داهاتو بۆ ئێمەیە..

هەندرێن شێخ راغب
  2020-05-01     313

خراپی ئابوری‌و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەمیشەیی‌و نەگۆڕێكی سروشتی نیە. ئێمە لە بیابانێكی وشك، ناوچەیەكی بێ سامانی سروشتی، بێ زەوی كشتوكاڵی ناژین، ئێمە لە ناو خاك‌و هەواو بێ ئاویەكی خراپ ناژین، ئێمە خاوەنی دەشتی شارەزوور، بیتوێن، هەولێر، هەریر، لای موصڵ‌و ئاكرێ‌و دەیان ناوچەی گەورەو فراوانی بە پیتین، خاوەنی ملیۆنان دۆنم زەوی كشتوكاڵین، خاوەنی ملیۆن كانی بچوك‌و مام ناوەندو گەورەی ئاوین، خاوەنی باران‌و بەفرو چوار وەزری ساڵین....هتد.

ئێمە خاوەنی گازێكی زۆرین، با یەك دڵۆپ نەوتیشمان نەبێت، با یەك بەرمیل نەوتیش نەفرۆشین.. لە بەرنامەیەكی دیكۆمێنتاری لەكەناڵی جەزیرە بینیم كە باسی گازی سروشتی هەرێمی كوردستانی دەكرد هەر مەپرسە خاوەنی چ سامانێكی لە بن نەهاتووین، نەوتمان هەر پێویست نیە...

خاوەنی وڵاتێكی زۆر جوان‌و سەرنج راكێشی گەشتیارین، زۆر گلەیی لە جوگرافیاو گەمارۆدانی خۆمان دەكەین، بەڵام بۆتە رەحمەت و بەم هۆیەوە لەگەڵ چوار دەوڵەتی وەكو عێراق‌و ئێران‌و توركیا‌و سوریا چەندین مەرزی نێودەوڵەتی گەورەمان هەیە، چەندین ناوچەی گومرگی گەورەمان هەیە، بەس ئەوەندەمان بەسە..! خاوەنی توانایەكی مرۆیی گەورەین، نەتەوەكەمان زۆرینەی گەنجە، نەك دەتوانین بێ موچە‌و بێكارو هەژار نەبین، بەڵكو دەتوانین خۆشگوزەرانترین‌و بەهێزترین ئابوریمان هەبێت، ئێوە دەزانن هەرێمی كوردستان بەسەبەتەی خۆراكی عێراق دادەنرێت!. 

سەیر بكەن لە دوبەی كە زۆری باس دەكەین، ئاوی خواردنەوەو زەوی كشتوكاڵیان نیە، گڵ لە وڵاتان دەكڕن بۆ چاندنی سەوزە، ئێمە خاوەنی گڵ‌و خۆڵ‌و ئاوو زەوی ئەوەندە بە پیتین كە دەتوانین هەرچی جۆری میوەو سەوزەو دانەوێڵە‌و خۆراك هەیە لێی داچێنین‌و بەرهەمی بێنین دەتوانین خاوەنی باشترین جۆری بەرهەمی گۆشت‌و هەنگوین و پەلەوەر بین. بۆیە هەرگیز نابێت چاومان لە یەك دیناری عێراق‌و یەك نانی كەس بێت، نابێت لە داهاتوومان بترسین‌و دودڵ بین بۆ نەوەی داهاتوو، كەواتە كێشەی ئێمە چیە؟؟ بۆچی خراپ دەژین؟؟:
-كێشەی ئێمە حوكمڕانیمانە، سیستەمی كارگێڕی‌و بڕیاردانمانە.
-كێشەی ئێمە گەندەڵیە لە كەرتی نەوت‌و فەشەلی گرێبەستە نەوتیەكانمان.
-نازانین‌و شەفاف نین لە گرێبەستی گازو كێڵگە گازیەكان‌و كۆمپانیای ناوخۆو دەرەكی خراپمان هەیە. 
-كێشەی ئێمە خراپی هەڵسوكەوتە لەگەڵ كۆی داهاتەكان.
-كێشەی ئێمە خەرجی زۆرو لابەلاو تەخشان‌و پەخشانە.
-كێشەی ئێمە سوود وەرنەگرتنە لە توانای مرۆیی‌و گەنج‌و دەستی كاری خۆمان.
-بەكورتی كێشەی ئێمە سەرخانە، نەك ژێرخان، ژێر زەوی‌و سەرزەویمان هەمووی ئاڵتونە. ئەوە سەرخانی ئێمەیە بێ توانایە‌و گرێی تەسكی حزبایەتی‌و ناوچەگەری‌و دەستەبەندی تێنەپەڕاندووە. 
چارەسەر چیە:
-دەبێت دۆخی حوكمڕانی خۆمان چاك بكەین، دەوڵەتداری وا ناكرێت.
-سیاسەتی نەوتی‌و گاز، دەبێت دەستكاری بكرێت‌و كۆی كێشە‌و گەندەڵی ناشەفافیەتی چارەسەر بكرێت.
-گومرگ‌و خاڵی سنوری‌و داهاتەكان بگەڕێنەوە گیرفانی حكومەت‌و میللەت.
-كەرتی كشتوكاڵی‌و پیشەسازی ناوخۆ بەهەموو توانایەكەوە پشتگیری بكرێت.
-هانی دەوڵەمەندو سەرمایەداران بدرێت كارگەی بچوك‌و مامناوەندو گەورە دروست بكەن. كە پارەی خۆمان بۆ خۆمان دەگەڕێتەوەو خەڵكی خۆمان دەبێتە خاوەنی داهاتی خۆی.
-رزگاركردنی حكومەت لەم عەقڵیەتە خراپەی كێبەركێی سیاسی‌و حزبایەتی.
-رێكخستنەوەی داهات‌و خەرجیەكان. كە دەبێت لە خودی بارەگای حزبەكانەوە دەستكاری بكرێت، بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەكان.
-میللەتی كورد دەبێت خاوەنی قسەی جدی خۆی بێت‌و لەكاتی دەنگدان، دەنگ بە پڕۆژە‌و بەرنامەو خەڵكی باش بدات. نەك لەسەر میراتی حزبی كڕ بكەوێت.
-سود وەرگرتن لە توانای دەستی كاری ناوخۆو گەنجان‌و خەڵكی بەهرەمەندی ناوخۆ.
-گەڕانەوەی داهاتەكان بۆ دەستی حكومەت بە شەفافی، لە نەوت‌و گازو خاڵە سنورەكان‌و مەرزەكان‌و داهاتی ناوخۆو باج‌و خەراجەكان، گومرگ، ..كە گەندەڵی تێدا نەبێت، ئەوا دڵنیام كێشەی موچە‌و بودجە چارەسەر دەبێت.
ئەم رۆژە هەردێت‌و وڵاتی دەوڵەمەندی ئێمە، داهاتووی ئێمەیە نەوەكو دیناری بەغداو دۆلاری خەڵكی بیانی، ئێمە ئەوەندە دەوڵەمەندین هیچ منەتمان بە دیناری عێراقی‌و لیرەی توركی‌و سوری‌و تمەنی ئێرانی‌و دۆلاری ئەمریكی نیە. بەڵام بەم جۆرە عەقڵیەت‌و حوكمڕانیەتی‌و نا عەدالەتیەی ئێستا نا.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×