جیلی پەبجی‌و شەڕی ناوخۆ!

زانا عارف
  2020-04-24     745
کاڵفامیە گەر وابزانین تەنیا  چەند کەسێکی نادان لێرە و لەوێ تەقەی خۆشییان بە ئاسماندا کردووە، دواتر ئەمانە بەر لۆمە بدەین و هەستینە سەرپێ و، وابزانین کارەکەمان هەر بەمە خەلاس بووە. نەچینە بنج و بناوانی ئەوەی کە لە ئێستادا تەقەکردن وەک هونەر و بازرگانی و شێوازی ژیان و هۆبی کات بەسەر بردنی لێهاتووە.
ئێستا لە هەموو ماڵێکدا بۆ خۆشی تەقە دەکرێت! تەقە کردن ئەو کارەیە وەک سەرچاوەی خۆشحاڵی مرۆڤەکانی لێهاتووە. ئیدی ناوی پەبجی بێت یان هەر گەیمێکی تر، ئەوەی خۆشی بە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەدات، بریتیە لە تەقە کردن!
واتە دەتوانین دڵمان بەوە خۆش بکەین کە هەر ئێمەی بۆرە کورد نین، ئەوەی بۆ خۆشی تەقە دەکات، ئێستا لە تەواوی دونیا، ئەو کارە لە واقع و لە جیهانی گریمانەی ئینتەرنێتیش، خۆشی بە مرۆڤ دەدات و پارەی پێ پەیدا دەکرێت، هەر تەقەی خۆشییە!
ئەوانەی کاریان هەیە و خودا پێداون، لە دوای کار،  یان لە کاتی پشووە کورتخایەنەکانی ناو کارەکەیان، هەڵبەت گەر خاوەنی ئەخلاقی کارکردن بن و کاتی کاریشیان بەوەوە نەبەنە سەر! کاتەکانیان بە تەقەکردن دەکوژن، هەر گەنجێکی قوڕبەسەریش کاری نەبوو، تەواوی کاتەکانی تەمەنیان، تۆڵەی خۆیان لەم ژیانە پوچ و بێ وەفایە، بە تەقەکردن دەکەنەوە.
وەک ئەوەی جگە لەم کارە هیچ شتێکی خۆشی تر نەبێت، لە یارییەکی شەترەنجەوە بیگرە هەتا خوێندنەوەی کتێب و ئەنجامدانی وەرزش، هیچیان خۆش نین لە ئێستادا، تەنیا تەقەیە ئەوەی خۆشی بە مرۆڤی قوڕبەسەری ئەم سەردەمە دەدات.
تەنانەت ئەو مرۆڤانەی زۆر پاکوبێگەردن، ڕقیان لە کوشتن و کوشتارە، بێ ئاگایانە خۆیان بە دەم ئەم شەپۆلی تەقەکردنەوە داوە و، لە جیهانێکی گریمانەییدا کە ئینتەرنێتە، تەقە لە چواردەوری خۆی دەکات و خۆی بە براوە دەزانێت گەر هەرچیەکی هاتە بەردەم بیکوژێت!
تەقەکردن بریتیە لە شێوازی بەسەربردنی کاتی فەراغی گەنج و پیر، لەم دونیای خوایە، خۆشییەک نەماوە جگە لەوەی تەقە بکەیت! 
تەقەکردن هەروا شتێکی بێ ئەقڵانەش نیە گاڵتەی پێبکەیت، لە جیهانی واقعدا هەر کۆمپانیایەک کەوا چەک دروست دەکات، زۆرترین پارەی دەست دەکەوێت و هەر ئەوانن بەڕێوەبەری دەوڵەتە زلهێزەکانیش!
هەر ئەو دەوڵەتە زلهێزانەشن، کە کۆمەڵک سەرۆک و حوکمەتی دیکۆریان لەم ڕەشهەڵاتی ناوەڕاستە داناوە هەتا حوکمی من و تۆی داماو پێ بکەن!
لە جیهانی گریمانەیشدا کە ئینتەرنێتە، خەریکە گەیمەرە بەناوبانگەکان هێندەی مێسی و ڕۆناڵدۆیان دەست بکەوێت.  
واتە لە ئێستادا گەر بە ڕاستی تەقە بکەیت، یان بە گریمانە لە نێو جیهانی گریمانە و فەنتازی تەکنەلۆژیادا، هەر پارەت دەست دەکەوێت!
لە ئێستاشدا چونکە پارە هەموو شتێکە، براوە ئەو کەسەیە کە باشتر لەوانەی تر تەقە دەکات و بە شێوازی گریمانەیی، باشتر مرۆڤەکان چواردەوری دەکوژێت!
بەڵام لای خۆمان کەلتوری تەقەکردن کەمێک جیاوازی هەیە. چونکە لەوەتەی دوو گوێمان خوڵقاوە هەر کوردە بۆرە یەکتری کوشتووە، لە سەردەمی بابانیەکانەوە هەتا دەگاتە یەکێتی-پارتی، هەتا دەگاتە ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەی زینی وەرتێ، هەمیشە شەهامەت و پیاوەتی لای ئێمە کوشتنی براکەمان بووە. لە دوای تەواو کردنی کوشتنی براکەشمان، هەر دیسان بۆ خۆشی تەقەمان کردووە. کە منداڵمان لە دایک دەبێت هەر تەقەمان کردووە، کە ژنیشمان هێناوە، هەر تەقەمان بە ئاسماندا کردووە، چونکە لای ئێمە ژنهێنانیش واتایەکی تری هەیە، بریتیە لە تەقە کردن!
کەم گەل وەک ئێمە هەیە، شەوی یەکەمی زاوایی و گەردەشی هەر بە ناوی"تەقەکردنەوە" ناونابێت.
تەنانەت کاتێک لە هەڵبژاردنیشدا کە بە حساب پڕۆسەی دیموکراسی ناو وڵاتی ئێمەیە، ئەوەی گوزارشتی لە خۆشی بردنەوەی لایەنێک دەکات؛ هەر تەقەیە. 
کاڵفامیە ڕەخنە لە حوکمەت بگریت کەوا بۆچی ڕێگە ناگرێت لەم دیاردەیە. چونکە ئەوەی لە ئێستادا حوکمەتە، دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆیە، کە بریتیە لە تەقەکردن لە برای خۆت و ، بەم شێوەیە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.
ئەوانەی تەقە بە ئاسماندا دەکەن کەسانی ئاسایی نین، چونکە کەسی ئاسایی یان پارەی کڕینی چەکی پێ نیە، یان خۆشی نابینێت لەوەی تەقە بکات.
ئەوانە بەڵتەجیەکانی ئەم وڵاتەن، دووریش نیە ئەم جیلە کە دەتوانین بە جیلی پەبجیش ناویان ببەین، زۆرینەیان منداڵەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ بن و، باوک و کەسوکاریان لەو شەڕە نەفرەتیەدا لە دەست دابێت. هەژاری و بێ باوکیش وەهای لێکردبن، پیشەیەک هەڵبژێرن کەوا چەک هەڵگرتن زامنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بکات. واتە دەشێت قوربانی و جەلادیش بن لە یەک کاتدا. ئینجا  کە لە ماوەی داهاتوودا موچە بڕا، -گەر دەربڕینەکە نێرسالاری لێنەخوێنرێتەوە- پیاو هەیە قسە یان خۆپشاندان ئەنجام بدات؟ بزانە هەر ئەو بەڵتەجیەی ئەمڕۆ بۆ خۆشی تەقە دەکات، هەر ئەویشە ئاوڕشێنی خۆپشاندەرانیش دەکات. ئەم سیستەمەی کە ئەم وڵاتە دەبات بەڕێوە، بەم بەڵتەجیانەوە لەسەر پێ وەستاوە، هەربۆیە هەڵگرتنی ئەوان لەلایەن ئەوەی ئێستا بە حوکمەت ناو دەبرێت، بە واتای هەڵگرتنی دەست و پێوەند و کۆیلە و دەربارەکانی خۆیان دێت. 
واتە کاڵفامیە ئەو کەسانەی تەقە دەکەن بە کەسانێکی کاڵفامیان ناو ببەین، بە واتایەکی تر هەر ئەوانن کاربەدەست و حوکمەت و بەڕێوەبەرانی سیستەمی ئەم وڵاتە. هەر ئەم بەڵتەجیانەن تیرۆری سەردەشت و سۆران و کاوەیان کرد. گەر ئەمانە خودی سیستەمی ئەم وڵاتە نەبوونایە، ئەوا توشی سزادان دەبوون. نەگیرانی بکوژەکانیان تەنیا یەک واتای هەیە، ئەم سیستەمە بریتیە لەو تەقەکەرانەوە و خۆیان ناتوانن خۆیان بگرن!
وەستانەوە لە دژی ئەم سیستەمەش لەوێوە دەست پێدەکات، هەتا چەندە دڵت بە تەقەکردن خۆشە، ئینجا ئیتر لە واقعدا بێت یان لە جیهانی گریمانەیی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا؟!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×