جیھانی دوای کۆرۆنا..!

عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا
  2020-04-20     878

  لەگەڵ سەرھەڵدانی پەتای گڵۆباڵی(Pandemic) کۆرۆنادا، رۆژانە، لە میدیاکانی جیھاندا، شیکاری و دیدی ئایندەناسییانە(Futurology) لەبارەی دنیای دوای کۆرۆنا دەخرێنەڕوو. 
     وا دەردەکەوێت کە ھەستکردن بەخودی ئەو گۆڕانکارییە دوارۆژییانەی کە ئەم پەتا گڵۆباڵە لەگەڵ خۆیدا دەیانھێنێ، بوبێتە ھەستێکی گڵوباڵ!، ئەمەش رەنگە، پێش ھەر شتێ، زادەی لێکەوتەکانی خودی دیاردەی بەجیھانیبوون Globalization خۆی بێت، لانیکەم، بەجیھانیبوون لە بواری میدیاو میدیای نوێ New media  و تەکنەلۆژیاو شۆڕشی زانیاریدا، دەنا ئەوەی ئەمڕۆ روودەدا، گەر یەک سەدە لەمەوبەر بووایه‌ وەک نموونەی(ئەنفلەوەنزای ئیسپانی!)ی ساڵی(١٩١٨) کە زیاتر لە(١٠٠) ملیۆن کەسی لە جیھان و بەتایبەت لە ئەروروپادا لەناوبرد، واتە دوو ھێندەی قوربانیانی جەنگی جیھانیی یەکەم(١٩١٤-١٩١٨)!، ئەوا رەنگە بەشێکی زۆری جیھان، زۆر درەنگتر پێیان بیانزانیایه‌.
         لەو سەردەمەدا، جەنگی جیھانیی یەکەم لە لوتکەی وەحشتگەریی خۆیدا بوو، میدیا لەسەرتاسەری جیھاندا بەھەواڵەکانی جەنگەوە سەرگەرم بوون تەنھا میدیای ئیسپانی نەبێ کە بەھۆی ئەوەی وڵاتەکەی بەشێک نەبوو لەو جەنگە، تا رادەیەکی زۆر، دەستکراوە بوو بۆ رووماڵکردنی ئەو پەتا کوشندەیە، نھێنیی ناوی ئەنفلەوەنزای ئیسپانی-یش ھەر لەمەوە ھاتووە!، ئەگینا پەتاکە، نە لەو وڵاتەوە سەریھەڵدابوو و، نە لەوێشەوە بەجیھاندا بڵاوببوەوە.
     بە مانایەکی تر، بە جیھانیبوون، ھۆشیارییەکی جیھانییش لای دانیشتوانی سەر ئەم ھەسارەیە دروستدەکات چ جای لەگەڵ پەتایەکی گڵۆباڵدا کە بە خێرایی تیشک بە سەرتاسەری جیھاندا بڵاودەبێتەوە. پرسیاریش ئەوەیە، ئایا ئەم ھەستە ھاوبەشە لە جیھاندا، ھەستێکی ھاوبەشیشە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەگەری پێشھات و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی جیھان؟ ئەگەر وابێ، کێ لەم جیھانە تووشبووەی کۆرۆنادا کۆنترۆڵی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات؟ کێ نەک جڵەو، بگرە بە پێی ستراتیژەکانی باڵادەستبوون بەسەر جیھاندا، ئاراستەی دەکات؟
  ئەو پرسیارانە، سادە نین!، چونکە ئەگەر، لە بنەڕەتدا، ئەگەری گۆڕانکاریی گەورە لە رێی مرۆڤایەتیدا بێ، ھەموو وڵاتێکی جیھان بکەری ناو ئەو گۆڕانکارییانە نییە ئەگەر بەرکارێکی باسیڤ نەبێ!. لەھەموو دۆخێکدا، وڵاتانی گروپی (٢٠)، گروپی (٧)، لەسەرویانەوە زلھێزەکانی وەک ئەمریکا و چین، لەولاشەوە ئەوروپاو روسەکان، بە پلەی یەکەم، دەستنیشانی ئەو ئاراستەیە دەکەن کە دەبێ گۆڕانکارییەکان بەخۆوەی ببینن.
     جیھانیش لەگەڵ ئەو زلھێزانەدا، جیھانێکە ھەم بە رووی ھاریکاریدا کراوەیە، ھەم بە رووی ململانێی توند. ھەندێ ئابوریناس لەناوچەکەی خۆمان، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینییان بۆ دنیای دوای کۆرۆنا تەنانەت دەگاتە سنوری ئەگەری بەرپابوونی جەنگی جیھانیی سێیەم!، واتە ئەوە راست نییە کە ھاودەردیی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەم پەتا گڵۆباڵەدا، ئیتر بە لێشاو ھاریکاریی نێودەوڵەتی و ھاوکاریی نێونەتەوەیی بەدوای خۆیدا دەھێنێ، بەڵکو ئەگەری ململانێی زۆر مەترسیداریش لە ئارادایە کە بکەوێتە نێوان وڵاتانی زلھێزەوە. 
    ئێمە ھەر لەم سەروەختەی پەتاکەدا بوو کە بینیمان وڵاتانی گروپی(٧) نەیانتوانی تەنانەت راگەیەنراوێکی ھاوبەشیش بڵاوبکەنەوە تەنھا لەبەر ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، داوای کردبوو کە پەتاکە ناوبنرێت( پەتای چینی، یان ڤایرۆسی وھان!). تیروتوانج و ئاڵوگۆڕی تۆمەتی نێوان ئەمریکییەکان و چینییەکان، ئیتاڵییەکان و وڵاتانی تری ئەوروپی، رەخنەگرتنی توند لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO وەک دەزگایەکی نێودەوڵەتی و بگرە راگرتنی بودجەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، کێبەرکێی بەرھەمھێنانی تایبەت بە کۆرۆناو جەنگی شاردنەوەی توێژینەوەکانی تایبەت بەم ھەوڵانەو زۆر پێدراوی تریش، سەرلەبەر، ئەوە رووندەکەنەوە کە ململانێکان، لەگەرمەی کۆرۆنادا، لە ئێستاوە بناغەیەک بۆ خۆیان دادەڕێژن، بگره‌ جیھانی دوای کۆرۆنا بەو ئەگەرانە بارگاوی دەکەن کە بۆ مرۆڤایەتی مژدەبەخش نین!. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×