ترس لەدیموکراسیی: هێز لە نێوان ئەمەریکاو چیین دابەش ئەکرێت

د. رزگار ئاغا
  2020-04-07     1283
بەشی پێنجەم لەزنجییرەی: ململانێکانی  ئەمەریکاو چین‌و هاوپەیمانەکانیان: لێکەوتەکانی لەسەرهەڵدانی هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنادا

١.ئایا گوێزانەوە, یان تەنها پشتییوانیکردنی دیموکراسی, ئەرکی سەرشانی ئەمەریکایە؟
 ئەمە, پرسیارێکی جەدەلییە, لە دوای جەنگیی دووەم و, لە سەروەختی وەرگرتنی رەشمەی جڵەوگییریی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە, رووبەرووی ئەمەریکا بە دیارییکراویی و رۆژئاوا بە گشتیی ئەکرێـتەوە. پرسیارەکە, بەردەوام ئەکرێتەوە, چونکە وەڵامی پراکتیکی وەرنەگرتووە, ئەگەرچی بە نووسیین نووسراوەتەوە. ئەم ئەرکە, کە لەسەر ئەمەریکا پێویستی کراوە,لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێـت؟
لە رووی تیۆریی و پراکتیکییەوە, گەیشتنی دیموکراسیی بە وڵاتانی تر, وەک گوێزانەوە لەسەر شانی ئەمریکا نییە, بەڵام پشتییوانیکردنی ئەرکێکیە, لە زۆر لایەنەوە ئاسان و مەرجە:
یەکەم, ئەمەریکاییەکان, بەوەی مرۆڤن, هەست بە پێوەستبوونیان ئەکەن, بۆ باشترکردنی خۆشگوزەرانیی خەڵکی تری دونیا. پێوەستەکانی مرۆڤ تەنها لە سنووری ئەمەریکادا ناوەستن. بێگومان, ئەم پێوست و پابەندبوونانە, سنووردارن لەو کێبڕکێیەی لە سیستەمی نێودەوڵەتییدا هەیە. لەو جیهانەی, کە هێز بەکاردێـت, ناکرێت هەر حوکوومەتێک, کە سیاسەتیی دەرەوەی بکاتە شوێنی تۆڵەسەندنەوە. لە ئەمەریکا, هەمیشە نیگەرانییەکی گشتیی لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە, لە وڵاتە کێشەدارنە نادیموکراسییەکاندا هەیە لەناو خەڵکییدا, بۆیە کۆششە حوکوومی و ناحوکوومییەکان لە کاردان, بۆ کۆمەککردن لە بارسووککردنی برسێتی و هەژاریی و چەرمەسەریی لە وڵاتانی دەرەوەدا. ئەوە دەرهاویشتەکانی دیموکراسیییە, کە هاوڵاتی دیموکراسیی, لە ئەوپەری باوەڕی تاکەکەس و رێکخراوەیی مەدەنییدا, باوەڕی بە گوێزانەوەی دیموکراسیی هەیە. هەمیشە, دەنگی لەسەر حوکوومەتی ئەمەریکا و, دامەزراوەکانیەتی بۆ بەرنامەی تۆکمەی هاوکاریی و, هەڵوێست و, بەدەمەوەچوونی خەڵکی ولاتانی تر, لە باری ئاسایی و نائاساییدا کە حەکوومەتەکەیان لەوێ بێـت و, بەشداریی کۆمەڵگەکەیان بەرێتە مێژووەوە. بەڵام ئایا حوکوومەتی ئەمەریکا چەند بەدەم داواکارییە دیموکراسییەکانەوە چووە, لەکاتێدا, بە فەرمیی, لە ستراتییجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا, پێداگییریی تەواو هەیە, بۆ گوێزانەوەی دیموکراسیی بۆ وڵاتانی ژێردەسەڵاتی دەسەڵاتسەپێن و دیکتاتۆرەکان و, پشتییوانییکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی و حیزبە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوە دیموکراسییخوازەکان لەو وڵاتانەدا(١)؟ یان چەندە وەک بەرپرسیارێتیەکی مێژوویی, وەک سەرکردەی تەنهای سیستەمی نێودەوڵتیی بە ئەرکی خۆی هەستاوە چ بە تەنها و, چ لەتەک هاوپەیمانەکانیید,ا بۆ تۆکمەکردن و گوێزانەوەی دیموکراسیی؟

- سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا و پرسیی گوێزانەوەی دیموکراسیی(٢)
لە دوای شەڕی ساردەوە, پشتییوانییکردنی بڵاوبوونەوەی نێودەوڵەتیی دیموکراسی دەستی پێکرد.  سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و سیاسەتداڕیژەکان و چاودێرەکان, هەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی, کە گرنگیی یەکەمی ئەمەریکا بریتییە لە گۆرانکاریی بەرەو دیموکراسیی, ئەگەرچی رەخنە و سەرنجیش هەبوون کە بڵاوبوونەوەی دیموکراسیی سوود و زیانی خۆی هەیە.

لە چەند دەیەی پێشووەوە, زۆرێک لە سیاسەتکاران و چاودێران رووی رەخنەیان کردۆتە ئەمەریکا و, پێوەستی ئەکەن بە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسیی. بەتایبەت, پابەندبوونی کلنتۆن بە بڵاوکردنەوەی دیموکراسییەوە, شکستی هێنا و, زۆرێک لە سیاسەتکاران لە مشت ومڕیی ئەوەدا بوون, کە ئەمەریکا واز لە بلاوکردنەوەی تۆکمەکردنی دیموکراسیی جیهانیی بهێنێت. رۆبەرت کابڵان(٣)- نووسەر لە بواری کاروباری دەرەوە و راوێژکار و پاشان بەڕێوبەری گشتیی گروپی (Eurasia) بۆ راوێژکاریی مەترسییە سیاسییەکان لە ئەمەریکا-, لە یەکێک لە نووسیینە دیارەکانییدا مشتومڕ ئەکات لەسەر ئەوەی کە بەجێهێنانی هەڵبژاردنی دیموکراسیی لە زۆرێک لە وڵاتان, ئەبێـتە مایەی رێگریی و ئاستەنگ بۆ ئەو کۆششانەی, کە کارکراون بۆ ئاشتی نەژادیی و سەقامگییریی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووریی. فەرید زەکەریاش پێشنیار ئەکات کە هەڵبژاردن لە وڵاتانێکە کە لەسەر بەهاکانی لیبراڵیی نیین, ئەوا دیموکراسیی ناڵیبراڵیی ئەخولقێنن, ئەمەش هەڕەشەی ترسناک بۆ سەر ئازادییەکان ئەنێتەوە.
پشتییوانی ئەمەریکا بۆ بلاوبوونەوەی دیموکراسیی لیبراڵیی, مانای ئەوە نییە کە ئەمەریکا پێویستی سەرشانی بێت, هەموو پشتییوانییەکی لیبراڵیی لە پێش گرنگییدان بە گەشەی دیموکراسیی هەڵبژاردنەوە بکات. لە زۆربەی دۆخەکاندا, ئەشێت پشتییوانی دیموکراسیی هەڵبژاردن بەشداریی بکات, لە بلاوبوونەوەی لیبراڵیی و دیموکراسیی لیبراڵییدا. زۆربەیجار, هەڵبژاردنی ئازاد و پاک, ئەبنە مایەی لابردنی سەرکردەگەلێک کە مایەی گەورەترین بەربەست بن لە بڵاوبوونەوەی دیموکراسییدا. لە بۆرما, بە نموونە,  خەڵکیی پێیان ئەکرا, رژێمی سلۆرج  لابەرن ئەگەر دەرفەتیی سندووقەکانی هەڵبژاردنیان هەبووایە. لە باشوری ئەفەریقا و هاییتی و شیللیی, بە نموونە, هەر هەڵبژاردن بوو کە حوکمرانە دژە دیموکراسییەکانی لابرد و, پرۆسەی گۆرانکاریی هەلبژاردنی بردە قۆناغێکی باشترەوە لە زۆربەی دۆخەکاندا. بۆیە, ئەمەریکا لەسەریەتی کە پشتییوانی هەڵبژاردن بکات تەنانەت لە وڵاتە نالیبراڵییەکانیشدا. هەڵبژاردن پرۆسەیەکە بۆ گۆڕیین بەرەو دیموکراسیی. بۆیە, سیاسەتی ئەمەریکا نابێت چاوەروانی سازبوونی لیبراڵییزم بکات, پێش بەجێهێنانی هەڵبژاردن. ئەشێت, ئەم سیاسەتە لە لایەن حوکمڕانە دەسەڵاتسەپێنەکانەوە بقۆزرێتەوە بۆ پاساوهێنانەوەی بەردەوامیی سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر حوکمڕانییدا و, هەلبژاردنەکان بە دلی خۆیان دوا بخەن. زیاتر لەمەش, پشتییوانی چەسپاوی ئەمەریکا بۆ دیموکراسییبوونی هەلبژاردن, یارمەتی تۆکمەکردنی بنەماییەکی نێودەولەتی تازەپێگەیشتوو ئەدات, کە وا لەسەر حوکمرانەکان ئەکات پابەندبن پێوەی لەبەردەم خەلکەکەیان. بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە, ئەو هاتونەهاتە ئەهێنێـت, کە هەندێ حوکمرانی قیین لەدڵ  لە هەڵبژاردنەکاندا براوەبن و, سەرکەوتنی سندووقەکانی هەلبژاردن بەکاربهێنن بۆ پێدانی شەرعیەتێک بۆ حوکمڕانییە نالیبراڵییەکانیان.



- دیموکراسیی پڕاوپڕە, بۆسەقامگییریی سیستەمی نێودەوڵەتیی
بڵاوبوونەوەی دیموکراسیی سوود ئەگەیەنێت بە سیستەمی نێودەوڵەتیی لە رێی کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی جەنگ. دیموکراسییەکان جەنگ لە دژی دیموکراسییەکی تر هەڵناگیرسێنێت. زانا سیاسییەکان ئەم راستییەیان یەکلایی کردۆتەوە, هەر کاتێک ژمارەی دیموکراسییەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتییدا زیاد ببن, ئەوا ئەگەری ئەو ململانێیانەی کە جەنگیان لێ بکەوێتەوە, کەمتر ئەبێتەوە. لێکۆڵیینەوە ئەژمارییەکانیش, ئەم راستییەیان تۆمارکردووە و, دەرئەنجامێک نییە کە لە ئەنجامی رێکەوت  بێـت. 

راڤەی لۆجیکیانەش ئەوەیە, پێوەرە هاوبەشەکانی نێوان دیموکراسییەکان هاوبەشن, کە بەدووریان ئەخات لە دژایەتی یەکترییدا. راڤەی دووەمیشان, کۆتە پەیکەرییەکانی سیستەمی حوکمڕانیی دیموکراسیی, ڕێگە بەوە نادات دەست بدەنە یەخەی یەکتریی.

سەرباری ئەوەی, کە جەنگەکانی نێوان دیموکراسیی و نادیموکراسییەکان ماوەیەکی کورت ئەخایەنن. لێکۆلیینەوەکان, ئەوەیان ساغکردۆتەوە کە زیاتر جەنگەکانی نێوانیان, خەتای نادیموکراسییەکانە لە هەڵگییرساندنییدا. لە مەودای درێژ دا, سیستەمی نێودەوڵەتیی کە لە دیموکراسیی پێک بێن, جیهانێکی ئاسایش و بێوەیە. بە لایەنی کەمەوە, زیادبوونی ژمارەی وڵاتی دیموکراسیی  بەرەبەرە "ناوچەی ئاشتیی", دیموکراسیی فراوانتر ئەکات. 

- دیموکراسییەکان, پشتییوانی لە کاری تیرۆریستی  ناکەن دژ بە ئەمەریکا. لایەنە لایەنگییرە سەرەکییەکانی تیرۆری نێودەوڵەتیی, بریتیین لە وڵاتە دەسەڵاتسەپێن و دیکتاتۆرە توندوتییژەکان, وەک سوریا و ئێران و عێراق و کۆریای باکوور و سۆدان.

- دیموکراسییەکان, ئاوارەبوون و  پەناهەندەیی کەمدەکەنەوە
وڵاتە دیموکراسییەکان, کەمتریین پەناهەندە ئەخەنەوە. بەمە بڵاوبوونەوەی دیموکراسیی ئەبێـتە مایەی کەم کردنەوەی پەناهەندە هەڵهاتووەکان بۆ ئەمەریکا و بۆ رۆژئاواش. بێگومان, زۆربەی زۆری پەناهەندەکان لە وڵاتە نادیموکراسییەکانەوەن. نائامادەیی دیموکراسیی مایەی ململانێی ناوخۆیی, کێشمەکێشی نەژادیی, داپڵۆسیینی سیاسیی, گەشەی خێرای دانیشتووان- ئەمانە هەمووی بریاردەرەکانن بۆ راونانی دانیشتووان, بۆ پەناهەندەبوون لە وڵاتە دیموکراسییەکان.
ئەمەریکا لە هایتی لە ساڵی ١٩٩٤, مەبەستی بوو کە دیموکراسیی بگوێزێتەوە بۆ ئەوێ,کاتێک  هێزی ئەمەریکایی ئەنجوومەنی سەربازیی بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ راووڵ سیدراسی لەسەر تەخت لابرد و, حوکوومەتێکی دیموکراسیی لە جێ دانا, سەرباری ئەوەی کە بەختی ئابووریی هاییتی دەستبەجێ بەرەو باش بوون نەچوو. بەڵام ژمارەی پەناهەندەی هاییتی بۆ ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.

بۆیە, بەم هۆکارە ناوخۆیی و سیاسەتە دەرەکییانە بێـت, ئەمەریکا ئەبێت هەوڵی بونیادی پشتییوانی بنەماکانی لیبراڵیی بدات لە دەرەوەی ئەمەریکادا, پێش وە پاش بەجێهێنانی هەڵبژاردنەکانیان. پێشخستن و بەدواداچوونی سیاسەتەکانی تۆکمەکردنی لیبراڵییزم, زۆر گرانترە لەوەی هەوڵی قاییلکردنی وڵاتانێک بدەیت, بۆ بەجێهێنانی هەڵبژاردنی ئازاد و پاک, بەڵام  ئەمەریکا, ئەتوانێـت لیبراڵییزم و دیموکراسیی هەڵبژاردن تۆکمە بکات. بەڵام, مێژووی حەفتا ساڵی دوای جەنگیی دوو, کە جیهاان بەدەست ئەمەریکاوە بوو, کەمتەرخەمی بەمەبەستانەی نوواندووە, ئەگەرچیی هەندێک شوێن دەستی دیارە, بەڵام بە پاساوی تیرۆ و ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە, هەمیشە لایەنگییریی و پشتییوانی حوکووماتە نەکریسەکانی جیهانی سێی کردووە. ئەوەش راستە, کە خودی ئۆپۆزسیۆن لەم وڵاتانەدا, نە راستەقیینە بوون بەو ئاستەی مایەی متمانەی ئەمەریکا و رۆژئاوابن بۆ گۆرانکاریی راستەقیینە, چونکە لە کەمتریین هەلدا, بەرژەوندیی خوازیی و پاوانکاریی هەمان شێوەی ئەو رژێمانەی بەرهەم هێناوەتەوە, هەرێمی کوردستان باشتریین نموونەیە, کە ئەمەریکا هەموو پشتییوانی نێودەوڵەتیی بۆ رەخساندووە, بەڵام خواست بۆ دیموکراسیی و مۆدێلێکی ناوازە لە عێراق و ناوچەکە ووشک بووە. 


٢.ئایا خەڵکی ژێردەستەی حوکووماتە دەسەڵاتسەپێن و دیکتاتۆرەکان, زەرەرمەندن لە تەکیینەوەی دیموکراسیی؟
 - دیموکراسیی  لیبراڵیی کەمتر رووبەڕووی بەکارهێنانی توندوتیژیی ئەبێتەوە دژی گەلەکانی. بەتایبەتی, لەکاتی ناڕەزایی و, خۆپیشاندنی جەماوەریی و, نووسیین و, رەخنەی ئازاد, لە هەر بڕگە و رەوش و ئاراستەیەکی حوکوومەت, بەڵام ئەمە بە زەقی لە وڵاتە دیکتاتۆریی و دەسەڵاتسەپێنەکاندا دیارە. ئەمە خاڵی جووداکەرەوەیە, مرۆڤ لەسەر دەستی ئەو حوکوومەتانەدا, تووشی رەشەکوژیی ( جینۆساید) و, زیندانیی و, سێدارە و, کویلەکردن بوون. وەک یەکێتیی سۆڤییەت, چیینی میللی, ئەڵمانیای نازیی, ژاپۆنی ئیمپراتۆریەتیی, کەمبۆدیا, عێراق, سووریا هتد. وڵاتی دیمورکراسیی ئەم کارە دڕندەیی و وەحشیگەرییانەی ئەنجام نەداوە لە ناوخۆیاندا, لە دژی هاوڵاتییەکانیان. بەڵام ئەوەش راستە, هەڵمەتە بۆردوومانەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا, دژی ژاپۆن و ئەڵمانیا و ڤیتنام, بوونە مایەی کوشتنی هەزاران خەڵکی سڤییڵ, قەسابخانەکانی فیلیپیین لە داگییرکاری ئەمەریکایی بۆ سەریان, کوشتارگەلی فەرەنسایی لە جەزائییر, هی تریش لە جەنگە جۆربەجۆرەکانی کۆنۆلیانیزمی جیهانییدا.

دوو هۆکاری ڕێژەیی هەیە بۆ نائامادەیی توندوتیژیی مەدەنیی لە دیموکراسییەکاندا: یەکەمیان: سیستەمی سیاسیی دیموکراسییەکان – بەتایبەت سیستەمی دمیوکراسیی لیبراڵیی دەسەڵاتە حوکمڕانییەکان سنووردارئەکات, تواناکانیشی دیارییکراو ئەکات لە تاوانە رەشەکوژییەکاننی دانیشتوواندا, ئەوەی رۆمێل(٤) (١٩٣٢-٢٠١٤) – پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیندیانا, پسپۆر لە جەنگ و چارەسەری ململانێکان-, ئەڵێت "دەسەڵات, کوشتنی لەدەست دێت, دەسەڵاتی رەها بە شێوەیەکی رەهاش دەکوژێت.. هەرکاتێکیش, دەستبژێری سیاسیی توانی بە ئارەزووی خۆی, لە دەسەڵاتەکانی دەستگای دەوڵەتدا هەڵسوکەوت بکات, ئەوا زۆر بە دەستکراوەییانە, ئەیشتوانێـت خەڵک بچەوسێنێـتەوە و چەپۆکەسەریی بکات و بیشیکوژێت. دووەم: سیاسەتی دیموکراسیی رێ بە ئۆپۆزسیۆن ئەدات, کە بەشێوەیەکی ئاشکرا قسە بکات و, رێکاری رێکخراوانەشن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە دەستاودەستکردنێکی ئاشتیانەی ئارامدا. ئەگەر هەموو بەشداربووانی پرۆسەیەکی سیاسیی, پابەندبن بە بنەماکانی دیموکراسییەوە, ئیتر رەخنەگرانی حوکوومەت پێویستیان بە هەڵگیرساندنی شۆرشی توندوتییژ نییە و, لە بەرامبەریشدا, حوکوومەتیش رێ و شوێنی توندوتییژ بەکارناهێنێـت دژ بە بەرهەڵستکارەکانی.

- تۆکمەکردنی دیموکراسیی بەومانایەی کە پەرۆشە بۆ گەشانەوە و برەو لە مەودای درێژدا. لە بڵاوبوونەوەی دیموکراسیدا, ئەوەی زاڵە, کە تاکەکان بخاتە سەرباری ئابوورییەکی گەورە. دیموکراسی مەرجی گەشانەوەی لە ئەستۆ نییە, ئەمە, دۆخێکی خراپە بە دیموکراسیی بدرێت, چونکە وڵاتانی وەک هند و فلیبیین, ئابووریان کزی کرد, بۆ چەند ساڵێک لەم دواییەدا. هەندێکی تریان لە وڵاتە گەشاوەکانی سەرزەویین. بەڵام لە تەک ئەمەشدا, دیموکراسیی بە مەودای درێژ گەشانەوە ئەهێنێتە دیی. هەروەکو مانگۆر ئۆلسۆن, ئاماژە ئەدات: "ئەوە ڕێکەوت نییە, کە وڵاتانێک گەیشتوونەتە ئەوپەری باڵای ئەدای ئابووریی, نەوە دوای نەوە, ئەوانە هەموویان دیموکراسیی سەقامگییریان هەبووە."

بەڵام دەوڵەتە دەسەڵاتسەپێینەکان, بۆ رۆژگارێکی کورت, تۆمارێکی ئابووریی جوانیان هەیە. بۆ چەند دەیەیەک, گەشەی ساڵانەی یەکێتیی سۆڤییەت لە کۆبەرهەمی نەتەوەیی (GNP) لە گەشەی ئەمەریکاش تێپەڕی کرد, وای لە سەرۆک وەزیرانی سۆڤییەتی – خرۆشۆف کرد بڵێت " ئەتان نێژین".  چیین زیادبووە ساڵانەکانی کۆبەرهەمی نیشتمانی لەم سالانەی دواییدا دوو ژمارەیین. بەڵام, بە دەگمەن دەوڵەت دەسەڵاتسەپێنەکان ئەتوانن تێکڕاییەکانی گەشەسەندن وەک خۆی بهێلنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ. هەروەک مەنگۆر ئۆلسۆن(٥) تێبیینی کردووە, "بە ئەزموون دەرکەوتووە, دەولەت هەژارەکان ئەشێت بە خێرایی گەشەیەکی نائاسایی بکەن, کاتێک دیکتاتۆرێکی بەهێز بە رێکەوت سیاسەتێکی ئابووری چاکی نائاسایی ئەگرێـتە بەر, ئەم گەشەیە, تەنها بۆ ماوەی ئەو فەرمانڕەوایە یان دواتریەتی و هیچی تر. یەکێتیی سۆڤییەت نەیتوانی پارێزگاریی گەشە خێراییەکەی. کرژبوونەوە ئابوورییەکەی لە دواجاردا, بوو بە مایەی هەلوەشاندنی دەوڵەتەکەیی وبە زۆرێک لە هەڵبەز و دابەزی سیاسیی و ئابوورییەوە گلا.  زۆرێک لە شارەزایان, وا گۆمان ئەبەن, کە چیین بەردەوام ئەبێـت لە فراوانکارییە ئابوورییە خێراکەیدا.  جادیش باگواتی - شارەزای ئابووریی پێی وانییە " هییچ کەسێک  بتوانێت بەردەوام بێـت لەسەر ئەم تێکڕاییە گەشەیە بۆ مەودایەکی درێژ. زوو بێت و درەنگ ئەگەڕیتەوە بۆ سرووشتی مرۆیی خۆی.

- دیموکراسی برسێتیی ناخاتەوە
ئامارتیا سیین – شارەزای ئابووریی(6) ئەڵێت: "یەکێک لە راستییە ناوازەکان لە مێژوودا ئەوەیە, برسێتیی گەورە لە هییچ وڵاتێکی دیموکراسیی و رۆژنامەگەریی ئازاد دا رووینەداوە." زانایانی تریش کە لێکۆڵیینەوەیان لەسەر برسێتیی کردووە, گەیشتوونەتە هەمان دەرئەنجام, جۆزیف کۆڵیینز, ئەلێت:" کاتێک مافە سیاسییەکانی هاوڵاتیی بە راستیی برەوئەسێنن, ئیتر خەڵکیی دڵنیا ئەبن, لە کاتی خگونداوی خۆیدا, بەشداریی ئەکەن لە جڵەوگییرییکردنی کەرەستە ئابوورییە ژیارییەکان بۆ مانەوەیان. بەم پێیە, ئاسایشی خۆراک پێویستی بە دیموکراسییەکی هەمیشەیی بەردەوامە. بۆیە, زۆربەی ئەو وڵاتانەی بە دەست برسێتیی گرانەوە چەشتوویانە لەم دەیانەی دواییدا, لە نێوانی ئەو وڵاتانەدا بوون کە کەمترین دیموکراسیی تێدابووە لە جهاندا: یەکێتیی سۆڤییەت ( ئۆکرانیا لە سییەکاندا,), چیین, ئەسیوبیا, سۆماڵ, کەمبۆدیا, سۆدان. بە درێژایی مێژوو, برسێتیی لە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیاوازدا روویداوە, بەڵام لە هییچ دەوڵەتێکی دیموکراسییدا رووینەداوە. 

ئەمەش بە لایەنی کەمەوە بۆ دوو هۆ ئەگەڕێتەوە: یەکەم, حوکوومەتە دیموکراسییەکان, بەرپرسن لە بەردەم خەڵکەکەیاندا و, سەرکردەیان هەیە کە خواستی دووبارە هەڵبژاردنیان تیادایە, بۆ مسۆگەرکردنی برسیی نەکردنی خەڵکەکەیان. سیین ئاماژە ئەدات: "ئاسانە تەنگانەی قوربانییەکانی برسێتیی بە سیاسیی بکرێت". لە لایەکی ترەوە, رژێمە دەسەڵاتسەپێین و دیکتاتۆرییەکان, ملکەچی لێپرسیینەوەی خەڵکیی نیین, کەمترین جار باجی سیاسیی ئەدەن, بۆ شکستیان لە رێگرییکردنی برسێتییدا. زیاتر لەمەیش, زۆرجار, حوکمڕانە دەسەڵاتسەپێن و دیکتاتۆرەکان, دەستکەوتی سیاسییان هەیە لە بەکارهێنانی برسێتیی وەک ئامڕازێک بۆ لەناوبردنی نەیارە ناوخۆییەکانیان.
دووەم, هەبوونی رۆژنامەگەرێی ئازاد و قوڵپی زانیاریی ئازاد لە وڵاتە دیموکراسییەکان رێگریی لە برسێتیی ئەکات, لە رێی ئەو کارانەوە کە وەک ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە دەبن, لە بارەی کارەساتە سرووشتییەکانی وەک لافاو و وشکەساڵیی کە ئەبنە هۆی ئەستەمبوونی خۆراک. هەروەها, رۆژنامەگەریی ئازاد ئەتوانێـت رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی حوکوومەت بگرێت, کە ئاستی هەڵگرتنی خواردەمەنیی بڵاوبکاتەوە و, کێشەکانی دابەشکردن هەڵبماڵێت کە ئەبنە مایەی برسێتیی کاتێک خۆراکی زۆر لەبەردەست بێت. لە ١٩٥٨-١٩٦١ لە چیین, نزیکەی ٢٠-٣٠ ملیۆن کەس مردوون لە برسا, دەسەڵاتی چیین زیادەڕەوییان گردبوو لەو یەدەکی خۆراکەی کە هەیانبووە بە بری ١٠٠ ملیۆن تەن سێجا, ئەم کارەساتە, پاڵی بە "ماو" – سەرۆکی چیین, ەوە نا کە دان بنێت بەوەدا کە " بە بێ دیموکراسیی, ناتوانیین لەمەی روویداوە, تێ بگەین". هەروەها برسێتییەکەی بەنگلادیش لە ١٩٧٤, ئەتوانرا نەهێڵرێت رووی بدایە, ئەگەر حوکوومەت زانیاری زیاتری لەبەردەست بووایە. هاوکارییەکانی خۆراک زۆر بوون, بەڵام لافاو و بێکاریی و ترس هۆکار بوون, بۆ ئەوەی خەڵک, بە زەحمەت خۆراکیان دەست بکەوێـت.

هندستان, بەڵگەیەکی روون و دیارە بۆ کاریگەریی سەرەکیی دیموکراسیی, لەسەر  رێگرییکردنی کەوتنەوەی برسێتیی. پێش سەربەخۆیی هند لە ١٩٧٤, هندستان بە دەست چەندیین برسێتیی چەندبارەبووەوە چەشتوویەتی. لە بەنگاڵ, لە ساڵی ١٩٤٣ دا نزیکەی ٢-٣ ملیۆنە کەس مردوون. بەڵام دوای ئەوەی سەربەخۆ و دیموکراسیی بوو, وڵاتەکە چەند جارێک لە ١٩٦٨, ١٩٧٣, ١٩٧٩, ١٩٨٧ دا شکستی گەورەی هێناوە لە بەروبووم و کەمیی خۆراکدا, بەڵام هیچ ساڵێکیان نەبووە بە برسێتیی.

٣. بۆچی وڵاتانی جیهانی سێ, لەم دەرفەتە مێژووییە باڵادەستییەی دیموکراسییدا, بە نادیموکراسیی مانەوە؟
پرۆسەی دیموکراسییبوون, لە دەرەوەی رۆژئاوادا, قۆناغەکانی زۆر بەخێڕایی تێپەراندووە, پێش ئەوەی ببێتە پرسی سەرەکی کۆمەڵگە. بە مانایەک تر, بە قۆناغە سرووشتییە بونیادییەکانیی گۆڕانکاری سیستەمی حوکمڕانیی ئامادەگیی خۆی نەبووە, وەک فشارێکی سیاسیی و داخوازییەکی کۆمەڵگە خۆی نمایش کردووە, بە بێ گۆڕانکاریی لە هزر و رەفتار و رەوشیتی کۆمەڵگەکاندا. بۆیە, تەنانەت, گۆڕانی حوکمرانی زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهانی سێ, زیاتر روواڵەتیی بوون لە تەک پابەندبوونیان بە هەندێ خەسڵەتی دیموکراسییەوە و, دیارترینیان هەڵبژاردنەکانە. ئەم پرۆسەی هەلبژاردنەش, لە زۆربەی دۆخەکانییدا, دەسەڵاتسەپێنی و خواستی قۆرخکاریی و فێل و گزی و کڕیین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. بۆیە, نە حوکمڕانییەکی دیموکراسی ساغ هاتۆتە ئارا و, نە کۆمەڵگەیەک کە بنەماکانی دیموکراسیی بووبێـە رێنما و جڵەوگییری مامەڵەکانیان. ئەم کۆمەڵگانە, لیپان لییپە لە دەستدرێژییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینییەکان چ لە حوکمڕانەکانە و, چ لە خودی تاکەکانی کۆمەڵگەوە.

سەیری ئەو گاڵتجاڕییەی کە بەسەر وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەوانەی لە یەکێتیی سۆفییەت جیابوونەوە, بوڵگاریا, چییک, ئیستۆنیا, هەنگاریا, لاتڤیا, لیتوانیا, پۆڵەندا, رۆمانیا و سلۆڤاکیا و سلۆڤیینا, هەموویان گلینرانە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییانەوە. بوارێکیان بۆ نەرەخساندن بەرەو پرۆژەیەکی دیموکراسی بەهێز. بۆیە بەو ناکامڵیی و شپرزەیی ئابووریی و سیاسسیەوە هێڵراونەتەوە, هەتا نەبنە کێشەی گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی. ئێستاش لە ئاوابوونی تاک جەمسەریی دیموکراسیی, بۆ جەمسەرێکی دیموکراسی ئەمەریکایی و جەمسەرەکەی تر بۆ کۆمۆنیستی دەسەڵاتسەپێنی چیین و رووسیا, ئەم ولاتانە جارێکی تر بۆ ژێر دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی رووسیا روو لە باوان ئەکرێنەوە, بە بێ ئەوەی هییچ خێڕێکیان لە دیموکراسیی لیبراڵیی دیببێت و نایبیینن.

ئیدوارد مانسفیڵد و جاک سنایدەر, ئەم ناسەقامگییرییە ئەکەن بە بەڵگە, بۆگومان بردن بە مسۆگەریی ئاشتیی لە نێوان دیموکراسییەکان خۆیاندا. هەندێک میکانییزمیان وتووە کە راڤەی شەڕەنگێزیی دیموکراسییەکان ئەکات, لەوانە: یەکەم, هەمیشە دەستەبژێرێکی حوکمڕانیی کۆن هەن لە دەسەڵاتدا بن یان لە دەرەوەی, دەست بۆ کارتە نەتەوەیییەکان ئەبەن بۆ دنەدنە و هاندانی ململانێ و, هێنانە ئارای دۆخی کرژیی و ناسەقامگییریی, کە بە بەرژەوەندیی حیزب یان خێزانی دەسەڵاتی خۆیان بشکێتەوە و, بەردەوامیی زیاتر بدەن بە مانەوە لە فەرمانڕەواییدا. دووەمیشیان, لە دیموکراسییە تازە پێگەیشتووەکاندا, کە دامەزراوە دیموکراسییەکانی تیا ناکامڵە, فەرمانڕەوا نوێیەکان کێبڕکێایانە لەسەر خۆقایمکردن, باشتریین رێگەش دیسانەوە, کارتی نەتەوەییە, بۆیە بە دەرودراوسێکانییدا هەلئەشاخێت بۆ لەبییربردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان, کە  دووریان ئەخاتەوە لە پابەندبوون و تۆکمەکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان.

٤.بۆچی, ترس لە دیموکراسیی هەیە, بەهانەکان کامانەن؟
جەنگی دووەم, کۆتاییهێنان بوو بە قەڵەمڕەویی و ئیمپراتۆریەتی ئوسمانیی لە جیهاندا, کە ئامانجی سەرەکیی بوو لە جەنگەکە, لە تەکیشییدا, سڕیینەوەی ئەڵمانیای نازیی و سنووردارکردنی هەژموونی ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤییەت. دیموکراسیی و دیموکراسیی لیبراڵیی کرا بە تاکە پێرەوی حوکمڕانیی لە ئەمەریکا و ئەوروپای رۆژئاوادا. لێرەوە, بە رووی رۆژهەڵاتی ئیسلامیی و عەرەبییدا, ترسەکان هەر زوو رەویینەوە, بە جێگرتنەوەی ستەمکاریی و ناداپەروەرییەکانی ئوسمانییەکان, بە دەوڵەگەلێکی سۆسیالیسیتی نەتەوەیی ستەمکارانە و, هاوپەیمان لەتەک یەکێـتی سۆڤییەت و, هەندێ شانشیینی بنەماڵەیی هاتە ئاراوە. قەڵەمڕەویی  دیموکراسیی ئەمەریکا و رۆژئاوا, لەسایەی ئەم حوکوماتە دکتاتۆریی و دەسەڵاتسەپێنانەدا فراوانبوو, بوون بەمایەی هاندانی ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم وڵاتانە لە ڕووی حوکوماتەکانیان  هەڕەشەش لە کاتی بێگوێی ئەم حوکووماتانەدا. داخوازیی خۆرسکانەی ئازادیی و, دیموکراسیی و لیبراڵیی, گەلەکەنی یەکێـتی سۆڤییەت ترسیی گەورە بوون, بۆیە شەری ساردی یەکەم, بۆ هەڵوەشاندنی یەکێتیی سۆڤییەت بوو, بۆ دەوڵەتی بچووکی هەژاری لاواز, سەرقاڵ بە کێشە و ململانێی ناوخۆیی و, دەستێوەردانی رووسیا و ئەمەریکاوە, لە یەکە یەکەی ئەو وڵاتە نوێیانەدا. هەتا لە دواییەکانی سەدەی بیست و یەک, هەندێکیان هێنرانە ناو یەکێـتیی ئەوروپاشەوە. ئەم وڵاتانە دەستخەڕۆی دیموکراسییەکی رواڵەتانەی بێ هێز کران, هەتا ئەم دواییە, بە سایەی کۆرۆناوە, لە دابەشکاریی هێزدا, جارێکی دی ئەگەڕێنرێنەوە  ژێر حوکمڕانیی نادیموکراسیی و, دەسەڵاتسەپێنیی ژێرکاریگەریی رووسیایی. 

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش, چارەنووسی ئەو حوکوومەتە دیکتاتۆریی و شۆڤێنیانە, بیرکردنەوە و وەرچەرخان بوو, بۆ دیموکراسیی و دیموکراسیی لیبراڵیی, لە هەمان کاتدا هەژموونی ئیسلامیی سیاسیی و کێبڕکێکانی هەڵبژاردن کە بەهایەکی دیموکراسیی بەهێزە, بوون بە مەترسیی لە کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئەمەریکا بەسەر ئەم وڵاتانەدا. لە تورکیا, ترس لە دیموکراسیی, ئەو برشتەی نەماوە, خەونێکی ئۆردووگانی جێی هەموو ئایدۆلۆجیایەکی گرتۆتەوە, بە پشتییوانیەکی کەمی ئەملاو لا ,بە نموونە قەتەر, بۆ گێرانەوەی ئیمپراتۆریەتی ئاوابووی ئوسمانی. بەڵام پارچە پارچەیی ئاراستە عەرەبییەکانی ناوچەکە, رێگرێکی گەورەیە لەهێنانەدی ئەم خەونە.

بەهانەکان, یان ترسە راستەقیینەکان لە چەند لایەکی سەرەکییەوە سەرچاوە ئەگرن:

- ناکۆکی لەسەر ئاشتی دیموکراسیی
سەرباری ئەوەی کە زۆرێک لە زانا سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی دیموکراسی ئاشتی ئەخاتەوە و کەمترین دەستەویەخە هەیە لەنێوانیاندا, بەڵام ژمارەیەک زانای تر, لەسەرەتای نەوەدەکاندا, رەخنەیان لەم بۆچوونە گرت, بەوەی هییچ بەڵگەی ئەژماریی لە ئارادا نیین بۆ پشتراستکردنەوەی ئەو بۆچوونە.

هەندێ لە بەگومانەکان لەسەر ئاشتیی  دیموکراسییە, کە مسۆگەربێـت, پێیان وایە روویداوە کە دیموکراسییەکان دژ بە یەکتریی جەنگیان ناوەتەوە. بەڵگەشیان ئەو رێکارانەیە کە ئەمەریکا دژ بە ئێران گرتییە بەر لە ١٩٥٣ و, دژ بە گۆاتیماڵا لە ١٩٥٤ و, دژ بە شیللیی لە ١٩٧٣. ئەم بۆچوونە ئەوەی پێ ناشارێتەوە, کە دیموکراسییەکان کاری تیرۆریان دژ بە ئەمەریکا بەجێ هێنا بێت. لە هەریەک لەو حاڵەتانەدا, ئەو وڵاتانە دیموکراسییەتێکی گومانلێکراویان هەبووە. رێکارەکانی ئەمەریکاش بەرامبەر ئەو وڵاتانە, دەستتێوەردانێکی کاروباری ناوخۆییان بووە, نەک تیرۆرکردنیان. (٧)

- رەنگە دیموکراسییەکان بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵاتسەپێنیی
 رەخنەگرتن لە ئاشتی دیموکراسی ئەوەیە کە گرەنتیی نییە, دیموکراسییەکان تاسەر لە ئاشتییدا بژیین, بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە دەوڵەتێکی دیموکراسی ببێت بە نادیموکراسیی. ئەم ئەگەرە, ئەوە ئەگەیەنێـت کە تەنانەت دیموکراسییەکان ئەبێت نیگەران بن لەو هەڕەشە چاوەڕوانکراوەی کە دیموکراسییەکانی تر ئەینێنەوە, بە تایبەتی وڵاتە نوێ دیموکراسییەکان. جۆن میرشایمەر ئەڵێت: پێویستە لەسەر دیموکراسییە لیبراڵییەکان نیگەران بن بەو هێزە ڕێژەییەی لە نێوانیاندایە, کە ئەگاتە ئەو قسەیەی, ئەگەر هەیە هەریەک پاڵنەرێکی دوژمنکارانەی هەبێت بۆ ئەوی تریان, بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە کێشە داهاتووییەکان. بە مانایەکی تر, لۆجیکی ئاژاوە, وڵاتە دیموکراسییەکانیش ئەگرێـتەوە, کە لە ترس و بیم و نیگەرانیی و نادڵنییاییدا بژین.
ترس لەشکستی پەیکەری دامەزراوەیی ئاشتیی دیموکراسیی, لە تێکشکانی ئەو واقیعەی کە دیموکراسییەکان شەڕ لەتەک یەکتریی ناکەن, چونکە دیموکراسییە رۆژئاواییە بەهێزەکان, بە شێویەکی لیبراڵانە هەڵسوکەوت لەتەک یەکترییدا ئەکەن, چاویان لەسەر زەوی و توانا و بەدیهێنانەکانی یەکتریی نییە, ئەگەر هەیش بن, دامەزراوەکانیان ئەوەی لەباردایە, کە دەستییان بگرن لەوەی بەخێرایی بچن بە گژی یەکترییدا. داڕشتنی بریار لە دامەزراوە دیموکراسییەکاندا زۆر قورسە بۆ ئاراستەکردنی وڵات بەرەو شەڕ لە دژی هاوڕێ دیموکراسییەکەی, بەڵکو دیموکراسەکان هەمیشە چاەرەنووسیان پێکەوە گرێداوە.(٨)
 نەو-دیموکراسییەکان, هێڵێکی تەنک و کاڵ  لە نادیموکراسیی جودای کردوونەتەوە, هەمیشە لەسەر چزن, هەرکات بە خۆیدا رابینیی کە ئەتوانێـت بشێویی بنێتەوە, یان زەفەر بە وڵاتەکەی دراوسێی بهێنێت بەهەر پاساوێک بووە, دەچێـتە شەری گەورەوە کە هیچ پێودان و پەیمان و بڕیاری نێودەوڵەتیش نایوەستێنێت. واتە هییچ شتێک نییە, سڵی پێ بکاتەوە لە دوژمنکاریی لەهەر ئان و ساتێکی چاوەروانکراو و نەکراودا. ئەمە لە شەڕی عێراق – ئێران, عێراق – کوەیت, یەمەنی باکوور  - یەمەنی باشوور روویداوە. 

بۆیە, دیموکراسیی بووەتە مەترسیی گەورە, چ لە ئەوروپا و, چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و, هەستیان کرد, پێویستی بە قڵپکردنەوەی ستراتییجەکان هەیە. هەبوونی حیزبی کۆمۆنیستی و ئیسلامیی ئەو کێشە گەورەیە نیین بۆ دەسەڵاتشکان بەسەر ئەم وڵاتانەدا. بەڵکو, مانەوەیان پێداویستییەکی ستراتییجانەیە لە شلەقاندنی دۆخەکان و, گۆڕینی ئاراستەی جووڵە ناجۆر و نەخوازراوەکان. قاعیدە وداعش و حوسییەکان و جهادییەکان و هینی تریش, رۆڵی خۆیان گێراوە لە ساغکردنەوەی هەندێ لە ئالۆزییە ستراتییجە ژێربەژێرەکان و, لەباربردنی هەوڵەکانی دیموکراسیی کە نەبێـتە جێگرەوەی سیستەمە حوکمڕانەکانی ئەم ناوچەیە و, بە پێچەوانەوە رۆڵی بینییوە لە بەردەوامییدان بەو حوکمڕانانە و,  بێخەمیی ئەمەریکا و رۆژئاواش هۆکار بوون بۆ پشتییوانییکردنی ئەم حوکوومەتانە, بەو پاساوەوە. ئەگەر ئەم پشتییوانیانە بۆ دامەزراوکردنی دیموکراسیی خەرج بکرانایە , ئەوا هەلی حیزبی توندڕەو و ترسناک زۆر کەمتر ئەبوونەوە و, جەماوەرەکانیان تەنک و کەم پشوو ئەبوون.

سارا چاییز, لە " دزەکانی دەوڵەت"(٩) دا, ئاماژە بۆ گەندەڵیی حوکوومەتی گەرەزای ئەکات کە ئەمەریکا پشتییوانی سەرەکیی بووە, چۆن بووە بە مایەی ئەوەی کە کۆمەڵە توندرەوە ئوسولییەکانی پێ تۆکمە بکرێـت و, ئەفغانییەکان بە بەردەوام لە یاخییبووندا, چارەسەری رووبەڕووبوونەوە بدۆزنەوە.

ئەوەی تا ئێستا تێبیینیی ورد ئەکرێت, ئەمەریکا و رۆژئاوا بە تەواوی دەستیان ئاشکرابوو, لە خەمساردیی یان نەویستنی مەبەستانە بۆ گوێزانەوەی دیموکراسیی, یان پشتییوانییکردنی لە دەرەوەی رۆژئاوادا. هەر لە بەهاری عەرەبییەوە بیگرە, هەتا ئەو وڵاتانەی کە ئەمەریکا خۆی دەستی وەرداوەتە ناو یەکلاییکردنەوەی کێشەکان, یان زیاتر لەمەیش, لابردنی حوکمڕانە دیکتاتۆرەکانی وەک  ئێران و عێراق و فلیپیین و هتد. هییچ هەنگاوێکی راستەقیینەی بونیادنەر نەنراوە بەرەو سەقامگییرکردنی وڵات و, هەنگاونان بۆ دیموکراسیی تۆکمە. گەڕەڵاوژەی سیاسیی و حوکمڕانیی, لە وڵاتانی بەهاری عەرەبیی و, عێراق نموونەی زیندوون و هەتا ئێستا بەو شلۆقییە ماوەتەوە.

بۆیە, ئەم ناکامڵبوونە دیموکراسییەی لە دەرەوەی رۆژئاوادا هەیە بەگشتیی, ئیتر بە لۆمەکردنی ئەمەریکا بێـت لە خەمساردیی و فەرامۆشکردنی گواستنەوە, یان راستتر پشتیوانیی نەکردنی دیموکراسیی تۆکمە, بەدوادانەچوون و, نیگەران نەبوون بەرامبەر تەمەڵیی و نەویستنیی بەرقەرابوونی دیموکراسیی, مەبەست لێی هێشتنەوەی وڵاتەکان و, کۆمەڵگەکانیانە لە قاڵبی نادیموکراسیی, بە هەمان هزر و رەوشتە کۆمەلایەتی و پاڵنەرە نەژادیی و نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە. بێگومان, حوکمرانەکانیش هەر ئەم ویستانە هێلاونیتەوە. 

تەکیینەوەی ئەمەریکا لە هەندێ وڵاتی ناوچەکە و, هێنانی چیین و رووسیا, هەریەک بە رۆڵیکی تایبەتمەندەوە, ئیتر ئاوابوونی دیموکراسییە لە هزری سیاسیی خەڵک و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی داهاتوودا. ئەمەش ئەو قۆناغەیە, کە چەند دەیەیەکی کرژ و ئالۆز و ترسناک بەسەر جیهاندا تێپەڕ ئەبێت.

٥. چیین و رووسیاو لە بریی دیموکراسیی,  چیان پێیە بۆمان؟
دیارە, مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە, رووسیا و چیین, هەمان دەوڵەتکەی جارانن بە ئایدۆلۆجیا و, خواستە نەتەوەیی و, خۆبەزلزانییەکەی مێژوویانەوە, ستەم و خوێنڕێژیی حوکمڕانییە بەردەوامەکانیان, هەر لە ساڵی ١٩٠٠ هەتا ئەم ساتە وەختە, رۆمێل لە کتیبەکەیدا (Death By Government)(١٠), ئاماژە ئەدات کە نزیکەی ٧٨ ملیۆن کەس لە لایەن چیینی میللیی, ٦٢ ملیۆن کەس لە لایەن یەکێـتیی سۆڤییەتی جارانەوە. کوشتنی خەڵکی سڤییل لە لایەن ئەم دوو حوکوومەتەوەوە, کە ئێستاش هەمان وەچە و هەمان ئایدۆلۆجیا هێناونیەتەوە مەیدان و, سوورترن لە داپلۆسیینی ناڕەزاییەکان و, پۆڵایینکردنی دەسەڵاتەکانیان. بە ئێستاشەوە, بروانە چیین چۆن کەوتۆتە وێزەی موسڵمانەکان و بەردەوامە لە کوشتن و بڕینییان. ئەم مامەڵە ئاگراویی و خوێنڕێژییە, چۆن ئەتوانێـت مایەی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی و بووژانەوە بێـت.

چیین, لە خەونی گێرانەوەی ئیمپراتۆریەتەکەیدا, دژایەتییەکی تەواوی بەهاکانی لیبراڵی و دیموکراسیی – لیبراڵی دەکات. بەڵگەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بەهایانە و, کۆتایی پێهێنانیان لە وڵاتانی ناو قەڵایکەیدا ( پشتێن و ڕێگا), نەگونجان و کورتهێنان و زیانی ئەم بەهایانەیە لە تەک بەها رۆژهەڵاتییەکان و بیر و نەریت و خواستەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتە. بۆیە, لە بەرامبەردا, لەرووداوەستانەوەیەکی گەورەی ئایدۆلۆجیی هەیە, کە ناوی ناوە:"بەها ئاسیاییەکان" قووت ئەکاتەوە و, خواستی لە ئەمەریکایە کە پەسەندیان بکات بە هاندانیشەوە, ئەگەرنا,بۆی هاتۆتە جەنگێکی گەورەوە.
ئەم ئایدۆلۆجییە ئاسیاییە ئەڵێت, وڵاتانی ئاسیا, دەبێت دەستبژێرێکی دانا و دەسەڵاتسەپێن فەرمانڕەوایی بکەن, بەم پێیە, کۆمۆنیست, لە بەرگێکی نوێیدا, مافەکانی تاک ملکەچ  و سنووردار ئەکات بۆ کۆمەڵگەیەکی فراوانتر, دەوڵەتیش رۆڵی پێشەنگیی دەبێـ لە گەشەی ئابووریی وڵاتدا.

بەهانەکانیان لەم بارەیەوە, کە دیموکراسی نەشیاوە بۆ رۆژهەلاتی ئاسیا, ئەو ئازادییە بەرفراوانەیە کە دیموکراسیی لیبراڵیی دەستەبەری کردووە بۆ تاکەکانی, ئەم ئازادییە بەم قەبارەیەوە, بووەتە مایەی سووکردنی رەوشتیی و داتەپیینی کۆمەڵایەتیی. تیکڕایی جیابوونەوەی ژن و مێردایەتیی, مناڵی ناشەرعیی, تێکڕایی تاوانەکان, بە بەڵگەی خراپیی ئازادیی دێننەوە. هەروەها, بڵاوبوونەوەی دیموکراسیی بە هۆکاری وروژانە نەژادیی و زیاتربوونی ململانێی نەژادیی  لە ناو وڵاتە ئاسیاییەکاندا دائەنێن. بەگوێرەی حوکمرانیشەوە, دیموکراسیی و هەڵبژاردن کێشە ناوخۆییە تایەفیی و ئایینیی و نەژادییەکانی قووڵتر کردۆتەوە, لە حاڵەتیدا, سەقامگییریی سیاسی و ئابووریی نەچەسپاندووە.
ئەم پاساوانە, بۆ دەرکردنی بەها دیموکراسیی و لیبراڵییەکان لە کۆکردنەوەی خەڵک و پێکهێنانی حوکمڕانیی خەڵک, نابنە ئەوەی کە بەها ئاسیاییەکان لە جوکمڕانی دەسەڵاتسەپێن و تاکڕەویی, ببنە مایەی دادپەروەریی و خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتن و رەوشتی بەرز و کۆمەڵگەی بێ خەوش. چونکە, هەموو کۆمەڵگە دیموکراسیی و لیبراڵییەکان, بەدەست کێشە رەوشتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە ناناڵێنن. ئەگەر ئەمەریکا زۆرترین دیاردەی لەم شێوانەی تێدا بێت, وڵاتانی تری زۆر هەیە کە رێژەکان ئەوەندە کەمن کە لە هییچ مێژوویەکی مرۆڤدا بەو شێوەیە جڵەوگییر نەکراون. نموونەش لە ئەوروپا نەمسا, ئیرلەند, هۆڵەند نەرویج, ئینگلتەرە, دواتریش پورتوگاڵ و ئسپانیا, لە ئاسیاش, ژاپۆن. ئەوەی ئەو رێژە زۆرەی دروستکردووە لە ئەمەریکادا, کەلتووری تاک خۆیەتی, نەک بەها دیموکراسیی و لیبراڵییەکان بەرپرس بێت لە کێشە کۆمەڵایەتییە ئەمەریکاییەکان.
 بەگوێرەی ئەوەیشی کە دیموکراسیی ململانێی و, کێشە نەژادییەکان زیاتر ئەکات, دیسانەوە قاییلەکەر نییە. چونکە, جڵەوگییریی ئەو کۆمەڵگانەی کە فرە ئایینی و, فرە نەژادیی و, فرە کەلتووریین, ئاسان نییە, بۆیە دیموکراسیی رەنجی زۆر تری ئەوێـت, بۆ هاوسەنگکردنی هێز لە نێوان ئەم رەهەندانە و لە سیستەمێکی حوکمڕانیی سەرکەوتووی دادپەروەری ئاسایشدا کۆیان بکاتەوە. ئەم هاوسەنگییە تەنها لە حوکمڕانییە دەسەڵاتسەپێنییەکاندا ئاسانە, کە زەبر و زەنگ هێز بە لایەکدا ئەخات و دواتری کۆمەڵگە ملکەچیی حوکمە مەزاجیی و ئایین و نەژادییەکانی ئەو دەستبژێرە دەسەلاتسەپێنە ئەکات. یەکێتتی سۆڤییەت ,بەنموونە,  خۆی لە شەڕی ئەهلیی نەژادیی بەدوور رگتو بەڵام ستالیین بە سەدان هەزار کەسی لەناوبرد , بە دەیان کەمیینەی نەژادی دەربەدەر کرد. تیتۆ لە یۆگۆسڵاڤیادا, سەدان هەزار کەسی گۆومانلێکراوی یاخیی و ترازاو لە دەسەڵاتی کوشت.
 بۆیەو ئەو بەهانەیەی کە حوکمڕانیی دیموکراسیی بەک نایەتەوە لەتەک بەهاکانی ئاسیادا, تەنها وەڵام بۆ ئەم بەهانە درۆیە, سەرکەوتنی دیموکراسیی و گەشەسەندنی حوکمڕانیی ژاپۆن و کۆریای باشوور و لەم دواییانەشدا تایوان و فلییپیین. ئەم وڵاتانە, لە هەموو وردەکاریەکدا وەک رۆژئاوا نیین,  بەڵام فرە حیزبیی, ئازادیی مەدەنیی و ئابووری بەرز, ئاسایش ناوخۆ لەسەر ئەو پێودانە بەڕێوە چووە. هەرچیی کرژیی و ناسەقامگییریەکیش هەبێـ لە تایواناو بۆ رۆژگاری کۆلۆنیاڵی ئیسپانیایی ئەگەڕێتەوە, نەک خەوش و ناجۆریەکانی دیموکراسیی.

ئەم هەڵە هزرییە دارێژراوە, حوکووماتە ئیسلامییەکانی عەرەبی و ئاسیاییەکانیشی گرتۆتەوە, ئەگەرچیی لەسەر ئاستی حوکوومەت و حیزبە فرەمانڕەواکان نییە, بەڵام لەسەر ئاستی بیروباوەڕ و نەریتی خەڵکیی هەیە, بە کۆمەڵی گەورە گەورە, کە هەموو رۆژئاوا و ئایدۆلۆجییەکانی بەرپەرچ ئەدنەوە, قاییلن بە حوکمڕانە دیکتاتۆر و, خوێن ڕێژ و, تاڵانچیەکانی وڵاتەکانیان هەتا دیموکراسیی بە بیانووی پابەندیی ئیسلامەوە. کە ئەمە لە خۆیدا, بەربەستی شاراوە و سەرەکییە لە سستکردنی خۆگرتنی دیموکراسیی لەم وڵااتانەدا. ئەو رەفزە ناواخنەی ناو تاکی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیی و عەرەبیی, بەسە بۆ پێنەگرتنی دیموکراسیی و, نەچەسپاندنی بەهاکان لە حوکمڕانیی و, لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان دا.

٦. دواتر,  وا دیموکراسیی ئاوابوو, ئەی چیی چاوەڕێمان ئەکات؟
بە کشانەوەی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە ناوچەکە, ئاسۆکانی دیموکراسیی بەرەو ئاوابوون ئەچن, بە دیارییکراوی بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە پشتێن و ڕێگادا خۆیان ئەبیننەوە؛ ئەگەر عێراق بکەوێتـە ناو ئەو پشتێنەوە, ئەگەرچی رەنگە ئەگەرێکی کەم هەبێـت ئەمەریکا عێڕاق بدات بەدەستەوە. رووداو و جووڵە سەربازیی و دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا لەم دواییەدا ئاماژەی پێداگییریی مانەوەی عێراقن لە ستراتییجی خۆیدا, بەڵام ئێران, لە گرنگییەکانی ئەمەریکا چووەتە دەرەوە. دوای ئەوەی رێکەوتنەکانی نێوان دوو جەمسەری داهاتوو دێنە پێشەوە. بەم پێیە, حوکمڕانە کلیپتۆکراسیی و دەسەڵاتسەپێنەکان, زیاتر دەستکراوەتر ئەبن بۆ داپڵۆسیین وهەژارکردن و بەستنی زمانی ئازادیی. بێگومان, ناوترێت کە ئەمەریکا یان رۆژئاوا, دموکراسیی و ئاسایشیان, لەسەر سینییەک بۆ بەردەستکردبیین, نەخێر ئەمە ئەگەر بەمەبەستیش نەبوو بێـت, رووی نەداوە و رەنگە دەها ساڵی تریش روونەدەن. بەڵام, ئەوەی بەر لە کۆرۆنا ئەگوزەرا, تاکە ئامانج, بۆ دەوڵەتە نادیموکراسییەکان, خۆ تۆندکردنەوە و سازدان بوو بەرەو دیموکراسیی, بەلایەنی کەمەوە, لە لایەن کۆمەڵگاوە بۆ پشتییوانییکردن و داڕشتنی سیاسەتی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیان, لە جێگرتنەوەی حوکمرانە نادادپەروەر و ستەمکارەکانیان. ئەوەی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر دائەڕێژرا, بەرقەرابوونی ئاسایشی دیموکراسیی بوو, لێپرسیینەوەیەک و بەدواداچوونێکی دیموکراسیی بوو, بە هەر ئاستێکییەوە بووبێـت. ئیتر, بنەمای بەرژەوەندیی دوو جەمسەری هێز, ستراتییجییەتی دارشتنی سیاسەتەکان و دانوستانەکان و هاوپەیمانێتییەکان دەبن. بەو مانایەی دابڕانێکی سۆسیۆلۆجی میللەتە دیموکراسییەکان و, دنیای نادیموکراسیی دێتە ئاراوە. چییتر, ئەو داخوازییانە لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکانەوە بەرزنابنەوە بۆ پشتیووانیی و فشار بۆ سەر حکومماتەکان لە ئاستی هەر دەستدرێژییەکی قێزەونی ستەمکارەکان دژ بە خەڵکیی سڤییڵ, یان فشارێکی نێودەوڵەتیی لە لایەن وڵاتە دیموکراسییەکان بەرزنابنەوە, بۆ پشتییوانییکردنی ئۆپۆزسیۆنەکان لە وڵاتانی پشتێن و ڕێگا و, ئەوانەیش کە ئەچنە ناوهاوپەیمانێـتی رووسیاوە.

 بەکورتییەکەی, بە لایەنی کەمەوە, دابڕانێکی کۆمەڵایەتیی تەواو دێـتە ئاراوە لە نێوان وڵاتانی پشتێن و ڕێگا و هاوپەیمانە رووسیاییەکان. کۆمەڵگەی مەدەنیی بەرتەسک دەبێتەوە, چییتر ترووسکەی گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونەکانی سیستەمی رۆژئاوایی, بۆ یەکسانی و دادپەروەریی, بە ئاسانی ناگاتەوە میللەتانی ناو جەمسەری دووی هێز. ئەوان, بەردەوام ئەبن, بەڵام ئێمە تەنیا ئەمێنینەوە. ئیتر بێگومان, باوەڕبوون و پابەندبوون بە دیموکراسیی, هەندێ لە بەهاکانی لەتەک خۆیدا ئەچەسپاند, کە پەیوەستن بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری و روونیی داهات و خەرجییەکان و ئازادییەکانەوە, کە تاکی هاوڵاتیی لە جەرگەی بریارەکان دەبوو. ئیتر, ئەو ئەگەر و هەلانە زۆر ئەستەم ئەبن, بۆ لادانی دیکتاتۆرەکان بە ئاشتییانە لە رێی ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانەوە. هەر فشاری دیموکراسیی بوو, کە پێوەری نێودەوڵەتیی بوو, بۆ قاییلکردنی حوکمڕانە دەسەڵاتسەپێن و دیکتاتۆرەکان, کە بە ئاشتییانە دەسەڵاتەکانیان رادەست بکەن, نموونەی مارکۆس لە فلییپین, بینوشە لە شیللی, بن عەلی و موبارەک لە تونس و میسر و هی تریش. 

چاوەڕێی بەشی شەشەم بن.
سەرچاوەکان:

(1)   رزگار ئاغا, دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان, بەگژا چوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ, چاپی یەکەم, چاپخانەی
       کوردستان, ٢٠٢٠.
(2) S. M. Lynn-Jones, Why the United States Should Spread Democracy, Belfer
     Center, Harvard Kennedy School, Mar. 1998
(3) R. D. Kaplan, "Was Democracy Just a Moment?", Atlantic Monthly, Dec.1997.
(4) R.J. Rummel, "Democracies ARE Less Warlike Than Other Regimes, 1995
      https://www.hawaii.edu/powerkills/DP95.HTM
(5) S. M. Lynn-Jones, Why the United States Should Spread Democracy, Belfer
     Center, Harvard Kennedy School, Mar. 1998
(6) ibd
(7) R.J. Rummel, Libertarianism and International Violence, Mar. 1983.
       https://www.hawaii.edu/powerkills/DP83.HTM
(8)Ibd
(9) S. Bandyk, Corruption Q&A with Sarah Chayes, Anti-Corruption and Governance
     Center (CIPE), July 2015.
      https://acgc.cipe.org/business-of-integrity-blog/corruption-qa-with-sarah-chayes/
(10)  د.  میلاد م. الحراپی, العرب و" الموت عن گریق السلگه‌", مراجعه‌ کتابە " Death By Government نووسەر" R. J. Rummel".
   http://www.noqta.info/page-92050-ar.html



د. ڕزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×