نیشتمان هی هەموان نییە
نالی پێنجوێنی
2020-04-13   1073
تەسلیمکردنەوەی مستەفای سەلیمی تەنها تاوانێکی ناشیرین نییە، بەڵکو خیانەتو کارێکی ئابڕوبەرانەیە. هەر کەسێکی ئازادیخواز بگری، خەونو خولیای ئەوەی هەیە، ڕۆژێك دەرفەتی بۆ بڕەخسێو لەزیندانی جەللادەکانی خۆی ڕزگاربکاتو هەڵبێت.
نەتەوەیەکگرتووەکان مافی پەنابەری بۆ ئەوانەی مەترسی ژیانیان لەسەرە بەیاسا چەسپاندووە. کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی هەمیشە بەدوای پەناگایەکدا گەڕاوە، تا ڕۆژێ کەلەدەستی دوژمنەکانی هەڵدێ خۆی تیابشارێتەوە.
مستەفای سەلیمی، بەهەزار دەردو چەرمەسەری، خۆی دەگەیەنێتە بەشێکی بەناو ئازادکراوی! نیشتمانەکەی. ئەو لەوە بێئاگایە، کە ئەوبەشەی نیشتمانەکەی موڵکی هەموان نییە. بەڵكو ساڵانێکە، دوو حیزب دابەشیان کردوە بۆ دوو زۆنی دەسەڵاتی خۆیانو کردوویانە بەموڵکی دووبنەماڵە. سەروەتو سامانەکەی بەهی خۆیان دەزاننو بۆ بەرژەوەندی خۆیان سەرفی دەکەن.
هەریەکەیان دەستگای چەکداریی خۆیان هەیە، لەسەر ئینتیمای حیزبیی دامەزراوە، کوڕە نازدارەکانی حیزبو بنەماڵەکانیان بەڕێوەیدەبەن. لەماوەی ڕابردوودا، ئەو دەستگایانە هێرشیان کردە سەریەکترو بەئەنجامدانی کاری نایاساییو ناشەرعی یەکتریان تۆمەتبارکرد. تازەترین کەیسیش، ڕادەستکردنەوەی مستەفای سەلیمی هاتۆتەپاڵ.
بڵاوکراوە شەرمئامێزو بێسەرەوبەرەکەی ئاسایشی سلێمانی، کە زیاتر لەگاڵتەکردن بەعەقڵی خەڵكو خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتییەوە نزیکە تا ڕوونکردنەوە! لەلایەك، لێدوانە سەیروسەمەرەکەی وتەبێژەکەی حکومەتو بێخەبەرییان لەو ڕووداوە! لەلایەکی ترەوە، شایەتی ئەوەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە چ قەیرانێکی بێسەرەوبەرەییو ناموئەسەساتییو دابەشبوونێکی حیزبیی قوڵدا دەژی.
نە بەیاننامەکەی ئاسایشی سلێمانییو نە قسەکانی وتەبێژەکەی حکومەت، نەك هەر ئەستۆپاکیی ئەو دوو حیزبە ناسەلمێنێ، بەڵکو بەتەواوی دەیانخاتە ژێر پرسیار. بەڕاست حکومەتێك نەزانێ دامودەستگاکانی بە فەرمانی کێ بڕیاردەداتو کاری لەوشێوەیە دەکات؟ چۆن حکومەتێکەو خەڵك متمانەی پێدەکات. حکومەت کە ئیدیعای چاکسازیی دەکات، با لە ڕێکخستنەوەو بەنیشتمانی کردنی ئەو دەستگایانەوە دەستپێبکات. هیچ بیانوویەك بۆ بێدەنگ بوونی پەڕلەمان، بەتایبەت ئەو فراکسیۆنانەی داوای چاکسازییو بەنیشتمانیکردنی دامودەستگاکان دەکەن، نەماوەتەوە تا نەیەنەسەرخەت.
هەڵوێستو قسەو نووسینو لێدوانی لەشکرێ خەڵکی چالاك! نوخبەی خوێندەوار، مرۆڤ دووچاری نائومێدی دەکات. کۆمەڵێ گوێی خۆیان کەڕکردووە! هەندێکیش بیانوو بۆ ئەو کارە ناشیرینە دەهێننەوە، باسی هەڵهاتن لە یاسای دەوڵەتان دەکەن! باکیان نییە قوربانییەکە بەکاری ناشیرین تۆمەتباربکەن! بەو کارانە ڕووی دوژمنانی کورد سپی دەکەنەوە! بەڕاست ئەوانە چ مەخلوقێکن، وا باکیان بەئازاری هاونیشتمانییو هاوزمانانی خۆیان نییە!
هەرکەس پەسنی بیروباوەڕی ئەوان نەکات، وەهمی کۆمۆنیزمو فیکرو دەسەڵاتی تاکڕەوانەو ستالینیی ئەوان ڕەتکاتەوە. هەر بۆ ئەوە باشە لەزیندانی دوژمندا بڕزێ یان وەك بامێ بکرێ بەپەتا. ئەوانەی خۆیان بەتاکە فریادڕەسی کوردو حیزبی قائید دادەنێن، بەیتوبالۆرەی کوردایەتیو بەڵێنی جادوگەرانەی دوژمنان فریوی داون، شانەکردنی ڕیشی ئاخونێکیان لێبووەتە خەباتو نیشتمانپەروەریی.
ئەمڕۆ لە گشت کاتێ زیاتر، ڕاستی ئەو قسەیەی ئەمین زەکی بەگی مێژوونووس دیارە کە دەیوت: حەسادەتو ڕقو غەرەز، قەت ناهێڵن کورد ببێ بەهیچ. لەڕابردوودا، بنەماڵەو عەشرەتو دەڤەرو ناوچەو دیالێکت، هۆکاری ناکۆکییو دووبەرەکی کوردبوون. ئەمڕۆ، دوژمنانمان ئاشی هەندێ حیزبو زۆرێك لە ئایدۆلۆژیستی بێ مۆراڵ، بەو ژەهرە پیسو بۆگەنانەی ساڵانێکە لاشەی کوردیان داڕزاندووە، ئاو دەدەنو هەڵدەسوڕێنن.
بابای ئایدیۆلۆژیست، بەفیتی ناحەزانو هەر لەبەر بوغزو ڕقو غەرەزی بەرانبەرەکەی، گاڵتەی بەنەتەوەو هەمووشتێكی نیشتمان دێو بەوشەیەکیش دژی ئەوانە ناوەستنەوە کە ئامادەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ڕادەستی دوژمنانمان بکەنەوەو بمانفرۆشن. ئەگەر ئێستە مستەفای سەلیمی زیندووبێتەوە، لەداخی کوردی خۆفرۆش، ئەو وتەیەی مەحەمەد ماغوتی شاعیر دەڵێتەوە کە دەیگوت: تەنها پێڵاوەکانم پەیوەستم دەکات بەنیشتمانەوە.