ئەزمونی دەسەڵاتی کوردی لە گیانەڵادایە!

زانا عارف
  2020-05-03     1036
خراپترینی بەڵاکان ئەوانەن لە جیاتی گریان دەتخەنە پێکەنین! ئەزمونی دەسەڵاتی کوردی کەوا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکردووە، ئێستا لە لێوارەکانی مەرگ و گیانەڵادایە و، وەک ناوبڕاوێکی ڕێکلامە، کە خەریکە فیلمەکەی پێشی دەست پێدەکاتەوە!
بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی پێکەنینە، کوردی هەمیشە بێ ئاگا لە ڕووداوەکان، ئەمە بە کێشەیەکی تەکنیکی تێگەشتووە و، لەسەر ئاستی" موچە دەدا و نایدات" شیکاری بۆ دەکات!
ئاشکرایە هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، چەشنی مرۆڤ،  لە دایک دەبن و گەشە دەکەن و دەمرن.
مرۆڤ کاتێک لە دایک دەبێت، پاش ماوەیەک دەست بە سنگەخشکێ و گاگۆڵکێ دەکات، دەتوانین ئەمە بە تافی مڵوموشکردن لە مرۆڤدا ناو ببەین، چونکە هەرچی پاک و پیسە کەوا دەیبینێت، ڕاستەوخۆ بۆ دەمی دەبات و ڕەوانەی گەدەی دەکات. واتە دەمی تاکە ڕێگای ناسینی دونیایە و، تەنانەت دایکیشی لە ڕێگەی دەمیەوە دەناسێتەوە!
بەرپرسەکانی شاخیش کە پێش ٣٠ ساڵ ئەزمونەکەیان بە ساوا ناودەبرد، ڕێک وەک ئەو منداڵەی خەریکی مڵوموشە، بە دزین و ئاودیوکردنی مس و فافۆن و ئاسن و عەمودی کارەبا، دەستیان بە ئەزمونە تاقانەکەیان کرد.
لەو کاتەدا قسەیەکی باوی ناو خەڵک هەبوو دەیانوت" گەر تەلی حاجەتیش پارەی بکردایە، ئەویشیان ئاودیو دەکرد".
منداڵ پاش کەمێک لەم تەمەنە، دەست بە گڕوگاڵ دەکات،
دەتوانین بڵێین ئەزمونی پەڕلەمانی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ڕێک چەشنی ئەم گڕوگاڵەیە.
هەرچەندە گڕوگاڵ قسەیەکی واتادار نیە، بەڵام هەر ئەوە بۆ کۆمەڵێک قسەی واتادار گەشە دەکات. هەڵبەت گەر منداڵەکەی توشی شۆک و تراڤمای چاوەڕوان نەکراو نەبێت.
بەڵام مەخابن، شەڕی ناوخۆ ئەو تراڤمایە بوو کە بەسەر ئەم منداڵە تازە پێگەشتووە هات، هەربۆیە پێش ئەوەی فێری قسە بێت، کوتەکێک لەسەری دراو هەتا ئێستا بە لاڵی ماوەتەوە...
شەڕی ناوخۆش؛ چەشنی شەڕی نێوان ئەو منداڵانەیە کە دوای پێگرتن ڕەوانەی کۆڵان دەکرێن و، پاش ئەوەی پێکەوە کەمێک گەمە دەکەن، لە پڕێکدا بە یەکدا هەڵدەپرژێن وخۆشیان نازانن لەبەرچی ئەم کارەیان کردووە. ڕاستی لێکۆڵینەوە لەوەی دوو منداڵی کاڵفام لەسەر چی شەڕ دەکەن، کارێکی بێ هودەیە، چونکە هۆکارەکەی لە کەمئەقڵی دوو منداڵەکەوە سەرچاوەی گرتووە. چونکە وەک ئێستا دەیانتوانی پەنجا بە پەنجا دایکە کوردستانیان بدۆشن و شەڕیش نەکەن!

ڕوخانی سەدام، وەک سەردەمی باڵغ بوونی ئەم ئەزمونە وەهایە، چونکە ١٣ ساڵێک بەسەر لە دایک بوونیدا تێپەڕیوە و، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەست بە خۆی بکات!
 هەرچەندە هیچ ئەزمونێکی شایستەی نەبوو لە ژیاندا، بەڵام باسی لە پێویستی ئەوە دەکرد کە ئەزمونەکەی ببێتە ڕۆڵ مۆدێلی عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
ئەم قۆناغەش بۆ دەسەڵاتی کوردی، وەک ئەو ساتەیە کە گەنجی تازە باڵغ، هەوڵی دۆزینەوەی کار و سەرچاوەی بژێوی ژیان دەدات.
ئاشکرایە لە وڵاتێکدا کەوا نەوت لە هەموو بستێکدا فیشقەی بێت، چیدی پێویست بە ئەقڵ و بیرکردنەوەی ستراتیژی نیە، فرۆشتنی نەوت بە تانکەر، کورترین ڕێگەی بژێوی ژیانە بۆ گەلێک عاجز بێت لەوەی ئەقڵی بخاتە کار.
ساڵانی ٢٠٠٣-٢١٠٣، دەسەڵاتی کوردی وەک ئەو هەرزەکارەیە کە هەم خۆی کاسپی دەکات، هەم باوکی پارە دەخاتە باخەڵیەوە.
بەڵام ئەو تەنیا یەک خولیای هەیە، دەستبەرداری باوکی ببێت و، ماڵ جیا بکاتەوە و، خۆی لە ماڵی خۆیدا ببێت بە پیاو!
فرۆشتنی نەوتیش بە بۆری لە جیاتی تانکەر، بە نیسبەت گەنجەوە وەک دۆزینەوەی هەنگوین لە کونەداردا بوو!
خەونەکەشی ئەگەرچی وەک ڕەحمەتی وتی شاعیرانە بوو، بەڵام دەکرا ببێت، تەنیا یەک مەرجی دەویست: لە جیاتی گەدە و خوارەوەی، پێویستی بە گەڕخستنی ئەقڵ دەکرد.
دەسەڵاتی کوردی لە ساڵی ٢٠١٣، زیاتر لەو گەنجە دەچێت، لە باشترین حاڵەتیا باوکی ڕێگەی بدات لە قاتی سەرەوە ماڵێک بۆ خۆی پێکەوە بنێت و تێیدا بژی.
جار جارە سەرێک لە خوارەوەش بدات و سڵاوێکیان لێبکات!
بەڵام هەیهات، گەنجەی تازە پێگەشتوو، لە جیاتی ئەم کارە، هەڕەشەی ئەوەی لێدەکرد ماڵەکەی بۆ جێدەهێڵێت و لەمەودوا بە تاقی تەنیا دەژی!

باوکی لە سەرەتاوە کەمێکی بە دەمەوە دا، بەڵام کاتێک زانی هەر سوورە لەسەر خۆ گیڤ کردنەوە، پولێکی پێوەنا و وتی بزانم خۆت بە تەنیا چی دەکەیت!

دەسەڵاتی کوردی لەم کاتەدا چەشنی ئەو گەنجە فشەکەرانەی پارە لە باخەڵیاندا نیە و، لە کاتی  قۆڵبڕینی رەگەزی بەرامبەردا، باس لە هەبوونی شوقە و خانووی جیا دەکات؛ بەڵێنی ئەوەی دەدا هەولێر دەکاتە دوبەیی و، ئامێری بۆ لێدانی یەکەم پاسپۆرت و دراوی کوردی ئامادە کردبوو.
هەروەها کۆمپانیایەکی دادەنا بە ناوی کەمکۆ!، هەتا ڕاستەوخۆ پارەی نەوت بخاتە سەر ئەژماری بانکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان!..

دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، یەکەم جەڵتە بوو کەوا لە ئەزمونی کوردییان دا. شەرت نیە هەموو کەس بە پیری جەڵتە لێیبدا و بمرێت، هەندێک جار گەنجیش لە بەهاری تەمەنیدا ئۆغر دەکات. ئەزمونی قازی و شێخ مەحمودیش شایەتی ئەمەمان بۆ دەدات.
چونکە خەونی دەوڵەتی کوردی، لە کەفوکوڵێکی هەرزەکارانە بۆ ژن هێنان زیاتر، هیچ کارێکی جددی بۆ نەکرابوو.  نەک کاری بۆ بونیادنانی دەوڵەتێک نەکردبوو، بەڵکو هێشتا ئەقڵی بەوە نەشکابوو، ڕاگەیاندی دەوڵەت بە واتای بونیادنان نایەت!
هەربۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دوا سەرکەشی ئەم نەوجەوانە کەم ئەزمونە بوو، کە تەنانەت مانگێکیشی نەخایەند و لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، بۆ جاری دووهەم جەڵتە لێیدا.
ئێستا دەسەڵاتی کوردی یەک شتی بۆ ڕوون بۆتەوە، نەک ئەوەی ناتوانێت جیا ببێتەوە، بەڵکو ناتوانێت خۆیشی بەڕێوە ببات.
ئەو بۆریە نەوتانەی خەونی ئابوری سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردی لەسەر بونیادنرابوو، ئێستا ڕادەستی بەغدا کراوە، هەتا موچەی مانگانەی هەرێمە خنجیلانەکەی پێ پەیدا بکات.
بەڵام دەسەڵاتی کوردی چەشنی ئەو ژنەی بە نیەتی فشار دروستکردن دەتۆرێت و دەچێتەوە ماڵی باوکی، ئێستا بە ناچاری گەڕاوەتەوە باوەشی بەغدادی موفلیس! بەڵام قەدرەکەی جارانی نەماوە.
هاوکێشەکە زۆر سادەیە: ئەگەر تەواوی نەوتی هەرێم و داهاتی ناوخۆی لە پارەکەی بەغداد زیاتر بووایە، پێویستمان بە منەتی ئەو نەدەبوو. بەغداش بە خۆشحاڵیەوە دەینارد.
باشە بەغداد لە چی ئەگەرێکدا موچەی هەرێم دەدات، ئەگەر نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم لەو بڕە پارەیەش کەمتر بێت کە دەینێرێت؟!
وەڵام: تەنیا ئەو کاتەی خۆی ببێتە خاوەنی دوکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی ئێستاشی بکاتە شاگرد و بریکار.
دووریش نیە دوای ئەوەی بەرپرسەکانی کردە شاگرد و بریکار، خۆی بگەڕێتەوە سەر ماڵ، یان کەسێکی نزیک لە شوێنیان دابنێت!..




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×