Moscow‌s clout as
     a major global player. 19th Jan.2017.
(9) G. H. Karlsen, Divide and rule: ten lessons about Russian political influence
     activities in Europe, Palgrave Communications, Vol. 5, (2019).


د. ڕزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×