ژنبوون لە زەمەنی کۆرۆنادا

د. ڤیان فه‌ره‌ج
  2020-04-13     1369

سەرەتا ئەم وتارە پێشکەشە بە خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی کۆلێجی دەرمانسازی زانکۆی سلێمانی کە چەند مانگێک پێشتر لە سێمینارێکی داخراومدا ئامادەبوون. لە کۆتای سێمینارەکەدا چەند پرسیارێکم ئاراستەکردن کردن، وەڵامەکانیان سەرچاوەیەکی گرنگی نوسینی ئەم وتارەیە.


هەمیشە پرسیارە سەرەکی و گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ ژن و پیاو یەکسانن یان دەبێ دادوەری لە نێوانیاندا رابگیرێ؟ تەیارە ئاینی و کۆنسەرڤەتیڤەکان هەمیشە بەلای بژاردەی دوەمدا دەڕۆن و پێیان وایە کتێبی پیرۆز هەمو مافەکانی ژنانی لەقەدەر توانا ژیری و جەستەییەکانی دیاری کردوە، هەر پیاوێ ئەو مافانە پێشێل بکا دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەی پەروەردگارەوە. ئەم تێڕوانینە وەڵامی بەشێکی زۆری ئەو ئیماندارانەیە کە ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاوازی گروپی ئاینیدا، هەر لە ئیماندارێکی ترادیشناڵەوە تا دەگاتە مەدخەلییەکی سەلەفی، دیدو بۆچونی لەسەر ئەم پرسە لە قاڵبی شیکردنەوەو تێگەیشتنە تایبەتەکانی عولەماو ئیمامەکانیاندا رێک دەخەن و لەدەرەوەی ئەم لێکدانەوانە دادوەری پێناسێکی تر لایان هەڵناگرێ. لە کاتێکدا بەهەمو پێوەرە زانستی و دونیایەکان، کاتێک دێتە سەر پرسی جێندەر، هیچ جیاوازیەکی واتای و زمانەوانی لەنێوان یەکسانی و دادوەریدا نامێنێ، چونکە بۆخۆی پرسی جێندەر خۆی لەو بوارە بایۆلۆجی یاخود فیزیۆلۆجیانە نادا کە پەیوەندیدارن بە هەبونی ئەندامە زایندەییەکانی جەستەو ئەو توانایەی لە ریپرۆدەکشن یان بەردەوامی رەگەزی مرۆڤایەتیدا هەیانە تا وەک پێوەر بۆ یەکسانی فزیۆلۆجی مامەڵە بکا، بەڵکو زیاتر خۆی قووڵ دەکاتەوە لەو رەهەندە ئابوری، کلتوری، پەروەردەی، کۆمەڵایەتی و زمانەوانیانەدا کە بەکاردێ بۆ دیاریکردنی رۆڵی هەر یەک لەو دوو رەگەزە لە بەڕێوەبردنی ژیاندا.  چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی چەمکی جێندەر لە زاراوەی سێکس یان رەگەز جیادەکاتەوە ئەو رەهەندە فەلسەفی و ژیربێژیریەیە کە وشەکە لەدەرەوەی واتا زمانەوانیەکەی هەڵی دەگرێ. بەو واتایەی لە دۆخی بەکارهێنانی وشەی سێکس دا بۆ پیاوێک کۆئەندامی زایندەی جیاوازە لەهی ژنێک بۆیە پێی دەوترێ پیاو، ژنێک فزیۆلۆجیەکەی کە روکاری دەرەوەیە یان بایۆلۆجیەکەی کە پەیوەندی بە ژمارەی خرۆکە سورەکان و سپیەکان و رێژەی هۆرمۆنەکان و تەنانەت قەبارەی مێشکیشەوەیە جیاوازە لە هی پیاوێک بۆیە پێی دەوترێ ژن. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ لە شیکردنەوەی مێشکی ئاینشتاینەوە چەندین دەیە پێشتر سەلماوە کە گەورەی و بچوکی قەبارەی مێشک پەیوەندی بە زرنگی و لێهاتوی عەقڵەوە نیە. کەوایە ژنبوون و پیاوبوون لە رەهەندە رەگەزی (سێکسی)ەکەیانەوە دوو پایە سەرەکیەکەی ریپرۆپداکشنی مرۆڤایەتین و جیاوازیەکانیان زۆر گەورەیە، بەڵام کاریگەری لەسەر یەکسانی و دادوەری جێندەری بەجێ ناهێڵن تەنها لای ئەو گروپانە لە مرۆڤ نەبێ کە گیرۆدەی بیرێکی کۆنزەرڤەتیڤ و ترادیشناڵن.


لەبەری ئەم بەری هاوکێشەکەوە، بەڕووە جێندەریەکەدا، جیاوازیەکان ئەوەندە کەم دەبێتەوە تا ئاستی یەکسانبونیان دەڕوا، هەر لەبەر ئەوەیە لە ئەدەبیاتی مافی مرۆڤدا بە دوو چەمکی جێگرەوەی یەکتر بەکاردێن لە زۆرینەی گوتارو تێڕوانینەکاندا. تەنانەت لەم نوسینەی منیشدا ئەگەر تەنها سێ دێڕ سەروتر تەماشا بکرێ دەبینرێ لە حاڵەتی سێکس دا پاشگری (کۆ) بەکار هاتوە چونکە یەکسان نین، کەچی جێندەرم لە فۆرمی (تاک)دا بەکارهێناوە چونکە رۆڵی کۆمەڵایەتی تاکەکان سێکس دیاری ناکا، بەڵکو تواناو بەهرەکانیان بڕیار دەدا. دڵنیام ئەگەر خۆم ئەم تێبینیەم نەدایە بەشێکی زۆری خوێنەران درکیان بەو جیاوازیە نەدەکرد و لایان ئاسای دەبوو، لەکاتێکدا زمان فاکتەرێکی سەرەکی رەگداکوتانی پرسی جێندەرو جیاوازیە جێندەریەکانە.


بە نمونە؛ بە بەستنەوەی وەڵامی ئەو خوێندکارانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کردن بە لێدوانی ئەو پزیشکە بەڕێزەی لەم رۆژانەدا هەڵاواردنێکی جێندەری گەورەی کرد. سەدی ٧٠ی وەڵامەکان چەند گۆڕاوێکی هۆکارییان بۆ نادادپەروەری یان نایەکسانی جێندەری دیاریکردبوو، کە ئەوانیش (کۆمەلگە، ئاین، خێزان، پەروەردە، ژینگە، کلتور) بوون. بەبڕوای من هەمو ئەمانە لە سێ گۆڕراوی سەرەکیدا خۆ دەبیننەوە ئەوانیش هۆکاری کلتوری و تۆپۆگرافی و هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانە. چونکە، دواجار ئاین بەشێکی گرنگی کلتورەو لەکۆنتێکستی کلتوردا دەتوانرێ بەها ئاینیەکان باشتر راڤە بکرێن و رەگداکوتراویان بەجۆرێک بدۆزرێتەوە تەواو خزمەتی ئەو گریمانەیە بکا دەیخاتە بەر توێژینەوە. ژینگەو جوگرافیای شوێن دەکرێ بە تۆپۆگرافی دانرێن و وەک هاندەری دیاریکردنی شێوازی کارکردن و سەرچاوەکانی ژیان ببینرێن. لێرەوە بە بەهەندوەرگرتنی ئەم فاکتەرە هۆکاریە دەتوانین تاڕادەیەک گریمانەی هێز و بازوو ئابوریش شیبکەینەوە. خێزان و کۆمەڵگەو پەروەردەش یەک ئەوی تر تەواو دەکا، کۆمەڵگە دەبێ چی بێت جگە لە کۆی یەکە سەرەکیەکانی پێکهێنانی، کە خێزانە. پەروەردەش چ لە کۆنتێکستی خێزاندا بێت یان میللی لە چوارچێوەی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستەمدا بێت رەنگدانەوەی بیرە کلتوریەکانی کۆمەڵگەن  و لێرەوە پێکەوە لە بۆتەی یەک گۆڕاوی هۆکاریدا دەتوانن خزمەت بە تێزە زانستیەکان بکەن. راستاندنی ئەم سێ هۆکارەش دەبەستمەوە بە پەرەگرافی دواترەوە چونکە لەوێدا نهێنی هۆکاری خوێندن و بڕوانامە بەبێ ژیربێژیری (عەقڵانیەت) سفر دەبێتەوە. هەڵبەت تەنها %١٤ی وەڵامی خوێندکارەکان لەپاڵ چەند بژاردەیەکی تردا ئاماژەیان دابوو بە گرنگی خوێندن و بڕوانامە، دیارە سەدی شازدەش خۆیان لە وەڵامدانەی پرسیارەکەم بواردبوو.


دەرپەڕینی "سوپاس بۆ پەروەردگار ژمارەی لەدایکبوی کوڕان لە هی کچان زیاترە" لە زاری ژنە پزیشکێکی خوێندەواری خاوەن بڕوانامەو بەرپرس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مناڵبونی هەرێم، رەهەندێکی تاک دیسپلینی نیە، بەڵکو قووڵ رەگداکوتانی کۆمەڵە دیسپلینێکە یەک ئەوەی تر تەواو دەکاو پێکەوە بازنەیەک لە نایەکسانی و نادادپەروەری جێندەری دروستدەکەن لە ئەنجامدا لەرێگەی زمانەوە، بە ئاگا یان بێ ئاگا، فڕێ دەدرێتە ناو گۆڕەپانی کلتورەوەو دەبێتە بەشێک لە فۆرمی ژیانکردنی دوبارەبوەوە. ئاین لەلای خۆیەوە جۆرەها تێکستی بەکەمبینی بەگوێی تاکێکی هاوشێوەدا دەدا "النساء ناقصات عقلا ودینا". کلتور لە زهنیەتی بەشێکی گەورەی ژنانی ئەو کلتورانەدا هێشتا تێهەڵدان و زەلیلکردن و بەکەمتەماشاکردن و عەیبەو بێ برای و بێ باوکی و بەڕەڵاو..تد لە خولگەیەکی دوبارەبوەی وەچەکاندا دەدا بە گوێیاندا. چەند بەرەوپێشیش بچن دواجار ئەوان ئەو زەعیفەیەن بێ نێرینە ناتوانن پشت بەخۆیان ببەستن. ئەو پزیشکە خۆی نابینێ کە خاتونێکی سەرداپۆشراوە. کەواتە نە لە دین کەموکورتی هەیەو دیارە زرنگیش بوە بۆیە بوەتە پزیشک. ئالێرەدا کلتور رۆڵی خۆی دەگێڕێ و ئەو ژنە لە تاکێکی شانازیکەر بە خۆی وەک ژنێکی خوێندەواری بە بڕوانامەوە دەکاتە ژنێکی مێشک پاتریارک و لە ئەنجامدا لە ناخی خۆیدا نادڵنیای بۆ دروست دەبێ لەوەی چەندە زرنگ و لەخواترس بێت هێشتا ناگاتەوە بەو کوڕەی بەختەوەری و سەربەرزی بۆ خانەوادەکەی دەهێنێ. چونکە ئەمە رەزامەندی کتێبی پیرۆزو پەیامبەرانی لەسەرە، ئەمە نەریتی باوباپیرانەو نە بڕوانامەکەی و نە زرنگیەکەی ناتوانێ بیانشکينێ. ریپرۆداکشنی کۆمەڵگە بەم فۆرمە، شوناس و کەسێتیەک بۆ ژن دروست دەکا لە هەر پلەیەکی زانستی یان سۆسیۆ ئابوریدا بێت هێشتا ئەو ژنە زەلیلەیە گەر کوڕی نەبێ دارێکی بێبەرهەم و وەجاغ کوێرە. مایەی نەگبەتی و قڕکردنە بۆ ئەو پیاوەی توشی دەبێت. دایکەکان کچی لەم جۆرە پەروەردە دەکەن و نەنکەکان دایکی لەو جۆرەو کچەکان مناڵی لەو جۆرەو مامۆستاکان خوێندکاری لەم چەشنە، بەم شێوەیە خولگەیەک لەهەستبەکەمکردن خۆی دوبارەو دوبارە دەکاتەوە.


بە وردبوونەوە لە بنەماکانی بەختەوەری، سامان و دڵنیای ئابوری لای زۆرێک رەهەندێکی سەرەکی بەختەوەری یان لانی کەم ئومێد و سەقامگیریە. کەچی خانمی دکتۆر خۆی یەک لەتوێژە هەرە پارە بەرهەمهێنەکانیشە، کەواتە گەر بەختەوەری بەسەرمایەوە ببەستینەوە، دەبینین، خانمی دکتۆر لە وتنی ئەم نائومێدیەشدا گرەو دەدۆڕێنێ و روخساری کەسایەتی خۆی، بەو خودە ناوەکیەی رەتدەکرێتەوەو بەیەکگوژمە دەیسەلمێنێ توانا داراییەکانی وەک باڵاترین پارەدروستکەری خاوەنبڕوانامە کە سەرچاوەی ئومێد و بگرە بەختەوەریە بۆ خۆی و خێزانەکەی هێشتا هاوتای ئەو بەختەوەریە نیە نێرینەیەکی نەخوێندەواری دەستوپێ سپی دەیهێنێ. کەوایە ئەم هەڵاواردنە جێندەریە دەچێتە ناو زمان و ئاخاوتنەوە لەرێگای ریپرۆداکشنی کلتورو پەروەردەوە بەرەچاوکردنی تۆپۆگرافی و ژینگە، ئەمەش وادەکا ژنان لەو ئاستەشدا هێشتا لە نەستەوە بڕوایان بە خۆیان نەبێ و گەر دروستکەریشی نەبن ئەوە دروستکەرەوەی ئەو هەڵاواردنە بن بە بەردەوامی.


لەهەموی نامۆتر ئەوەیە لەم سەردەمی کرۆنایەدا هەمو ئاماژە جیهانیەکان بۆ ئەوە دەچن ئاستی توندوتیژی خێزانی زیادی کردبێت. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەماوەی کەرەنتیندا لەهەر سێ ژن، یەکێکیان روبەڕوی توندوتیژی بوەتەوە لەلایەن هاوبەشەکەی ژیانیەوە. هەر لەم ماوەیەدا لە وڵاتێکی وەک چیندا نزیکەی %٩٠ی ئەو دکتۆرو پەرستارانەی هێڵی پێشەوەی بەرگری لە بڵاوبونەوەی کرۆنا ڤایرەس دەکەن مێینەن. بەدڵنیایەوە ئەوەی لە دونیای دەرەوەی چیندا روو دەدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەگەر هاوشێوەش نەبێ بەڵانسێکی باشی جێندەری لەخۆ گرتوە تا ئاستی یەکسانی، بۆیە پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئەگەر ژنان بتوانن شەڕی ئاوا گەورەی گەردونی بایۆلۆجی بکەن، ئەگەر بتوانن چەکی کانزایی لە دژی تێرۆریزمی هاوشێوەی داعش هەڵبگرن و بجەنگێن، ئەگەر بتوانن ببنە زاناو دادوەرو بزنسومان و سیاسی بۆ ناتوانن دژی توندوتیژی خێزانی و ئینتەرکۆرسی زۆرەملێ و بەکەمبینینیان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەو کلتورەوە بوەستنەوە؟ چین ئەو میکانزمانەی دەشێ لەم شەڕە زهنیەدا وەک ستراتیج بەکاری بهێنن؟ ئایا کوێ و کەی زەمین و زەمەنی گونجاوە لێوەی دەست پێبکەن.


هەڵبەت دیبەیتێکی سەرانسەری هەیە لەسەر ئەوەی کەی گونجاوە بۆ ئەم وەرچەرخانە. ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە، کە بەبزنسکردنی پرسی جێندەر لەلایەن ژن خۆیەوە گەورەترین داکۆکیکاری نایەکسانیە. دابەشبونی ژنەکان بەسەر بڵۆکە ئایدۆلۆژیەکاندا، بەسەر کوتلەو ‌حزبەکاندا، نەبوونی کلتوری لەیەکخۆشبوون و ئاشتبونەوە، پێداگری لەسەر دیتەیڵ و وردەکاری سادە لەسەر‌حسابی پرسە راستەقینەکە خاوەندارێتیکردنی بێ پرۆگرام و ستراتیج بۆ دۆسیەی یەکسانی، هەموو پێکەوە بەشە گۆڕاوی هۆکارین بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە. کەچی پیاوەکانیش هاوشيوەی ژنان وەک کلتوری دۆمینانس دابەشبون بەسەر هەمو ئەو فۆرمانەی بەرژەوەندیدا، تاکە بەرژەوەندی هاوبەشیان پارێزگاریکردنە لەو سیستەمە پاتریارکیەی ژنانیش بەبێ ئاگا هاوشانیان بونەتە پارێزەری.


دواجار پرسی ژن وەک پرسی گەلانی ژێردەستە وایە، پۆپولیزمی ناوخۆیی و بەئامانجکردنی لەلایەن سیستەمی پاتریارکی دەرەوە کردویەتی بە پرسێکی ناجێگیرو بەرگەنەگر بەجۆرێک لەهەر هەوڵێکی بونیادیدا، بەر لەوەی رۆشنایی ببینێ دەکەوێ یان لاواز دەبێ و زەمەن و زەمینێکی تری پێویست دەبێ تا سەرهەڵدەداتەوە.

 

د.ڤیان مەجید فەرەج پسپۆڕی زانستی سیاسی-ە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×