بێ بایەخكردنی خوێندن لە هەرێمی كوردستان

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-05-16     1531

لای هەمومان ڕون و ئاشكرایە كە گەشەكردن و پێشكەوتنی ئاستی خوێندن  و  زانست و زانیاری  هۆكاری سەرەكین بۆ ئەو پێشكەوتنانەی لە بواری پێشەسازی و تەكنەلۆجیای سەردەم بەدەست هاتون .

وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهان بەرنامەو پلانی تۆكمەیان هەیە بۆ ئەوەی لە بواری زانستدا زیاتر بەرەو پێشوە بچن و هەمیشە لە كێبڕكیدان لەگەڵ یەكتری  لەو بوارەدا . پارەیەكی زۆر بۆ ئەو بوارە تەرخان دەكەن و هەوڵ دەدەن زانكۆ و  پەیمانگاكانیان لە پلەی یەكەمدا بن .

پێشكەوتنی بواری زانست، وابەستەیە بە  ئاستی پێشكەوتنی بواری ئابوری و پیشەسازیشەوە . وابەستەیە بە بونی  كەرتی تایبەتی گەشەسەند و  هەبونی  ژێرخانێكی ئابوری بەهێز .
 هەتا كەرتی تایبەت بە هێزبێت و بواری باز رگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ لە ئاستێكی گەشەسەندودابێت ، شان بە شانی ئەوە  زانست و  زانیاری وپڕۆسەی خوێندنیش  لە گەشەكردن و پێشكەوتنی بەردەوامدا دەبێت .

لە وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهاندا  كۆمپانیا گەورەكان  بە تایبەتی  ئەوانەی لە بواری تەكنەلۆجیای پێشكەوتودا كاردەكەن ، بەشوێن كەسانی  پسپۆڕ و شارەزادا دەگەڕێن . جگە لە پێدانی موچەی باش ، پارەی زۆریشیان دەخەنە بەردەست بۆ ئەوەی بتوانن داهێناننی تازە بكەن . بۆیە نوێنەری ئەو  كۆمپانیانە سەردانی زانكۆكان دەكەن و  هەواڵی ئەو خوێنكارە زیرەكانە دەپرسن كە لە قۆناغەكانی  كۆتایی خوێندنن و زانستەكەشیان بۆ كۆمپانیاكانی  ئەوان بەسودەو پێیان دەڵێن  كە خوێندنتان تەواو كرد ، لای ئێمە  شوێنتان بۆ دانراوە . ئەمەش دوو گرینگی تایبەتی هەیە :

یەكەم: كۆمیانیا گەورەكان  بەردەوام لە كێبڕكێی یەكتریدا دەبن  بۆ ئەوەی تەكنەلۆجیای تازە بەرهەم بهێنن و پارەی زۆر پەیدا بكەن .

دووەم:  خوێنكارەكانیش هەمێشە لە كێبڕكێی یەكتریدادەبن و هەوڵ دەدەن  زیاتر و زیاتر فێری عیلم  و زانست ببن و بە زوویی كاریان دەست كەوێت  پارەی باش بەدەست بەهێنن و ژیانێكی شایستە بۆخۆیان دەستەیەر بكەن . كەواتە ئەم دوو جۆرە كێبڕكێیە دەچنە خزمەتی گەشە كردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگاوە .

 پڕۆسەی خوێندن  هەر لە قۆناغەكانی  سەرەتاییەوە تا دەگاتە قۆناغی زانكۆ و خوێندنی باڵا ، بە تەواوی سەر بەخۆیە لە هەموو دەست تیوەردانێك .

پڕۆسەی خوێندن لە وڵاتە پێشكەوتوەكان  بە جۆرێك بەرنامەی بۆ دانراوە  كە نەوەیەكی تازە  پێ بگەیەنن كە تەواو  شارەزابن  لەو بوارانەی هەڵی دەبژێرن بۆ ئەوەی بتوان بەشداربن لە بنیاتنان  و پێشكەوتنی وڵاتدا  . ئەو كەسەی  قۆناغی زانكۆ یان خوێندنی باڵا تەواو دەكات بە مانای وشە دەبێتە كەسێكی شارەزاو لێهاتو و بنیاتنەر . 

خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا:

لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەمانای خۆی نییە و حیزب ڕوڵی حكومەت دەبینێـت . حیزبیش هەرچی لە خزمەتی خۆیدابێت ئەوە دەكات . حیزب دەستی خستۆتە ناو هەم و دام و دەزگاو سێكتەرەكانی كارگێڕییەوە . بەو هۆیەوە  نە یاسا سەروەرە . نە پەڕلەمانتار ڕۆڵی هەیە لە بڕیارداندا   . نەوەزیر دەسەڵاتی خۆی هەیە . واتە  هیچ شتێك لە شوێنی خۆیدا نیەو هیچ كارێك بە بەرنامە ناكرێت .

زانكۆكان بونەتە بارەگای مەڵبەندی  یەكێتی و لقی پارتی . زوربەی مامۆستاكان  ڕۆڵی كادیری حیزبی دەبینن . لە زانكۆكانی كوردستاندا پسپۆڕی  و شارەزایی و ئاستی زانست  نابنە پێوەر بۆ ئەوەی پلەی وەزیفی پی َبەرزبكرێتەوە . ئەگەر ئەندامی حیزب نەبی ، فەیلەسوفیش بیت بایەخی نیە.  

بە دەیان مامۆستای زانكۆ هەیە بە نامەی بەرپرسێك  بە قبوڵ خاس لە زانكۆ وەرگیراوە . بە قبوڵ خاس  ماستەرو دكتۆرای وەرگرتوە . زوربەی  ئەو مامۆستایانە  نامەی ماستەرو دكتۆراكەشیان بۆ نوسراوەتەوەو هەشیانە لە ماڵەوە مەكتەبەشی نییە . كەواتە دەبی َئەمانە چۆن مامۆستایەكی زانكۆبن و ئەوانەشی لەسەر دەستی ئەمانە پەروەردەبكرێ، چییان لێ‌ دەرچێت .

هەندی لە مامۆستاكانی  زانكۆ  بە جۆرێك بونە  كۆیلەی حیزبەكان لە پێناوی وەرگرتنی پۆستدا ، ئابڕوی  مامۆستای زانكۆیان بردوە .  ئێستا ئەم مامۆستا حیزبیانە بونە بەرپرسی مامۆستاكانی  پێشوی خۆیان و زانكۆكان بەڕێوەدەبەن .

زوربەی مامۆستا شارەزاكان  كە حیزبی نین  لە زانكۆكان  پشت گوی َخراون و هیچ بەرپرسیاریەتێكیان  پی َنادەن .  ئاستی زانست لە زانكۆكانی كوردستان  لە بارو دۆخێكی  زۆر خرابدایە . خوێنكارەكان تەنها ڕۆژگار بەڕێدەكەن  تا بڕوانامەكە  وەردەگرن . چونكە هیچ هیوایەكیان بە ئایندەی خۆیان نییە .

ئەم سیستەمی خوێندنە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا هەر خوێندكارەكانی بی َهیوا نەكردوە ، بە هەمان  شێوە مامۆستا  دڵسۆز و بە ئەزمونەكانیشی  بی َئومید كردوە . مامۆستاكانی سەر بە حیزب پێویستیان بەوە نییە خۆیان ماندو بكەن و بەدوای زانستدا بگەڕێن  چونكە حیزبی بونەكەیان زامنی هەموو شتێكیان بۆ دەكات و خۆماندوكردنی پێویست نییە.

مامۆستا غەیری حیزبیەكان و بە ئەزمونەكانیش سەیردەكەن  هەرچۆنێك  هەوڵ بدەن و چەند خاوەنی زانستی بەرزبن ، سودی نییەو  ڕێگایان پێ نادرێت نەخشەو پلانی گونجاو دانین بۆ پێشخستنی زانكۆكان .

كەواتە ڕوحی كێبڕكی لەناو مامۆستاكانی زانكۆشدا نامێنێت  ئەوانیش وەكو خوێندكارەكان تۆشی نا ئومێدی دەبن . مامۆستای حیزبی پێویستی بەزانست نییە . مامۆستای غەیری حیزبیش دەڵی  هەرچی بیكەم  حسابم بۆ ناكرێت .

دواجار لە نێوان بێ ئومێدبونی  خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆدا ، خوێندن بە تەواوی بی َ بایەخ دەكرێت ، ئەوەش حكومەت لێی بەرپرسیارە.

ئەم  بێئومێد بون  و بێ بایەخكردنی خوێندنە هەر پەیوەست نییە بە قۆناغی زانكۆكانەوە،لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیش ، هەمان كێشەو گرفت هەیە . لەكوێ‌ حیزبە دەستی هەبێت ، ئەویش وێران دەكات. بەڵام  ئەوەت ئەنجامە خراپەكانی لە قۆناغی زانكۆدا دەركەوتوە . 

كارەساتی گەورە هەر ئەوە نییە ئاستی زانست لە زانكۆكانی كوردستاندا  زۆرنزمە ، لەوە خرابتر ئەوەیە كە دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن هیچ هیوایەك نییە بۆ دامەزراندن چ لە لایەن حكومەتەوەو چ لە بواری كەرتی تایبەتدا . دام و دەزگاكانی حكومەت فەرمانبەری زیادەیان هەیە و پڕە لە بندیوار . كەرتی تایبەت هەر نییە .

دەتوانم بڵیم  بۆ ماوەی شەش ساڵیش دەبی َتاكە تاكە یان مناڵی بەرپرسەكان نەبێت كەس دانەمەزراوە . تەنانەت  یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگاكانیش شانسی دامەزراندنیان كەمەو هەموو ساڵێك خۆپیشاندان دەكەن و داوای دامەزراندن دەكەن . وەكو دەردەكەوێت  تا چەندین ساڵی تریش ئۆمێدێك  نییە بۆ دامەزراندن لە كەرتی گشتی و تایبەتیدا.

كەواتە حكومەت   قۆناغی خوێندنی زانكۆی بە تەواوی بی َبایەخ كردوەو  هیچ كەس ئومێدی بەوە نییە كارێكی دەست كەوێـت  تەواوكردنی خوێندن و تەنها  ئەوەیە بڕوانامەیەكی سەركاغەزی هەیەو  لە بواری كردەییدا هیچ فێر نەبوەو  ئەو تۆزەی فێرێشی بوە ،  بە هۆی ئەوەی دانامەزرێت لە بیری دەچێتەوە .

 حیزبەكان   لە بری ئەوەی بەرنامەیان  هەبێت بۆ دەستەبەركردنی ئایندەیەكی باش بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و هەلی كاریان  بۆ بڕەخسێنن ، خەڵكێكی زۆریان چەكدار كردوەو كراونە  پاسەوان و  باخەوانی  بەرپرسان و بارەگا حیزبیەكان  .

لە بری ئەوەی  حكومەت بەرنامەی هەبێت  كە خوێنكارێكی  كۆلیجی پزیشكی  كە خوێندنی تەواو كرد ، یەكسەر دایمەزرێنن لەبەر ئەوەی زۆرپێویستیان پێیان هەیە ، لە بری ئەوە  بە هەزارن پاسەوان لە بەردەرگای  بارەگا حیزبیەكان  بە نەعلەوە دانیشتون و خەریكی گوڵەبەڕۆژە خواردنن و موچەی باشیشیان هەیە .

كەواتە خوێندكار هیچ ئارەزویەكی بۆ خوێندن نەماوە .  چونكە حیزب خوێندنی بێ بایەخ كردوە  . خوێنكار هەر ساڵ بەڕێدەكات و هیچ ئومێدێكی بە ئایندەی خۆی نییە.

كارەساتە گەورەو ترسناكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات:

ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام گەنجەكان وڵات جێدێڵن و  بەرەو ئەوروپا دەكەونەڕێگا لە پێناوی ژیانێكی خۆشتردا . بەو هۆیەوە  ژمارەیەكی زۆر لە  كچان  ماونەوەو شویان نەكردوە . ماوەی چەندین ساڵیشە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان  دانەمەزراون و  لە كەرتی تایبەتیشدا شانسی كاركردنیان نییەو  بێكار لە ماڵەوە دانیشتون .

 ئەگەر بارودۆخ ئاوا بڕوات چەندین ساڵی تریش هەر بەم شێوەیە دەبێت .  لەوانەیە تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار هەر دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان  هەبن  كە بەلانی كەمەوە نیوەیان كچن .

كەواتە ئەگەر سەرنج بدەین دوای 10 ساڵێكی تر ژمارەیەكی بێ شومار لە  كچان دەبنە پیرەكچ و كورد واتەنی دەبێ لەماڵەوە پرچی سپی بهۆننەوە لە سایەی سەری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتییەوە .

ئەمە لێرەدا ناوەستێت و تەواو نابێـت و كۆتایی نایەت .  دواجار كێشەی كۆمەڵایەتی  گەورەی بەدوادا دێت . كچ بچێتە دەرەوە  قسەو باسی لەسەر دروست دەبێت . ئەگەر لە ماڵەوە بمێنێتەوە  چ لەبەر قسەی خەڵك بێت یان نەبونی پارەوەبێت ، توشی نەخۆشی نەفسی دەبێت .  دواجار ئەمانە هەموی دەبنە كێشەی دایك و باوك و كەس و كار و كۆی خەمی كۆمەڵگا .  ئەمە كێشەیەكی ئێجگار گەورەیەو نامەوێت بچمە وردەكاری باسەكەوە . 

ماوەتەوە ئەوەی بلێم: دایك و باوكی ئازیز . ئەی دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان ، خوێندكارە  ئازیزەكان كە ئایندەتان نادیارە .  مامۆستایان و پزیشكان و گشت موچەخۆران و كەم ئەندامان و خانە نشیانی داماو كاتی ئەوە نەهاتوە بیرێك لە ئایندەی خۆتان و نەوەكانتان بكەنەوە ؟؟؟. ئەوەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ئەنجامی حوكمڕانی 29 ساڵی یەكێتی و پارتییە ، لە ئێستادا بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك خرابتر و ترسناكترە .

كاتی ئەوە نەهاتوە هەمومان  بەیەكەوە  بەو دەسەڵاتدارانە بڵێین بەس نییە تاڵانكردنی قوتی ماڵ و مناڵمان .  هەرێمێك بە 23 وەزیر و 111 ئەندام  پەڕلەمانەوە  نەتوانیت موچەی هاوڵاتیان  دابین بكات ، باشتر نییە دەست بەرداری دەسەڵات ببن ؟؟  بۆچی  وازمان لێ ناهێنن ، چیتان لێمان دەوێت و چی ماوە پێمان نەكەن .

ئەگەر هەر وەڵامیان نەداینەوە حەقی خۆمانە دەست بكەین بە خۆپیشاندانی  ئاشتیانە . ئەگەر ئەوەش نەبوو بە چارەسەر  حەقی خۆمانە دەست  بەرین بۆ ڕاپەڕینێكی  سەرانسەری چونكە چارەیەكی تر نامێنێت . ماوەتەوە ئەوەی بڵێم : هاوڵاتیانی ئازیزو خۆشەویست : هیچ كەسێك بە دیكتاتۆری لە دایك نابێت ، ئەوە  بێدەنگی من و تۆیە دیكتاتۆر دروست دەبێت  . كە دیكتاتۆریش دروست بوو ،  بە ئاسانی  ناڕوات .

ئەوانەی دزی و تاڵانی دەكەن ، ناتوانن چارەسەری دزیكردن بكەن . تەنها ڕێگا ئەوەیە  ئەو دزانە دوور خەیتەوە . ئەوانەی فێری دزیكردن دەبن ، هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری دزیكردن ببن بە خۆشی .

ئەگەر ئێوە بیرێك لە خۆتان و كەس وكار و نەوەكانتان نەكەنەوە ، هەرگیز چاوەڕوانی  لە هیچ كەسێكیش  مەكەن بیر  لە ئێوە بكاتەوە . ئەگەر ئێوە خۆتان لە خەمی خۆتان  نەبن ، چاوەڕوانی ئەوەش مەبن هیچ كەسێكی تر لە خەمی ئێوەدا بێت.

 كەواتە  كاتی ئەوە هاتوە پەردەی بێدەنگی بدڕێنن و بێنە دەنگ و داوای مافی زەوت كراوی خۆتان بكەن .  ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستاشتان بەدڵە پیرۆزبایتان لێ‌ دەكەم . سەری خۆتان كزبكەن و وەكو جاری جاران باری خۆتان بەرن. 


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×