وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە پشت دەبەستێت بە ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش گفتووگۆکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتن و دەرئەنجامێکی کۆتایی نەبووە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەکەوێتەوە سەر کاراکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمدا لە گفتووگۆدان، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن یاخود دەرئەنجامێک.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، دانووستانەکان بۆ ئەوەیە ئەو گرێبەستانەی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا ئەنجامیداوە هاوتابکرێنەوە بەشێوەیەک، کە لەگەڵ یاسای بودجەی گشتیدا بگونجێت.
ڕوونیکردەوە، ئەوان هیوادارن لە ماوە نزیکەکانی داهاتوودا بتوانن بگەن بە ئەنجامێک، تا هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە دەست پێبکەنەوە.