زانستکاران‌و زانایانی جیهان یەکیانگرتووە بۆ بەرەنگاربونەوەو دۆزینەوەی چارەسەری پەتاکە

قارەمان مەمەند
  2020-04-07     973
زانستکاران‌و زانایانی جیهان یەکیانگرتووە بۆ بەرەنگاربونەوەو دۆزینەوەی چارەسەری پەتاکە، لەکاتێکدا وڵاتان سنورو دەرگاکانیان بەڕوی یەکترداخستووە

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، جیهان بەرەو داخراوی، ناوچەپەرستی و کەنارگیری دەڕۆیشت، هەستو سۆز بۆ یەکتری گەیشبووە نزمترین ئاست، لەکاتێکدا بۆ هەموو سەختی و ئاستەنگەکان، پێویستە پێکەوە شانی بدەینەبەر، یەکێک لەو قەیرانە هەرە سەختانەی ئەمڕۆ، پەتای کۆرۆنایە؛ هەموومانی گۆشەگیرکردووە- لە کونجی ماڵەکانماندا،  لە کاتێکدا، پێویستە لە چوارچێوەی خود و جیاوازییەکانمان  دەربچین، هاوکاری و پشتوپەنای یەکتریبین. ئێمە نازانین ئەو پەتایە کەی کۆتایی دێ، بەڵام دەزانین چۆن هاوکاری یەکتربکەین. 

بەر لەو پەتایە، سەرکردەکانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتە زلهێزەکان، بە چری کارو بانگەشەیان دەکرد، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سەرچاوەی زانستی و داهێنان، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان بکەن-وەک سامانێکی نیشتمانی سەیری بکەن، بۆ وڵاتانی تر سنوردار و داخراوی بکەن. ئەمڕۆ وێنەکە تەواو جیاوازە، زانایان و زانستکارانی جیهان گەورەترین تۆری پەیوەندی و هاوپەیمانیان پێکهێناوە، لە مێژوودا وێنەوی نەبووە لەسەر ئاستی جیهان، بۆ بەرەنگاربوونەوەو دۆزینەوەی چارەسەری ئەو پەتایە.

لەکاتێکدا سەرکردە سیاسییەکان سنورەکانیان قفڵکردووە، کەچی زاناکان سنورەکانیان تێکشکاندووە، هەموو زاناو زانستخوازانی وڵاتان پێکەوە لەسەر یەک بابەت کۆکن وکاردەکەن ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، لەڕێگای هەموولێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیان ڕاگرتووە، بەچڕی کار لە توێژینوە لەسەر ئەو ڤایرۆسە دەکەن، کرێدەت- ئابرومەندی یاخود متمانەی ئەکادیمیان هەڵسپاردووە، لەڕیگای ئۆنلاینەوە دەرەنجامی توێژینەوەکان بڵاودەکەنەوەو بەردەستی دەخەن بەر لەوەی بڵاوبکرێتەوە لە جۆرنالی زانستی، بەمەبەستی بەردەستخستن و گەیاندنی بە زووترین کات، سەدان ڕیزبەندی  جیناتی یاخود دی ئین ئەی ڤایرۆسەکەیان دۆزیوەتەوە و بەردەستیانخستووە بۆ توێژیەنوەی زیاتر، زیاتر لە دوو سەد کلینیک و تاقیگەی  زانستی لەسەر تاسەری جیهاندا دامەزراوە و دەستبەکاربووە.

زانکۆکان، توێژەرەکانیان و خۆبەخشەکانینان و پێداویستییەکانیان ئامادەکەن بۆ ئەوەی بەشداربن لەو هاوپەیماننیە جیهانییە، سوشیال میدیا، هاریکاربووە لەوەی پەیام بگەیەنێ بە خەڵک بۆ ئەوەی کۆمەکی زیاتری ناوەندە زانستی و پزیشکییەکان بکەن، هەروەها، لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە،  زاناکان و ناوەندە زانستییەکان خێراتر و کاریگەرتر لە پەیوەندیدان، هەر لەو ڕیگاوە لەشکرێکی جیهانی خۆبەخشیان لە شارەزایانی بواری بایۆمیدیکالدا پێک‌هیناوە. 

 بۆ نمونە ئەلفۆنسۆ پێرێز، لە سەنتەری نیشتمانی فەرەنسا، سارا ئەرگەندا، لە زانکۆی پادشا خوان کارلۆس لە مەدرید، دانیاڵ کالۆڤی لە ئەنستیوتی ماکس پلانک  لە ئەڵمانیا، دەستپێشخەرییەکی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسیان ڕاگەیاند، سوپایەکی جیهانیان لە ٣٢٠٠٠ سی و دوو هەزار خۆبەخشی بوارە پێکهێنا، کە سەدان زانای تر لەسەر ئاستی جیهان داوای هاوکاری لێکردوون. 

زاناو زانستکاری ڕاستەقینە، کاردەکات بە دڵسۆزیەوە بەبێکاریگەری و هۆکاری نەتەوە پەرستی،  نەژادپەرستی و رەگەزپەرستیەوە، کاردەکات بۆ قازانج و خزمەتی هەموو نەتەوە، زمان و ئایینێک، لەسەر ڕووی زەوی بەبێ جیاوازی. بۆ نمونە زانایانی زانکۆی پیتسپۆرگ، هەر زوو ئەوەیان دەستنیشانکرد؛ توشبوون بە ڤایرۆسەکە، توشی تایەکی بەرزت دەکات، پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە، ئەمە سەرەتای پڕۆسەیەکی گەورەبوو، ئەوێش دۆزینەوەی ڤاکسینەکەو، تاقیکردنەوەی بە زووترین کات، بەڵام ئەم جۆرە توێژینەوەو دۆزینەوە زانستییانە و بڵاوکردەنەوەی لە گۆڤاری زانستی، کاتێکی زۆری دەوێ و زۆر دوادەکەوێ، بۆیە هەر زوو، لەماوەی دوو کاژێردا ئەو توێژینەوەیان بڵاوکردوەوە، ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، گەیاندیان بە زانا و پزیشکان لەسەر تاسەری جیهان. 


قارەمان مەمەند
سانفرانسیسکۆ، کالیفۆرنیا، ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×