ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانێکی گەورە، ڕۆژی یادکردنەوەی سەردەشت عوسمان

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-05-04     975
ھەموو یادکردنەوەیەک بەشێکە لە کردەی دروستکردنی شوناسێک، شوناسێک کەرەستەکانی لەو ڕووداوەوە وەردەگرێت کە یادیدەکەینەوە و لەسەری ڕادەوەستین. یادکردنەوەی سەردەشت عوسمان ھەنگاوێکی بنەڕەتییە لە کردەی دروستکردنی شوناسێکی بەرپرس، شوناسێک نایەوێت بێدەنگ و بێلایەن بێت بەرامبەر بەو تاوان و بەدکارییانەی لە بەردەیدا ڕوودەدەن. شوناسێک دەیەوێت بەشداربێت لە کردەی پاکژکردنەوەی جیھاندا.
لەگەڵ کوشتنی ئەم گەنجە بەرپرس و ئازایەدا، پێوەرێکی ئەخلاقیی نوێ دروستدەبێت ناچارمان دەکات شێوازی مرۆڤبوون و ئیتیما بۆ جیھان و ڕادەی بەرپرسیارێتی خۆمانی پێبپێوین. پێوەرێک لەیەککاتدا دەمانکاتە مرۆڤێکی بەدەربەست و بوێر و بەرپرسیار. ھەموو ئەمانە وادەکات ناتوانین مردنی ئەم گەنجە لەیادیبکەین و بە بەردەوامی قورساییە ئینسانیی و ئەخلاقییەکەی لەبەرچاو نەگرین.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھەموو شوناسێکی بەرپرس و ھەموو ڕێزگرتنێک لە مرۆڤبوونی مرۆڤ، بە ناچاری بەناو وێستگەی مردنی سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت. سەردەشت کۆڵەکەیەکی زۆر سەرەکیی شوناسی ھەموو ئەو کەسانەیە کە بەرپرسانە دەژین و بۆ درێژەدانیش بە ژیان کۆمەڵێک مەرجی ئینسانیی گەورەیان ھەیە. شوناسێک نەیەوێت لەت لەت و دەمامکدار و شیزۆفرینی بێت، دەبێت بچێتە پەیوەندییەکی ئەخلاقییەوە لەگەڵ شوناسی ئەم مرۆڤە و مردنەکەیدا. ھەموومان قەرزاریی ئەم کۆڵەکە گەورەیە و ئەم پێوەرە ئەخلاقییە تازەیەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×