خەڵک و میدیای ئازادو داواکاری گشتی

د. محەمەد لەتیف
  2020-05-09     690

میدیای ئازاد بەو مانا فراوانەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ئازاد ھەیە کە بەڕاستی پەیڕەوی دەسەڵاتی چوارەم دەکات وەک چاودێرێک بەسەر ھەرسێ دەسەڵاتەکانی (یاسادانان، دادوەری و جێبەجێ کردن). بەشێوەیەک چاودێریان دەکات کە بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتانەی  باسمان کردن لە سەرەوە بەشێوەیەک ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن وادەزانن ھەمووکات رۆژنامەنووسێک یان رێپۆرتەرێک بەدوایانەوەن.وەک ئەوەی لە رۆژنامەنووسی ئازاد و دەزگای راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ  دەترسن ئەوەندە لە پۆلیس و دەزگا موخابەراتیەکان ناترسن. ھەر ئەمەشە نھێنی سەرکەوتنی کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی کە لە نێوان دەسەڵاتەکاندا چێک و باڵانس ھەیە ڕێژەی گەندەڵی زۆر کەمە.
ئەو زانیاریانەی کە یاسا پێویستی کردووە دەخرێتە بەردەم دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی تەنھا ئەو زانیاریانە نەبێ کە پەیوەندیان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە ھەیە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بیڵێین رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن زۆر ئاکتیڤن لە کۆمەلگای رۆژئاوایی بەجۆرێک بودجەی خەیاڵی تەرخان دەکەن بۆ دەستکەوتنی بچوکترین  زانیاری کە رای گشتی بجوڵێنێت. 
ڕۆڵی ئەو دەزگا ئیعلامیە زەبەلاحە سەربەخۆیانە زیاتر دەبێ کاتێک کەسانی دڵسۆزو خاوەن باوەڕی نیشتمانی ناو ئەو دەسەڵاتانەی لەسەرەوە باسمان کردن دەبن بەسەرچاوەی زانیاری ئەو میدیا ئازادانە کە بەھۆی بێلایەنیان ناوبانگێکی زۆریان لەناو خەلک پەیدا کردووە، بەو کەسانەش  دەڵێن ویسڵ بڵۆوە Whistle Blower ئەو کەسانەن کە بۆ یەکەم جار زانیاری لەسەر کەسێک کە زیاتر وەزیفەی گشتی ھەیە یاخود دامەزراوەیەک ئاشکرا دەکەن (دەدەنە دەزگا میدیاییەکان) کە لە چاڵاکیەکی نایاساییەوە تێوەگڵاوە، بەتایبەتی گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات .ئەوکەسانە بە پاڵەوانی یاخود سەربازی وونی ئەو رووداوانە دەمێننەوە کە بوونەتە ھۆکاری ئاشکرا کردنیان. بۆ ئەم مەبەستەش بە یاسا پارێزگاریان لێدەکرێت و کەس بۆی نیە ئاشکرایان بکات و لە کاتێکیشدا  ڕوویان ئاشکرا دەبێت یاسایەک ھەیە دەیان پارێزێت بۆئەوەی مەترسی لەدەستدانی کارەکەیان نەبێت و بە جورئەتەوە ئەو زانیاریانەی کە دەستیان کەوتووە دەربارەی کەسانێک  تێوەگڵاون  لەکاری نایاسایی،  بدات بە رای گشتی و میدیای ئازاد چونکە بە مەترسی دەزانێت بۆ پێشێلکردنی یاساو دەستووری وڵاتەکەی. 
ھەموو ئەو دەزگا میدیایانەی کە ناوو ناوبانگیان دەرکردووە لە ھەموو دونیادا بۆ نمونە نیۆرک تایمز، واشنگتۆن پۆست و سی ئێن ئێن ... ھتد. سەرچاوەکانیان سەربازی وونن لەناو دەزگا حکومیەکان ئەوانەی کە بەتەنگ دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و یاساو رێساکانی وڵاتەکانیانەوەن. باشترین نمونەی زیندوو ئەو کەسانە بوون کە زانیاریان دا بە نیۆرک تایمزی ئەمریکی سەبارەت بە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا کە لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا وا بڵاو کرایەوە کە سەرۆکی ئەمریکا دەسەلاتی ئۆفیسەکەی بۆ خزمەتی خۆی بەکار ھێناوە کاتێک داوای لەسەرۆکی ئۆکرانیا کردووە کە لێکۆلینەوە لە دۆسیەی جۆ بایدن و کورەکەی بکات کە گوایە لەگەندەڵی تێوەگڵاون،  چونکە بایدن دەبێتە رکابەری لە ھەڵبژاردنەکان ، ئەوەندەی نەمابوو سەرۆک ترامپ لەکارەکەی دووربخرێتەوە بەھۆی ئەو کەسانەوە. 
بێ گومان ھەموو ئەو کاریگەریانەش کە میدیای سەربەخۆ دروستی کردووە بەبێ وەڵامی داواکاری گشتی کە پارێزگاری لە مافی گشتی و دەوڵەت دەکات بەھایەکی ئەوتۆی نەدەبوو. بۆیە دەزگای داواکاری گشتی کە سەربە دەسەڵاتی دادوەریە باڵانسێکی زۆر بەھێزە بۆ دەسەڵاتەکان بە بوونی بەھێز دەبن بە نەبوونیشی بێ بەھا دەبن. دەسەڵاتی دادوەری چ بەھایەکی ھەیە ئەگەر دەزگای دادوەری گشتی ئاکتیڤ نەبێ سەبارەت بەو بابەتانەی میدیای ئازاد لەسەر مافی گشتی دەیجوڵێنێت؟ وەک بابەتەکانی بەھەدەردانی سامانی گشتی و تاوان و تیرۆرکردن و ئاسایشی نەتەوەیی وەک خیانەت. 
بۆیە دەستخستنی بەڵگەی تاوانکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت کارێکی ئاسان نیە پێویستی بە کەسانی دڵسۆزی دەوڵەت و خاک ھەیە کە بەڵێنیان داوە بە خۆیان و خوای خۆیان کە ھەرگیز سەربازی خاک و خەلکەکەیان بن .  دواتر میدیایەکی ئازاد کە ناوبانگی ئەوەی ھەبێ ڕای گشتی بجولێنێت لەو دۆسیانەی پەیوەستە بە گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی و خراپ بەکارھێنانی دەسەلات بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی یان تاکە حیزبی. لەکۆتاییدا دەزگایەکی داواکاری گشتی ئاکتیڤ و سەربەخۆ سڵ لە ھیچ گومانلێکراوێک نەکاتەوە بۆ جوڵاندنی ئەودۆسیانەی دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیەوە. 
گەندەڵ و گەندەڵکاران ودزو مافیاو ..ھتد بەڕاستی ئەو دەستەواژە  سواوو بێ کاریگەریانە چیتر خەڵک ورای گشتی ناجوڵێنێت.  ئەوانە پێویستیان بە گەڕان و بەدواداچون و راڤەکردنی ئەو بەڵگەنامانەی لەسەر گەندەڵکاران و تاوانباران کۆکراوەتەوە ھەیە ئینجا لە کات و شوێنێکی وا بڵاوبکرێتەوە کە کاریگەری خۆیان ھەبێ. 
ئێستا لەکوردستان ئەگەر یاسایەک ھەبێت ھەموو کۆمپانیاکانی کە بەرەسمی لە کوردستان یان لە دەرەوەی  کوردستان لقیان ھەیە کاردەکەن پێویستی کردبێ لەسەریان زانیاری گشتی وەک داھات و خەرجیان ، قازانج و زەرەریان،  زەریبەو شتیتریان ئاشکرا بکەن ناوی بەڕێوەبەرەکانیان و خاوەنەکانیان ، چالاکی بازرگانیان ھەموو ئەمانە ئەگەر بەردەست بن ئەو ھاشوو ھوشەی ئێستا دەکرێ لەسەر لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران نەدەبیسترا. 
ئەگەر داواکارێکی گشتی بەھێزو چاڵاکمان ھەبوایە لەکۆی تاوانەکان و گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی و تیرۆرکردنی خەلکی کوردستان لەسەرخەت بوونایە لەگەڵ دادگاکان چەند نمونەیەکی زیندوویان لە تاوانباران پێشکەشی رای گشتی خەلکی کوردستان بکردابایە یان پێش ئەوەی  بەدوای تاوانبارکردنی کەسانی دڵسۆز بە خاک نیشتمان بوونایە دەبوایە پشتگیریان بکردایەو بە دەم  داواکەیەوە بھاتنایە و لێکۆلینەوەیان بکردایە بەدوای سەرەداوەکان بگەرابوونایە نەک لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دوایان لەدژی ئەوکەسانە جوڵاندووە کە دەڵێن گەندەڵی ھەیە. ھەرچەندە من ڵەگەڵ قسەی بێ بەڵگە نیم . بەڵام دڵنیام بێ متمانەیی خەلکە بە دام و دەزگاکان کە بۆپارێزگاری لەبەرژەوەندی گشتی دامەزراون  و بودجەیان بۆ سەرف دەکرێ ئەگەرنا بەڵگەی پێویست ئەوەندە زۆرە ئینکاری ناکرێ. 
نەبوونی میدیایەکی سەربەخۆی خاوەن بودجەیەکی زەبەلاح کە بتوانێ کاریگەری گەورەی لەسەر رووداوەکان ھەبێ وای کردووە کەسانی وەک سۆران عومەر بێنە مەیدانەکەوە . 
ھەروەھا خاڵێکی زۆر لاوازی کۆمەڵگەکەمان ئەوەیە کە ویسڵ بڵۆوەرمان نیە یان ھەر زۆر کەمە ئەوکەسانەی فەرمانبەری دەوڵەتن و لە رووداوەکانەوە نزیکن و خەمخۆرن بۆ وڵات ونیشتمانەکەیان. بۆ نمونە لە رووداوی ڕیفراندۆم کەسێکمان دەست نەکەوت قسەیەکی نھێنی یان پەیوەندیەکی تەلەفۆنی یان دۆکیومێنتەکمان بۆ ئاشکرا بکات کە لە پشتی پەردەی ریفراندۆمەوە چی دەگوزەرێ لەکاتێکدا ھەموو دونیا باسی زیانەکانی دەکرد بەڵام ھەر سوور بوون لەسەر کردنی. بۆیە لە ئێستا بەدواوە پێویستیمان بە پێشمەرگەی فەرمانگەکان ھەیە تا راستی ئەو رووداوسنەمان بۆ ئاشکرا بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×