با دەستی منداڵەکانمان بەرنەیەین

هاوڕێ جەمال
  2020-05-09     639

کاتێک منداڵێک دەستی بچوکی دەخاتە ناو دەستی ئێوە ،لەوانەیە دەستی چەوربێت یا شیلەی پێوەبێ، ئەمە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە ئەم دەستە بچوکە کە لەناو دەستی ئێوەدایە دەستێکە پەیوەندی بەئایندەوە ھەیە.*
لەوانەیە ئەم  دەستە رۆژێک بێ کتێبێک بەدەستەوە بگرێ، ھەروەک ئەگەریش ھەیە فیشەکەکانی ناو یەدەکی دەمانچەیەک  لەجەستەی خوشکەکەی یا ژنەکەی خاڵی کاتەوە، بەنەرمی و دڵسۆزییەوە برینێک ساڕێژ بکا، یان بەترس و دەستی لەرزۆکەوە جەستەی شەکەتی بە شرینقەی ماددەی ھۆشبەر، ئاژن ئاژنکا.
ئەم دەستە ئێستا لە دەستی ئێوەدایە، ئەم دەستە نیشاندەری کەسایەتی ئەم منداڵەیە، گەر لەچوارچێوەیەکی بچوکتردا لێی بڕوانین، کەسایەتیەک کەوەکو تاکێکی تایبەتمەند شایەنی رێز لێگرتنە، و گەشەو پێگەیشتنی تاوەکو قۆناغی گەورە بوون ئەرکی سەرشانی ئێوەیە.
(جبران خەلیل جبران) دەڵێت"سامانی راستەقینەی نەتەوەیەک لەکۆکردنەوەی زێڕو زیودانیە، بەڵکو لەتوانای فێربوونی دڵ و دەروونی منداڵەکانیەتی بەکردەوەی چاکە" .
ئێستا بابێیین سەیرێکی خۆمان  بکەین و وای دانێیین ئێمە نەوەی سەرکردەکانمانیین، چی دەبینین؟ بەئاشکرا ئەوە دەبینین کە سەرکردەکانی ئێمە دەستی نەوەیەکیان لەناو لەدەستدایە کە بێ سێ و دوو لەبری خوایە وەتەن ئاواکەی ئایدیۆلۆژیای حزب دەکەن بەگەرویاندا، دەمانچەو ئێم فۆریان رادەستدەکەن، لەجیاتی دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ ژێکانی ئامێرێکی عود یان گرتنی رەکتەی تۆپێکی تێنس، فێریان دەکەن کە چۆن پاسەوانی لەزێڕو دۆلارەکانیان بکەن، زێڕو دۆلاری کێش؟ ھی نەوەیەک کە ھێشتا لە دایک نەبووە، نەوەیەک ھێشتا قۆڵبڕین و قاچاخچێتی والیەکانی سەردەمیان نەبینیوە!!.
منداڵ کەزۆرجار بە پەڕەیەکی سپی دەیچوێنین و  چیمان بوێ لەسەری نەخش ئەکەین، لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردیدا، دایکان و باوکان زیاتر لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی تر ئەرکی پەروەردەو پێگەیاندنێکی دروستیان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە گەر لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ھاوشان لەگەڵ دایکان و باوکان (خێزان)، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تری دەوڵەت ئەم ئەرکە رابپەڕێنن، ئەوا لێرە دامەزراوەکان بوونیان نیە گەر ھەشبن سیخناخ کراوون بە ئایدیۆلۆژیای حزبی و ئایینی وا کە لەو سەرەوە مرۆڤێکت بۆ بەرھەم دێنن کە دنیای دابەشی سەر حەڵاڵ و حەرامکردووە، گەنجێکت بۆ ئامادەئەکەن کە ئینتمای نیشتمانی لەلا پوچ و بێ بەھابووە، لەجیاتی ئەمە ھەموو ئومێدەکانی لەحزب و بنەماڵەو کەسەکاندا دەبینێتەوە. 
لێرەوە گرنگی و قورسی ئەو ئەرکە بەدیار دەکەوێ کە دەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان، لەدەستگرتنی منداڵەکانیان و پەروەردەکردنیان، ئەرکێک لەگۆشە نیگایەکەوە خەمڵیبێ، تەواو جیاواز لە تێڕوانینی تەماعکارانەی سوڵتانەکان، ھەوڵدان و خۆماندووکردنێک کەتەواو جیاوازبێ لە ھەڵپەکردنی خۆپەرستانەی والیەکانی حزب.!! 


*موعجیزەکانی عەشق/ مەسعود لەعلی/چاپی دووەم/٢٠٠٨

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×