ئایا کۆرۆنا ڤایرۆس دەبێتە هۆکاری زیندوبونەوەی دەوڵەت نەتەوە لە جیهاندا؟
د. شوان عەبدوڵا حەمەد
2020-05-13   944
هەمومان دەبینین کە چۆن وڵاتان سنوریان بە ڕوویی یەکتردا داخستوە، تەنانەت لە ناو سنوری وڵاتێکدا، لە هەرێمێک بۆ هەرێمێکی تر جوڵە نەماوە یان سنوردار کراوە. دوێنێ سەرەکوەزیرانی بەریتانیا ئاگاداری بۆ هاوڵاتیانی ناو سنوری ئینگلاند دەکرد و وتی "ئاگاداربن کە لە وەیڵس هێشتا داخرانی سەرتاسەری هەیە، کاتێک بە سنوری ئەواندا دەچن. بۆتان نیە لە ئینگلاندەوە بۆ گەڕان و وەزش بچن بۆ وەیلس". دەزانین کە وەیڵس حکومەتی خۆی هەیە، بەڵام بە هەزارەها ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی بەریتانیادا دانیشتوە و تەنانەت زۆر ئەستەم بو کە بتوانی وەیڵس بە وڵاتێکی جیاواز تەماشابکەیت. ئەوە باسی سکۆتلەندا و ئێرلەندە ناکەم، کەچی خەریکە کۆرۆنا دەوڵەتبون لەسەر بنەمای نەتەوەیی لە وەیڵس زیندوودەکاتەوە.
لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا بە گەورەترین یەکێتی نێوان دەوڵەتان دەژمێردرا، کەچی لە کاتی ئەم میحنەتەدا نەک پشتیان لە یەکتری کرد، بەڵکو ئۆخەی ئۆخەی هەر کەس بۆ خۆی سنوریان لە یەکتری داخست و بە هیچ شێوەیەک هاوکاری یەکتریان نەکرد. تەنانەت ئەڵمانیا و فەرەنسا بەرەورووی رەخنەی قورس دەبنەوە لەلایەن ئتیاڵیا و فەرەنسا و پۆڵەنیاوە، لەسەر ئەوەی پشتیان لە یەکێتیەکە کرد و تەنها پێستی خۆیان رزگارکرد. لە هەمان کاتدا، ناتۆ بە هیچ شێوەیەک رۆڵی خۆی نەبینی، ئیسپانیا داوای هاوکاری لێکرد، بەڵام ئەو گوێی خۆی لێخەواند. بە شێوەیەکی گشتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەر کەس بۆ خۆی و لەدەرەوەی یەکێتیەکە بەرەو رووی کۆرۆنا بونەوە. لە هەمان کاتدا، دەلاقەی نێوان چین و ئەمەریکا هەتا دێت لەسەر ئەم بارودۆخە گەورەتر دەبێت، دەڵێن لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابوردودا هەگیز نێوانیان هێندە خراپ نەبوە، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا بیانو بە چین دەگرێت.
لەلایەکی ترەوە، وڵاتانی جیهان ئیتر بیر لەوە دەکەنەوە کە بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان دروست بکەن و بەکاربهێنن، بەراستی هیچ لۆجیکێکی تێدانیە گەورەترین وڵاتی جیهانی وەکو بەریتانیا لە تورکیای جیهانی سێهەمەوە کەلوپەلی تەندروستی و خۆپاراستن بهێنێت! نەک بەریتانیا تەنانەت ئەمەریکاش ڕووبەرووی ئەم کێشەیە بۆتەوە بەوەی کە موحتاجی کەلوپەلی خۆپاراستنی چینی بون"
لە هەموی گرنگتر ئەوەیە کە ئەم میحنەتە هەستێکی هاوکاری و پشتیوانیکردنی بەهێزی لەنێوان تاکی کۆمەڵگەکانی جیهان دروست کردوە کە هەندێک جار دەتوانین وەکو زیندوکردنەوەی هەستی نەتەوایەتیەکی بەهێز تەماشای بکەین. ئایا دەکرێت بەهۆکاری کۆرۆنا ڤایرۆس ناسیۆنالیزم لە جیهانی پێشکەوتودا سەرهەڵبداتەوە و پەرەبسێنێت؟ ئەی باشە دەکرێت هەر بەهەمان هۆکار سەرەتای دروستبونەوەی دەوڵەت نەتەوە و لەبەریەک هەڵوەشانی گەردونیبون ببینین؟!