بەکۆمەڵایەتیکردنی رۆڵە جێندەریەکان

ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج
  2020-04-18     663

وەڵامی دوان لە خوێندکارەکانی بەشی دەرمانسازی زانکۆی سلێمانی بۆ ئەو راپرسیە خێرایەی ئەنجامم دا ئەوەندە سەرنج راکێش بوو، ناچاری کردم ئەم وتارەش تەرخان بکەم بۆ تاوتوێکردنی پرسی جێندەرو بەدرێژکراوەی وتاری پيشو کە لە ژێر ناوی "ژنبوون لە زەمەنی کۆرۆنادا" بوو دایبنێم.
لەوەڵامی پرسیارێکمدا "ئایا پێت باشە وانەی جێندەر لە زانکۆکاندا بخوێندرێ؟"، سەیر نەبوو ئەم وەڵامەم دەست بکەوێ "دەبو سێمینارەکە لەسەر جێندەر بوایە نازانم بۆ گۆڕدرا بۆ مافی ژنان؟" هەڵبەت تێگەیشتنێکی گشتی هەیە لەوەی هەمیشە لە باسکردنی جێندەردا یەکسەر پرسەکە دەگۆڕدرێ بۆ مافی ژنان، بەڵام بەر لەوەی بۆ ئەو دوو خوێندکارەی شیبکەمەوە بۆچی مافەکانی ژنان کە رەهەندێکی یاسایی و کلتوری و کۆمەڵایەتی هەیەو هەندێ جار لەدونیای دەرەوەدا پەل دەهاوێتە ناو ئابوری و تەندروستی و ئیکۆلۆجیشەوە وەک پرسی جێندەر دەبینرێ لە کاتيکدا بەدەر لەو بوارانەی باسکران، لە مەی دوایندا رەهەندەکە ئەوەندە فراوان دەبێ، تەنانەت هونەرو زمان و رەخنە و فەلسەفەش دەگرێتەوە، بەو واتایەی هەرشتێ مرۆڤ بتوانێ بە عەقڵانی بیبینێ، شیکردنەوە جێندەریەکان و رەخنەی جێندەری ‌ئامادەییەکی بەرچاویان لە تاوتوێکردنیدا دەبێ. ئەم باسانە لە پەرەگرافەکانی دواتردا بە وردی قسەیان لەسەر دەکەم، بەڵام با سەرەتا بە چیرۆکێکی تراژیدی، کە خۆم شایەتیم، باسەکە دەوڵەمەند بکەم.
لە قۆناغی شەشەمی سەرەتایی (بنەڕەتی) قوتابی بووم، سەرەتای بەهار بوو، ساڵ ١٩٨٩ بوو، مامۆستای زمانی عەرەبی، م. نەجمەدین خەریکی شیکردنەوەی وانەبوو، لەپۆلێکی ٣٨ قوتابی تێکەڵاودا، لە خوێندنگەی ئامانجی سەرەتای، لە دوەم ریزی لای پەنجەرەکە، تەختەی دوەم دانیشتبووم، (تابلۆ)[1] لە ریزی پەنجەرەکە یەکەم کورسی لەسەرپەڕ دانیشتبوو. مامۆستا روی کردە تابلۆو پرسیارێکی لێکرد، ئەویش هەستایە سەرپێ تا وەڵام بداتەوە، بەڵام ئەوە دوایەمین هەستان و دوایەمین هاتنەوەی تابلۆ بوو بۆ ئەو قوتابخانەیەو هەر قوتابخانەیەکی تر. جلەکانی قوتابخانەمان خۆڵەمێشییەکی کاڵ بوو، بەبەرچاوی هەمو ئەوانەی چاویان پێی دەگەیشت، ئەوەڵین بەهاری کچێنی دەست پێ کردبوو. لەدواوە وەک گوڵاڵە سورە ئاودامانی کراسە خۆڵەمێشیەکەی سوور دەچوەوە. لەیادمە لەبەر ئەوەی ئێمە دراوسێ بووین، ئەو رۆژە لەسەر داوای مامۆستای پۆل کە بەڕاکردن پێشی خۆی داین و وەک ئەوەی کەتنێکی گەورەمان کردبێ و نەیەوێ کەس بیبینێ تاکسیەکی بۆ گرتین، من لەگەڵی چومەوە بۆ ماڵەوە. لەو رۆژە بەدواوە بۆ هەتاهەتایە تابلۆ دەستی لە خوێندن هەڵگرت، لەکاتێکدا دەشا ئێستا وەک من دکتۆر بوایە، یان هیچ نەبێ ژنی ماڵەوە نەبوایەو چاوەڕوانی موچەی کابان نەبوایە بۆی ببڕدرێتەوە.
دیتەیڵێکی بچوک لەم وڵاتەو زۆر جێگەی تری ئەم گۆی زەمینەدا دەتوانێ لە تەمەنێکی زۆر زوودا ژیانی هەر کچێک بۆ هەتاهەتایە بگۆڕێت. چی دەبوو گەر لە پۆلی پێنجەمەوە کچان و کوڕانی قوتابخانەکانی ئەم هەرێمە کەمێ وردەکاری لەسەر گۆڕانی جەستەیان بخوێنن تا لە روداوی وادا شۆک نەبن؟ ئەشێ لە هەر سوچێکی ئەم وڵاتەدا تابلۆیەکی تر هەبێ و بەهۆی ئەو دڵۆپە خوێنانەوە ئاراستەی ژیانی گۆڕابێ. ئەم رووداوە کرۆکی باسەکانی تایبەت بە جێندەرە، چونکە ناتێگەیشتن دەشێ کارەسات بخولقێنێ، هەروەک، روداوی سادەی لەم جۆرە کچەکان لە ١٢ ساڵیدا دەکا بە ژن و ئیتر ناتوانن وەک کچۆڵە رەفتار بکەن. روداوی وا دەتوانێ لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی وەک ئەمێستای کۆرۆنادا بە ئافرەت ریزبەندیان بکا بێ ئەوەی لە رەهەندی چەمکی بە ئافرەتبونیان بکۆڵێتەوە. ئەو کاربەدەستانەی وەزارەتی تەندروستی ناپرسن گەر کچێکی ١٢ یان ١٣ ساڵ بە ئافرەت دابنرێ چ بەرپرسیاريتی و چاوەڕوانێتیەک دەخرێتە سەر شانی؟
بەگەڕانەوە بۆ وەڵامی خوێندکارەکان، لەراستیدا هیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان وانەی جێندەرو وانەی مافی ژنان (ئافرەتان)، چونکە لە کۆمەڵگەی پاتریارکیدا ئەوەی باجی زۆرینەی هەڵە تێگەیشتنەکان دەدا مێینەیە، کەوایە جێندەر دیوەکەی تری مافی مێینەیە. بەڵام دەشێ لە جێگایەک کە پیاو یان نێرینە لە پەراوێزدا بێ، کە بێگومان ئەمە گریمانەییە، جێندەر مافی ئەوان بێ. کەواتە پرسی جێندەری خۆی لەخۆیدا، لەهەوڵدایە بەڵانس بۆ هەردو رەگەز نەک تەنها لە مافدا، بەڵکو لە ئەرکیشدا دروست بکا. کاتێکیش باس لە سیستەمی پاتریارکی دەکرێ، بە بڕوای من مەبەست لەو باوکسالاری، پیاوسالاری، یان مێردسالاری نیە کە هەندێ جار لە تێکستە رەخنەییەکاندا بە هەڵە وەک هاوتای پاتریارکی ئاماژەی بۆ دەکرێ، چونکە چەمکی سیستەمی پاتریارکی زۆر لەوە گشتگیرترە پیاو بەتەنها بتوانێ کۆنتڕۆڵی بکا و گەشەی پێ بدا.لەم جۆرە سیستەمەدا هەرەزۆری ژنە سەرکەوتوەکانیش دەبنە خاوەنی هەمان هەڵسوکەوتی کلتوری رەگەزی دۆمینەنس، بەو واتایەی درێژە پێدەری ئەو کلتورەن کە ژنە بێهێزترەکان لاوازترو پەناگیرتر دەکەن و دەیانخەنە پەراوێزی ژیانەوە، بۆ خۆشیان دەبنە کەسایەتی دەبڵ مۆڕاڵ. دەشێ بۆ کۆمەڵگەیەکی گریمانەیی ماتریارکی، پیاوە سەرکەوتوەکانیش ببنە هەڵگری خەسڵەتەکانی رەگەزی دەستڕۆشتو، بۆیە هەردو کۆمەڵگەی مەتریارکی و پاتریارکی لەراستیدا دوو دیوی یەک کلتورن ئەویش کلتوری دۆمینانسە کەهێز تیایاندا دابەشناکرێ. ئەمەش ئەسڵی مەسەلەکەیە، دەسەڵات (هێز) کە بێگومان لە سێ سەرچاوەوە هەمیشە بەدەست هاتوە ئەوانیش (ئابوری، سیاسەت، ئاین)ن لای هەر لایەنێک بێ ئەو لایەنە زاڵ دەبێ، بەمەش کلتوری دەسەڵاتخوازی ئەو لایەنە دەبێتە کلتوری گشتی کۆمەڵگە، لەمەشەوە نابەڵانسی لە ئامادەی و نوێنەرایەتیکردنی مۆڕاڵ و تێڕوانین و فەلسەفەی لایەنەکەی تردا دروست دەبێ. پرسی جێندەر هەوڵ دەدا لایەنەکەی تر بینراوو بیستراوو هەستپێکراو بێ بەجۆرێك کلتوری زاڵ توانای پەناگیرکردن و لاوازکردنی نەبێ. کەوایە کرۆکی باسی جێندەر ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی بێ جێندەر دروست بکا نەک کۆمەڵگەیەکی بێ سێکس، چونکە لە وتاری پێشومدا لەسەر جیاوازیەکانی نێوان گوزارەی سێکس و چەمکی جێندەر وەستام و لێرە پێویست ناکا دوبارەی بکەمەوە.
دواجار کاری کۆمەڵگەی بێ جێندەر نیە بکۆڵێتەوە لەوەی تۆ چیت (ژنی، پیاوی یان جێندەری سێیەم)، چی دەکەی و کێ دەبەیتە ناو ژیانی تایبەتی و خۆشەویستیتەوە. ئەوەی هەیە ئەوەیە کۆنسێپتی جێندەر لێکدانەوە کۆمەڵایەتیەکەی سێکسە، بەو واتایای لە ژیانی گشتی و تایبەتیدا چەند ئاکارو بیرکردنەوەکانمان تەریبن و پێکەوە بەیەک ئاراستەدا دەڕۆن. نەوەک پیاوێک لە ژیانی گشتیدا فێمێنست بێ و لە ژیانی تایبەتیدا سادیست، یان ژنێک لە ژیانی گشتیدا چالاکوان و سەرکردە بێ و لە ژیانی تایبەتیدا ژنێکی دەستەمۆو بوکەڵە. کەواتە جیاوازیە جێندەریەکان ناکرێ لەرووی فەلسەفیەوە بە بایۆلۆجی و فسیۆلۆجی رەگەزەکانەوە ببەسترێتەوە وەک ئەوەی سمپسۆن و گۆدیس و لایەنگرانی قوتابخانەی بایۆلۆجی باسی دەکەن، چونکە ئەو جیاوازیانە زادەی پراکتیزە کلتوریەکان و چاوەڕوانیە کۆمەڵایەتیەکانن. بەو واتایەی پێکهاتەی بونیادین وەک سیمۆن دی بوڤوار دەڵی "ژن بەژنی لەدایک نابێ بەڵکو دەبێتە ژن"، "جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەری زۆر قوڵی مۆڕاڵی و زرنگی لە ژناندا دروستدەکەن بەجۆرێک وا دەردەکەوێ کە ئەو جیاوازیانە سروشتی و ئەزەلی بن". ئەم جۆرە لە کاریگەری لەرێگەی پرۆسەیەکی دورودرێژی کۆمەڵایەتیەوە بەرهەم دێ کە بەهۆیەوە مێینەکان فێر دەکرێن ببن بە ژن و ئاکاری ژنبوون وەر بگرن. هەر ئەمەشە کە زۆرینەیەکی زۆری ئەو خوێندکارانەی بەشی دەرمانسازی جەغتیان لێ کردەوە کاتێک لێم پرسین "ئایا وانەی جێندەر پێویستە لە زانکۆکاندا بخوێنرێ؟" بەم جۆرە خەسڵەتەکانی ژنبوون لەژندا پەرە پێدەدرێ و لە وەچەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی تر، هی پیاویش بە هەمانشێوە بەشێوەیەکی پەروەردەیی هەستپێنەکراوی کۆمەڵایەتی. لێرەوە زاراوەکان جیا دەکرێنەوە، وتاری ئاراستەکراو بۆ مێینە جیا دەکرێتەوە لە وتاری ئاراستەکراو بۆ نێرینە. ژنان فێر دەکرێن لە هەمو ناوەندەکاندا  پاسیڤ بن، نەزان بن، دەستەمۆ بن و هاریکارو یاریدەدەری بەها ویژدانی و هەستەکیەکانی پیاوان بن.
پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنی جێندەر (جێندەر سۆشیالیزەیشن) بێئاگایانە لە هەمو کۆمەڵگەیەکدا پەیڕەو دەکرێ، بەڵام لە کۆمەڵگەکانی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەدا وریایانەش لەپاڵ بێئاگاییەکانی کۆمەڵگەکانی تردا پەیڕەو دەکرێ. بە نمونە، لەکاتی شەڕی نێو پیاواندا، ئەندامە مێینەکانی خێزانی پیاوە شەڕکەرەکان لە ڕووی سێکسیەوە دەکرێنە ئامانج. جنێودان بە ژن، لەیەککاتدا هەم شکاندنی نێرینەکەی بەرامبەرەو هەم بە کاڵاکردنی ژن و نیشاندانی ئەو ئاستی ئاگاییەیە لەوەی لەرووی کۆمەڵایەتیەوە بێگەردی ژن بەشێکە لەبنەماکانی هێز لای پیاو. یەکێک لەو نمونە دیارانەی کە لەو سێمینارەی کۆلێجی دەرمانسازیشدا خستمەڕوو، لێرە دوبارە تیشکۆی دەخەمەوە سەر، ئەویش وانەی پەروەردەی نیشتمانی قۆناغی یازدەیە، کە تیایدا لە وەسفی دەزگا کۆمەڵایەتیەکاندا هاتوە؛ "هەر دەزگایەکی کۆمەڵایەتی لە چەند رۆڵێکی کۆمەڵایەتی پێکدێت و هەریەکەیان سەبارەت بە پایەو گرنگییان و لێپرسراویەتی سەرشانیان لە یەکتری جودان و هەندێکیان رۆڵی رابەرایەتی یان مامناوەندی یان رۆڵی سەرەتای بە خۆوە دەبینن. باوک رۆڵی رابەرایەتی لە خێزان دەگێڕێت کەچی کوڕە گەورەکانی رۆڵی مامناوەندییان بەردەکەوێ، کوڕە بچوکەکانی رۆڵێکی سادە لەخێزان دەبینن. ئەمانە بەتێکڕا تەواوکەری یەکترین و هەر رۆڵێک تەواوکەری ئەویترە چ لە بارەی گرنگییەکان و چ لە بارەی ئەرکی سەرشانیان." بەم پێوەرە بە پەراوێزخستنی دایک، ئینجا خوشکەکان خۆی لەخۆیدا سیستەمێکی پەرەردەیی بەئاگایانەیە بە ئامانجی زەقکردنەوەی جیاوازیە جێندەریەکان و بچووکردنەوەی مێینەی ناو خێزان و کۆمەڵگە. چونکە دەسەڵات لەو ناوەندانەدا تەنها هی رەگەزی باڵادەستە، کە پیاوەو ناشێ دابەشبکرێ، ملکەچپێکردنی مێینە بۆ ئەم دەسەڵاتە بە سیستەم گەشە دەکاو بەردەوامی پێدەدرێ، بەمجۆرە سیستەمی پاتریارکی درێژە دەکێشێ و پەل دەهاوێ. چونکە تەنها لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا ناوەستێ، بەڵکو هەر ئەم پیاوانەو ئەو ژنانەش کە ئەم وانانە بەوپەڕی دڵسۆزیەوە دەڵێنەوە، جا لە ناوەندی خوێندن یان خێزان و کۆمەڵگەدا بێت، دەچنە ناو هەیکەلەکانی تری دەسەڵاتەوە، بە نمونە، ئابوری، ئاینی و سیاسەت، لەوێوە بەرەو ‌حکومەت و پارلەمان و دەزگا هەستیارەکان، بەرەو خوێندنی باڵاو تەواوی جومگەکانی بەڕێوەبردن دەڕۆن. وا تێدەگەم، لەبەر ئەم خاڵە بێت کەمینەیەک لە خوێندکارەکان بە تێبینی لە خوارەوەی وەڵامەکانیان بۆیان نوسیسبووم، "باشترە وانەی جێندەر لە قۆناغە هەرە ئەوەڵینەکانی خوێندن بخوێندرێت نەک لە زانکۆکان، چونکە لەوێدا پەروەردە رۆڵی خۆی باشتر دەگێڕێ". ئەو تێبینیە باشترین وەڵامێکە بۆ ئەو پەرەگرافەی ناو مەنهەجەکانی خوێندنی ژێر زانکۆ، چونکە هەر لەوێدا پیاوەتی، کە رەهەندێکی سەرەکی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتە، فێر دەکرێ و هەر لەوێشيوە سیستەمی پاتریارکی، بە هاوکاری پایەکانی تری سیستەمەکە، پەل دەهاوێ.
لە راستیدا وەک پێشتر نوسیم، لە کۆمەڵگەی پاتریارکیدا هەر ژن بە ئامانج ناگیرێ، بەڵکو پیاوەکانیش دەبنە نێچیرێکی سادەی ئەم سیستەمە. ئەگەر نمونەیەکی سادە بهێنمەوەو تیشکۆی ئەم باسە لە دەرکەوتنەکانی پیاواندا چڕ بکەمەوە، دەبینین کاتێک پیاوێک قژ درێژ دەکاتەوە، کۆمەڵگە زیاتر بە ئامانجی دەگرێ وەک لەو ژنەی قژی وەک پیاوان کورت دەکاتەوە. ئێستا بیهێنەرە بەرچاوت پیاوێک بە تەنورە یان عەزیەوە بێتە دەرەوە بۆ ناو ژیانی گشتی. بەشێکی فراوانی دونیای فاشۆنی ژنان لە کۆستم و قاتی چاکەت و پانتۆڵدا بازاڕگەری بۆ دەکرێ. ئەمە لە راستیدا جل و بەرگێکی پیاوانەیەو زۆربەی ژنە سیاسی، بزنسومان و پرۆفیشناڵەکان، لە هەر ئاستێکی کارکردندا بن، لانی کەم یەکی قاتێکی لەم جۆرەیان هەیەو بۆ بۆنە هەرە فەرمی و تایبەتەکان لەبەری دەکەن. ژنان بەم بەرگانەوە، زیرەکتر، پرۆفیشناڵ تر، جدیتر دەردەکەون، بەو واتایەی پیاوانەتر دەردەکەون، چونکە زیرەکی و جدیەت و پرۆفشناڵی تارادەیەک خەسڵەتی پیاوانەن، وەک لە پەرەگرافەکانی دواتردا تیشکۆی دەخەمە سەر. خۆ ئەگەر پیاوێک هەمان کۆستم لەبەر بکات، بەڵام کەمێک پانتۆڵەکەی تەسک یان کورتتر بێ لە عادەتی، دەبینی دەکەوێتە بەر رەخنەو توانجی پیاوان و ژنانیش. ئەگەر دورتر بڕواو قژی درێژ بکاتەوەو پانتۆڵێکی لەم شيوەیە لەبەر بکاو کەمێک ناسک دەربکەوێ لە هەستو تێبینیەکانیدا، ئەوا دەخرێتە خانەی هۆمۆوە. گەر لەمەش دورتر بڕواو بۆ بۆنەیەکی فەرمی تەنورەو چاکەت لەبەر بکا، تەنانەت لە دونیای رۆژئاواشدا گەر بە ئاشکرا رەت نەکرێتەوە، بێگومان وای تێ دەگەن لێی تێکچووبێ و وایزانیبێت بۆ ئاهنگێکی (تنکری) بانگ کراوە، ئەوا لە کۆمەڵگەکانی وەک ئەوەی ئێمەدا هەر مەپرسە، چونکە پێشبینی کۆمەڵگە بۆ پیاوان زیاترە لەوەی ببنە ژن. ژن لە تەواوی دونیادا هێشتا نەگەیشتۆتە ئەوەی پیاوان دابەزنە ئاستی، بەڵام ئاساییە ژن بەرزبێتەوە بۆ ئاستی پیاو. ئەم تيڕوانینە پاتریارکیە بەجۆرێک رەگی داکوتاوە بێ ئاگایانەو بەئاگایانە هەوڵی ریپرۆدەکشنی ئەو کلتورە باوە دەدا کە تیایدا هێز و دەسەڵات خەسڵەتە سەرەکیەکەیەتی و نەک تەنها دابەشناکرێ بەڵکو تەنها بە پیاو یان (لە پیاوچوو) دەپارێزرێ.
پەیوەندیدار بە پرسی جنێو، پەلامار، سوکایەتی و دەستدرێژی تا ئاستی لاقەکردن، خۆی لە خۆیدا بەستراوەتەوە بە لاوازیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لاوازی پرسێکی پەیوەندیدارە بە مێینەوە. کۆنسێپتی "هەر ژنێک نەبێتە ئامانجێکی سێکسی، ژن نیە" یەکێکە لەو کۆنسێپتە گەشەکردوانەی کە دواتر سپێلمەن بەتوندی رەتی کردەوە، چونکە ئەگەرچی تاڕادەیەک راستی بەو کۆنسێپتەی مەکینۆنەوە دەردەکەوێ و رەنگە ژنە لاقەکراوەکەی ئەم چەندرۆژەی پێشوی دوزخورماتو نمونەیەکی زیندوو بێ بۆ ئەو گشتگیریکردنە کە نە کەمئەندامێتی و نە تەمەن و نە روخسار رێگر نەبوون لەو پیاوانە کە بە ئامانجی نەکەن، بەڵام ئەرگیومێنتەکەی سپێڵمەنیش دژ بە قوتابخانەی ریالیزمی جێندەری تاڕادەیەکی زۆر لۆژیکیە لەوەی جێندەر ناتوانرێ داببڕێ لە چین و نەژادو ئیتن. بۆ نمونە ئێزیدیەکان ئەگەر نەژادی کوردی ئێزیدی نەبونایە رەنگە وەک کۆیلەی سێکسی بەئامانج نەکرانایە. لە رابردوشدا ژنە رەشپێستەکان هەمیشە لە ئامادەباشی بەکارهێنانە سێکسیەکانی پیاوانی رەشپيست و سپیپێستدا بوون، کەچی ژنە سپی پێستەکان تەنانەت بۆ پیاوە سپیپێستەکانیش بە مەرجی دیاریکراو بەردەستبوون. ئەگەر داعشێک هەوڵی دەستدرێژی سێکسی بکردایەتە سەر خوشکێکی موسوڵمان، رەنگە لە سێدارە بدرایە، کەچی کچە ئێزیدیەکان بێ هیچ کۆدێکی کۆمەڵایەتی و تەمەن وەک ماشێنی تێرکردنی ویستە سێکسیە بەکۆمەڵەکان بەکار هێنراون و بەکارهێنانی زاراوەی تاوانی دەستدرێژی مەحاڵ بووە لە هیچ شوێنێک ئاماژەی بۆ بکرێ.
بە گەڕانەوە بۆ چەمکی (Gender Socialization) دەبینین ئەو خوو نۆرم و هەڵسوکەوتانەی نێرینەیەک دەیکا یان مێینەیەک پێی هەڵدەستێ بەکۆمەڵایەتی دەکرێ و فێر دەکرێ بەو جۆرە رەفتار بکا، چونکە لە حاڵەتی مرۆڤدا وەک بونەوەرەکانی تر ئاستی دایمۆرفیزمی سێکسی ئەوەندە بەهێز نیە کە بەتەواوی بە نێرو مێیەکەوە دەر بکەوێ و ناچاریان بکا وەک خۆ گونجانێک لەگەڵ ئەو جیاوازیانەدا رەفتارەکانیان بگۆڕن، بەنمونە لە هەندێ ئاژەڵدا قەبارەی نێرە چەند هێندەی مێیەیە، یان خێرای راکردنی مێیە زۆر زیاترە لەهی نێرە، یاخود رەنگی هەریەک لەوەی تر تەواو جودایە. بەڵام لە حاڵەتی مرۆڤدا، بە کۆمەڵایەتیکردنی رۆڵی جێندەری دەبێتە وانەیەکی بەردەوامی ژیان نەک جیاوازیە دایمۆرفیزمیەکان؛ جا هەر لە تەمەنێکی زووەوە لە هەڵبژاردنی رەنگی جلوبەرگەکانماندا بێ، لە خواردن و خواردنەوەکانماندا بێ، یان ئەو یاری و کەرەستانە بن کە بۆ بەسەربردنی کاتەکانی پشو دەخرێتە بەردەستمان. کچەکان بە رەنگی پەمەیی پەروەردە دەکرێن، بە بوکەشوشەو قاپوقاچاغ و ماڵە باجێنە و یاریە نەرمەکان گەورە دەبن، رێگەیان پێ نادرێ قاوەی تاڵ بخۆنەوەو لیمەندۆزی بکەن بە ترۆزی و خەیارەوە. لەبەرامبەردا، کوڕەکان بە رەنگی شین و خاکی، بە یاری بۆکسێن و گەڵابەو دەبابە گەشەیان پێدەدرێ، قاوەی تاڵ و خواردنی توون دەخۆن، بەڵام پێێان عەیبە کێکی پەمەی و سموزی داوابکەن لە کافێ و ساردەمەنیفرۆشەکاندا. بەمجۆرە تا دەبنە هەرزەکارو دەگەنە سەرەتای تەمەنی گەنجێتی، رۆژانە نمونەی بە کۆمەڵایەتیکردنی رۆڵی جێندەری دەدرێتەوە بەگوێیاندا، بە نمونە پیاو دەبێ پیاو بێ، بەهێز بێ، خۆراگر بێ، سەربەخۆو ئازاد بێ، بەرخی نێرەو بۆ سەربڕین بێ، قارەمان و پاڵەوان و شەرەفمەندو مەردو دەیان جۆری تری سیفات دەخرێتە پاڵیان. ئەم سیفەتانە دەکرێنە سیفەتی گشتی و لەسەری پەروەردە دەکرێن و راهێنانیان پێ دەدرێ لەلایەن باوک و براو باپیرە گەورەترەکانەوە. لەبەرامبەردا، مێینە دەبێ نەرم بێ، بەسۆزو میهرەبان بێ، ترسنۆک و شەرمن بێ، بەدەنگی بەرز قسە نەکا، گوێڕایەڵ بێ. بەهەمان شێوە لەلایەن دایک و پورو خوشکە گەورەکانەوە رۆژانە ئەم سیافاتانە دەدرێتەوە بەگوێی کچەکانداو کە گەورە دەبن، دەبینی بونەتە کۆپییەکی باشی ژنەکانی پێش خۆیان لە خێزانەکەدا. هەر کچ یان کوڕێ کەموکورتی لەم سیافاتانەدا نیشان بدا، ئەوا لە حاڵەتی کچاندا، بێشەرم، بێ ئابڕوو، بێ ئەدەب، بێ گەورە، چەتیوە، بەڕەڵا و بێ کەس دەدرێتە پاڵی. بۆ کوڕانیش، ترسنۆک، خوێڕی، ناپیاو، نامەرد، هەتیوە، خۆ ئەگەر ئەم پیاوە نەرمتر لەگەڵ خوشک و دایک و مێینەکانی خێزانەکەیدا جوڵایەوە یان لەناو هاوڕێکانیدا کەمتر دڵرەقی و زەبری پیشاندا ئەوا کچانی و سەرشۆڕو گەواد بەکاردێ. ئەم تێڕوانینە زمانەوانیانە کە رەهەندێکی گەورەی سۆسیۆلۆجی پاڵنەریەتی، کلتورو ئاین وەک دوانەیەکی ئاوێتە پێکەوە دەرخۆنەی دەکەن بەجۆرێک لە ئاکامدا ئەوەی پێی دەوترێ جێندەر ستراتیفیکەیشن (هەڵچنینی جێندەری) دروست دەبێ. ئەم هەڵچنینە جێندەرییە وادەکا ئاستێکی بەرزی ژن و پیاوی رواڵەتی لە کۆمەڵگەکانی وەک ئەوەی ئێمەدا دروست ببێ، چونکە بەشێکی زۆری ژن و پیاوەکان ترس لە کۆمەڵگەو توانجەکانی ناچاریان دەکا بەردەوام لە خولگەی ئەو رواڵەتگەریەدا بخولێنەوەو دەبڵ مۆرەڵ بن. هەڵبەت حاڵەتی تایبەتیش هەیە لە وڵاتانی تردا، بەڵام کرانەوەی کۆمەڵایەتی هاندەرێکی بەهێزی ئەو کۆمەڵگەیانە بوە لە دابەزینی ئاستی دەبڵ مۆڕەڵی، لانی کەم لەسەر ئاستی جێندەر سۆشیەڵیزەیشن، بۆیە دەبینی تاکە نێرو مێیەکان لەو کۆمەڵگەیانەدا جێنیوەنترن، واتا سادقترو سەرراسترن لە رووی کۆمەڵایەتیەوە لەگەڵ خۆیان و دەوروبەرەکانیاندا.



 [1]  تابلۆ ناوێکی خوازراوەو لەبەر تایبەتمەندی چیرۆکەکە بە شاراوەی ناوەکەی هێڵرایەوە.

 

د. ڤیان مەجید فەرەج، پسپۆری زانستی سیاسییە

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×