قەرەیلان: وتەکانی مەسعود بارزانی گرنگ‌و جوانن، .هیوادارین تەنیا وەکو قسە نەمێننەوە
  2019-08-22       2828       

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ئاماژە بەوە دەکات دەستبەسەردا گرتنی شارەوانییەکان‌و ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی‌و لە ناوبردنی سەربازی لەچوارچێوەی گەلەکۆمەیەکدا دەکرێن ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنە بە شەڕی دژی کورد دەیانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن، ئەو دەڵێت "وتەکانی مەسعود بارزانی گرنگ‌و جوانن، .هیوادارین تەنیا وەکو قسە نەمێننەوە".

ئاوێنە: موراد قەرەیلان بەڕادیۆی دەنگی وڵات-ی راگەیاند دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان هێرشێکی پلان بۆداڕێژراوی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنە لەدژی ئیرادەی گەل و بە تایبەتی شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وانیان هەڵبژاردووە. ئەوەش نەک تەنیا پێشێلکردنی ئەخلاق، یاسا و دیموکراسییە. لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی شەرەف، شکۆ و ئیرادەی گەلی کوردە. ئەو وتی "هەرسێ سەرۆک شارەوانی کە لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە، لەناو گەلی کورد ناسراون و نوێنەرایەتی هەمووان دەکەن. لەناو کورد و سیاسەتی کورددا کەسانی زۆر ماقوڵن. بۆیە لە کەسایەتی سەرۆک شارەوانییەکاندا هێرش دەکرێتە سەر هەموو کۆمەڵگە. هێرش کراوتە سەر هەبوون و حەقیقەتی گەلی کورد".
وتیشی "دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنی فاشیست هەم لە ناوەوە، هەم لە دەرەوە، لەڕووی ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتیدا لە قەیران دایە، بەم دواییە چونە ناو سوریا. لە خان شەیخون بە فەرمانی ڕوسیا دەوڵەتی سوریا لەسوپاکەیانی دا، بیستمان کە لەو ناوچەیە خەڵکیان لێکوژراوە. ئەوە بۆ کۆمەڵگە ئاشکرا ناکەن، وەکو ئەوە نیشانی دەدەن کە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل مردون. لەوێش بە بنبەست گەیشتووە. پشتی بە ڕووسیا قایم بوو، بەڵام ڕوسیاش دەرسێکی بەو شێوەیەی پێدان. ویستی بچێتە ناو ڕۆژئاوا، بەڵام لەوێش بەبنبەست گەیشت. دەبینن ڕۆژی تاریک چاوەڕوانیانە و بەرەو ڕوخان دەچن".

قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد "ڕیبەر ئاپۆ بیرخستنەوە و هۆشیاری مێژوویی کرد و باسی لەوە کرد بۆ چارەسەریی ئامادەیە. ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لەدژی سیاسەتمەدارانی کورد، دەستبەسەرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ لەناوبردنی گەریلا کە لە چوارچێوەی ئەو کۆنسێپیتەدا بەڕێوەچوون، وەڵامێکە بۆ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ. دەبێت وا لێی تێبگەین. ئەوان شەڕیان بەباشتر زانی".

قەرەیلان وتەکانی مەسعود بارزانی وەبیر هێنایەوە کە لە ناوچەی باڵەکایەتی کردی و وتی "ئێمە وتەکانی کاک مەسعود بارزانی بە گرنگ دەبینین، وتەکانی جوانن. لە کاتێکی وادا کە دوژمن بەدوای گەمەی سیاسییەوەیە، دەیەوێت لەنێوان هێزە کوردییەکاندا کێشە و قەیران بخوڵقێنێت، وتەکانی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی گرنگن. ئێمەش سڵاو لە وتەکانی دەکەین و هاوڕاین. هیوادارین ئەم وتانە تەنیا وەکو قسە نەمێننەوە، پێشگری لەو مەترسیانە بکەن کە هەیە و بەپێی ئەوە هەنگاوی کردەیی بنرێن. لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازی ئێمە و بانگەوازی کاک مەسعود ئەو گرژییانەی کەم کردەوە کە هەبوون، دەبێت هەنگاوی پراکتیکیش بنرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەو قسانەی کە دەکرێن. ئێستا هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە، بەڵام ئێمە بە هیواین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×