ماریا هەورامی داوای لێبوردنەكەی مەلا هەڵۆ قبوڵ دەكات
  2019-08-19       1885       

خانمە هونەرمەند ماریا هەورامی رایگەیاند، دوای ئەوەی مەلا هەڵۆ سێ جار داوای لێبوردنی لەخۆی و بنەماڵەكەی كردوە لەسەر ئەو وتە نەشیاوانەی بەرامبەری بەكارهێناوەو سەردانی ماڵەوەی كردون، بۆیە بڕیاری داوە داوای لێبوردنەكەی ناوبراو قبوڵ بكات و مافی تۆماركردنی داوای یاساییش لەدادگا رابگرێت.

ئاوێنە: ماریا هەورامی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"دوای ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوندیە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، "مامۆستا هەڵۆ" دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبوە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم و بنەماڵەکەم کردوەو، سەردانی ماڵەوەی کردوین و پەشیمانبونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیوە کە کردویەتە سەرم."

ئەوەشی خستۆتەڕو "لە ڕوانگەی پەروەردەیی لە روی فکری خێزانی و کەلتوری هەورامان و کوردەواری، کاتێک کەسێک دێتە ماڵەکەت پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ، بڕیارم دا کە لای خۆمەوە داوای لێبوردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم. لە هەمان کاتدا مافی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگا راگرم، ئەمەش لە روانگەی پۆزشەکەی مامۆستا هەڵوەوە، هەروەها بۆ کۆتایی هێنانیش بەو دابەشبونەی چەند رۆژێکە کۆمەڵگاکەمان بەهۆی ئەم هێرشەی مامۆستاوە دوچاری بۆتەوە."

وتوشیەتی"هیواداریشم جارێکی تر، مامۆستا هەرگیز هێرش نەکاتە سەر هونەرمەندان کە مافێکی سروشتی هەمو گەلێکە هونەری هەبێت و لەسەرەتای دروستبونی مرۆڤایەتیشەوە، گەلان بێ هونەر نەژیاون."

دەقی رونكردنەوەكە...
ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

سەرەتا دەمەوێت سوپاس و ڕێزی بێ پایانم ئاراستەی هەوادارنم بەگشتی و دەزگارەسمی و کەسایەتی و نوسەرو ڕاگەیاندنەکان و سەرجەم چین و توێژەکان، بە تایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و نوسەرە بەڕێزەکان و کەسایەتی و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان و چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیری ناو کوردستان و هه ندەران کە لەم بارودۆخەی دوای بڵاوبونەوەی کلیپی گۆرانیە نوێکەم هاوپشت و هاوکارو زۆر بە بوێرانە بونە قەڵغانێک بەرامبەر بەو بەوتەشهیرەی بەرامبەرم کرا، بێشک ئەم هەمو پاڵپشتی و هاوسۆزی و بەرگریەی ئێوە زیاتر ئیرادەو ورەی بەرزکردمەوە. دوبارە ڕێزم بۆ هەرکەسێکیش هەیە بە وشەیەکیش پشتگیری لێ کردبم.

ئەو جۆرە دەربڕینە بەشێوەیەکی گشتی نەشیاو و نەگونجاوەو نامۆیە بە کەلتوری کوردەواری و هێرشێکی ناڕەوای ئازار بەخشیش بو، کە بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایەوە کۆمەڵێک دەنگۆ و کۆمێنتی لێکەوتەوە لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیکاندا لە سەر ئاستی جیاواز.
 لەدەرەنجامی کۆی روداوەکە بۆچونێک لەلام گەڵاڵە بو کە دەمەوێت بەم ڕونکردنەویە بۆ ئێوەی ئازیزی بخەمەڕو:

1.من وەک هونەرمەندێک بە مافی خۆمی دەزانم کە هەرکلیپێک دەربکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەناخی پەروەردەییمەوە هەوڵمداوە کە هەم ڕەچاوی دابونەرێتی  کۆمەڵگاکەم بکەم کە جێی شانازی گەورەمە، هەم بەپێی توانا ڕەنگدانەوەی کەلتور و گۆرانی ڕەسەنی کوردی تیا دەربکەوێت، دوا گۆرانیشم " دڵەکەمی " گۆرانییەکی رەسەنی کوردەوارییە و بە شاکارێکی سەرکەوتوی خۆمی دەزانم. 

2.دوای ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوندیە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، "مامۆستا هەڵۆ" دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبوە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم و بنەماڵەکەم کردوەو، سەردانی ماڵەوەی کردوین و پەشیمانبونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیوە کە کردویەتە سەرم.

3.من وەک ماریا، ڕێزی زۆرم بۆ سەرجەم ئاینەکان و زانایانی ئاینی و هاوبیرانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بێگومان جیاوازی شێوازی بیرکردنەوە لەو چواچێوەیەدا مافێکی سروشتیە، هەروەها بە مافی خۆمیشی دەزانم لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و نەرێتی کۆمەڵگاکەماندا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و میانڕەوەی خۆم بم.

4.بەداخەوە بەهۆی ورژاندنی ئەم بابەتەوە، هەستم کرد ئەو بەشەی کۆمەڵگاکەمان کە کۆمێنتی هەبوە لەسەر ئەم باسە، کەم و زۆر ڕێژەکە هەرچەند بێت دابەشبونێک لە بۆچونەکاندا ڕویداوە کە هەندێک جار بوەتە مایەی دەربڕینی توند بەرامبەر بە یەکتر، کە لەڕاستیدا ئەم دابەشبونەو ئەو جۆرە دەربڕینانە زۆر لە بابەتە سەرەکیەکە زیاتر ئازاری دام و دڵگرانی کردم.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕونکردنەوەیەی  سەرەوەو، بەتایبەتیش ئەوەی زۆر مەبەستە لێرەداو بوە بەخەمی من، ئەو جۆرە لێکترازانەیە لە کۆمەڵگاکەماندا، کە بە هەمو جیاوازیەکانیەوە خۆشمدەوێ کۆمەڵگاکەمان مایەی شانازیمەو، لە ڕوانگەی پەروەردەیی لە روی فکری خێزانی و کەلتوری هەورامان و کوردەواری، کاتێک کەسێک دێتە ماڵەکەت پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ، بڕیارم دا کە لای خۆمەوە داوای لێبوردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم. لە هەمان کاتدا مافی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگا راگرم، ئەمەش لە روانگەی پۆزشەکەی مامۆستا هەڵوەوە، هەروەها بۆ کۆتایی هێنانیش بەو دابەشبونەی چەند رۆژێکە کۆمەڵگاکەمان بەهۆی ئەم هێرشەی مامۆستاوە دوچاری بۆتەوە، هیواداریشم جارێکی تر، مامۆستا هەرگیز هێرش نەکاتە سەر هونەرمەندان کە مافێکی سروشتی هەمو گەلێکە هونەری هەبێت و لەسەرەتای دروستبونی مرۆڤایەتیشەوە، گەلان بێ هونەر نەژیاون.

لە کۆتاییدا ئەوە ماوە کە بیڵێم دوبارەسوپاس و پێزانین و خۆشەویستیم بۆ ئەوانەی پشتگیرم بون، هەروەها ڕێزم بۆ بۆچونی ئەوانەش کە دژم بون. دوا تکاشم ئەوەیە بەهەمومان هەوڵ بدەین کۆمەڵگاکەمان بەدور بگرین لە دەربڕینی زبر و قسەی نەشیاو.

لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ هەمولایەک..
ماریا هەورامی..
١٩-٨-٢٠١٩

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×