ئەودیوی پارێزبەندی
مەزن عوسمان
2020-05-08   1331
گەلەکۆمەی نێو پارلەمان و گلۆزەقسەی لەپەڕوپۆبووی پرۆپارتییەکان، کە لەدەروەی هۆڵی خڕبوونەی باڵەخانەی بەناو ئەنجومەنی نیشتمانی داش عێراق، هەروەها نوکەنوکی سۆشیال مێدیا تۆڕی چاوو پەردەی گوێی سمیوە. واقوڕمان بەو دۆخەو قادسیەی پارلمان لەهەمبەر حەسانە، دەرهاویشتەی لەبەچاو نەگرتنی بیستونۆ ساڵی ئەتککردن و پاشەڵ هەڵزڕینە. کۆمەڵگەی کوردی عەیامێکە لەپەو قامیکی لەگەڵ ژیانێکی وەها کولەمەرگی نەرمکردووە. ئیدی ئەو گاگۆڵکە ئیجماعییە، کە ناوزەدکراوە بەبەرنامەی کار، نەکەللـەهەژێنەو نەنامۆیە بەپایەدارانی وڵات.
سۆران عومەر نەچەقی ڕوداوەو نە ئامانجی کەیس وۆرکەر. وەڕێخستنی ئەو ڕەتڵە سیناریۆیە لەوسەروبەندە ئەستەمو دژوارەدا، چەند مەسجێکە بۆ تەواوی عەوام. تیرۆری سەردەشت و کاوەو ویداد، مانای خەفەکردنی وردو درشتی دەوروبەریان بوو، نەک خودی خۆبان. لەسەردانی هوجام تۆڵە نەبوو لەخودی ئەو، پەیامی ورەپەڕێن بوو بۆ هێزی پێشمەرگە، لەبەرانبەر ئەوشەڕە نەگریسەدا، کەکۆتاییەکەی بەسەروسەدا هات لەگەڵ دەواعش.
نەسەرۆکی حکومەت پێویستی بەسزای ماددی و هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەوەو نەداواکاری گشتیش بەتەنگ مەرگی یاساوەیە. لەو نێوەشدا سۆران عومەریش نەلەدادگا دەترسێت و نەحەوجەی بەتەنازول هەیە، ئەو پێش ئەم ئەرکەشی هەر ناقدێکی جدی بووەو بەڕوو لەدەمدا تەقیو نەبووە وەک گوێ بەگوارەی حزبی. ئەوەی بەو جەدەلەدا ڕەت دەبێت و ناوەندی حەدەسە، خودی دەعواکارە. گەرەکیەتی بڵێ: هەر ئەوە نوقتەی کۆتایی بۆ تەواوی کایە تەشریعی و تەنفیزی، لە حاشەکەشیدا بۆ ئەنجومەنی دادوەری دادەنێت.
ئەو دەیەوێت بڵێت، کەکەسێک پارێزبەندی یاساییشی هەبێت، بارتەقای ئەوەی هەیە مەتەقی لێببڕێت، چجای موچەخۆرێکی(موچەخوراوە لەڕاستیدا) کزۆڵە، کەقوتی ئەولادەکەی بەئیمزای ئەوەوەیە.
ئەو لەڕێگەی ئەو تەحەدایەوە ویستی بڵێت لایەنەکانی دیکە ئەرزشێکیان نییە، ئەسڵەن تەگەرێکیش نین لەفارگۆنی نۆیەم. ئەو دەیەوێت لەزۆنی زەردەوە بۆ زۆنی فرەڕەنگ وەک ماستی مەییو لێبکات.
ئەو دەخوازێ لەبەرنامەیەکی هەمەگیردا، لەزەلیلترینەوە تا فرە دەسەڵات دەکۆزێ بکات.
پارێزبەندی ئەو لەقاودانەی ناوێت، لەغاودان مەترسییە زلەکەیەو ئایدۆلۆجیاو مەبادئی ئەو عەمەلیانەیە کە گوزەرا لەنێو پارلماندا.