بۆ وایلێھات؟

سامانـی وەستا بەکر
  2020-05-08     659
کاتێ مام جەلال چاوی بڕییە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و لە ھەوڵا بوو کە بگاتە ئامانجێک کە دوورنیە پێشتر خۆشی بە خەونی شاعیرانەی زانیبێ، ئیتر بۆ گەشتن بەو ئامانجە ھەموو تنازولێکی بۆ کاک مەسعود کرد و لەوەش خراپتر پشتی کردە ھاوڕێ دێرێنە چل ساڵییەکەی "کاکە نەوە" خۆی ووتەنی، کاک مەسعود سوودی زۆری لە دوورکەوتنەوەی مام جەلال کرد و گۆڕەپانەکەی بۆ تەخت بوو لە کاتێکا مام جەلال یەکێتیشی لەبەردەما توانەوە.

ڕووی لە کاک نەوشیروانیش وەرگێڕا کە تاکە کەسێک و بەربەستێکیش بوو لە توانایابوو ھاوسەنگی ھاوکێشەکە ڕابگرێ بە بیرتیژی و خۆنەویشتی ڕێگە لە زۆر ھەڵەی ستراتیژی بگرێ.

دواتر لە غیابی کاک نەوشیروان و مام جەلالا کاک مەسعود بێگەڕانەوە و بۆ ھیچ کەسێک و حسابکردنێک کەوتە زۆر ھەڵەی ستراتیژی و سیاسی و تەنانەت ئابوریشەوە و کوردستانیش گەشت بەم ڕۆژەی کە ئێستا خودی کاک مەسعودیش بۆی ڕێکناخرێتەوە.

بۆیە بێ ویژدانییەکی زۆرە ئەوەی ئێستا بەسەر ھەرێم ھاتووە ھەمووی بسوێنرێ بە ملی کاک مەسعودا و مام جەلالی لێدەرکرێ لە کاتێکا مام جەلال لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆمارا ھەرێمی بەجێھێشت، بۆیە ھەردووکیان پێکەوە ئەم ڕەوشەیان ھێنایە ئاراوە، بەڵام تەرازووی ھەڵەکانی مام جەلال لاسەنگترە.

سەردەمانێک ھیچ کابینەیەکی حکومەتی بەغا بەبێ گیراکردنی ھەولێر ڕۆژی ڕوناکی بەچاو نەئەبینی، بەڵام ئێستا ھاوکێشەکە بەجۆرێ گۆڕاوە لە ڕاسپاردنی ھەرسێ "عەلاوی و زەرفی و کازمی"دا ھیچ یەکێکیان سەردانی ھەولێریان نەکرد بە مەبەستی ئەوەی حکومەت پێکبھێنن، بەڵکو کە کۆی گفتوگۆکانا لایەنی کوردی "پارتی بە پلەی یەک" بەھەموو توانایەکی خۆی داوای دانانەوەی وەزیری داراییان کرد و سەرەنجام ئەویشیان بۆ نەچووەسەر و دەست بەتاڵ ھاتنە دەرێ و لە کۆی ٢٢ وەزیری کابینەکەی کازمی، دوو وەزیری کورد دەنگیان نەھێنا ئەوەش باشترین ئاماژەیە بۆ ئەو پاشەکشێیەی کە کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقا کردوویەتی و گەڕانەوەی سەردەمی زێڕینی کورد بۆ دوای ساڵی ٢٠٠٣ بۆ چەندین دەیەیتر دواکەوتووە.

سەنگی سیاسی کورد لەبەغدا چەند ساڵێکە رووەو لێژییە، بەڵام جیاوازتر لە کابینەکانی پێشوو کورد ئەدایەکی لاوازو پەرتەوازەی پێشکەشکرد، ڕۆڵی لاوازی کورد لە گەمەی سیاسی عێراقا ئێستا ڕوون و ئاشکرایە و لە ھەر لایەکەوە لێی بڕوانی بە ئاسانی ئەتوانی لەوە تێبگەی کە چیتر کورد لە بەغا لە ڕۆڵێکی کارتۆنی بەولاوە ھیچ ئەرزشێکی نیە و سونە بەو کێشە قوڵ و شڵەژاویەی خۆیانەوە توانیان ڕۆڵێکی باشتر لە کورد بگێڕن.

ھەندێ جار ئەتوانی دەسەڵاتدار و سیاسەتوانانی کورد لە مێژووی کۆن و نوێیا بە ماسی بچوێنی "بشوبھێنی"، ئاخر ماسی تەنھا بۆماوەی ٢٠ چرکە "پانیە" شتی لەبیر ئەمێنێ و پاش ئەو ماوە کەمە دیسانەوە ئەچێتەوە قەپ ئەکاتەوە بە ھەمان قولاپا، سیاسیە باڵا دەستەکانی کوردیش ھەروان ھیچیان بیرنامێنێ و تیمی ھەردوو فراکسیۆنی زۆرینە یەکێتی و پارتی، ئەوەندە سەرقاڵکرابوون، بەوەی کێ لە کورد چ وەزارەتێک وەردەگرێت، داواکارییە بنەڕەتییەکانی کورد، بوون بەژێر ئەو دۆخەوەو ‌لەکاتێکی ئاڵتونیدا ئەو داوایانە خرانە لاوە سەرەنجام ھیچیشیان نەچنیەوە لە کاتێکا ھەر لەسەرەتاوە بەبێ مەرج پشتیوانی ھاتنی کازمییان کرد.

ناوچە دابڕێنراو داگیرکراوەکان، ھێزی پێشمەرگە، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەکانیتر ھەمووی کرا بە قوربانی بۆ مووچە، بەڵام ھیچ بەڵێنێکیش بۆ پێدانی مووچە وەرنەگیرا کە ئەمە ئەوپەڕی لاوازی کورد ئەسەلمێنێ و بگرە نەنگی و شەرمیشە داواکاری گەلێک لە مووچەیا بچوکرێتەوە وە وێڕای ئەوەش مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران ئامادەنەبوو ھیچ بەڵێنێک یاخود ھیچ گرەنتییەک بە کورد بدات، کە کێشەکانی چارەسەر دەکات، بە تایبەت بۆ کێشەی مووچە، بەڵکو گوتبووی ئەگەر ئەم بابەتە بخاتە بەرنامەی کارەوە نەیاری بۆ زیاد دەبێت، بەڵام دڵنیایی دابوو کە نیەتی باشە، سەرەڕای ئەوەش کورد لە پشتیوانی خۆی بۆ کازمی ساردنەبوویەوە،‌ چونکە (نیەتی باشە) ئەمەش زیاتر لە قسەی سەرتەنور ئەچێت.

تازە کورد لە بەغا دۆڕاو ناگەڕێتەوە دۆخی جاران، بەڵام ئێستا جارێکیتر بارزانی لەبەردەم ھەڵەیەکیتری مێژووی و چارەنوسازدایە و کە ئەگەر ھاوکاری تورکیا بکات بۆ لەناوبردنی قەندیل ئەوا لە دوای قەندیل شتێک نامێنێ بەناوی ھەرێمی کوردستان لە باشوری وڵات و پارتی دیموکراتی کوردشتانیش لە حیزبێکی کارتۆنی بەولاوە ھیچ بوونێکی نابێ.

کێشەیەکی تری پارتی و یەکێتی ئەوەیە کە کار لەسەر کۆنە قین ئەکەن و ڕاوێژی ھەموو دۆستێکیش تەنھا ئەگەر پارتی و یەکێتی نەبێ بە ھەند وەرناگرێ.

ئاقڵمەندان لای پارتی و بارزانی تەنھا ئەو کەسانەن کە ووشەکانیان بە باڵای ئەوان ئەدوورن ئەوەش یەکێکە بووە لە ھەرە ھۆکارە گرنگەکانی پاشەکشەی پارتی ئەگەر چی ئەوان ھەڵەی بەدەستھێنانی٤٧ پەرلەمان کە ھەموومان ئەزانین چۆن ھێناویانە گومڕای کردوون.
مانەوەی خەڵکی باشوری کوردستان وەک داشی دامەی پارتی ھەڵەی پارتی نیە ھێندەی ئەوەی کە نەبوونی حیزبێکی خاوەن ستراتیژی قوڵ و جیاواز بەمانی ووشە لە پارتی لە لایەک و گوێنەگرتنی ئەو حیزبانە لە بنکە جەماوەریەکانیان و ئەقڵمەندانی بێ بەرژەوەندی لەلایەکی ترەوە.
لەدواین کارە ناشرینەکانیشیانا سۆران عومەری ئەندام پەرلەمانیان کرد بە قارەمان و ھەرێمیشیان کرد بە پەند.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×