وەزارەتی شارەوانی رێنماییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئاشكرادەكات
  2024-05-14       423       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رێنماییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا ئاشكرادەكات و دەڵێت، هەمو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سودمەند نەبون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زەویان پێ دەدرێت.

ئاوێنە: موفیدە یونس مستەفا، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، بە پێگەی رەسمی حكومەتی هەرێمی وتوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەڵساوە بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی و لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی خستنەڕوی داتاکانی فەرمانبەران و ژمارەی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستیی دیاریکردنی زەوییەکان لەسەر نەخشە، دو کۆبونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەی ئاوەدانی ئەنجام داوە.

موفیدە یونس وتوشیەتی، وەزارەتەکەیان ڕێنماییی پێویستی سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی ئامادە کردوە کە بەم شێوەیەیە: "هەمو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سودمەند نەبون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زەویان پێ دەدرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە ژیانی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سودمەند نەبون."

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە "وەزارەتی شارەوانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی نوسراوێکەوە ڕێنماییەکان ئاراستەی ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان دەکات بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی."

سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕونی کردەوە: "بە گوێرەی زەویی پێویست لە سنوری هەر شارەوانییەک فەرمانبەران سەرپشک دەکرێن بەوەی زەوی لە شوێنی لەدایکبونیان یان لە شوێنی کارکردنی ئێستایان وەردەگرن."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو، بەگوێرەی پێویستیی بونی زەوی و بە ڕەچاوکردنی خاڵبەندی وەک ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و باری کەسی، تیروپشک لەنێوان فەرمانبەراندا دەکرێت.

ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×