ژنه‌ كۆریی-یه‌كه‌ وتی، له‌ هه‌رشوێنێك دیكتاتۆر هه‌بوو، جێی هێڵه‌

لوقمان غه‌فور
  2020-05-05     1155

هه‌مووی 20 رۆژ بوو گه‌یشتبوومه‌ ئه‌مریكا، كه‌یس ۆركه‌ره‌كه‌ وتی، باشتره‌ بچن بخوێنن و فێری زمانی ئینگلیزی بن. منیش به‌و كه‌سه‌ی كاری وه‌رگێرانی بۆ ده‌كردین، پێموت، ده‌بێت بچین یان باشتره‌ بچین فێری زمانی ئینگلیزی بین. 

كه‌یس ۆركه‌ره‌كه‌ش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی: "له‌ ئه‌مریكا هه‌موو شت خواسته‌، زۆره‌ملێ نییه‌. ئه‌چی ئه‌خوێنی و فێری زمان ئه‌بیت ئه‌وا دوارۆژێكی باشتر بۆ خۆت دابین ئه‌كه‌یت. ناچیت بخوێنیت و ناخوێنیت ئه‌وه‌ دوا رۆژی خۆت باشتر نابێت. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ پیشاندانی رێگاكه‌یه‌".

له‌گه‌ڵ چوونم بۆ خوێندنگای فێربوونی زمان، ژنێكی كۆریای باكور و ژنێكی چینی -م ناسی كه‌ خوێندكاربوون له‌و قوتابخانه‌یه‌ی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ گه‌وران له‌شاری مۆرهید- ویلایه‌تی مینیسۆتا.

ژنه‌ كۆریی-ه‌كه‌ زیاتر له‌ 50 ساڵ بوو، له‌ ئه‌مریكا بوو. زۆر به‌باشی به‌ تۆنی كۆریی قسه‌ی ئینگلیزی ئه‌كرد، به‌ڵام له‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ وێران و كۆڵه‌وار بوو. ته‌نانه‌ت كاتێك له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا هاتبووه‌ ئه‌مریكا، له‌ كۆریاش نه‌چووبووه‌ به‌ر خوێندن.
لێمپرسی بۆچی هاتویته‌ته‌ ئه‌مریكا؟، وتی: ئه‌ی تۆ بۆ هاتویت؟ 

منیش وتم، حه‌زم كرد بزانم ئه‌مریكا، چۆنه‌؟ 
سه‌رێكی بادا و وتی: وا نییه‌، دڵنیام یان ئازادی تۆی هێناوه‌ته‌ ئێره‌ یان برسێتی! 
وتم: من پرسیارم له‌ تۆ كردووه‌؟ وه‌ڵامم به‌ره‌وه‌.
وتی: پێویست به‌وه‌ڵام ناكات. كێ هه‌یه‌ نه‌زانێت له‌ كۆریای باكور تائێستا چی ئه‌گوزه‌رێت؟. 

كاتێك له‌ ژنه‌ چین-یه‌كه‌م پرسی بۆچی هاتویت؟ 
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كردو سه‌یرێكی كردم، وتم: بۆ گاڵته‌ت پێدێت، ئه‌ڵێن له‌ چین به‌ 5 رۆژ هۆتێلێك دروست ده‌كه‌ن. 

وتی: به‌ چی؟ به‌ ته‌په‌تۆر؟
 وتم: نا به‌راستی! 
وتی: ئه‌ی بۆ ناچیت ساڵێك له‌ چین بژی، ئه‌وكات ئه‌زانی هه‌ژاری و بێكاری و نه‌بوونی ئازادی چۆنه‌! 

وتم: ئه‌ی خه‌ڵك بۆ قبوڵی ده‌كات. 

وه‌ستا و سه‌یرێكی كردم وتی: تۆ خه‌ڵكی عیراقی! (قسه‌م پێ بڕی وتم، كوردم).

به‌بێزارییه‌كه‌وه‌، وتی: نازانم عیراقی یان كوردی... ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زانم و له‌ هه‌واڵه‌كان ئه‌یبینم وڵاته‌كه‌تان پڕ بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی، ئه‌ی ئێوه‌ بۆ رازین به‌و گه‌نده‌ڵییه‌ و قبوڵی ئه‌كه‌ن!

به‌ ژنه‌ كۆرییه‌كه‌م وت: تۆ ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكیت هه‌یه‌. 
وتی: بێگومان.
به‌ ژنه‌ چینییه‌كه‌م وت: ئه‌ی تۆ ره‌گه‌زنامه‌ت هه‌یه‌.
 وتی: نه‌خێر!
وتم، بۆچی؟ 
به‌پێكه‌نینه‌وه‌، وتی: ئێ من ئه‌لێم تۆ ئاگات له‌ چین نییه‌، پێت ناخۆشه‌. 

وتم: بۆ خۆ تۆ ئه‌وه‌ 20 ساڵه‌ له‌ ئه‌مریكایت، بۆ ره‌گه‌زنامه‌ت نییه‌!

وتی، كێشه‌م له‌ ئه‌مریكا نییه‌، كێشه‌م له‌گه‌ڵ چین هه‌یه‌، ئه‌و وڵاته‌ هێنده‌ فاشیستە، ئه‌گه‌ر من هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی بم، ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ره‌گه‌زنامه‌ی چینی ببم. جگه‌ له‌وه‌، له‌باوكمه‌وه‌ خانوویه‌كم بۆ جێماوه‌، ئه‌گه‌ر ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی وه‌رگرم ئه‌بێت واز له‌و موڵكه‌ بێنم و حزبی شیوعی داگیری ده‌كات. بۆم نییه‌ له‌یه‌ك كاتدا هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی و چینی بم. 

ژنه‌ كۆرییه‌كه‌، وتی: ئێمه‌ دیكتاتۆره‌كه‌مان جێهێشتووه‌، هیوادارین تۆ وه‌ك خۆت ده‌ڵێی بۆ خوشی هاتبێتیته‌ ئه‌مریكا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×