ڤایرۆسی کۆرۆنا، نامەرد فرسەت و ڕۆڵی حکومەت

ئاری هەرسین
  2020-04-04     1095
کە ئاسایشی نیشتیمانی لە وڵاتێکدا دەکەوێتە بە ر مەترسیەکی جدییەوە، ئیتر هەموو مەسەلەکانی دیکە دە بنە خاڵی لاوەکی و، هەڵدەپەسێردرێن. چونکە مەسەلەی مانەوە (بقا) دەبێتە ئەولەویەت. ئەم هێرشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر بەشەریەت، مەترسیەکی گەورە و جددی نەک تەنیا لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتان داناوا، بەڵکو ( لە حاڵەتی گوێ پێنەدان و ئیهمالیدا) مانەوەی ئینسانیشی لەسەر گۆی زەوی خستۆتە بەر پرسیارێکی مەترسیدارەوە.

لە ئێستادا وڵاتانی زلهێز و بەهێزی وەک ئەمەریکای باکور، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕوسیا، چین، فەڕەنساو زۆریتر، ڕۆژانە، جگە لە ڕێژەی بەرزی مردوو و توشبوون بە ڤایرۆسەکە،  خۆیان لە بەرەوڕو بونەوەی بێکاریەکی زۆر، کەمبونەوەی ڕێژەی خواردەمەنی و ئاوی پاک و داڕمانی ئابوری وڵاتەکانیاندا دەبیننەوە. 

ئەگەر بەراوردێکی عاقڵانە و ڕاستگۆیانەی توانای دام و دەزگای تەندروستی هەرێمی کوردستان و، توانای مالی حکومەتی خۆمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەین، وەک ئەوە وایە مێرولەیەک بە فیلێک بەراورد بکەین. 
دام و دەزگا تەندروستیەکانی ئەمەریکا و ئیتالیا و ئەسپانیا و فەڕەنسا، لە لایەن وڵاتانی ترەوە خێریان پێدەکرەت. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی دەزگاکانی تەندروستی ئەو وڵاتانە، پڕ بوونی بەشی ئینعاشی نەخۆشخانەکان و کەمی قەڵەوێرە و ئامێری پێدەری ئۆکسجینە. لە ئەمەریکا قەیرانی ماسکی خۆپاراستن هەیە و، بازاڕی ڕەش بۆ شاردنەوە و بە گران فرۆشتنی ماسک هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئێستا گەرم نەبوە. لە زۆربەی ئەو وڵاتە زلهێزانە شکاندنی کەرەنتینە و، بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆمەڵگەکانیان سزای توندی قانونی لەسەرە. لە کاتێکا ئەو وڵاتانە کەس لە خۆیان بە دیموکرات تر نازانن. ئیتر دەبێت حکومەتی ئێمە بڵێت چی؟

مەسەلەی مووچە بۆ هاوڵاتیان لەسەروو هەموو شتێکی ترەوە یە. چونکە ئەگەر بە کۆرۆناش نەمریت، ئەگەر پارەت پێ نەبێت خواردەمەنی پێویست دابین بکەیت، ئەوا لە برسا دەمریت. ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە کە باری ئابوری حکومەتی ئێمە (وەک هەموو وڵاتانی تری دونیای) وەک پێش هێرشی کۆرۆنا نیە. لە مەسەلەی مووچەدا، حکومەت لە دوو بژاردە زیاتری لەبەر دەستا نیە. یان ئەوەتا مووچە کەم بکاتەوە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا دابەشی بکات، یان بە ٤٠ بۆ ٤٥ ڕۆژ جارێک مووچە بدات. ئەوەی پێویستە حکومەت لە ئێستادا بیکات ئەوەیە کە، ئایا کام یەک لەم دوو بژاردەیە لە قازانجی هاوڵاتیانی کوردستانە؟

سەرەڕای ئەم پێشەکیە متەوازعەی باسمان کرد، کەچی لەم هەرێمە کەم دەسەڵاتەی ئێمەدا (کە دەوڵەتی سەربەخۆش نیە) کەسانێک کە خۆیان بە ڕۆشنبیر و هەندێکیتریش سیاسەتمەدار دەزانن، لە بری ئەوەی دڵیان بە خەڵک بسوتێت و (بە ئامۆژگاری عاقڵانە) لە مەترسی مردن بیانپارێزن، خەڵک هاندەدەن بۆ دژایەتیکردنی حکومەت و دەربڕینی ناڕەزایی بچنە سەر شەقام. هەموو دونیا دەڵێت مەسافەی دوو مەتر لە یەکتر بپارێزن، ئەمانە دەڵێن: لەدژی حکومەتی هەرێم بچنە سەر شەقام و بە پاڵەپەستۆی حەشامات ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاو بکەنەوە با ڕۆژی ١٠٠٠ کەستان لێ بمرێت…! لەم ڕۆژانەدا برادەرێک پێی وتم کە هاوڵاتیەکی کورد کە لە بەریتانیا دە ژی بۆی گێڕاوەتەوە کە گوایا حکومەتی بەریتانی بە خەڵکی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندوا کە هەفتەی ٥٠٠ پاوەن (کە بە نزیکی دەکاتە ٦١٣ دۆلار و مانگی دەکاتە نزیک ٢٥٠٠ دۆلار) دە داتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی با لە ماڵەوە دانیش!… من زۆر سەرم سوڕما، چونکە هەموو بەیانیەک هەتا دانی نیوەڕوان سەیری کەناڵی بی بی سی لەندەن دەکەم و بۆ جارێکیش گوێم لەم هەواڵە نەبوە. دە بێت حکومەتی بەریتانیا کە لە ئێستادا ئابوریەکەی ئیفلیج بوە لەسەر کانێکی لەبن نەهاتووی پارە دانیشتبێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات. بە پێچەوانەوە کەناڵی بی بی سی بەم ڕۆژگارە ئامۆژگاری خەڵک دەکات بۆ خۆپاراستن لە مردن، سۆشیال میدیا نەکەنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و، تەنیا پشت بە ڕێنماییە فەرمیەکانی حکومەت ببەستن، بەتایبەتی ئەو هەواڵانەی کە پەیوەندیان بە بواری تەندروستیەوە هەیە. بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەیەکدا ٦ ملیۆن کەس بێکار بوون، کەچی کەس هانی بێکارانی نەدان بێنە سەر شەقام و داوای کار بکەن، چونکە منداڵێکیش دەزانێت کە لە سەردەمی کۆرۆنادا ئەوە کردەوەیەکی خۆکوژیە.

کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە کەمو کوڕی لە ئوسلوبی حوکمڕانی خۆماڵی هەر لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە هەتا ئێستا هەیە. ئەم کەم و کوڕیانە ڕیشەیی و سیستەماتیکن و، شتێک نین بە شەوو ڕۆژێک و بە چاوتروکاندنێک چارەسەر بکرێن. ئەو کەسانەی لە ئێستادا بۆ کەم و کوڕیەکان دەگەڕێن و هاوڵاتیانی پێ ئیسارە دەکەن، دومەڵ و شێرپەنجەی ئەم وڵاتەن و تەنیا مەبەستیان خۆدەرخستنە و هیچیتر. هیچ سیاسەتمەدارێکی نیشتیمان پەروەر نابێت چاو لە گەندەڵی و کەمو کوڕی حکومەتی وڵاتەکەی بپۆشێت، هەر وەک چۆن نابێت ماستاو بۆ حوکمڕان سارد بکاتەوە و خۆی بکاتە محامی گەندەڵکاران و کەسانی نا مەسئول. بەڵام ئەگەر سیاسەتمەدارێک تۆزقاڵە زەڕڕەیەک ئەخلاقی نیشتیمانپەروەری تێدابێت، نابێت لەسەردەمی  ئەم قەیرانە سەختەدا نامەرد فرسەت بێت و حکومەتێک بکاتە ئامانج کە شەوی خستۆتە سەر ڕۆژ بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرش و بەڵای جیهانگیری کۆرۆنا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×