لابردنی پارێزبەندیی سۆران عومەرو لاساییکردنەوەی تورکیا

دڵشاد خۆشناو
  2020-05-05     578
دەنگم بە سۆران عومەر نەداوە، هاوڕاش نیم لەگەڵ بیروباوەڕە کەسییەکانی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کایەی سیاسی و حزبایەتی و ئۆپۆزسیۆنبوون، دواجار سازکردنی زەمینەی هێرشێکی ناڕەوایە بۆ سەر ئەو دیموکراتییەی کە بە کوردایەتییەکی گەمژەکراو رووکەش کراوە.

زەمینەخۆشکردن بۆ لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانیی سۆران عومەر و هەر پەرلەمانتارێکی دیکە، داوایەکی مەترسیداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەمەبەستی پتەوترکردنی باڵادەستیی حزبی دەسەڵاتدار و زیاترکردنی هەژموون و هەیمەنەی حزبی دەسەڵاتدار بەسەر پەرلەمان، دواجاریش لاساییکردنەوەی خووێکی ناشیرینی تورک و دەسەڵاتە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکەی ئەردۆغانە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایی و رێگریکردنی لێپرسینەوە لە گەندەڵییەکانی حکومەت.

هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر سێ کۆڵەگەی سەرەکی بەندە کە بریتین لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی، بەڵام پەرلەمان گرنگترینی ئەو سێ کۆڵەگە سەرەکییەیە، چونکە لە چەندین لایەنەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و یەکانگیری لەسەر کار و ئەدای دوو کۆڵەگەکەی دیکەی بەڕێوەبردن هەیە و ئەرکی لێپرسینەوە لە ئەدا و کار و کردەوەکانیانە، بۆیە کاتێک پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەهۆی لێپرسینەوەیان لە دوو دەسەڵاتەکەی دیکەوە بکەونە مەترسییەوە، ترسناکترین زەنگ لێدەدرێت. 

لە مادەی ٢ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "پەرلەمان لە هەرێمدا باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنە"، گومانیش لەوەدا نییە پەرلەمان لەڕێگەی ئەندامەکانییەوە ئەو ئەرکانەی بەڕێوە دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینرێت بەهۆی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیەوە داوا دەکرێت پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارێک بسەندرێتەوە.

ئەو هەنگاوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەک دووبارەکردنەوەی خووێکی ناشیرینی هاوپەیمانە دیکتاتۆرەکەیەتی کە ئەردۆغانە، لە لایەکی دیکەشەوە داواکارییەکی لەو شێوەیە ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کابینەیەکی عەسکەرتاری هەواڵگریی وداپلۆسێنەرە، هاوکات بەرەو دیکتاتۆرییەتێکی کوردیی بە عەقڵییەتێکی تورکی و ئەردۆغانی بارگاویکراو هەنگاو دەنێت.

ئەوەی ڕوودەدات کردەوەیەک نییە دژی سۆران عومەر بە تەنیا، کاتێک ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم ئەوەی بۆ بچێتە سەر، دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی لە داهاتووی نزیکدا نۆرە بێتە سەر پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکە و هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی کە بیانەوێت پەنجە بخەنە سەر ژێ و وەتەرە هەستیارەکانی ئەم حکومەتە کە هەستارترینیان مەسەلەی گەندەڵییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×