مەگەر بڕیار نییە تەنها كەمپەینی بەیەكەوە بەهێزین هەبێت؟
عەلی مەحمود
2020-04-10   889
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ عێل و عەشیرەتی ناو پەرلەمانیان لەراوێژكارو ئەوانی دی بڕیاریان داوە , موچەكانیان ببەخشن بەرێكخراوی خێرخوازی بارزانی, بۆ ئەوەی ببێت بەهاوكاری بۆ هەژارانی كوردستان, ئەمە هەنگاوێكی باشە باشتریش دەبێت هەموو پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتەكانی دیكەی كوردستان, ئەوەی موڵكی میلەتەو لایانە بیگەڕێننەوە بۆ گەل بۆ ئەوەی سەربەرزانە لەم میحنەتە رزگاری بێت.
لەوە رۆژ رەشتر نابێت تا پارە سپی و رەشەكان بخەنە خزمەتیەوە, مەگەر باپیرانمان نەیان وتوە" پارەی سپی بۆ رۆژی رەش", هەرچەندە پاری سپی و حیزبی كوردی بە تایبەتیش بەشە دەسەڵاتدارەكەیان كوجا مەرحەبا.
پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەركردووە , دیارە لیستی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری نین كە ئەمەش جێگای سەرسوڕمانەو كەماسییە مانای وایە ئاگاداری كارەكانی یەكتر نین, ئەویش هەموو كۆمەكەكان هەرێمی كوردستان لەكەمپەینی بەیەكەوە بەهێزین كە حكومەت سەرپەرشتی دەكات كە پارتیش سەركردایەتی حكومەتەكە دەكات كۆبكرێتەوە, ئەم بڕیارەش پاش ئەوە هات سوكایەتیەكی زۆر بە هاووڵاتیانی كوردستان كرا لە رێگای وێنەگرتن لەگەڵیان لەكاتی بەخشینی كۆمەكەكان, بەمەش كەرامەتی هاوڵاتیان روشێنرا, ئێستا نازانین رێكخراوە خێرخوازییەكانی دەسەڵات كارەكانیان لەو چوارچێوەیە بەڕێوە دەبەن, یان سەربانێكەو دوو هەوایە, بۆ ئەوان هەر بەزەمانی روبەیەو بەردەوام دەبن لەكارەكانیان لەچوارچێوەی رێكخراوە حیزبییە بەناو خێرخوازییەكانیان.
كە دەبوایا رێكخراوە مەدەنییە دەستپاكەكان بەو ئەركە هەڵبستانایا, بۆ ئەوەی گەل متمانەی بە بەخششەكان و دابەشكردنی هەبوایا!.
بڕیارەكەی فراكسیۆنی پارتی:
بڕیارێكی پێكەوەیی لە فراكسیۆنی پارتییەوە
لەوەتەی دەستپێكی هاتنی نەخۆشی كۆرۆنا داوامان لەسەرجەم هەڤاڵانمان كرد كە لەناوچەكانی خۆیان هاوكاری خەڵك بن بەبێ جیاوازی چیان پێكرا بیكەن ولەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانیش خۆبەخشانە هاوكاربن.
سبەی لەگەڵ هاتنی مووچەی پەرلەمان لە بڕیارێكی دەستەجەمعیدا فراكسیۆنی پارتی هەر چل و پێنج هەڤاڵ و ڕاوێژكارانی پارتی لە پەرلەمان بڕیارماندا مووچەمان بدەینە دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ ئەوەی هاوكاری هەژارانی پێبكەن.
هەموومان پێكەوە دەست لە دەست پەنا بەخوا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنین، سوپاس بۆ حكوومەت و هەموو ئەو لایەنانەی لەئەركدان دژی نەخۆشی كۆرۆناو شەوو ڕۆژیان خستۆتە سەر یەك و پێكەوە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنی.
فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان
۸/٤/۲٠۲٠